تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆدەتا
ئەم وشە فەرەنسییە و بە واتای «ڕووخاندنی حکوومەت» ـە. کۆدەتا بە ڕاپەڕینی لەناکاوی گرووپێکی ناو دەسەڵات دەگوترێ کە بە مەبەستی ڕووخاندنی گرووپی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدەن دەسەڵات لەوان بستێنن و خۆیان بە حکوومەت بگەن. باوترین شێوازی کۆدەتا لە جیهاندا ڕاپەڕین بەدژی دامودەزگەی ڕێبەرایەتی سیاسی وەڵاتە کە لە ناوخۆ و بە دەستی ئەفسەرانی سەربازی بە ئەنجام دەگات. ئەم جۆرە کۆدەتایە لەو وەڵاتانە ڕوودەدات کە دامودەزگە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، بنەمایەکی قایم و سەربەخۆیان نەبێت، هەر بۆیە هێزەکانی ئەرتەش وەک هەلێک دەیقۆزنەوە و دەچنە گۆڕەپانی سیاسییەوە. کۆدەتا، تایبەتمەندییەکی سیاسی زۆربەی وەڵاتانی جیهانی سێهەمە.
جیاوازی نێوان کۆدەتا و شۆڕش ئەوەیە کە کۆدەتا دیاردەیەکی لەناکاوە و لە لایەن کەسانێک لە چینی دەسەڵاتدار و بە مەبەستی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات ئەنجام دەدرێ بەڵام شۆڕش یاخیبوون و ڕابوونێکی جەماوەرییە دژ بە زوڵم و ستەمی گرووپی دەسەڵاتدار. لە وەڵاتانی جیهانی سێهەمدا جۆرێک لە کۆدەتا جێگەی شۆڕشی گرتۆتەوە ئەویش بریتییە لەو کۆدەتایانەی کە لە لایەن ئەفسەرانی شۆڕشگێڕ و ڕیفۆرمخواز بە ئەنجام دەگات بە مەبەستی گۆڕانکاری لە پێکهاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی وەڵات. نموونەی ئەم کۆدەتایە، کۆدەتای جەمال عەبدولناسر لە میسر و سەرهەنگ قەززافی لە لیبیایە. لە بەرانبەر ئەم جۆرە کۆدەتایە کە بە لایەنگری چەپ ناوبانگی دەرکردووە، کۆدەتایەکی ڕاسگەرایانەش لە ئارادایە کە بۆ سەقامگیرکردنی حکوومەتێکی یاسایی و نەتەوەیی و مەدەنی هەوڵ دەدات. نموونەی ئەم جۆرە کۆدەتایە، کۆدەتای 1949 ئێران بەدژی حکوومەتی نەتەوەیی محەممەد موسەدیق و کۆدەتای 1973 ژەنەڕاڵ پینۆشە بە دژی حکوومەتی نەتەوەیی ئالندە بوو لە وەڵاتی شیلی. بە گشتی کۆدەتا بە داگیرکردنی ناوەندە گرنگەکانی وەڵات دەست پێدەکات وەک: ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، وێستگەی شەمەندەفەر، فڕۆکەخانە و دامودەزگە دەوڵەتییەکان و وێستگەی ئاو و کارەبا.