تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



٢- ئیختییار
(نا.)، (کعر.) ١-پیر، بە ساڵاچوو. ٢- ڕیش سپی، کەیخودا. ((هەر لە گەورەیان هەتا مندالان، هەر لە منداڵان هەتا ئیختییاران)) (تحفە: ج٢-٢٦٢) ئیختییار و موختاری دێیەکە شایەتی بۆ دەدەن. تێبــ.- وا دیارە ئەم وشەیە لە تەشکیلاتی عوسمانی کەوتۆتەوە ڕەنگە لە پێشداهەر بەو کەسانە گوترابێ کە بۆ پێوەندی دەگەل کاربەدەستان و ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری خەڵک دەست نیشان دەکران، جا چونکە ئەوانە زۆریان بەساڵاچوون بۆیە مانای (پیر و ڕیش سپی) شی لێ کەوتۆتەوە.
٢- ئیراد
[[عا.]]
(نا.)،(کعر.) ١- داهات، حاسڵ، گشت ئەو پارەیەی لە کاروکاسپی، یان کشتووکاڵ دەست کەسێ دەکەوێ. ((یەک دوو دێی داوەتێ سوڵتان پەیی ئیعتامی تەعام)) (( هەر یەکێکی بە قەدەر خەزنەیێ ئیرادی هەیە)) (ڕەزا- ٣٨). ٢- هەموو ئەو پارە و پووڵانەی کە لە ڕێگای جۆربەجۆرەوە دەڕژێتە خەزێنەی دەوڵەتێک.
٢- ئیش
[[؟]]
(نا.)، (مک.) زللەیە، کە لە پشت مل دەدرێ *(کعر.) تەوقات. (کی.) دۆق. تێبــ.- ئەم ئیشە نیشانەی بە سووک زانینی ئەو کەسەیە کە لە پشت ملی دەدرێ، جاروبارەش بۆ گاڵتە و گەپ دەکرێ و بەستراوە بە کەسەکانەوە.
٢- ئیشکەڕۆ
[[ئیشکە + ڕۆ= ڕووبار]]
(ست.) حاڵی ڕوووبارێکی هەندێ وەخت ئاوی پێدادێ و کاتێکیش وشکی دەکا.
٢- ئیفادە
[[=عا.: ئیفادە]]
(نا.)،(کعر.) هەموو ئەو وڵامانەی کەسێک دەربارەی مەسەلەیەک لە سوال و جوابێکی ڕەسمیدا دەیانداتەوە.
٢- ئیللا/ن
[[=عا.: ئیللا]]
(بن.) بۆ دیاری کردنی فەرق و جیاوازی، بێجگە لە.... بەفر هەموو لایەکی گرتۆتەوە ئیللا سلەیمانی نەبێ. ئیللا بە قسەی خۆی نەبێ بە قسەی کەس ناکا.
٣- ئیش
(ئم.) بەدوای وشەیەکەوە دەلکێ و ئەو مانایە دەخاتە ناو ڕستەکەوە: ١- هەروەها. ئێوە بڕۆن منیش دێم. ٢- وەک یەکی لەلانی حاڵ و میقدارەوە لەنێوان دوو شتانا یا دوو کەساندا. کوڕەکەی خاڵندیش لەوێ بوو. ٣- تەنانەت. ((... ئێساکە لە قەندیلیش بەفر نەکەوتووە، قامووسیش تەماڵ ناگرێ...)) (قزڵجی: پێکەنین-٥٤). ٤- ئەگەرچی، هەرچەندکە. نانەکە ڕەشیش بوو بەڵام برسی بووین هەر خواردمان. سێ گوللەشی بەرکەوت بەڵام هیچی لێنەهات. ٥- با. دەبا. بڵا. ((بشفڕی هەر بزنە)). چاویشی دەرێ بەڵام ئەم قسەیە وا نییە. *(هو.) ئیچ. (بک.) ژی. تێبــ.- آ) ئەم وشەیە دەگەڵ فیعلدا بە شێوەی خوارەوە بەکاردەهێندرێ: آ) لە فیعلی (ماضی)دا دەخرێتە نێوان ڕەگی فیعل و زەمیرەکەیەوە. کوشتیشم، خواردووشمە. ب) لە (ماضی نقلی) و (مضارع)دا بەدوای نیشانەی (مضارع)ەوە دێت. دەشیکوشتم. دەشیکوژم و هیچیش نابێ. ج) لەو فیعلانەدا کە مەسدەرەکەیان (مرکب)ە یا پێشبەندی فیعلیان هەیە دەخرێتە دوای کەرتی یەکەمی مەسدەرەکەوە. لێشمدا، هەڵیشی گرت، بەیشی دایەوە کەچی نەشکا. لێشی دەدەم، هەڵیشی دەگرێ. بەریشی دەداتەوە. د) دا دەکەوێتە دوای نیشانەی )ئەمر)ەوە. ئالێک بکە بەر ئەسپەکە و بشی بەستەوە. ئەگەر بشمکوژن. بشی بردبا کەس نەبوو دەستی بگرێ. ٢) لە کاتێکا بەدوای وشەیەکدا بێت کە بەیەکی لە دەنگ بزوێنەکان دوایی هاتبێ تەنیا (ش)ەکەی دەمێنێتەوە. میتزاش قسەی کرد. حەمەش هات. ئاڵووباڵووش میوەیەکی کوردستانە. نان و دۆشمان چەنگ نەکەوت. گەنمە شامیش دەکرێ بە نان. پێرێش چووم هەر لەوی نەبوو. جاروبارە بەم حاڵەشەوە تەنیا دەنگی (هەمزە)کە دەسوێ. میرزایش، ئاڵووباڵووش، دۆیش. ٣- ئەم وشەیە، بە قسەی ژابا لە زمانی ئاوێستاییدا (زی)یە کە هەر (ژی) ئێستای لەهجەی باکووری خۆمانە (تم: ژابا-٢٣١) و لە زمانی پەهلەویدا وەک ئێستای هەورامی (ئیچ) بووە کە لە (ئی= ئامرازی تێک بەستن) و دەنگی (چ) پێکهاتووە. (تم: فرە، پفا-٨٧).
ئئیحتیڕامی خۆ ڕاگرتن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) ١-ڕەفتار کردنی کەسێ بەجۆرێ کە خەڵک قەدری بزانن و حورمەتی بگرن. ٢- (کن.) بێ ئەدەب نەبوون. با ئیحتڕامی خۆی ڕاگرتبا و هێندەی قسەی زیادی نەکردبا تا وای بەسەر نەهاتبا.
ئیزڕائیل
[[محر. عیبری]]
١- ئەو فریشتەیەی گیانی ئادەمیزاد دەکێشێ. ٢- (مج.) آ) پیاوی بەسام، ئەو کەسەی یەکێک یا زیاتر لێی بترسن. ب) ئەو کەسەی لەبەر دڵی کەسێ یا کەسانێ ناخۆشەویست و دزێو بێ. وەک ئیزڕائیل ببینم وایە، هەر دەڵەی ئیزڕائیلە. تێبــ.- ئەوی ڕاست بێ ئەو خوێندەوارانەی دەنگی (ع)یان لە زمانی کوردیدا بە دڵ نییە، ئەم وشەیان بەم دەردە بردووە دەنا خەڵکی لادێ هەر (عیزڕائیل) دەڵێن *عیزڕائییل. مەڵکەمۆت.