تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شارستانەتی / ژیار
مەبەست لەم زاراوە، شێوە ژیانی شارستانییانەیە لە کۆمەڵگەیەکی شاری کە سێ واتای لێدەبێتەوە:
ـــ بەرەوپیری ئەقڵ و مرۆڤایەتی چوون.
ـــ ئەنجامدانی بەڕێوجێی کاروباری ژیان.
ـــ هەنگاونان بەرەو ئاکار و ئەخلاقی شاری.
شارستانەتی لە زاراوەی سیاسیدا «بە کۆمەڵێک دەزگە و ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی، پێوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئایینی، هونەری و ئەدەبی و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو» دەگوترێ. بە واتایەکی دیکە، شارستانەتی بە کۆمەڵێک پاشکەوتی مادی و مەعنەوی مرۆ لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو دەگوترێ. شارستانەتی لە زانستی مرۆناسیدا وەک پاژێک لە کەلتوور لە قەڵەم دراوە.
کۆمەڵەی ژ.کاف (ژیانەوەی کورد)
ئەم کۆمەڵە لە ڕێکەوتی 16/9/1942 (بەرانبەر بە 25ی خەرمانانی 1321ک.ه) لە شاری مەهاباد لە لایەن چەند کوردێکەوە بە مەبەستی برەوپێدانی بیروباوەڕی نەتەوایەتی لەناو جەماوەری کوردی دامەزرا. هەندێک لەو کەسانەی کە بەشدار بوون لەم ڕێکخستنەدا بریتین لە: ڕەحمان عەلەوی، محەمەدئەمین شەرەفی، محەمەد نانەوازادە، ڕەحمان زەبیحی، حوسێن فرووهەر (زەڕگەری)، عەبدوڕەحمان ئیمامی، قاسم قادری، میرعەبدولڵا داودی، ئەحمەد عیلمی، عەزیز زەندی، محەمەد یاهوو، میرحاج (کوردستانی عێراق) و قادر مودەڕسی. لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە گەیشتە 100 کەس. هەموو کوردێک دەیتوانی لە کۆمەڵەدا ببتە ئەندام. هەرکەس ببوایە بە ئەندام، لە دیدارێکی نهێنی و بە ئامادەبوونی سێ کەس لە ئەندامانی دامەزرانەر، حەوت جار سوێندی بە قورئان دەخوارد کە بەم شەش خاڵەی خوارەوە وەفادار بمێنێت.
1ـــ بە نەتەوەی کورد خەیانەت نەکات.
2ـــ هەوڵ بدات بۆ ئۆتۆنۆمی کوردان.
3ـــ هیچ نهێنیەک نەدرکێنی چ بە زمان چ بە نووسین.
4ـــ تا دوایین ڕۆژی ژیانی هەر ئەندام بێت.
5ــــ هەموو پیاوێکی کورد بە برا و هەموو ژنێکی کورد بە خوشکی خۆی بزانێت.
6ـــ بێ ئیجازەی کۆمەڵە لە هیچ پارت و ڕێکخراوەیەکی دیکەدا نەبێتە ئەندام.
لە مانگی گوڵانی 1943 ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە ئامادەبوونی سەد کەس لە ئەندامانی کۆمەڵە، لە سەر کێوی خواپەرست، لە نزیک مەهاباد، هەڵبژێردران. بەڵام کەسێک بەناوی سەرۆک یا سکرتێر دیاری نەکرا بەڵکوو کۆمیتەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوون لە ڕەحمانی زەبیحی، ڕەحمانی شەرەفکەندی (هەژار موکریانی) و محەمەد یاهوو، وەک دەستەی سەرۆکایەتی دەستنیشان کران. لە مانگی ڕەزبەری 1944 قازی محەمەد بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.کاف. کۆمەڵە لەگەڵ حیزبی هیوا (کوردستانی باشوور) و خۆیبوون (کوردستانی باکوور) پێوەندی بووە و ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی لە ناوچەکەدا. پاش دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی 16/8/1945 بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمەڵەی ژ.کاف لەناو ئەو حیزبەدا توایەوە.
فاڵانژ / فاڵانژیسم
ئەم زاراوە ڕیشەکەی لاتینییە و بە درێژایی مێژوو مانای جیاوازی لەخۆ گرتووە. بۆ نموونە لە یۆنانی کۆندا «فاڵانژی ساکار» بەشێکی هێزی سەربازی یۆنان بووە کە بریتی بووە لە سەربازی پیادە بە چەکی سووک و چەکی قورسەوە و … لە ساڵی 1600 زایینی، ئەم زاراوە بە کۆمەڵێکی خەڵکیی گوتراوە کە بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی پێکەوە کۆ دەبنەوە و بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش بەرەیەکی یەکگرتوو ساز دەکەن. لە سەدەی پێشوودا فاڵانژ، ناوی حیزب و ئایدیۆلۆژیایەکی فاشیستی وەڵاتی ئیسپانیا بووە کە بە ئیسپانیایی پێی دەڵێن فاڵانخە. ئەم حیزبە لە 29/11/1933 لە لایەن کەسێک بەناوی خۆزە ئانتۆنیۆ پریمۆدێریڤا لە مەدرید دامەزرا و گەشەی پێدراوە. هەرچەندە لە سەرەتاوە بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو بەڵام بەرەبەرە پەرەی سەند و سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بەرەو لای خۆی ڕاکێشا و بە یەکگرتن لەگەڵ لایەنە فاشیستەکانی دیکە توانی «فاڵانخە ئیسپانیۆلا» دامەزرانێت. بەرنامەی فاڵانژ، بریتی بوو لە ڕاکێشکردنی چینی کرێکار بۆ هەناوی ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوانەی کۆمەڵایەتی (بە مەبەستی خۆماڵی کردنی سەرمایە، چاکسازی زەویوزار، پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی سوپا و هەڵوەشاندنەوەی حیزبە سیاسییەکان و شێوازی شۆڕشگێڕانە بۆ گەیشتن بە ئامانج).
فاڵانژیستەکان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ (1936 تا 1938) بە توندی ڕووبەڕووی حیزبە کۆمۆنیست و ئاناڕشیست و میانەڕەوەکان بوونەوە و هەوڵیان دا حیزبەکەی خۆیان سەقامگیر بکەن. جیاوازی نێوان فاشیزمی ئیسپانیا لەگەڵ فاشیزمی ئەڵمانیا و ئیتالیا، لەوەدا بوو کە لە ئیسپانیا سوننەتی نەتەوەیی و بە تایبەت نەریتی پادشایی و مەسیحی، بایەخ و گرنگی زیاتری پێ دەدرا. ئیمڕۆکە زاراوەی فاڵانژ، لە وەڵاتانی دیکە بەو گرووپە ڕاستە توندڕەوانە دەگوترێ کە لە بەرانبەر باڵی چەپدا دژایەتی و گێڕەشێوێنی دەکەن، بۆ نموونە فاڵانژەکانی لوبنان.
ناوبژیوانی
بریتییە لە شێوازی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەیەکی نێودەوڵەتی بە دەستپێشخەری لایەنێکی سێهەم و ڕازی بوونی دوولایەنی مەسەلەکە. ناوبژیوان بە شێوەیەکی چالاک هەوڵ دەدات لە گفتوگۆکاندا بەشدار بێت و پێشنیاری پێویست بۆ کۆتایی هێنان بە گرفتەکە چێ دەکات و بەگشتی هەوڵی ئاشتکردنەوە و نزیک کردنەوەی دوولایەن دەدات. ناوبژیوان، تەنها پردێکی پێوەندی نییە لە نێوان دوو لایەنی کێشەکە بەڵکوو یارمەتییان دەدات بۆ خستنەڕووی پێشنیار و دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی. بەپێی بڕیاری کۆنڤانسیۆنی لاهای (1907) لەمەڕ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە نێودەوڵەتییەکان، ناوبژیوانی نابێ بە واتای کردارێکی دوژمنکارانە و دەستێوەردان لە کاروباری وەڵاتێکی دیکە لە ئەژمار بێت. نموونەی ئەم هەنگاوە، ناوبژیوانی تاشکەند (1966) بۆ چارەسەری کێشەی نێوان پاکستان و هێندستان و هەروا ناوبژیوانی کەمپ دەیڤید لە نێوان ئیسراییل و میسر لە ساڵی 1979 بووە.
ڕیڤیژیۆنیزم (پیاچوونەوەگەری)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی revisere بە مانای حەز بە تازەکردنەوەی دیدار و پیاچوونەوە، وەرگیراوە. پێداچوونەوە، بە بووژانەوەی بن بونیات و کارکردەکانی ڕێبازێک دەگوترێ (بڕوانە دۆکترین). واتە ئەو کەسەی کە لە بارەی ڕێباز یان ئایدیۆلۆجیایەک خوازیاری دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بێت، پێی دەگوترێ ڕیڤیژیۆنیست (کەسێک کە دەستکاری شتێک بکات). ئەم بۆچوونە لە لایەن نووسەر و سیاسەتمەداڕێکی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بە ناوی ئیدوارد برنشتین لە ساڵی 1889 خرایەڕوو. ئەم تیۆرییە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجیکی بوو کە لە تیۆری و پێشبینیەکانی ئابووری ــ سیاسی کارڵ مارکس گیرا و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەخنەی لێ گیرا:
1) بۆچوون و جیهانبینی مارکس دەربارەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و گۆڕینی خێرای بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕۆڵیتاری، بە خێرایی و پەلە نایەتەدی و هەر بۆیە پێویستە ئەم تیۆرییە پێداچوونەوەی بە سەردا بێت و دەستکاری بکرێت.
2) خەباتی چینایەتی بەو شێوەی کە مارکس پێشبینی کردبوو، بە ئامانج نەگەیشت و چینی مامناوەندی نەک لە کۆمەڵگە نەسڕدرابۆوە بەڵکوو پەرەی ستاندبوو.
3) ناوەندگەرێتی پیشەسازیی و سەرمایە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مارکس، تووشی وێستان و بێسەرەوبەرەیی ببوو.
دیماگۆژی
ئەم زاراوە لە وشەی demagogia یۆنانی وەرگیراوە و لەسەرەتادا بە مانای «رێبەرایەتی خەڵک» بەکار براوە. لە ڕۆمی کۆنیشدا مانایەکی سەربەرزانەی بووە بە چەشنێک کەسانێکی وەکوو پریکلێس و دیمۆستێنس و سیسرۆن، بەم ناوە ناوبانگیان دەرکردووە. لە زاراوەی سیاسی نوێدا دیماگۆگی، مانایەکی سووکایەتیئامێزی لەخۆی گرتووە و بە واتای فریودانی جەماوەر و بەڵێنی ناڕاست دان و کەڵکوەرگرتن لە هەست و سۆزی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجی تایبەت لێکدراوەتەوە.
دیماگۆگ، کەسێکە کە هەستی جەماوەر دەجوولێنێت و هانیان دەدات بەمەبەستی دەسکەوتنی ئامانجەکانی خۆی.
دەستدرێژی
بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە لایەن وەڵاتێکەوە بە دژی حاکمییەت و یەکپارچەیی سەرزەمین یان سەربەخۆیی سیاسی وەڵاتێکی دیکە. لە بەیاننامەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو سۆنگەوە باسی دەستدرێژی کراوە:
1) مەبەست لە وەڵات، ئەو وەڵاتانەش دەگرێتەوە کە نەبوونە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
2) لە کاتی پێویست، مانای کۆمەڵێک وەڵاتی لێ دەکەوێتەوە.
زمانکوژی
بریتییە لە لەناوبردن و ڕیشەکێشکردنی زمان. قت کردنی زمانی زگماکی ناوچەکان لە سیستەمی پەروەردەیی وەڵاتێک کە دەرەنجامی ئەم کارەش دەگاتە سڕینەوەی فەرهەنگی کەمینە ئەتنیکییەکان. نموونەی ئەم قتکردنە، سیاسەتی زمانی وەڵاتانی تورکیا و... سوریایە بە نیسبەت زمانی کوردی.
کوێرباوەڕی/دەمارگرژی
فاناتیسیزم، بە بیر و باوەڕی تەسک و کوێرانە دەگوترێ و مێشک تەسک یان کوێرباوەڕ کەسێکە کە دەربارەی بابەتە جۆراوجۆرەکان، غیرەت و هەست وخوستێکی تایبەت لەخۆی نیشان دەدا و بێ بەڵگە هەڵدەچێ و لایەنگری کوێرکوێرانە لە بابەتێکی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات. مرۆڤی کوێرباوەڕ، کارەکانی خۆی لەڕووی ئاوەز و ئەندێشەوە ئەنجام نادات و گوتار و کرداری خۆی بە پێوەرە عەقڵییەکان هەڵناسەنگێنێ و لە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا لە هیچ هەوڵ و کۆشش و فیداکارییەک درێخی ناکات و بۆ سەپاندنی بیروڕای خۆی لە هەموو ئامرازێک کەڵک وەردەگرێ. هەر بۆیە فاناتیسیزم، دژ بە فەلسەفە دەوەستێ چونکە فەلسەفە زانستی بیرکردنەوە و بەکارهێنانی هزر و ئاوەز و بەرهەمی ئاخافتن و گفتوگۆیە.
حاشای لێ ناکرێ کە کوێرباوەڕی لەو مەسەلانەی کە پێویستیان بە تێفکرین و ئەندێشە هەیە، نەوەک بەرەو دۆزینەوەی هەقیقەت ڕێنموونیمان ناکات، بەڵکوو دەبێتە لەمپەرێک لەبەردەم شیاندن و بەڵگاندنی ژیرانەی بابەتەکان. مرۆڤی تەسک بیر، ڕێگەیەک شک نابات جگە لەوەی بیر و بۆچوونی خۆی بە زۆرەملی داسەپێنێت. بەم بۆنەوە دەرفەتی توێژینەوە و شرۆڤەی بیروڕای خەڵکانی دیکەشی لە دەست دەردەچێ.
کۆمەڵکوژی
بریتییە لە کوشتن و لەناوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئەتنیکی و ئایینی بەپێی نەخشە و پلانێکی لەوەپێش دارێژراو. بەپێی «بڕیارنامەی نێونەتەوەیی بەرگری کردن لە ژینۆساید» کە لە 9ی دێسەمبەری 1948 مۆر کراوە، کۆمەڵکوژی، بەم کردەوانەی خوارەوە دەگوترێ:
1) لەناوبردنی یەکجارەکی یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی یا ئایینی.
2) کوشتنی ئەندامانی گرووپێک.
3) ئازاردانی جەستەیی یا دەروونی ئەندامانی گرووپێک.
4) خستنە تەنگژە و ئاستەنگی گرووپێک بە ئەنقەست.
5) بەرگرتن لە سکوزا و زیادبوونی حەشیمەتی گرووپێک.
6) ڕاگواستنی زۆرەملی منداڵانی گرووپێک بۆ ناو گرووپێکی دیکە.
لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی کەمینەکاندا کۆمەڵکوژی چەند شێوازی لێ دەکەوێتەوە کە بریتین لە: کۆمەڵکوژی جەستەیی یا ماددی، کۆمەڵکوژی سیاسی کۆمەڵکوژی بایەلۆژیکی و کۆمەڵکوژی کەلتووری. ئەو کردەوانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا دەکرێ وەک کۆمەڵکوژی جەستەیی و سیاسی و بایەلۆژیکی ناوبردە بکرێن بەڵام بەپێی پێناسەی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆمەڵکوژی کەلتووری بەم جۆرە شرۆڤە کراوە:
کۆمەڵکوژی کەلتووری بریتییە لە هەر جۆرە کردارێکی بە ئەنقەست کە بە مەبەستی لەناوبردنی زمان و ئایین یا کەلتووری نەتەوەیەک، گرووپێکی ڕەگەزی یا ئایینی بە دژی ئەندامانی ئەو گرووپە بە ئەنجام بگات بۆ وێنە:
1) ڕێگەنەدان بۆ بەکارهێنانی زمانی گرووپێک لە ئاخاوتنی ڕۆژانە یا قوتابخانە و بەرگری کردن لە بڵاوبوونەوەی کتێب و نووسراوە بەو زمانە.
2) سڕینەوە و لەناوبردنی کتێبخانە، خوێندنگە، مۆزەخانە و دەزگە و ڕێکخراوەی مێژوویی و کەلەپووری ئەو گرووپە.
کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی هەمان بڕیار، «کۆمەڵکوژی بە تاوانێکی نێودەوڵەتی» ناوبردە کردووە. چەند نموونەی کۆمەڵکوژی بریتییە لە: کوشتنی بەملیۆنان لە جوولەکان لەلایەن ئەڵمانییای نازی لە شەڕی جیهانی دووهەم و کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە عەمەلیاتی ئەنفالەکان لە کوردستانی باشوور کە 182 هەزار کەس بێسەروشوێن کران (بڕوانە ئەنفال). هەروەها کوشتنی شەشسەد هەزار ئەرمەنی لە لایەن تورکان لە ساڵی 1915.
کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان
بریتییە لە کوشتنی بە کۆمەڵی کەمینەی مەسیحی ئەرمەنستان کە لە نێوان ساڵەکانی 1915 تا 1923 لە لایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم، ئیمپراتۆری عوسمانی بە ئەنجام گەیشت. لە لایەن ئەرتەشی تورکەوە، چەند ئاکارێکی نامرۆڤانەی دیکە دەرحەق بە ئەرمەنییەکان ڕوویداوە کە بۆتە هۆی کۆچی زۆرەملێی نزیکەی دوو ملیۆن ژن و پیاو و منداڵی ئەرمەنی بۆ سووریا و کوشتنی نزیکەی 600 هەزار کەس لەم ڕێگەدا. لەم ساڵانەی دواییدا هەر لایەن و گرووپێک ئەم کۆمەڵکوژییەی خستبێتە ژێر پرسیارەوە، لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە تووشی زەخت و گوشار بووە.
کۆمەڵکوژی سیاسی
بریتییە لە کوشتاری پلانمەندی بەکۆمەڵ بۆ لەناوبردنی ئەندامانی گرووپێکی سیاسی لە لایەن دەوڵەتێک یا دەستوپێوەنەکەی. ئەگەرچی شیکردنەوەی جینۆساید لەگەڵ کۆمەڵکوژی سیاسی لێک جیاوازن بەڵام مەبەست لە ئەنجامی ئەم دوو کردەوە، کەم تا زۆر، لەناوبردنی جەستەیی گرووپێکی ڕەگەزی و سیاسییە. ڕەنگە لە کاتی شەڕدا کوشتنی جەنگاوەران و هێزی سەربازی شتێکی ئاسایی بێت بەڵام کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی ئاسایی نییە. ئەگەر خەڵکی مەدەنی بە ئەنقەست و بە شێوەیەکی پلان داڕێژراو لەناو بچن، تەنانەت ئەگەر لە لایەن گرووپێکی دژ بە دەوڵەتیش پشتگیرییان لێ بکرێت، وەها ڕووداوێک بە کۆمەڵکوژی سیاسی یان جینۆساید ناوبردە دەکرێت.
جیاوازی نێوان جینۆساید و کۆمەڵکوژی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تایبەتمەندیانەی کە ئەندامانی گرووپی ناوبراو بۆ دەوڵەت ئاشکرای دەکەن. ئەوانەی بە جینۆساید دەبنە قوربانی بە هۆی تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە ڕەگەز، ئایینزا و نەتەوە، پۆلێن دەکرێن. بەڵام لە کۆمەڵکوژی سیاسیدا هۆکاری سەرەکی بۆ لەناوچوون، دەگەڕێتەوە بۆ هایراکی کۆمەڵایەتی یان دژایەتی سیاسی و نەیاری کردن لەگەڵ دەوڵەت یا گرووپە باڵادەستەکان.
کۆنفرانسی جیهانی دژی ڕەگەزپەرستی
ئەم کۆنفرانسە لە ڕێکەوتی 22 تا 26/8/1977 لە لاگۆس پێتەختی نایجیریا گرێدرا و بەپێی بڕیارێک لە هەموو وەڵاتانی جیهان داوای کرد کە هیچ جۆرە چەکێک نەگەیەنن بە دەوڵەتی ئەفریقای باشووری چونکە ئەم دەوڵەتە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە پیادە دەکات. کۆنفرانس هەروا داوای کرد هیچ جۆرە هاوکارییەک لە بواری ئەتۆمی لەگەڵ ئەم وەڵاتەدا بە ئەنجام نەگەیەنن.