تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەنجومەنی باکووری (نۆردیک)
ئەنجومەنی باکووری یان ئەنجومەنی سکاندیناڤی، کۆمەڵێکە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەڵاتانی دانیمارک، سوید، ئیسلەند، فەنلاند و نەرویج کە بەمەبەستی پەرەپێدان بە هاوکاری لە بواری جۆراوجۆر لەنێوان وەڵاتانی سکاندیناڤی دامەزرێوە. ئەم ئەنجومەنە ئەندامانی خۆی دنە دەدا کە بۆ ڕێکخستنی بازاڕێکی هاوبەش بۆ بەرهەمەکانی خۆیان، چالاکییەکانیان ڕێک بخەن تاکوو بەرەو یەکیەتییەکی گومرگی هەنگاو بنێن. بەڵام ئەم جووڵانەوە، لەدوای دامەزرێنی« یەکیەتی بازرگانی ئازادی ئەورووپا» لە ساڵی 1959 و بە ئەندامبوونی دانیمارک و نەرویج و سوید لەو یەکیەتییەدا کۆتایی پێ هات.
خەڵاتی ئاشتی نۆبل
خەڵاتی نۆبل دەگەڕێتەوە بۆ کیمیازان و داهێنەری سویدی بەناوی ئالفرێد نۆبل، کە لەنێوان ساڵانی (1833ـــ 1896) لە ستۆکهۆڵم ژیاوە و لەڕێی دروستکردنی دینامیت، سەروەت و سامانێکی زۆری پێکەوەناوە. بەڵام کاتێک زانی ئەم داهێنانەی ئەو بووەتە مایەی نیگەرانی و نائارامی لە جیهان، زۆری لە دڵ گران بووە و هەر بۆیە پارە و سامانەکەی کە پتر لە 31 ملیۆن کرۆنی سویدی بووە، بۆ شەش خەڵات تەرخان کرد. پێنج خەڵات بەو زانایانە دەدرێ کە لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، دەروونناسی، پزیشکی و ئەدەبی خزمەتی بەرچاویان کردبێت و خەڵاتی شەشەم بە کەسێک دەدرێ کە خۆی یا وەڵاتەکەی لە بواری ئاشتی جیهاندا هەنگاوی گرنگ و بەنرخی هەڵگرتبێ. لەو کاتە بەدواوە، لیژنەیەک وەک بەرپرسی دابەشکردن، خەڵاتەکە بە کەسانی بەرجەستەی زانستی و ئەدەبی و سیاسی پێشکەش دەکات. لیژنەی نۆبل، خەڵاتی ئاشتی نۆبل لە ئۆسلۆ پایتەختی نەرویژ پێشکەش دەکات.
یەکەمین خەڵات لە ساڵی 1902 بە هانری دونان، بنیاتنەری خاچی سووری جیهانی پێشکەش کرا. لەو کەسانەی کە ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە، دەکرێ ئاماژە بدەین بە کۆفی ئەننان لە غانا، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان (2001)، جیمی کارتەر، سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا (2002)، خاتوو شیرین عیبادی پارێزەر و چالاک وانی مافی مرۆڤ لە ئێران (2003) و باراک ئۆباما سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (2009) . بەڕای نەیاران و ڕەخنەگران، خەڵاتی نۆبل لەم دواییانەدا ڕەنگ و ڕوویەکی سیاسی لێ نیشتووە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی زلهێزەکان بە تایبەت وەڵاتانی ئەوروپی دابەش دەکرێت.
دادگەی نۆرمبێرگ
ئەم دادگەیە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و دادگەیی کردنی ڕێبەرانی نازی لەسەردەمی شەڕ لە شاری نۆرمبێرگی ئەڵمانیا دامەزرا. ئەم تاوانانە بریتی بوون لە: داڕشتن و بەڕێوەبردنی شەڕی دەستدرێژکارانە، کۆمەڵکوژی*، سووکایەتیکردن بە دیلەکانی جەنگ، تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، پێشێلکردنی یاسا و چوارچێوەکانی جەنگ.
لەنێوان 177 گومانبار، 25 کەس لەسێدارەدران، 25 کەس کەوتنە زیندانی هەمیشەیی، 97 کەس زیندانی کورت و درێژخایەن ( لە 15 تا 25ساڵ ) و 35 کەسیش بێتاوان دەرچوون. ئەم دادگەیە لە ساڵی 1945 تا 1947 بەردەوام بوو.
ئۆتۆنۆمی
مافی بڕیاردان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی و سیاسی و ئابووری و کولتوری ناوچەیەک یا هەرێمێک یا خود گروپێکی ئەتنیکی لەناو وەڵاتێکدا. ئۆتۆنۆمی لە ئەنجامدا ئەگاتەوە بە سەربەخۆیی. لە وەڵاتانی فیدراڵیدا (بڕوانە فیدرالیزم) بەپێی دەستووری بنچینەیی وەڵاتەکە، دەوڵەتی ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ناوخۆیی هەرێمێکی جوگرافی یان ئەتنیکی وەڵاتەکە ئەسپێرێتە خۆیان و ئەم هەرێمەش تا شوێنێک کە لەگەڵ دەستووری بنچینەیی فیدڕاڵدا بگونجێ1255
+ بۆ خۆیان یاسا دائەنێن. لە وەڵاتانێکی فێدڕاڵی وەکوو ئەمەریکا و هێند و …هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکان خاوەنی سیستەمێکی تۆخی سیاسی و یاسادانانن، بەڵام بۆ سیاسەتی دەرەوە و هێزی چەکداری و پلاندانانی ئابووری لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی ناوەندیدان. دەوڵەتە کۆڵۆنییەکان جارجار پێش بەخشینی سەربەخۆیی یەکجاری یان خودموختاری بەژێردەستەکانیان، مافی ئۆتۆنۆمییان پێدەدان.
تێکنۆکراسی
ئەم زاراوە لە لایەن ویلیام هێنری سمیت، نووسەری ئەمریکایی لە ساڵی 1919 داهێنراوە و بەم جۆرە پێشنیازی کردووە کە حکوومەت بکەوێتە دەست خاوەن پیشە و تەکنیکەکان. جۆرە حکوومەتێک کە لەگەڵ سەردەمی پێشکەوتنی هونەری و زانستی هەنگاو بنێت. لەم جۆرە حکوومەتەدا پێویستە هەموو سەرچاوە ئابوورییەکان و کاروباری کۆمەڵ لە لایەن تەکنیکسازان و زانایانەوە بەڕێوە بچێت. تێکنۆکراتەکان، کۆمەڵێک بوون کە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دەستیان کرد بە توێژینەوەی بارودۆخی ئابووری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەم جۆرە حکوومەتە دەرەنجامی پێشکەوتنی خێرای زانست و تەکنۆلۆجییە لە جیهاندا و ئەم پێشکەوتنەش لەسەر بیروبڕوای سیاسی حاکم و ئاکاری سیاسەتمەداران کاریگەریی دانا. زۆربەی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم شتەیان بەلاوە پەسندە کە لە کۆمەڵگەی پێشکەوتووی پیشەسازیدا هەر دێت و دەوری تەکنیککاران و زانایان گرینگتر دەبێت بەڵام لەوە بەگومانن کە ڕژێمی تەکنیکسازان بتوانێ جێی نەزم و تەکوزیی سیاسی بگرێتەوە.
پلۆنۆم
لە وشەی لاتینی پلێنۆس بە مانای لێوانلێو وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بە کۆی ئەندامانی ڕێبەرایەتی یان دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوە یان حیزبێکی سیاسی دەگوترێ. بە کۆمەڵێ لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، پلۆنۆمی کۆمیتە ناوەندی دەگوترێ. لە پلۆنۆمی بەربڵاودا بێجگە لە ئەندامانی سەرەکی، هەندێ پسپۆڕیش لە بابەتی جۆراوجۆردا بەشداری دەکەن.
گلاسنۆست
گلاسنۆست وشەیەکی ڕووسییە بە واتای ڕەپ و ڕاستی بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتیە لە کەشوهەوای کراوەی سیاسی و «پرۆسەی دیموکراتیزەکردن»ی بلۆکی سۆشیالیستی. ئەم زاراوە دوابەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی گۆرباچۆف، ڕێبەری سۆڤیەت ڕەواجی زۆری پەیدا کردووە. گلاسنۆست و پێرۆسترۆیکا دوو زاراوە بوون کە لە لایەن ڕێبەرانی یەکیەتی سۆڤیەت شانبەشانی یەکدی بۆ پیادەکردنی سیاسەتەکانیان بەکار دەبران. لە ئەنجامی گلاسنۆست، گۆرباچۆف دەرفەتی بە ڕۆژنامەنووسانی سۆڤیەت دا کە باس لە کەموکووڕی و گەندەڵی وەڵات بکەن و ئاندرە ساخارۆفی لە تاراوگە گەڕاندەوە و گەلێک لە نەیارانی سیاسی لە بەندیخانە ئازادکرد. ئەم گۆڕانکارییانە لە لایەن ڕۆژاواوە پێشوازی لێکرا و ئاکامەکەشی هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت بوو لە ساڵی 1990.