تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دۆگماتیزم
ئەم زاراوە لە وشەی یۆنانی (dogma) بە مانای بیروباوەڕی وشک و بنبڕاو وەرگیراوە کە یەکەمجار لە لایەن فەیلەسووفانی گوماندار، بۆ وێنە «زێنوون» ، هاتە ناو فەلسەفەی یۆنانەوە. لە زاراوەی سیاسیدا بە شێوازێک دەڵێن کە لایەنگرانی، لە کاتی باس و گفتوگۆدا بە دەربەستی بەڵگەهێنانەوە نین و بیروباوەڕی پێشووی خۆیان بەبێ هیچ ڕەخنەیەک پەسند دەکەن و هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر ئەندێشە و هزری خۆیاندا ناهێنن. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە، بڕواکانی خۆیان بە شتێکی موتڵەق و نەگۆڕ و بەدەر لە گومان و دڕدونگی دەزانن.
دۆگماتییەکان، گرنگی بە هەلومەرج و شوێنکات نادەن و شێوازێکی دژە دایەلیکتیکی دەگرنەبەر و بە چاوێکی کوێرانەوە پەیڕەوی لە ڕێسا و مەرامە وشکەکانی ڕابردوو دەکەن.
ئەمڕۆ دۆگماتیک بەو کەسانە دەڵێن کە ئامادە نین تیۆری و بیرۆکەی نۆێ پەسند بکەن و گوێ نادەنە ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە سەر بوارەکانی ژیاندا هاتووە. بەگشتی ئەم زاراوە وەکوو ئاوەڵناوێک بۆ قوتابخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەکار دێت.
دیپلۆمات
بە کارمەندانی پایەبەرزی وەزارەتی دەرەوە و ئەو کەسانەی کە سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتێک بەڕێوە دەبەن، دیپلۆمات دەگوترێ. دیپلۆماتەکان، لە زۆربەی وەڵاتان بەم ڕیزەی خوارەوە پۆلێنبەندی دەکرێن:
ڕاوێژکار (پلەپلەپلە 3)، سکرتێری یەکەم، سکرتێری دووهەم، سکرتێری سێهەم و ئاتاشە (کارمەند) کە خۆی بە کارمەندی سیاسی ، سەربازی، ئابووری و کەلتووری دابەش دەکرێت.
دیپلۆمات دەبێ جگە لە بوارە زانستییەکەی خۆی، لە بوارە جۆراوجۆرە زانستی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش بەهرەی هەبێ و لە دابونەریتی خەڵکی ئەو وەڵاتەی کە تێیدا ئیش دەکات ئاگەدار بێت.