تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



پەیمانی وارشەو
پەیمانی وارشەو (Eastern European Mutual Assistance Treaty – پەیمانی هاریکاری هاوبەشی ئەورووپای ڕۆژهەڵات) پەیمانێکی سەبازی بوو کە لە بەرانبەر پەیمانی یەکیەتی ئەورووپای ڕۆژاوا، ناتۆ* لەنێوان وەڵاتانی کۆمۆنیستی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەسترا. ئەم پەیمانە لە 14/5/1955 لەنێوان وەڵاتانی چیک، ئەڵبانیا، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، پۆڵەندا، مەجارستان، ڕۆمانیا و یەکیەتی سۆڤیەت لە شاری وارشەو بۆ ماوەی بیست ساڵ گرێدرا. ئامانجی پەیماننامەکە دابینکردنی هاریکاری سیاسی و سەربازی لەنێوان ئەم وەڵاتانە بوو. بەپێی پەیمانەکە هەرکات یەکێک لە ئەندامەکانی ڕێکخراو، بکەوتایە بەر هێرش، ئەندامانی دیکە بە دەنگییەوە دەهاتن و بە هەموو هێزێکەوە پشتیوانییان لێ دەکرد.
ناوەندی سەرکردایەتی عەملیاتی چەکداری لە شاری مۆسکۆ بوو. ئەڵبانیا لە ساڵی 1968 وازی لەم پەیمانە هێنا. ئەم پەیمانە لە ساڵی 1975 بۆ ماوەی بیست ساڵی دیکە واژۆ کرایەوە بەڵام دوای ڕووداوەکانی ساڵی 1989 کە لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هاتە کایەوە و پاش هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵاتئەم پەیمانەش لە ساڵی 1991 بە شێوەیەکی ڕەسمی هەڵوەشایەوە. (بڕوانە دیواری بەرلین) .
پەیمانی وێستفاڵیا
پەیمانێک کە لە پاش شەڕی 30 ساڵەی ئایین لە ئەورووپا ( 1648-1618) لەنێوان هەموو وەڵاتانی ئەوروپی جگە لە بەریتانیا و پۆڵەندا واژۆ کرا. گرینگی ئەم پەیمانە لە ئاست پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوەیە:
1ــ ئەم پەیمانە بوو بە دەستپێک و ڕێنموونێک بۆ کۆنفڕانس و پەیمانەکانی دواتر لە پێوەندی نێونەتەوەییدا.
2ـــ بەپێی ئەم پەیمانە، کۆنفدراسیۆنی سویسڕا و هۆڵەندا بە سەربەخۆ ناسرا.
3ـــ نزیکەی 350 یەکینەی سیاسی ئەڵمانیا، بەپێی ئەم پەیماننامە سەربەخۆییان وەرگرت.
4ــ سەربەخۆیی فرەنسێ و پورتوگال بە ڕەسمییەت ناسرا و دەستێوەردانی پاپا لە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی ئەم وەڵاتانە قەدەغە کرا.
5ــ بنەمای سەربەخۆیی وەڵاتەکان (سیاسی و ئایینی) هەروەها یەکسانییان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و پێوەندی دەرەکی، بۆ یەکەمین جار بەڕەسمییەت ناسرا و لەسەری ڕێککەوتن.
6ـــ وەڵاتەکان لە هەڵبژاردنی ئایین سەرپشک دەبن و لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە گرووپە ئایینیەکانی کاتۆلیک و لۆتری و کالۆنیست ئازادی تەواویان هەبێت.
8ــ سیستەمی هاوسەنگی هێزەکان لە ئیمپراتۆری ڕۆما و ئەورووپا بەمەبەستی بەرگریکردن لەسەرهەڵدانی دەوڵەتێکی «سەردەست» لەنێوان یەکە سیاسیەکانی ئەورووپا بەدی هات.
9ــ ئەندامانی پەیمانەکە، بەڵێنیان دا کە لە بەرانبەر هەر چەشنە دەستدرێژی و داگیرکارییەک، بێڕەچاوکردنی ئایین، یارمەتی یەکتر بدەن.
پەیمانی ڤێرسای
پەیمانی کۆتایی هێنان بە شەڕی جیهانی یەکەم کە لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان و ئەڵمانیا لە ڕێکەوتی 28/6/1919 لە کۆشکی ڤێرسای پاریس مۆر کرا. بەپێی ئەم پەیمانە کە بریتی بوو لە 15 پاژ و 440 بەند، بەشێک لە خاکی ئەڵمانیا لە لایەن وەڵاتانی فەرەنسە، بەلجیکا، دانمارک و پۆڵەندا داگیر کرا و بڕیاری چەککردنی تەواو لەسەر ئەڵمانیا دەرکرا و بەرپاکردنی دامەزراوە و دامودەزگەی سەربازی لێ قەدەغە کرا.
پاش ئەوەی نازییەکان لە ئەڵمانیا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت و بە پێگەیشتنی هیتلەر (1933) بەرەبەرە پەیمانی ڤێرسای بایەخی خۆی لەدەست دا و هەموو گەماڕۆ سەربازییەکان هەڵوەشێنرایەوە. ئەمەش ڕێگەی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی جیهانی دووهەم خۆش کرد.
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.
یەکیەتی نێوان پەرلەمانی
ڕێکخراوەیەک کە پێکهاتووە لە ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانەرانی وەڵاتانی جیهان کە لە ساڵی 1889 لە پاریس بنیاد نرا و لە ساڵی 1920 بەملاوە بەم شێوازەی ئێستا زیندوو کرایەوە. ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پاراستن و بەهێزکردنی دیموکراسی پەرلەمانی (بڕوانە دیموکراسی)، پێکهێنانی یەکیەتییەکی ئازاد لە نێوان یاسادانەرانی جیهان و چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی نوێنەرانی پەرلەمان. ناوەندی یەکیەتی نێوان پەرلەمانی لە جێنێڤ لە سوسیرایە.
سیاسەتی زمان
زمان، ئامرازی سەرەکی کەلتوورە و پێناسەیەکی گرینگە بۆ شوناسی نەتەوەیی. خاوەنی زمان بوون بە واتای بەهرەمەندبوون لە زانیاریە. هەندێ لە ڕۆشنبیرە ئەڵمانیەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە بڕوایان وابوو کە پێوەندی سێقۆڵی نێوان زمان و زانیار و نیشتمانە کە کەسێک دەکاتە ئەڵمانیایی و کەسێکی دیکەش بە ئینگلیزی. لەبەرئەوەی لە زۆربەی وەڵاتەکان بە یەک زمانی تایبەت ئاخاوتن ناکرێت کەواتە زمان بۆتە هۆی بەرپابوونی کێشەیەکی سیاسی گرینگ. پێوەندی زمان بە سیاسەت، وەک پێوەندی ئۆکسیجن بە هەوا لێکدراوەتەوە. ڕەنگە هەڵبژارادنی هەر وشەیەک لە هەر گوتار (discourse) رێکدا هەنگاوێکی سیاسی لە قەڵەم بدرێت.
سیاسەتی زمان، لە لای حکوومەتەکان زۆر پەنامەکی و شاراوەیە. هەر حکوومەتێک خاوەنی سیاسەتێکی زمانییە کە هەندێ جار جێگەی پەسندی هەموانە و هەندێ جاریش بە زۆرەملی دائەسەپێ. هیچ حکوومەتێک، چاوی بینینی کەمینەی نییە و ئارەزووی گەورەی دەسەڵاتداران تیاچوونی نەیارانە. لە بواری بەکارهێنانی سیاسەتی زمانی، وەڵاتی فرەنسی بە نموونە دەهێنینەوە: سیاسەتی یەکیەتی نەتەوەیی لەم وەڵاتەدا کە هەر لە سەرەتای حکوومەتی پاشایەتییەوە پەیڕەو کراوە، هەمیشە لەدووی «یەکگرتوویی زمان» بووە کە لە بەرانبەر زمانەکانی دیکە نەرمیی نیشان نەداوە. بۆ وێنە تا پێش شەڕی جیهانی دووهەمیش ئەگەر لاوانی بەریتانی لە قوتابخانە بە نەژگاڤییەوە تەنیا یەک وشەی زکماکیان بە زاردا بهاتایە، فەلاقەیان دەکردن. یان زمانی باسکی تەنیا لە ناو خێزانەکان بە زاردا دێت.
وەڵات/نیشتمان
زێدێک لە چوارچێوەی سنوورێکی سیاسی دیاریکراو کە خەڵکانێکی تێدا نیشتەجێ بن و دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بەڕێوەی ببات. بەو خەڵکانەی کە لەو زێدەدا دەژین نەتەوە دەگوترێ. دەسەڵاتێکیش کە لەو زێدە فەرمانڕەوایی دەکات، بە دەوڵەت ناوبردە دەکرێت. لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا سێ چەمکی نیشتمان و نەتەوە و دەوڵەت، پێکەوە یەکەێکی فراژووی سیاسی پێک دەهێنن کە بوونی یەکیان هەبوونی ئەو دووانەی دیکەی بەدواوە دەبێت. کەواتە هەرکام لەم سێ چەمکە دەکرێ لەجیاتی ئەو دووانەی دیکە بەکار ببرێت.
پەرلەمان
بە زمانی فەرەنسە، بە شاندێک دەگوترێ کە لە هەر وەڵاتێک لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ بۆ دانانی یاسا و چاودێریکردن بە سەر چۆنییەتی پیادەکردنیدا. پەرلەمانەکان بە زۆری بە دەنگی نهێنی و ڕاستەوخۆی جەماوەر هەڵدەبژێردرێت (بروانە هەڵبژاردن). لەو وەڵاتانەی کە دەستووری بنچینەیی لەسەر جیاکردنەوەی هێزەکان (تفکیک قوا) دامەزرێوە، پەرلەمان دەبێتە هێزی یاسادانان و ئەنجومەنی وەزیرانیش لە بەرانبەریدا، بەرپرسە. هەبوونی پەرلەمان لە هەر وەڵاتێک هێماێەکە بۆ حاکمییەتی خەڵک یان پیادەبوونی دیموکراسی.
پەرلەمان لە زۆربەی وەڵاتان لە دوو کۆڕ پێک دێت: یەکەم، پەرلەمانێک کە بە دەنگی ڕاستەوخۆی جەماوەر و بەزۆری بێمەرج هەڵدەبژێردرێ و دەبێتە دەمڕاست و نوێنەری ڕاستەوخۆی جەماوەر، وەک مەجلیسی شۆرا، یا مەجلیسی عەوام (لە بەریتانیا) یا کۆنگرەی نەتەوەیی (لە فەرەنسە)، یا کۆنگرەی نوێنەران (لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) . دووهەم، پەرلەمانێک کە تێیدا مەرجی پاڵێوراوان و دەنگدەران سنووردارە و جاری واش هەیە هەندێ لە نوێنەرەکانی دادەنرێن وەک (مەجلیسی سێنای پێشووی ئێران)، جاری واش هەیە مەقامی نوێنەرایەتی بە میرات بەجێدەمێنێ بۆ کەسێک وەک (مەجلیسی لۆردەکانی بەریتانیا) . نوێنەرانی پەرلەمان لە ماوەی نوێنەرایەتیدا ئەماننامەی سیاسیان هەیە. واتە کەس بۆی نییە بێ ئیجازەی پەرلەمان، بە هەر گومانێکەوە بیانخاتە بەندیخانەوە. بەزۆری دەسەڵاتی سیاسی پەرلەمانی یەکەم لە پەرلەمانی جۆری دووهەم گرینگترە و پەرلەمانی دووهەم، لە کاروباری سیاسی و داراییدا بەو جۆرە دەستی ناڕوات.
بوونی پەرلەمانی یاسادانەر بە مانای دەسەڵاتدارێتی جەماوەر لە ئەژمار دێت بەڵام بە چەشنی«دیموکراسی ناڕاستەوخۆ» . پەرلەمانی ئالتینگی ئیسلەندا، کۆنترین پەرلەمانی جیهانە کە لە ساڵی 925 زایینی، دامەزرێوە و تا ئێستەش دەوامەی هەیە. یەکەمین پەرلەمانی بەریتانیا لە 1265 دامەزرێ و نەریتی پەرلەمانی ئەم وەڵاتە، کۆنترین و ڕیشەدارترین نەریتی پەرلەمانی جیهانە (پەرلەمانی بەریتانیا بە دایکی پەرلەمانەکانی جیهان ناوبانگی دەرکردووە) . دوو پەرلەمانەکەی فەرەنسە بەم شێوازەی ئێستە، لە بەرایی سەدەی نۆزدە دامەزرێ. پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 1848 پێکهات و پەرلەمانی ژاپۆن بەناوی «دیت» لە 1889 دامەزراوە. پەرلەمانەکانی ئوسترالیا، کەنەدا، زیلاندی نوێ و ئەفریقای باشوور بە لاساییکردنەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا دامەزراون.