تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



مارکسیزم
تیۆرییەک دەربارەی چۆنییەتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ـــ مێژوویی مرۆڤ و یاساکانی زاڵ بەسەریا کە لە لایەن کارل مارکس (1883ـــ 1818) فەیلەسوف، کۆمەڵناس و ئابووریزانی ئەڵمانی و هاوڕێکەی ، فرێدریک ئەنگڵس (1895ـــ 1825) دانراوە. ئەم دوو بیرمەندە بە ئاوێتەکردنێکی ئاڵۆزی فەلسەفەی ئەڵمانی و ئابووری سیاسی ئینگلیزی، بنەمای ئەندێشەیەکیان دانا کە ئەم دوو پێناسە لەخۆ دەگرێ:
یەکەم، تیۆرییەکی گشتی دەربارەی مێژووی مرۆڤ و قایلبوون بە دەوری چارەنوسسازی «فۆرماسیۆنی ئابووری» یان شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە مێژوودا.
دووهەم، تیۆرییەکی تایبەت دەربارەی گەشە و پەرەسەندن، بەرهەمهێنانەوە و ئاڵووێرکردنی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانە کە پرۆلتاریا لەگوێن چینێکی جنگن بە هۆکارێکی مێژوویی و چالاک دەزانێ بۆ گەیشتن بە کۆمۆنیزم.
گومانێکی تێدا نییە کە مارکسیزم، یەکێک لە بزووتنەوە فیکرییە هەرە سەرەکییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم بووە و لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر ئەندێشە و مێژووی ڕۆژاوایی و جیهان داناوە. بەگشتی مارکسیزم، بە مانا جۆراوجۆرەکانییەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کرژکردنەوە و توندڕەوکردنی پانتای فیکری سەدەی بیستەم لەسەر ئاستی جیهانی دانا بەڵام لە باری مانایی جەوهەریی مارکسیزم، لە نێوان مارکسییەکان جیاوازی بیروڕا هەیە. هەربۆیە بە درێژایی سەدەی بیستەم، چەندەها ڕێبازی مارکسی هاتە ئاراوە کە بەزۆری لە مەبەستەکانی مارکسیش ئەولاتر کەوتن. نموونەی ئەم ڕێبازانە بریتین لە: مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس، ماکسیزمی شۆڕشگێڕ، مارکسیزمی ڕووسی، مارکسیزمی فەلسەفی، مارکسیزمی ڕەخنەگرانە مارکسیزمی ئیگزیستانسیالیست و… کەواتە مارکسیزم، زۆر بەرفرەوانترە لە ئەندێشەکانی مارکس. لەڕاستیدا گرنگترین قوتابخانە مارکسییەکانی سەدەی بیستەم، بەرهەمی ئاوێتەبوونی ڕەهەندێک لە ئەندێشەکانی مارکس و ڕەهەندەێک لە ئەندێشەی بیرمەندانێکی دیکەیە. بۆ وێنە، ئاوێتەبوونی ئەندێشەکانی مارکس لەگەڵ تیۆرییەکانی داروین، سپینۆزا، هێگل، کانت و فرۆید.
ئەندێشەکانی مارکس لە هەناوی بزاوتی کرێکاری و سۆشیالیستی سەدەی نۆزدەدا بوو بە هێزێکی سیاسی گرینگ لە ڕۆژئاوا. ئەم بیروڕایە لە ڕاستیدا لایەنێکی کۆنباوی سۆشیال دیموکراسی ئەڵمانیا بوو کە لەسەر بزاوتی سۆشیالیستی و کرێکاری سەدەی نۆزدە کاریگەری دانا. بیرۆکەی سەرەکی لایەنگرانی ئەم ڕێبازە، بۆ وێنە مارکس، ئەمە بوو کە ناکرێ دیموکراسی ببەستینەوە بە چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگە، بەڵکوو دەبێ بزاوتە کرێکارییەکانیش لەم ڕەوتەدا بەشدار بن چونکوو هاوبەشێتی ئەوان لە ژیانی سیاسی و ناسینی مافەکانیان، دیموکراسی بۆ هەمیشە مسۆگەر دەکات. مارکس لە تیۆرییەکانی خۆیدا بەڕوونی هۆیەکانی سەرهەڵدان و ڕۆچوونی هەریەک لە قۆناغە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا دەکات و ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری بەدەستی چینی ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان (پرۆلتاریا) بە حەتمییەتێک دەزانێ. لە ڕوانگەی مارکسەوە سەرهەڵدانی دایەلیکتیکە مادی و ئابوورییەکان بەبێ جەنگی چینایەتی بەدی نایەت و فراژووتنی شارستانەتی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، بەبێ ململانێی توندوتیژی چینایەتی نایەتە بەرهەم و دەوری ڕاستەقینەی کرێکارانی لە بواری بووژاندنەوەی جیهانی بەدەر لە چینایەتی خستەڕوو.
لە نێوان تیۆرییەکانی فەلسەفەی مارکس ئەوەی کە زیاتر سەرنج ڕادەکێشێ، تیۆری مەتریالیزمی دایەلیکتیکە. مارکس لەم بیردۆزەدا تیۆری و کردەوە پێکەوە گرێدەدا و تێگەیشتنی ئەو لەم بوارەدا دیدێکی وردبینانەیە بۆ توێژینەوە لە پرسەکانی جیهان و ئەو شتانەی کە لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرهەڵئەدەن. مەتریالیزمی دایەلیکتیک، بۆ هەر دیاردەیەک باوەڕی بە سێ فاکتەری کاریگەر هەیە بە ناوی تێز (These)، ئانتی تێز (Antithese) و سەنتێز (Synthese). بۆ وێنە لە ڕوانگەی ئەو، سەرمایەداری، تێزە، کرێکار، ئاتنی تێزە و سۆشیالیزم، سەنتێزە.
مارکس، لە بەرانبەر ئایدیالیزمی دایەلیکتیکی هێگلدا «مەتریالیزمی دایەلیکتیکی» داهێنا. هەڵبەت مارکس لەبری ئایدیالیزمی هێگل، هێزی ئابووری بە بنەما و بنیچەی ڕووداوەکانی مێژووی مرۆڤ دادەنێ. ئەو جگە لەوەی لەژێر کاریگەری فەلسەفەی هێگلدا بووە، تیۆرییە سۆشیالیستیەکانی فرەنساشی بەردڵ کەوتووە و لە شۆڕشی مەزنی ئەو وەڵاتە و تیۆرییە ئابوورییەکانی ڕیکاردۆش سوودی وەرگرتووە. بەڕای مارکس، مێژووی مرۆڤ، پرۆسەیەکی«سرووشتی» یە کە ڕەگوڕیشەکەی لە ناو پێداویستیە مادییەکانی مرۆڤدایە. ئەم گوزارە، بیرۆکەی سەرەکی«مەتریالیزمی مێژوویی»ـە کە مارکس و ئەنگڵس ئەم بۆچوونە بە هاوشانی داروینیزمی ژینگەیی لە قەڵەم دەدەن. لەم بارەوە ئەنگڵس پێی وایە کە مارکس یاساکانی گوورانی سەرمایەداری، هەروەک بەشێک لە گەشەی کۆمەڵایەتی خستۆتە ڕوو.
مارکس پێی وابوو کە سەرجەم شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە هەر چاخێکدا دەبێتە ژێرخانێک بۆ سەرخانە سیاسی و ئایدیۆلۆجییەکان. مەبەست لە شێوازی بەرهەمهێنان بریتیە لە چۆنیەتی ڕێکخستن بۆ وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتی و ئامراز و کەرەستەکانی پێویست بۆ ئەم کارە. بەڵام لە هەر چاخێکدا سەرەنجام هێزە بەهەرمهێنەکان دەکەونەوە پێش شێوازی بەرهەمهێنان و ئینجا ناتەبایی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕوودەدات. لە سەردەمی سەرمایەداریشدا کاتێک هێزە بەرهەمهێنەکان گەیشتنە باڵاترین ئاستی گەشە و نەشەی خۆیان، پێوەندییەکی نوێ دێتە کایەوە و پاشان کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە ئاکامی کۆمەڵێک شۆڕش و وەرچەرخان دەڕووخێ. ئینجا زەمینەی لەدایکبوونی پێکهاتەیەکی مێژوویی نوێباو بە ناوی سۆشیالیزم ئامادە دەبێت.
مارکس لە دوایین پلانەکەی لەمەڕ سیستەمی خاوەندارێتی، باس لە سێ قۆناغی دیاریکراو دەکات: یەکەم، قۆناغی بەدەر لە چینایەتی سەرەتایی کە تێیدا هیچ جۆرە خاوەنداریەتیەکی تایبەتی لە ئارادا نەبووە و کۆمەڵگە بە شێوەی ڕاوچییەتی بەڕێچووە (کۆمۆنی سەرەتایی). دووهەم، قۆناغی چینایەتی کە بەرە ــ بەرە چینی جۆراوجۆر لەسەر بنەمای چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە زەوی پێکهاتن. کۆمەڵگە لێرەدا بە چوار چینی تایبەت دابەش دەکرێت: (1) کۆمەڵگەی کەونارا کە هەمان سیستەمی کۆیلەدارییە (بۆ وێنە لە ڕۆمای کۆندا). (2) کۆمەڵگە ئاسیاییەکان کە لە وەڵاتانی ئاسیایی لەسەر بنەمای کۆجێیی دەسەڵات لە دەستی ئیمپراتۆر یان فەرمانڕەوا بەڕێوە چووە. (3) کۆمەڵگە دەرەبەگایەتییەکان کە بە پێچەوانەی وەڵاتانی ئاسیایی، کۆجێیی دەسەڵات لە ئارادا نەبووە بەڵکوو دەسەڵات بە شێوەیەکی بەربڵاو لە لایەن میرنشینەکانەوە بەڕێوە چووە. (4) کۆمەڵگەی سەرمایەداری کە لە هەناوی سیستەمی دەرەبەگایەتییەوە بەدی هات، لەم کۆمەڵگەیەدا گرنگترین جۆری خاوەندارێتی لە کۆمپانیا پیشەسازییەکاندا بەرچاو دەکەوێ و کەرەستەی بەرهەمهێنانیش تەکنۆلۆجی نوێیە.
سێهەم، قۆناغی بەدەر لە چینایەتی کۆمۆنیستی کە بە باوەڕی مارکس لە ناخی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە لەدایک دەبێ کە ئەویش لە ڕاستیدا بەرهەمی ناتەبایی نێوان خەسڵەتی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی تایبەتییە.
مارکس بۆ ڕاگواستن لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بەرەو سۆشیالیزم، باس لە قۆناغێکی میانە بە ناوی «دیکتاتۆری پرۆلتاریا» دەکات کە تێیدا چینی کرێکار، دوای دامەزرانی دیکتاتۆریەتی خۆی، چینەکانی دیکە وەلا دەنێ و بە پیادەکردنی سیستەمی سۆشیالیستی، هەموو خەڵکانی کۆمەڵگە دەبنە «کرێکار» و ئینجا جیاوازییەک لە نێوان کاری دەستی و فیکری و شار و دێهات نامێنێت. ئەم بەشە لە بۆچوونەکانی مارکس، چەندین جار لە لایەن لایەنگرانییەوە پێداچوونەوەی بەسەردا کراوە تەنانەت لە کۆنگرەی 22 ی حیزبی کۆمۆنیستی فرەنسا، مەسەلەی «دیکتاتۆری پرۆلتاریا» ڕەت کرایەوە. تاکوو پێش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت و ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1991، سێ ــ یەکی حەشیمەتی جیهان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژێمە سیاسیانەدا بوون کە سەرلەڕەهنی ئەندێشەکانی مارکس بوون. کاردانەوەی مارکس، جیاواز لە جیهانی ئەندێشە، بەستێنی کۆمەڵناسی و فەلسەفە و ئابووری و تیۆری کولتووریشی گرتۆتەوە.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم
ئەم زاراوە لە گەرمەی مشتومڕە ئایدیۆلۆژییەکانی پاش مەرگی لێنین هاتە ئاراوە بۆ وەدەرنانی دوژمنانی ستالین. لە ژێر سەردێڕی ئەم ناوەدا مارکسیزم، بەپێی تێڕوانینی ستالین بۆ تیۆر و کردەوەی لێنین، سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە. ئەم تێڕوانینە شەرعییەتی دەبەخشی بە سیاسەتەکانی ستالین و تا دەهات پێگەکەی وەک سەرچاوەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک قایمتر دەکرد. پاش سەردەمی ستالین، ئەم چەمکە بوو بە نیشانەی ڕەوابوونی دەسەڵاتی ڕێبەرانی داهاتوو. هەروەها لە گەڕیانی کێشمەکێشی نێوان جەمسەرەکانی کۆمۆنیزمدا بوو بە بنەمایەکی ئایدیۆلۆژک بۆ تاوانبارکردنی هەر چەشنە «لادان» ێک لە ڕێباز و باوەڕی مارکسی. لە میانەی مشتومڕی چین و سۆڤیەت، ڕووسەکان چینیان بەوە تاوانبار دەکرد کە لە ڕێبازی مارکسیزم ـــ لێنینیزم لایداوە بەڵام چینییەکان ڕێگەی خۆیان بەرەو ئایدیۆلۆژی «مارکسیزم ـــ لێنینیزم ـــ مائۆئیزم» هەڵبژاردبوو.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم، ئاوەڵناوێک بوو کە پێشتر زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستیەکان بۆ ناوبردەکردنی ئایدیۆلۆژی خۆیان بەکاریان دەبرد و بەم بۆنەوە خۆیان لەو حیزب و لایەنە مارکسییانەی کە باوەڕیان بە ڕێبازەکانی مارکس لەمەڕ شۆڕشی سۆشیالیستی و دیکتاتۆری پرۆڵتاریا نەبوو جیا دەکردەوە. ئەم ڕێبازە لە بنەڕەتدا ئایدیۆلۆژی بزووتنەوەی کرێکاری بوو بەڵام لە کردەوەدا لە هەندێ لە وەڵاتان بوو بە ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی و کۆنەپارێزی چینی دەسەڵاتدار و بۆرۆکراسی دەوڵەتی.
مارکسیزمی نوێ
ئەم زاراوە پێناسەیەکە بۆ لایەنگرانی «قوتابخانەی فرانکفۆرت». قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ساڵی 1930 بە ناوی «سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی فرانکفۆرت» بە پاڵپشتی تیۆری ڕەخنەیی و بە سەرپەرشتی ماکس هۆرکهایمر (1973 ـــ 1893) دامەزرا. ئەم قوتابخانە کە دواتر بیرمەندانێکی وەک تئۆدۆر ئادرنۆ، هێربرت مارکۆزە و ئیریش فرۆم ـی بەخۆ بینی، بوو بە مایەی دوو پێداچوونەوەی گرنگ بە بیروباوەڕەکانی مارکسدا:
یەکەم، تیۆری ڕەخنەیی ڕووی کردە گۆڕانکارییەکانی دەروونشیکاری و بە تایبەت مارکۆزە و فرۆم هەوڵیان دا بۆ تێهەڵکێش کردنی تیۆرییەکانی مارکس و فرۆید. دووهەم، هۆرکهایمر و مارکۆزە، گەیشتنە ئەم قەناعەتە کە پرۆلتاریا بووەتە بەشێکی سیستەمی سەرمایەداری و هێزی خۆی بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و شۆڕش لە دەست داوە.
مارکسیزمی نوێ هەروەها بە لایەنگرانی چەپی نوێ و شرۆڤەکارانی مارکس دەگوترێ کە لە نەریتی مارکسیزم ـــ لێنینیزم لایاندابێ و ڕوویان کردبێتەوە خودی مارکس. زۆربەی ئەم کەسانە ئەنگڵس و لێنین بە بەرپرسی بەهەڵە تێگەیشتنی ئەندێشەکانی مارکس دەزانن و وەلای دەنێن.
سەرچاوەی لایەنگریی ئەم گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ نووسراوە سەرەتاییەکانی مارکس، بۆ وێنە ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی و دەسنووسە ئابووری و فەلسەفییەکان و بیرکردنەوە دەربارەی بنەماکانی مارکسیزم. بە واتایەکی دیکە سەرنج دان بە لایەنی هێگلی و یۆتۆپیایی و ڕۆمانسییەتی نێوان ئەندێشەی مارکس، لەبری ئابووری پەرستی و جەخت کردن لەسەر نامۆگەرێتی لەجیاتی پێداگرتن لەسەر بەرهەمهێنانی مرۆڤ.
ئەم گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی ئەندێشەی مارکس، لە کتێبێکی وەک هۆشیاری چینایەتی و مێژوو بەرهەمی گیئۆرگ لۆکاچ (1971 ـــ 1885) دەبیندرێ. لۆکاچ، یەکەم بیرمەندێکە کە بە شێوازێکی سیستەماتیک، لە مارکسەوە گەڕایەوە بۆ هێگل و پرۆلتاریای مارکس ــ کە هەڵگری ئاگایی مێژووییە - دەخاتە جێی «ڕۆح» لە فەلسەفەی هێگلدا.
مارکسیزمی نوێ، زیاتر ڕێبازێکی ئەکادیمی لە ئەژماردێت و لە کردەوەی سیاسیدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە.