تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ناسیۆنالیزمی کوردی
کورد کە زۆرجار لە شار و باژێران دوور بوون و پتر لە دێهات و کەژ و کێواندا ژیاون، بۆ ماوەیەکی زۆر بێبەهرە بوون لە چینی مامناوەندی شارستانی کە ــ ئەم چینە ــ لە بەدیهێنانی بزاڤی نەتەوەییدا دەوری باڵا دەگێڕێ. کە مودێرنیتی سەری هەڵدا و جۆرە ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی هاتە مەیدانەوە، (ئیمڕۆکە ڕەوتی مۆدێرنیتی وایکردووە زمانێکی ئەدەبی بخوڵقێنێ کە زۆرینەی کوردان دەرکی پێئەکەن) وادەردەکەوت کاتی ئەوە بەسەر چووبێت کە ئەم ڕاپەڕینە بتوانێ بەسەر ڕووداوەکاندا زاڵ بێ و لە سەروبەندێکی مێژوویی وەک داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کەساسی ئێرانییەکان، وەڵاتێکی کۆردی بۆ خۆی دامەزرانێ. لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم جۆرە بزوتنەوەدا کە بە هەنگاوی یەکەمی ناسیۆنالیزمی کوردی دەناسرێت، بزوتنەوەکەی شێخ عوبێدوڵڵای نەهری لە ناوەڕاستەکانی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە، بە گرینگترین و سەرەتایی دیکەین خاڵی شێوەگیربوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئەژماردێت. سەرەنجام کە ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی مۆدێرن سەری هەڵدا، خەونەکانی کورد لەگەڵ بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکە کە زیاتر لە 80% کوردیان لە خۆ گرتبوو، یەکیان نەگرتەوە و ڕووبەڕووی یەکتر وێستان.
سەیر نییە ئەگەر بڵێین مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی، لە ڕاستیدا مێژووی شەڕی ناوخۆ و خەبات بۆ گەیشتن بە سەربەستی بووە. ئەو ناسیۆنالیزمەی کە لە جەوهەردا لەگەڵ دژایەتی دەوڵەتانی ناوچەکە ڕووبەڕوو بووە و بۆ تێگەیشتن لێی، دەبێ هەلومەرجی زاڵ بە سەر هەرکام لەم وەڵاتانە بە باشی لێک بدرێتەوە.
گومانیش نییە لەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بزاوتێکە پتر لە بەردەم فشاری ناسیۆنالیزمەکانی دیکەدا گەشەیکردووە و ناسیۆنالیزمێکی بەرتەکانە بووە و زادەی پرۆسە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەکنیکییەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگەی کوردی نەبووە. ناسیۆنالیزمی کوردی دەرەنجامی گەشەی ئەو هێزانە نەبووە کە دەسەڵاتی سیاسییان بە شێوەیەکی ئۆرگانی بە دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەوە گرێدابێت. ناسیۆنالیزمی کوردی بە حوکمی ئەوەی بەرهەمی گەشەیەکی سرووشتییانە و سەربەخۆی کۆمەڵگە نییە و بەرەنجامی داگیرکردنە، کردەیەکی بەرگریکارانەیە و بەرتەکێکە بۆ مانەوە. ئەم دۆخە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جەوهەری ناسیۆنالیزمی کوردی جێهێشتووە و سرووشتی هەموو چالاکییەکانی ئەم ناسیۆنالیزمەی بە مۆرکێکی تایبەتی مۆر کردووە.
ستراتیجی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەدەی بیستەمدا ئەوەیە جاربۆ جار ڕایدەگەێنێ «هێشتا کاتی ئەوە نییە دروشمە سیاسییەکانم بەرز بکەمەوە و ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆم ئاشکرا بکەم». بە کوردی و بە کورتی، ناسیۆنالیزم بۆ زەمەنێکی نموونەیی دەگەڕێ تا خۆی تیا ئاشکرا بکات. زەمەنێکی خورافی کە نییە و نابێت. زەمەنێک لەبری ئەوەی ناسیۆنالیزم خۆی دروستی بکات، چاوەڕوانە مۆعجیزەیەک بۆی دروست بکات.
ناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیا
زیاتر لە 13ملوێن کورد لە ناو سنوورە کانی تورکیا دەژین کە بەزۆری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وەڵاتە نیشتەجێ بوون. لە سەردەمانێکی مێژووییدا هەمیشە کوردی تورکیا، زیاتر لە کوردی ئێران و عێراق چالاکیان لە خۆیان نیشان داوە و ڕێبەرانی کورد زیاتر لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەورێکی سیاسیان گێڕاوە تاکوو ئێران. زۆرینەی کوردەکانی ئێران لە سەردەمی سەفەوییەکاندا چوونە سەر ئایینزای شیعە، کەچی زۆربەی کوردی تورکیا سەر بە ئایینزای سوننە بوون. لە ئیمپراتۆری عوسمانیدا چونکە کوردەکان موسوڵمان بوون، لە ناو هێزە سەربازییەکان وەردەگیران و لە سەروبەندی شەڕی جیهانی یەکەم بۆ سەرکوتکردنی ئەرمەنییەکان کەڵکیان لێ وەرگیرا. لە ئاکامدا هێندەی نەخایاند کە کورد کەوتە بەر شاڵاوی تۆڵەستاندنەوەی هێزەکانی سۆڤیەت و هاوپەیمانە ئەرمەنییەکانی. بەم حاڵەش، پێشمەرگەی کورد سەرەڕای ئەو هەموو ڕەنج و مەینەت و پلە و پایە نزمەش کە بوویان، جارێکی دیکە لە ساڵەکانی 1920-1921 بە ڕێبەرایەتی مستەفا کەمال ئاتاتورک، لە بەرانبەر فەرەنسیەکان و ئەرمەنیەکان ڕاوەستان و بوون بە قەڵغانی بیر و باوەڕە ئیسلامییەکەیان.
ڕەتکردنەوەی پێوەندی ئیسلامی تورکیا بۆ چەسپاندنی شوناسی تورکی لە لایەن مستەفا کەمال لە هەردوو بەستێنی مەدەنی و ئەتنیکییەوە بووە هۆی لەدایکبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی. سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کوردی سوننەی زازایی لە فێڤرییەی 1925 بووە هۆی دەسخەڕۆکردنی هەمەلایەنەی کورد و هەر ئەم سەرکوتکردنە بێرەحمانە بوو کە برایەتی و هاوسۆزی ئایینی لە نێوان کوردەکان ژیاندەوە. ڕاپەڕینێکی دیکە کە لە ساڵی 1928 لە کوێستانیەکانی ئارارات سەری هەڵدا (و لە لایەن سەرەک خێڵ و عەشیرەتەکانی ناوچەکە ڕێبەرایەتی کرا و بۆ یەکەم جار ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی ـــ خۆیبوون ـــ پشگیری لێکرد)، بۆ ماوەی 2 ساڵ دەوامی هێنا. دەوڵەت وەها لە مەحفکردنەوەی کوردەکان پێداگربوو کە بەپێی یاسای2510 دانراوی ژوەنی 1934، بڕیاری دابوو تەواوی ناوچە کوردنشینەکان بخاتە چوارچێوەی پلانی تواندنەوەی کورد لە ناو کەلتووری تورکیدا.
سەیر ئەوە بوو کە کۆچ و ڕەوی خەڵکی هەژار لە ناوچە کوردنشینەکانەوە بەرەو شارەکانی ڕۆژاوای تورکیا کە ئابوورێکی بریسکەداری هەبوو (ناوەنجی داهاتی کەسەکی لەم شارانەدا لە کۆتاییەکانی 1980 چوار ئەوەندەی ناوچەکانی دیکە بووەبووە هۆی لەدایکبوونی چینێکی ڕووناکبیر و کرێکاری شارنشین کە بزاڤی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردەکان، لە هەناوی ئەمەوە هاتەدەرێ. لە کۆتاییەکانی 1960 لەبەر هۆکاری چینایەتی و ئەتنیکی، کوردەکان بە هۆی «حیزبی کریکارانی تورکیا» کە حیزبێکی توندڕەوی چەپگەرا بوو، بایەخیان پەیدا کرد. هۆکاری ئەم مەسەلە دەگەڕایەوە بۆ سنعاتی بوونی تورکیا بە ڕێژەی وەڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە ئەمیش لە کەم جێگەی ناوچەکە دەست دەکەوت. لە هەشتاکان بەملاوە و دوابەدوای نیشتنەوەی ململانێی چەپ و ڕاست، کە کوردەکان لە هەر دوو باڵەکەدا بەشدار بوون، سەرەنجام ڕەهەندی ئەتنیکی و نەتەوەیی بە سەر ڕەهەندی چینایەتیدا زاڵ دەبێت.
بە دامەزرانی حیزبی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە ساڵی 1983 ئەم ڕاستیە ئاشکرا بوو کە پێکهاتەی ناوبراو تا ئێستاش هەر بەهێزە و گوڕ و تینی خۆی لە دەست نەداوە. ئەم حیزبە دەستیدایە هێرش بردن بۆ سەر هێزەکانی ئەرتەش و مڵکدارە کوردەکان و جوتیارانی نەیار و هەر دوو باڵی ڕاست و چەپ چونکە پێی وابوو بە ئاواتەکانی کورد خەیانەتیان کردووە. ڕادەی کوژراوەکانی هەر دوولا کە لە ساڵی 1991 نزیکەی 2500 کەس بوو، لە 1995 گەیشتە 20 هەزار کەس. لە ساڵی 1985 ئەرتەش هێزێکی بەناوی «گاردی دێهاتی» دامەزراند کە ژمارەی ئەندامەکانی لە ساڵی 1996 گەیشتە 60 هەزار کەس.
کاتێک بەرەنگار بوونەوە ڕووی لە زیادبوون کرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ ماوەیەکی کورت ڕویانکردە شوناسی کوردەکان. تورگۆت ئۆزال، سەرەک وەزیری ئەو کاتە ئیجازەی دا کە ڕۆژنامەی کوردی بڵاو بکرێتەوە و ئەنستیتۆیەکی کوردیش لە ئەنقەرە بکرێتەوە و کورد ئەمجار بتوانێ لە جیاتی ناوی تورکی ناوی کوردی بەکار بێنێت. لە 1990 حیزبێکی نوێ بە ناوی «حیزبی کرێکاری گەل» دامەزرا کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وتەبێژی پەرلەمانی pkk لە ئەژمار ئەهات بەڵام مەرگی کتوپڕی ئۆزال لە 1993 بووە هۆی هەڵوەشانەوەی خێرای ئەم حیزبەش. بە تیاچوونی ئۆزال ـــ چونکە هەر دوولا پێیان وابوو کە دەکرێ لەسەر بنەمای سازش و گفتوگۆ سیاسەتێکی نوێ بێتە کایەوە ـــ کەسایەتییەکی گرینگ لە گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیادا مەحف بۆوە. لەو سەردەمەوە حیزبی کرێکارانی کوردستان لە سەر بنیادێکی فێدراڵ بۆ تورکیا جەخت ئەکا کە لە سایەی ئەم سیستەمەوە تا ڕادەیەکیش خودموختاری بۆ خۆی مسۆگەر بکات بەڵام دەوڵەت بەزۆری ئەم پێشنیازەی ڕەتکردۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە لە 1995 بەملاوە دەوڵەت هێزی سەربازی خۆی ناردە باکووری عێراق بۆ سەرکوت کردنی pkk. ئەم ڕەفتارە شەرەفی نێونەتەوەیی تورکیای خستە ژێر پرسیارەوە. ساڵی 1998 بۆ کوردی تورکیا ساڵێکی نگریس بوو چونکە لەو ساڵەدا ڕێبەری pkk عەبدوڵلا ئۆجەلان بەپێی هاوبەندییەکی سیخوڕی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی دەوڵەتانی کینیا، یۆنان، ئیسراییل و تورکیا دەسبەسەر کرا و ڕادەستی حکوومەتی تورکیا کرایەوە. ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی بشێوی و نائارامی لە هەموو ناوچە کوردنشینەکان و کوردانی دانیشتووی ئەورووپاش دەنگی نارەزایەتی خۆیان بە دژی ئەم کردەوە هەڵبڕی. دەوڵەتی تورکیا پاش ماوەیەک حوکمی سێدارە بۆ ئۆجەلان دەبڕێتەوە بەڵام ئەم حوکمە لە ژێر گوشاری یەکیەتی ئەورووپا ـــ کە تورکیا حەز دەکات دڵی ڕابگرێ ببێ بەشکم ببێ بە ئەندامی یەکیەتی - بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە تاکوو سەرەنجام لە سەر داوای یەکیەتی، حوکمی سێدارە لە یاساکانی تورکیا لادەبرێت. ئێستاش ئۆجەلان ماوەی 12 ساڵە تەنیا لە بەندیخانەی دوورگەی ئیمراڵی یەخسیرە.
ناسیۆنالیزمی کورد لە عێراق
لە یەکەمی دێسەمبەری 1918، شەست کەس لە ڕێبەرانی کورد پەیمانێکیان لەگەڵ بەریتانیا مۆرکرد کە زۆر مژاوی و دژبەر بوو. ئەم پەیمانە کە پێشەنگاوێک بوو بۆ پەیمانی سێڤەر، دەرفەتی خودموختاری بۆ کوردەکان دەڕەخساند بەو مەرجەی کە کوێستانەکانی باکوور و باشوور پێکەوە گرێبدات و تورکیاش دامرکێنێ. بەڵام بەهێزبوونی هەرچی زیاتری سۆڤیەت و هاوکات، نیازی بەریتانیا بۆ ڕازیکردنی تورکیا و مەلیک فەیسەڵ ــ کە وەک پاتشای عێراق داینابووــ بووە هۆی ئەوە کە کوردەکان فەرامۆش بکرێن. لەم ڕووەوە لە پەیمانی 1930 بەریتانیا و عێراق، نەوەک باسێک لە خودموختاری کورد نەکرا بەڵکوو تەنانەت هیچ باسێکیش لە مافی کەمایەتیەکانیش نەهاتە ئاراوە. لە میانەی 1930 تاکوو 1950، کوردەکان چەندین جار بە ڕێبەرایەتی شێخ مەحموود و بارزانی ڕاپەڕین. پاش ئەوەی، عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 حکوومەتی پاشایەتی لەناو برد، پێوەندی دەوڵەت و خەباتی سیاسی کورد بۆ ماوەیەکی کورت گەشایەوە. بەڵام لە 1961 مەلا مستەفا بارزانی و هەندێ ڕوناکبیری شارستانی سەربە حیزبی دێموکرات بە ڕێبەرایەتی برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی سەرلەنوێ بەدژی دەوڵەت ڕاپەڕین و شۆڕشێکیان پێکهانی. لە ساڵی 1964 دەوڵەتی قاسم ڕووخا و کورد دیسانەوە لە بەرانبەر دەوڵەت وێستا. بەڵام ئەمجارە لەگەڵ جارەکانی پێشوو جیاوازی هەبوو، ئەویش ناکۆکی ئەکەوێتە بەینی حیزب و برایم ئەحمەد و تاڵەبانی لە حیزب جیادەبنەوە و ئەوسەرودەمانە پێیاندەگوتن جەماعەتی مەکتەبی سیاسی. ئەم حاڵەتە، سەرەتای مودێلێکی ماڵوێرانکەر بوو لە خەباتی سیاسی کوردەکان کە کەمتاکورتێک تا ئێستاش هەر درێژەی بووە و دەرەنجامی نالەباری بۆ ئامانجی کورد لێکەوتۆتەوە.
سەیر ئەوەیە کە ڕژێمی پان ـــ عەرەبی بەعس کە لە ساڵی 1968 بە دەسەڵات گەیشت، لانیکەم لە ڕواڵەتدا زۆرترین سازگاری لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کورد هەبوو. لە ڕێکەوتنامەی 11ی ئەیلوولی 1970 دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی دوو نەتەوەی لەم وەڵاتە بە ڕەسمییەت ناسی و یەکێک لە دوو پۆستی جێگری سەرکۆماری بە کوردەکان بەخشی. زمانی کوردی وەک یەکێک لە دوو زمانە سەرەکییەکەی عێراق ڕەسمییەتی پێدرا و دەوڵەت زەمانەتی ئەوەیکرد کە کاروبارە دەوڵەتییەکانی ناوچەکە بسپێرێتە دەست کوردەکان.
بەڵام هێندەی نەخایاند بە هۆی دڕدۆنگی و گۆمانی هەر دوولا بە یەکتر، پێوەندییەکانیان بچڕا. لە کاتێکدا کە دەوڵەت پێی وابوو بارزانی لەگەڵ وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەروساختی هەیە، کەچی بارزانیش دەوڵەتی گومانبار دەکرد بەوەی کە ناوچە پڕنەوتەکەی کەرکووک بە ئانقەست دەکاتە عەرەبنشین. ئەم گومانە لەو کاتەی کە دەوڵەتی عێراق نزیکەی پەنجا هەزار کوردی ئێرانی لە کەرکووک بەرەو ئێران وەدەرنا، زیاتر بڕوای پێکرا. لە مارسی 1974 دەوڵەت بە شێوەیەکی یەکلایەنە یاسایەکی لە بابەت ئۆتۆنۆمی کوردەکان بڵاوکردەوە و کەرکووکی لەم ناوچانە هەڵاوارد. بارزانی و حیزبی دیموکرات ئەم قانوونەیان ڕەتکردەوە. شۆڕشێکی خوێناوی دەستی پێکرد بەڵام کاتێک سەدام مافی ئێرانی لە بابەت شەتولعەرەبەوە بە ڕەسمییەت ناسی، بەو مەرجەی کە ئێران دەست لە پشتیوانی خۆی لە کوردی عێراق هەڵگرێ، کتوپڕ ئەم شۆڕشە قەتیس مایەوە. دەوڵەت پلانەکەی خۆی درێژە پێدا و 500 ئاوایی کوردنشینی لەگەڵ خاکا یەکسان کرد و 600هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم گوندانەی ناردە ناو ئۆردوگا کە زیاتر لە ناوەندی عێراق بوون تاکوو لە بەینی ئێران و عێراق وەک لەمپەرێک بۆ پاراستنی خۆی کەڵکی لێ وەربگرێت.
دەرفەتێکی دیکە کە بۆ دابینکردنی مافی خودموختاری بۆ کورد هەڵکەوت، هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە 1980 بەملاوە. بەڵام ئەمجارەش ڕاپەڕینی کوردەکان لە بەینی دوو پارتە سەرەکییەکە تووشی کێشە و شەڕی براکوژی هات. سەرکەوتنی ئێران و داگیرکردنی شارێکی عێراق لە بەرەی باکوور (1983) و پشتیوانی کوردەکان لە ئێران لەم کاتەدا بووە هۆی ڕقئەستووربوونی سەدام لە ئاست کورد. هەشت هەزار کەس لە پیاوانی بارزانی کە لە ئۆردوگای قوشتەپە بوون، دەسگیر دەکرێن و هەمویان سەرنگون کران. لە ساڵی 1987، هێزەکانی بەعس بۆ یەکەم جار لە ئاستێکی بەربڵاودا، چەکی کیمیاوییان لە شار و دێهاتە کوردنشینەکان بەکار هێنا و هەزاران کەس تیاچوون. پاش ساڵێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و تیابردنی کوردەکان بە ئەنجام گەیشت کە لە ئاکامدا نزیکەی 200 هەزار کەس کوژران و 4000 ئاواییش وێران کرا.
لە ئاگۆستی 1990، سەدام هێرشی کردە سەر خاکی کوەیت و ئەم وەڵاتەی داگیر کرد، دوای ساڵێک هێزی هاوپەیمانان، لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشێکی چڕوپڕیان کردە سەر عێراق. لە وەها کەش و هەوایەکدا هێزی کوردی بڕستی لێبڕابوو. بەڵام دواتر لە فێڤرییەی 1991 لە دوای ڕاپەڕینی شیعەکان لە باشوور، هێزەکانی کوردیش ڕاپەڕین و دەستیان کردە هێرش بردن بۆ شارە کوردنشینەکان کە تا ئەو دەم بە دەست هێزەکانی عێراقەوە بوو. لە 19ی مارس کەرکووک گیرایەوە، بەڵام دوو هەفتە دواتر دیسانەوە کەوتە دەست عێراقییەکان. زیاتر لە یەک ملوێن کورد کە دڕندەیی و وەحشیگەرییەکانی سەدامیان لە بیر نەچووبۆوە، بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا هەڵاتن کە هەندێ دیمەنی ورەبزوێن و سۆزناک لە شاشەی تەلەفیزۆنەکانی جیهان لەم بارەوە بڵاو کرایەوە. ڕای گشتی جیهان کەوتە خرۆش و لە ئاکامدا بۆ یەکەم جار لە 28 ی ئاپریلی 1991، هاوسوێندییەکی نێونەتەوەیی بە مەبەستی پاراستنی گیانی کوردەکان لە باکووری عێراق لە ئاستی خولگەی 36 دەرەجە هاتە کایەوە و ناوچەیەکی ئەمنی ڕاگەیاندرا کە سەدام بۆی نەبوو سنووری ئاسمانی و زەوینی ئەم ناوچە ببەزێنێ.
گفتۆگۆ لە سەر کێشەی کەرکووک و مەندەلی و خانەقین و هەروەها دیموکراسی فرەحیزبی لە نێوان سەدام و کوردەکان سوودبەخش نەبوو و شکستی هێنا. لە مانگی مەی 1992 لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو بە مەبەستی دامەزرانی دەوڵەتێک کە خاوەن بەهایەکی نێونەتەوەیی بێت. دوو حیزبی سەرەکی (یەکیەتی و پارتی)، هەرکامیان 45% دەنگەکانیان بردەوە. بەڵام هاوپەیمانان هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێم نەکردەوە. دواتر هەرێمە ئازادکراوەکە لەبەینی دوو حیزبەکەدا وردە ــ وردە تووشی کێشە و ململانێ بوو کە لە ساڵی 1994 لە شەڕی براکوژیدا گەیشتە ئەوپەڕی خۆی.
ساڵی 2003 جارێکی دیکە هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشێکی چڕ و پڕیان کردە سەر خاکی عێراق و توانییان لە ماوەی 21 ڕۆژدا ئەم وەڵاتە بگرنەوە. 3 ساڵ پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، جەلال تاڵەبانی (سەرۆکی یەکیەتی نیشتمانی) بووە سەرۆک کۆماری ئەم وەڵاتە و مەسعوود بارزانیش بووە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم. ساڵی 2005 قۆناغێکی نوێ لە کوردستانی عێراق دەست پێ دەکات کە ئەویش یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەی هەرێمەکە بوو. ئەمێستا زیاتر لە 16 ساڵە کە کوردی ئەم پارچە لە هەرێمەکەدا حکوومەتی خۆی بەڕێوە دەبات و خاوەنی کێشێکی سیاسی باڵایە لە ناوچەکە و عێراقدا.
کورد لە سوریا
حەشیمەتی کوردی سوریا، نزیکەی 1 ملیۆن و 750 هەزارکەس دەبێت کە 10% حەشیمەتی ئەم وەڵاتە پێکدێنن کە زۆربەیان لە 1920 بەملاوە بەتایبەت لەدوای شکستهێنانی ڕاپەڕینی کورد لە تورکیا ڕویانکردە ئەم وەڵاتە. ئەم کوردانە هەر خێرا ڕواڵەتی عەرەبیان لێ نیشت و لە سەرەتاکانی دامەزرانی کۆماری تازەپێگەیشتووی سوریا، دەستیان گەیشتە پلە و پایەی باڵای سەربازی بەڵام لە 1958 پاش ئەوەی کە کۆماری یەکگرتووی عەرەب دامەزرا و بڕیار درا میسر و سوریا ببنە وەڵاتێکی یەکگرتوو، کوردەکانیان لە پلە و مەقامە باڵاکان وەدەرنا. لێکهەڵوەشانی ئەم کۆمارەش، نەک هەر کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر چارەنووسی کوردەکان دانەنا بەڵکوو دەوڵەت دەستی کرد بە دروستکردنی دیواربەندێکی عەرەبنشین لە جزیرە کە زۆرینەی کوردەکانی لەخۆ گرتبوو. ئەم پلانە لە لایەن حافز ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی سوریا لە ساڵی 1976 پووچەڵ کرایەوە. بەڵام داخوازییە فەرهەنگییەکان وەک پەروەردە بە زمانی کوردی و ناولێنانی کوردی، ئێستاش هەر پێشێل دەکرێت. کاربەدەستانی سوریا ئێستاش ناسنامەیان بە نزیکەی 300 هەزار کوردی ئەم وەڵاتە نەداوە و ئەم حەشیمەتە بە ئەجنەبی لە قەڵەم ئەدەن. کەچی سەیر ئەوەیە لە خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) بەدژی دەوڵەتی تورکیا پشتیوانی کردووە، بەڵام حازر نابێت دانبنێ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووەڵاتیانی کوردی خۆی.
تا ئێستا هیچ بزاڤێکی سەربەخۆییخوازانە لە لایەن کوردی سوریاوە ڕانەگەیەندراوە. یەکەم حیزبی کوردی لە سوریا حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە کە لە ساڵی 1957 دامەزرا. ئێستا بە شێوەیەکی نایاسایی و پەنامەکی 13حیزبی کوردی چالاکی دەنوێنن کە زێدەتر لە قامیشلی و جزیرە، لایەنگرییان لێدەکرێت. حیزبە کوردییەکانی سوریا پێوەندییەکی پتەویان پێکەوە نییە بەڵکوو بەهۆی یەکگرتووییەک کە لەگەڵ ئیسلامخوازانێکی وەک ئیخوانولموسلمین هەیانە، بوونەتە مەترسییەک بۆ ڕژیمی سوریا.
تێکشکانی ڕژێمی سەدام حسەین لە ساڵی 2003 و دامەزرانی حکوومەتێکی فیدراڵ لە کوردستانی باشوور، ڕووداوەکانی یاری تۆپیپێی قامیشلی لە 12ی مارسی 2004 و گوشارە نێونەتەوەییەکان بەسەر ڕژێمی بەشار ئەسەد بە تۆمەتی تیرۆری ڕەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە ساڵی 2005، کۆمەڵە هۆکارێکن کە کوردی سوریا زیاتر لە جاران بەرەو بزاڤێکی ناسیۆنالیستی هاندەدات.
نافەرمانی مەدەنی نافرمانی مدنی Civil Disobedience
هەر هەنگاوێک کە سنووری یاسا ببەزێنێت بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی هەموان بۆ ڕاوەستان لە بەرانبەر ناڕەوایی و نادروستی یاساکان لەباری ئەخلاقی و عەقڵانییەوە بە نافەرمانی مەدەنی لە قەڵەم دەدرێت. ستراتیجی نافەرمانی مەدەنی یا بێفەرمانی حکوومەت، لە لایەن مەهاتماگاندی ڕێبەری سەربەخۆیی هیندستان بۆ ڕزگاربوون لەژێر دەستی بریتانیا هاتە ئاراوە. شێوازی گاندی بریتی بوو لە: سەرپێچی کردن لە یاساکانی وەڵات، نەدانی باج، وەرنەگرتنی پۆست و مەقامی دەوڵەتی، یاساخکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی یاسادانان، هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئینگلیزییەکان و پاوانکردنی شمەکی بەریتانی. لەم جۆرە خەباتەدا زیاتر لەسەر بیێموبالاتی و بێدەنگی جەخت دەکرێت. بەڵام نافەرمانی مەدەنی پێویستی بە هەنگاونان و کردەوەیە. لایەنی هاوبەشی ئەم دوو خەباتە تەنیا ئەوەیە کە ئاشتیئامێزە و دوورە لە شەڕەنگێزی.
نیۆنازیسم
ئەم زاراوە بۆ ئەو گرووپ و حیزب و ڕێکخراوانەی هاوچەرخ بە کار دەبرێت کە هاوشێوەی حیزبی نازی ئەڵمانیا لە ساڵی 1933 هەڵسوکەوت دەکەن. نیۆنازیسم، بزاوتێکی ڕەگەزپەرستانە و نەتەوەپەرستی توندڕەوە کە پاش جەنگی جیهانی دووهەم سەری هەڵداوە و لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی 20 بەدواوە لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا گەشەی کردووە. تایبەتمەندییەکانی نازیسمی نوێ بریتییە لە: حکومەتێکی ڕاستڕەو و دەسەڵاتخواز، دژی دیموکراسی و لیبرالیزم و فرەدەنگی، دژی کەمینەکان بە تایبەت جوولەکە و ڕەشپێستەکان. سەرچاوەی جیهانبینی ئەم گرووپانە دەگەڕێتەوە بۆ باری نالەباری ئابووری و بەگومان بوون لە حکوومەت و هەندێ جاریش هەستوخواستی ئایینی (کڵێسا) بە چەشنێک کە پێوەندییەکی نزیک هەیە لە نێوان گروپی نیۆنازی و ڕێکخراوە کڵێساییەکان.
پرۆتۆکۆڵی گۆڕینی کەشوهەوای کیۆتۆ
ئەم پرۆتۆکۆڵە لە ساڵی 1997 لەنێوان سەرۆکی وەڵاتانی جیهان لە کیۆتۆی ژاپۆن مۆرکرا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی. واتە چونکە ئەو گازانەی کە لە سووتاندنی سووتەمەنییە فوسیلییەکان (نەوت و گاز و خەڵووزی بەرد) بڵاو دەبێتەوە دەبتێە هۆی گەرمبوون و گۆڕینی کەشوهەوای سەرزەوی، دەبێ وەڵاتان هەوڵ بدەن لە بەکارهێنانی ئەم سووتەمەنییانە کەم بکەنەوە و ڕووبکەنە وزەی هەتاوی و … بۆ پیادەکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە دەبوایە لە لایەن ئەو وەڵاتانەی کە 55% ئەم گازانە بڵاو دەکەنەوە، پەسند بکرێیە. مانگی ژووەنی 2002 لە لایەن پانزە وەڵاتی یەکیەتی ئەورووپا پەسند کرا. هەر لەو ساڵەدا پتر لە 70 وەڵاتی جیهان ئەم پرۆتۆکۆڵەیان پەسند کرد. ڕەشنووسی کیۆتۆ داوا لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە قەدەر بڵاوکردنەوەی 36% ئەو گازانە لە ساڵی 1990، بۆ کەمکردنەوەی ئەم گازانە هەنگاو بنێت. کەچی بەم حاڵەش، لەنێوان ساڵەکانی 2002ـــ1997 بڵاوکردنەوەی ئەم گازانە لە ئەمریکا، نزیکەی 8% زیاتر بووە. ئەمریکا تەنها وەڵاتێکە کە لەگەڵ ئەم ڕەشنووسەدا نەیارە.
ڕیڤیژیۆنیزم (پیاچوونەوەگەری)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی revisere بە مانای حەز بە تازەکردنەوەی دیدار و پیاچوونەوە، وەرگیراوە. پێداچوونەوە، بە بووژانەوەی بن بونیات و کارکردەکانی ڕێبازێک دەگوترێ (بڕوانە دۆکترین). واتە ئەو کەسەی کە لە بارەی ڕێباز یان ئایدیۆلۆجیایەک خوازیاری دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بێت، پێی دەگوترێ ڕیڤیژیۆنیست (کەسێک کە دەستکاری شتێک بکات). ئەم بۆچوونە لە لایەن نووسەر و سیاسەتمەداڕێکی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بە ناوی ئیدوارد برنشتین لە ساڵی 1889 خرایەڕوو. ئەم تیۆرییە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجیکی بوو کە لە تیۆری و پێشبینیەکانی ئابووری ــ سیاسی کارڵ مارکس گیرا و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەخنەی لێ گیرا:
1) بۆچوون و جیهانبینی مارکس دەربارەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و گۆڕینی خێرای بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕۆڵیتاری، بە خێرایی و پەلە نایەتەدی و هەر بۆیە پێویستە ئەم تیۆرییە پێداچوونەوەی بە سەردا بێت و دەستکاری بکرێت.
2) خەباتی چینایەتی بەو شێوەی کە مارکس پێشبینی کردبوو، بە ئامانج نەگەیشت و چینی مامناوەندی نەک لە کۆمەڵگە نەسڕدرابۆوە بەڵکوو پەرەی ستاندبوو.
3) ناوەندگەرێتی پیشەسازیی و سەرمایە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مارکس، تووشی وێستان و بێسەرەوبەرەیی ببوو.
کاپیتۆلاسیۆن
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی capitulare وەرگیراوە و بە مانای پەیمان و گرێبەست و ڕێککەوتن هاتووە کە لە نێوان دەوڵەتاندا دەبەسترێ. بەپێی ئەم پەیمانە ئەگەر هاووەڵاتیانی بێگانە لە قەڵەمڕەوی وەڵاتێکی دیکەدا تاوانێک ئەنجام بدەن، ئەوا دەبێ بکەونە ژێر پارێزگاریی یاساکانی وەڵاتی خۆیان و لە لایەن کۆنسولێک کە نوێنەری ئەو دەوڵەتەیە بۆ دادگە بانگهێشت بکرێن. ئەم جۆرە پەیماننامانە پتر لە لایەن دەوڵەتانی ئەورووپییەوە بەسەر دەوڵەتانی ئاسیایی و ئەفریقایی دائەسەپا. لە ڕاستیدا بیانووی ئەم وەڵاتانە ئەوە بوو کە هاووەڵاتیانی ئەوان لە ڕووی دادوەرییەوە پارێزراو نین و لە لایەن بەرپرسانی ئەو وەڵاتانەوە ناپارێزرێن. بەڵام ئەوان بەم بیانووە دەیانویست بگەنە ئامانجە کۆلۆنیالیستیەکانی خۆیان. لەم سەردەمەدا کاپیتۆلاسیۆن گرنگی خۆی لە دەست داوە و لە لایەن دەوڵەتەکانەوە دژایەتی دەکرێ و وەڵاتانێکی وەک ژاپۆن، تورکیا، میسر و ئێران و چین پووچەڵیان کردۆتەوە.
کۆمیسیۆنی ئابووری ئەورووپا
ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کۆمیسیۆنەی لە 28ی مارسی 1947 بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکی ئابووری ئەورووپا بۆ پاوەجێکردنی پێوەندی ئابووری وەڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ وەڵاتانی دیکە دامەزراند. ئەندامانی کۆمیسیۆن بریتین لە: ئەندامانی ئەورووپی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم کۆمیسیۆنە چەندین کۆمیتەی هەیە کە چاودێری کاروباری بەرد و خەڵووز، پۆڵا، پەرەپێدانی بازرگانی و کشتوکاڵ، پیشەسازیی، کارەبا و هاتوچۆ دەکەن و وەڵاتانی ئەندامیش ساڵی جارێک کوبوونەوەی جۆراوجۆر ساز دەکەن. بارەگای کۆمیسیۆن لە شاری جنێڤ دایە. پێویستە بگوترێ کە ئەم کۆمیسیۆنە ئێستا کارێکی ئەوتۆ ئەنجام نادات و لە دانیشتنەکاندا تەنها لەمەڕ ڕەوشی ئابووری و بابەتەکانی دیکە بیر و ڕا دەگۆڕێتەوە.
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
یەکێک لە لقەکانی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 1946 بەپێی بەندی 68 جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و لە یەکەمین هەنگاوی خۆیدا بەیاننامەی جیهانی مافی مرۆڤی دەرکرد. بە هۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەم کۆمیسیۆنە لە ئاست مەسەلەکانی هاوپێوەند لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ زەمانەتی جێبەجێ کردنیان نەبوو، لە ساڵی 2006 هاوکات لەگەڵ پیادەکردنی هەندێ ڕیفۆرم لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کۆمیسیۆنە پەرەی پێدرا و بە «ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان» ناوی گۆڕا کە تێیدا وەڵاتانێکی زیاتر بوونە ئەندام.
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی لێ پرسینەوە
ئەم کۆمیسیۆنە ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان. هەر کاتێک کێشە یان قەیرانێک بێتە ئاراوە، چەند کەسێک (بە ناوی کۆمیسێر) ڕادەسپێرێت لە کێشەکە بکۆڵنەوە. کاری ئەم ڕاسپاردانە «دەرخستنی ماهییەت و چۆنییەتی مەسەلەکەیە» و مافی ئەوەیان نییە لەمەڕ بەرپرساریەتی کەسەکان هیچ زانیارییەک ئاشکرا بکەن. تەنیا وەڵاتانی هاوپێوەند لەگەڵ کێشەکەدا بۆیان هەیە لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکە تێبگەن و مەسەلەکە لە نێوان خۆیاندا کۆتایی پێ بهێنن یا بیسپێرنە بەردەم دادوەرێک.
ئەم شێوازی چارەسەرییە، دەرەنجامی کۆنفرانسەکانی ئاشتی لاهای بووە کە لە بەندی 9 تا 36 ڕێککەوتننامەی ژمارە یەک، ڕێکەوتی 18 ئۆکتۆبەری 1907 باسی لێکراوە. بەپێی ڕێساکانی لاهای، بۆ وەگەڕخستنی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە، دەبێ ئەم ڕێسایانەی خوارەوە لەبەر چاو بگیرێت:
1) بابەتی کاری ئەم کۆمیسیۆنە ڕووخستنی چۆنییەتی کێشەکەیە.
2) بەکارهێنانی ئەم شێوازە دڵخواز و ئازادانەیە.
3) ئەم کۆمیسیۆنە بەپێی بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی تایبەت دادەمەزرێت.
4) ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بە سەر وەڵاتانی پەیوەندیدار داناسەپێ و لایەنەکانی کێشەکە لە چۆنییەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ مەسەلەکەدا سەرپشکن.
کۆنفیدراسیۆن
یەکگرتنی چەند دەوڵەت بۆ هاریکاری و یارمەتیدان بە یەکتر بە کۆنفیدراسیۆن پێناسە کراوە. کۆنفیدراسیۆن، خاوەنی دەسەڵاتێکی ناوەندی نییە تاکوو بە سەر شارۆمەندانی هەموو دەوڵەتانی یەکگرتوودا سەروەری بکات. دەوڵەتانی ئەندامی کۆنفیدراسیۆن لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا سەربەخۆن و مافی جیابوونەوە لە کۆنفیدراسیۆن پارێزراوە. وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەر لەوەی ببێتە فیدراسیۆن (بڕوانە فێدراڵیزم)، لە ساڵی 1778 تا 1787 بە شێوەی کۆنفیدراسیۆن ئیدارە دەکرێ کە بریتی بوو لە: هیندوراس، نیکاراگووە و سەن سالوادۆر.
ئەڵمانیا لە (1815 تا 1866) و هۆڵەندا لە (1580 تا 1795) دوو نموونەی سیستەمی کۆنفیدراسیۆن لە ئەژمار دێن. ئەگەرچی سویسرا، بە «کۆنفیدراسیۆنی سویسرا» خۆی ناساندووە بەڵام لە ڕاستیدا بە شێوازی فێدراڵی ئیدارە دەکرێت. وەڵاتانی ئەندامی کۆنفیدراسیۆن، بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە شێوەیەکی جیاواز دەمێننەوە، بەڵام لە ناو خۆیاندا شەڕ بە شتێکی ناڕەوا دەزانن.
کۆنڤانسیۆن
کۆنڤانسیۆن یا کۆنڤانسیۆنی نەتەوەیی، ناوی کۆمەڵەیەکی گرنگی فەرەنسی بوو کە پاش ئەنجومەنی یاسادانان لە 21 سێپتەمبەری 1792 لە لایەن خەڵکی ئەم وەڵاتەوە دامەزرا. ئەم کۆنڤانسیۆنە بڕیاری لە سێدارەدانی لۆیی شانزەهەمی پەسند کرد و کۆمیتەی ڕزگاریی نەتەوەیی پێک هێنا و ڕاسپاردەکانی خۆی ناردە شارەکانی فرەنسی بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و ئارمانجەکانی شۆڕش و پتەوکردنی هەست و سۆزی نیشتمانپەروەرانە.
لە زاراوەی سیاسیدا کۆنڤانسیۆن، واتای سازش و ڕێککەوتن و تەبایی دەگەیەنێ و بریتییە لەو ئەنجومەنانە کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا دروست دەبن تا لەمەڕ کێشە گرنگەکان گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتن. لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەو کۆنگرە حیزبییانە دەگوترێ، کە بە مەبەستی دیاریکردنی پاڵێوراوانی سەرۆک کۆماری دەبەسترێ. هەروا بەو ڕێککەوتنانەش دەگوترێ کە لە بواری بازرگانی و بوارەکانی دیکەی هاوکاری لە نێوان وەڵاتاندا گرێدەدرێ. جگە لەمەش، پەیمانی بەرانبەر وەڵاتانی دژ بەیەک بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان و کۆتایی هێنان بە جەنگ و کۆبوونەوەی نوێنەرانی ویلایەتێک بۆ دەست نیشانکردنی پاڵێوراوە حیزبیەکان و دیاریکردنی ئامانج و پێڕۆی حیزب بە کۆنڤانسیۆن ناودەبرێت. لە کۆنڤانسیۆنە بەناوبانگەکان، دەکرێ ئاماژە بدەین بە کۆڤانسیۆنی نێودەوڵەتی ئاشتی لاهای (1899 و 1907)، کۆنڤانسیۆنی قەدەغەکردنی بازرگانی کۆیلە (1963) و کۆنڤانسیۆنی پێوەندی دیپلۆماسی (1961).
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
پەیماننامەیەک کە لە ساڵی 1950 لە نێوان پانزە وەڵاتی ئەورووپای ڕۆژاوا مۆرکرا بە مەبەستی پاراستن و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافەکانی هاووەڵاتیانی خۆیان. ئەم ماف و ئازادییانە بریتییە لە : مافی ژیان و ئازادی، قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و دیلیەتی، دڵنیایی و بێخەمی لە دەسگیرکردن، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی پڕوپووچ، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و بیروڕا و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە. (بۆ نموونە ڕێکخستنی یەکیەتی و …)
لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ» بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە دامەزرا و هاووەڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داواکاری و شکاتەکانیان لە دەوڵەتی خۆیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئێستا 21 وەڵاتی ئەورووپی لەم کۆنڤانسیۆنە ئەندامن و چەند پرۆتۆکۆلیشی پێ زیاد بووە.
کۆنڤانسیۆنی مافە سیاسیەکانی ژنان
ئەم کۆنڤانسیۆنە لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 20ی سێپتەمبەری 1952 پەسند کرا. ئەم بڕیارنامە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هاتە ئاراوە و بەم پێیە هەموو وەڵاتانی ئەندام، بەڵێنیان داوە کە مافەسیاسیەکانی ژنان تا ئاستێکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا بپارێزرێ. بەپێی ئەم کۆنڤانسیۆنە دەبێ ژنانیش، هاوشانی پیاوان لە مافەکانی هەڵبژاردن و پاڵاوتن و گەیشتن بە پلەوپایە ئیداریەکان بەهرەوەر بن.