تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



هاوبەشێتی/شیوعی
ئەم زاراوە لە بەرانبەر زاراوەی «تاکخوازی» دا هاتووە کە بە هەموو ئەو تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریانە دەگوترێ کە بەرژەوەندی و قازانجی کۆمەڵی مرۆڤییان بۆ گرنگترە لە بەرژەوەندی تاکەکەسی. بەپێی ئەم تیۆرییە کەرەستەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن دەبێ بەدەست کۆمەڵ بێت نەک تاکەکەس، چونکە تاک هەر بەشوێن قازانجی خۆیەتی. گرینگترین قوتابخانەی شیوعی بریتیە لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم کە خوازیاری چاودێری کۆمەڵایەتین لە ڕێی خاوەنداریەتی گشتی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی کۆمەڵ. خاڵێکی گرینگ کە دەبێ سەرنجی بدرێتێ، ئەوەیە کە خاوەنداریەتی دەوڵەتی، خۆبەخۆ بە مانای چاودێری گشتی نییە، ئەم شتە پەیوەستە بەوەی کە هێزی دەوڵەت بە دەست چ کەسانێکەوە بێت. ئەم زاراوە لە کاتی دامەزرانی کۆنگرەی ئینتەرناسیۆنالی یەکەمی سۆشیالیستەکان لە ساڵی 1869 لە شاری «بازڵ» ی وەڵاتی سویسڕا، ڕەواجی پەیا کرد.
هاوسەنگی سیاسی
هاوسەنگی سیاسی بریتییە لە بەرگری کردن لە دەستبەسەراگرتن و تەراتێنی زلهێزەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
هاوسەنگی هێزەکان
تیۆری هاوسەنگی هێزەکان لە سەر ئەم بنەمایە داڕێژراوە کە دەسەڵاتی هەر گرووپێک لە وەڵاتانی ئەورووپا دەبێ لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی گرووپەکانی دیکە هاوسەنگ بێت تاکوو هیچکامیان نەتوانن بەسەر ئەویدی دا زاڵ بن و بەمجۆرە ئاشتی و ئاسایش مسۆگەر بکرێت. پاراستنی ئەم سیاسەتە بابەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا بوو لە میانەی ئاشتی درێژخایەن لە 1871 تا 1914 لە نێوان گرووپی وەڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا و ئیتالیا و وەڵاتانی بریتانیا، فرەنسی و سۆڤیەت. پاش جەنگی جیهانی یەکەم تیۆری هاوسەنگی هێزەکان هاتە ناو مێژووی دیپلۆماسی و بریتانیا تا ساڵی 1939 لە بەرانبەر بەهێزترین وەڵاتی ئەورووپا واتە ئەڵمانیا، سیاسەتێکی نەرمڕەوانەی گرتەبەر. لە ساڵی 1945 بەملاوە هیچ هەوڵێک لە لایەن ئەم وەڵاتە بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێزەکان بە ئەنجام نەگەیشتووە بەڵام دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە بەرانبەر ڕۆژهەڵات ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئێستا زاراوەی هاوسەنگی هێزەکان لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا پتر بۆ دەسەڵاتی چەکداری و ئابووری زلهێزەکان لە ئاستی جیهانی یا ناوچەییدا دێتە ئاراوە. بۆ نموونە وەڵاتی هێندستان لە نیمچەکیشوەر و میسر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕووەوە مەبەستی لایەنگرانی چەکداماڵین گشتاندنی ئەم سیاسەتەیە لە هەموو جیهاندا بە چەشنێک کە هیچ دەوڵەتێک نەبێتە هەڕەشە بۆ وەڵاتێکی دیکە.
هاووەڵاتی جیهانی
بڕواداری بەوەی کە خۆت بە کەسێکی جیهانی بزانی و مرۆڤ خۆی بە نەتەوە یان کیانێکی تایبەتەوە نەبەستێتەوە. بڕوا کردن بەوەی کە جیهان، نیشتمانی هەموو خەڵکانی سەرزەمینە. ئەو کەسانەی کە ئەم ڕێبازەیان پەسند کردووە دەخوازن هەرچی لەمپەر و تەگەرەی ئەم ڕێگە لابچێ و حکوومەتێکی جیهانی بێ ڕەچاوکردنی ڕەنگ و ڕەگەز و کەلتوور دامەزرا و بە شێوەیەکی یەکسان بە سەریانا حکوومەت بکات.
کانت (1804-1724) فەیلەسووفی ئەڵمانی و گۆتە (1832-1746) نووسەر و شاعیری بەناوبانگی ئەڵمانی لەم ڕێبازە لایەنگرییان کردووە.
لەم چاخەدا وادیارە بە تیاچوونی سنووری نەتەوەیی لە نێوان وەڵاتان و پێکهاتنی ڕێکخراوە و یەکیەتی ئابووری و سیاسی جیهانی و پەرەسەندنی میدیای گشتی، دنیا وەک دێهاتێکی جیهانی لێهاتبێت کە نەریتی نەتەوەیی و ئەتنیکی لە قەوارەی کەلتوورێکی جیهانیدا خۆی نیشان دەدات.
هاووەڵاتی/شارۆمەند
هاووەڵاتی، تاکێکە کە لە بەرانبەر دەوڵەتدا لە لایەکەوە خاوەنی هەندێ مافی سیاسی و مەدەنییە و لە لایەکی دیکەشەوە هەندێ ئەرک و تەکلیفی لەسەر شانە. چۆنیەتی پێوەندی هاووەڵاتی بوون (مافی تاک و ئەرکەکانی لە بەرانبەر دەوڵەتدا) لە دەستووری بنچینەیی و یاسای مەدەنی ئەو وەڵاتە دیاری دەکرێت. هاووەڵاتی بوون لە پێوەند لەگەڵ تاک پێگەیەک دروست دەکات کە لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییشەوە ڕێزی بۆ دادەنرێت. مافی نێونەتەوەیی لەم بارەوە دەوڵەتەکان بۆ ڕەچاوکردنی مافی شارۆمەندان بەرپرسیار دەکات.
چەمکی هاووەڵاتی لەگەڵ چەمکی تاک و مافەکانی لە ئەورووپا هاتە ئاراوە. لە بنەڕەتدا بە کەسێک دەگوترێ هاووەڵاتی کە تەنیا ملکەچی دەوڵەت نەبێ بەڵکوو لە «مافی زگماگی» و «سروشتی» بەهرەمەند بێت و دەوڵەت ئەم مافانە بپارێزێ.
ئەگەرچی نەتەوایەتیش، زیاتر بە هاووەڵاتی بوون پێناسە کراوە بەڵام مانایەکی بەربڵاوتری هەیە. نەتەوایەتی بە مانای پێوەندایەتی لەگەڵ دەوڵەتە، بەڵام نەک بە واتای بەهرەمەندی لە مافی سیاسی لە ناوخۆ بەڵکوو بە مانای بەهرەمەندی لە پاراستنی دەوڵەت لە دەرەوەی وەڵاتدایە. واتای «نەتەوایەتی» لە مافی نێونەتەوەییدا زامنی هەموو خەڵکێکە کە دەوڵەتێک دەبێ پشتیوانی لێ بکات. نەتەوایەتی هەروەها بە مانای پێوەندی کۆمپانی و داراییەکان (پاپۆڕ و فڕۆکە) لەگەڵ دەوڵەتێکە، واتە ئەمانەش سەر بەو نەتەوەن بەڵام هاووەڵاتی لە ئەژمار نایەن. هاووەڵاتی بوون تایبەتی مرۆڤەکانە.
ڕەنگە کەسێک هاووەڵاتی وەڵاتێک بێت بەڵام لەو وەڵاتەدا نەژی یان لە وەڵاتێک نیشتەجێ بێت کە شارۆمەندی ئەو وەڵاتە نەبێت. هەندێ جار کەسێک بۆی هەیە لە ڕێی زەهاسە لەگەڵ شارۆمەندی وەڵاتێکی دیکەوە ببێتە هاووەڵاتی وەڵاتێکی دیکە بەڵام ئەم حاڵەتە مافی کار و پیشەی لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دەستەبەر ناکات.
هاوپەیمانی/هاوسوێندی
یەکگرتنی کاتیی چەند حیزب یا لایەنی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرلەمانی و هەڵبژاردنەکان. لە سیستەمێکی پەرلەمانی فرەحیزبی کە هیچکام لە حیزبەکان نەتوانن ڕێژەیەکی دەنگ بۆ دامەزرانی دەوڵەت بەدەس بێنن، چەند حیزبێک بۆ ئەم مەبەستە دەبنە هاوپەیمان. هاوپەیمانی پەرلەمانی بەزۆری بۆ هێشتنەوە یا هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی تایبەت دێتە کایەوە بە شێوازێک کە حیزبە گەورەکە لەگەڵ یەک یان چەند حیزبی بچوکتر دەبێتە هاوپەیمان و بە ڕێژەی دەسەڵاتیان بەشداری حکوومەت دەکەن.
ڕەنگە هاوپەیمانییەتی لایەنێکی نەرێیی (سەلبی) بێت واتە بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت بێت. بۆ وێنە لە فەرەنسە، پاش شەڕی جیهانی دووهەم کومۆنیستەکان و باڵی ڕاستی توندڕەو بوونە هاوپەیمان و حکوومەتی ئەو سەردەمەیان ڕووخاند.
هاوپەیمانییەتی لە هەڵبژاردندا بەم جۆرەیە کە حیزبە هاوپەیمانەکان، بە قازانجی یەکدی دەنگ دەدەن بە لیستەیەکی هاوبەشی پاڵێوراوان و هەرێمەکان بە ڕێژەی خۆیان دەسەڵات دابەش دەکەن. ئەم شێوازە لە کۆماری چوارەمی فەرەنسەدا بە کارهات.
لە سیستەمی دووحیزبی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ئەم زاراوە مانایەکی دیکەی هەیە بەم واتایە کە چەند گرووپی ناو دوو حیزبـە کە (دیموکرات و کۆماریخواز) بۆ نەیاریکردن لەگەڵ هەندێ سیاسەتی حکوومەت یەک دەکەون. وەک چۆن دیموکراتەکانی باشوور و کۆماریخوازەکانی باکوور بۆ نەیاریکردن لەگەڵ هەندێ بڕیاری ڕۆزڤێڵت و تڕۆمێن یەککەوتن.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە ساڵی 1995، ناوی خۆی بە ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا گۆڕی. بەرنامە و ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە: بەرزڕاگرتنی بایەخە هاوبەشەکان، یەکدەنگی و هاوئاهەنگکردنی باس و گفتوگۆکان لەمەڕ ئاسایشی ئەورووپا، چەکداماڵین و کۆنتڕۆڵی چەک، هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی قەیران و شەڕی ناوچەیی بەمەبەستی کەمکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوین
مالکۆڵم ڕیفکیند وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 1996 لەسەردانێکی خۆی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەی بەمەبەستی زیادکردنی متمانە لەنێوان وەڵاتانی ناوچەکە پێشنیار کرد. بە باوەڕی ڕیفکیند، ئەو ڕێکخراوانەی کە تا ئەودەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دامەزرێون نەیانتوانیوە بە پێداویستیەکانی ناوچەکە وەڵام بدەنەوە. وێدەچێ کە ئامانجی سەرەکی لە دامەزرانی ئەم ڕێکخراوە پاڕاستنی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و ڕازیکردنی عەرەبان بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسراییلدا بێت.
ڕێکخراوەی هاوبەندی ئەمریکای لاتین
ئەم ڕێکخراوە لە ژانوییەی 1966 لە پەراوێزی «هاوبەندی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین» لە شاری هاڤانا، پێتەختی کووبا دامەزرا. بە دامەزرێندنی ئەم ڕێکخراوە سەرکەوتنی کاسترۆ و تیۆری شۆڕشی جووتیارییەکەی بەسەر حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەمریکای لاتین کە تا ساڵی 1964 دژایەتییان دەکرد، مسۆگەر بوو.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئاسیا
ئەم دانیشتنە هاوشێوەی «کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا»یە کە بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئۆقرەیی لە ئاسیادا پێکهاتووە. دوابەدوای دانیشتنی سەرۆک کۆماری وەڵاتانی ئێران، تورکیا و وەڵاتانی ئاسیای ناوین لە عیشقاباد لە ساڵی 1992 لە بارەی پێویستی ڕێکخستنێکی نوێ بۆ ئاسایش، سەرکۆماری قازاغستان پێشنیازی دامەزراندنی کۆنفرانسێکی لەم شێوەی چێکرد کە ئامانجەکانی بریتی بوون لە:
1ــ دەستەبەرکردنی گەرەنتییەک بۆ پیادەکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە لەسەر بنەمای سنوورە ناسراوەکانی ئەو کاتە.
2ــ ئاسانکاری بۆ پەرەسەندنی هاریکاری لە نێوان وەڵاتانی ناوچەکە.
3ــ دیاریکردن و بەکارهێنانی پێوانە و پێکهاتەی یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
کۆنفرانس، سێ بابەتی بۆ وێککەوتن دیاری کردووە: ئاسایش، ئابووری و مرۆڤی.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا
ئەم کۆنفرانسە پێکهاتووە لە 53 وەڵاتی ئەندام کە لە دوای ئیمزاکردنی «کۆنفرانسی هلسینکی» لە ساڵی 1975 بنیاد نرا. ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە لە «جاڕنامەی پاریس» کە لە ڕێکەوتی 21ی نوێمبر 1990 لە لایەن ئەندامەکانی ئیمزا کرا بریتی بوون لە:
پابەندبوون بە چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ نەهێشتنی گرژیی لە نێوان هەردوو ئۆردووگای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و هەڵوەشانەوەی سنوورەکانی نێوان ئەم دوو بلۆکە. گرنگرترین بڕیاری کۆنفرانس، سەقامگیرکردنی سنوورەکانی ئەوکاتەی ئەورووپا بوو.
وەزیرانی دەرەوەی ئەم کۆنفرانسە هەموو ساڵێک پێکەوە دیدار دەکەن و بەپێی بڕیارنامەیەک ئەم دەزگەیانەی خوارەوە بۆ پێشڤەبردنی کاروباری کۆنفرانس دامەزراون:
1ــ ناوەندی نووسینگەی کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە پراگ ــە.
2ــ «ناوەندی بەرگرتن لە پێکدادان» بنکەکەی لە ڤییەنای وەڵاتی نەمسایە.
3ــ «نووسینگەی هەڵبژاردنی ئازاد» لە وارشەو (پۆڵەندا) یە.
ئەندامانی ئەم کۆنفرانسە بریتین لە:
ئاڵبانیا، ئەرمەنستان، نەمسا، ئازەربایجان، بەلجیکا، بووسنی هەرزەگۆیین، بریتانیا، بولغارستان، ڕووسیەی سپی، کەنەدا، کرۆڤاسیا، قوبرس، چێک، دانیمارک، فەنلاند، فرەنسا، گورجستان، ئەڵمانیا، مەجارستان، ئیسلەندا، ئیرلەندا، ئیتالیا، قازاغستان، قرغیزستان، لیتۆنیا، لیختنشتاین، لیتوانیا، لۆکزامبۆرگ، ماڵت، مۆڵداوی، موناکۆ، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پۆرتوغال، ڕۆمانیا، فیدراسیۆنی ڕووسیە، سێن مارینۆ، سلۆڤاکیا، سلۆڤانیا، سپانیا، سوید، سویسڕا، تاجیکستان، تورکیا، تورکمانستان، ئوکرایین، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوزبەکستان، ڤاتیکان، یۆگوسلاڤیا (سیربستان و مۆنتێنگرۆ) و یۆنان.
لە دانیشتنی بوداپێست (6 و 5 ی دێسەمبری 1994) ناوی ئەم کۆنفرانسە بوو بە «ڕێکخراوەی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا» (OSCE).
دوکترینی ئایزەنهاوەر
بە کۆمەڵە پێشنیارەکانی دووایت ئایزەنهاوەر، سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (60ــ 1952) دەگوترێ کە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکانی دەوروبەری لە ژانوییەی 1957، خستییە بەردەم کۆنگرێس و بەو پێیە:
1) ئەمریکا بۆی هەیە بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی «وەڵاتانێک کە لە دەرەوە دەکەونە بەر هەڕەشەی کۆمۆنیزم یان لەناوەوە تووشی ململانآ و گێڕەشێوێنی دەبن» ، مادامێکی ئەو وەڵاتانە بخوازن، بە یارمەتی هێزە چەکدارەکانی خۆی پشتیان بگرێت و داکۆکیان لێ بکات.
2) ئەمریکا دەبێ بۆ پەرەسەندنی ئابووری ئەم وەڵاتانە هەنگاو بنێ.
3) ئەمریکا دەبێ بەو وەڵاتانەی کە خوازیاری هاوکاری سەربازی بن، یارمەتی بگەیەنێت.
ئەو هەرێمانەی کە دوکترینەکەی تیا بەڕێوە دەچوو، هەر لە لیبی لە ڕۆژاواوە تا پاکستان لە ڕۆژهەڵات و تورکیا لە باکوور و نیمچە دوورگەی عەرەبستان لە باشووری دەگرتەوە. نموونەی پیادەبوونی ئەم دوکترینە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لوبنان بوو لە ساڵی 1958، بەهۆی قەیرانی کەناڵی سۆئێز.