تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



قەیرانی دیموکراسی
هەندێ زاراوە کە لە گوتار (discourse) ی سیاسیدا بەکار دەبرێن، زۆرجار بە دوو مانا شرۆڤە کراون: یەکەم، واتای فەرهەنگی. دووهەم، مانایەک کە لە جەنگێکی ئایدیۆلۆژیکی بەکار دەبرێت. زاراوەی دیموکراسی یەکێک لەو چەمکانەیە کە لە فەرهەنگی زاراوەدا بە مانای کۆمەڵگەیەکی خەڵکییە کە ئەندامانی دەتوانن لە کاروباری کۆمەڵگە هاوبەش بن و لە دانانی بڕیارەکاندا دەوریان هەبێت. مانایەکی دیکەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ناوەرۆکێکی ئایدیۆلۆژیکی هەیە، واتە کۆمەڵگەیەک کە لە ژێر دەسەڵاتی توێژێکی نوخبە و بازرگان و کاسبکاردایە و کۆمەڵی خەڵک تەنیا دەوری بینەر ببینن. هەربۆیە بە باوەڕی هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی ڕۆژاوا ئەگەر جەماوەری خەڵک، بەڕاستی بخوازن لە کاروباری کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن، کەشێکی وا دێتە کایەوە کە بە قەیرانی دیموکراسی ناوبردە کراوە. قەیرانی دیموکراسی کاتێک کۆنترۆڵ دەکرێت کە جەماوەر لەمەڕ بەشداری و هاوبەشی لە کاروباری کۆمەڵگە بێمەیل بکرێت و هان بدرێت کە بگەڕێتەوە بۆ پێگە و شوێنی خۆی.
قەیرانی سۆشیالیزم
ئەم زاراوە داتاشراوی لایەنگرانی سەرمایەدارییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە: یەکەم، پێشبینی مارکسییەکان لەهەمبەر ڕووخانی سەرمایەداری لە هەناوی خۆیدا نەهاتە دی و لە ڕاستیدا وەڵاتانی سەرمایەداری ڕەوتی پێشکەوتنی گەشاوەی ئابووری و پیشەسازی خۆیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە و بوونەتە مەکۆی شارستانەتیی پێشکەوتن خواز. دووهەم، وەڵاتانی سۆشیالیستی نەک هەر نەیانتوانیوە گەشە بدەن بە ئابووری خۆیان بەڵکوو پێویستییان، بە مادەی خۆراکی و تەکنۆلۆژی وەڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژاوا هەر بەردەوامە. هەندێکیش دوابەدوای گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ساڵی 1989 ئەورووپای ڕوژهەڵات و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت (لە ساڵی 1991)، مەرگی ناوەختی کۆمۆنیزمیان هێنایە ئاراوە.
قەیرانی سیاسی
حاڵەتێک کە تێیدا هاوسەنگی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی شێوابێت. قەیرانە سیاسییەکان بەپێی ئاستی بەربڵاوی و پانتای جوگرافی، بە دوو جۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابەش دەکرێن. قەیرانی ناوخۆیی وەک، ململانێی کرژی سیاسی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ وەدەست هێنانی دەسەڵات، سەرهەڵدانی ناکۆکی جیددی لە نێوان باڵەکانی حکوومەت، کۆدەتای سەربازی، مانگرتنی درێژخایەن، شۆڕش و پێکدادانی ئەتنیکی و شەڕی چریکی. ڕیشەی قەیرانی سیاسی ناوخۆ تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەی کاربەدەستانی ناوخۆی وەڵاتەکە بەڵکوو لەم چاخەدا زۆربەیان لە ژێر کاریگەری دیاردە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە و هێزە بان ــ ناوچەییەکان سەرهەڵئەدەن.
قەیرانی سیاسی نێودەوڵەتی، بریتیە لە هەلوومەرجێکی چاوەڕواننەکراو کە لە ئەنجامی پێوەندی دوو یا چەند وەڵات سەرهەڵدەدات، بۆ وێنە، ناکۆکی نێوان دوو وەڵاتی دراوسێ کە لە ساردبوونەوەی پێوەندی سیاسییەوە بگرە تاکوو شەڕ تەشەنە ئەسەنێت.
قەیرانی سەرمایەداری
ئەم زاراوە لە لایەن مارکس و زۆرینەی مارکسییەکان بۆ ئاماژە بەو کێشە و ناتەباییانە بەکاربراوە کە سیستەمی سەرمایەداری تووشی قەیران و ئارێشەی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە. بە باوەڕی ئەوان، ناتەبایی سەرەکی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەوەدایە کە بەرهەم و سەمەرەی کۆمەڵایەتی، دەکەوێتە بەردەستی سەرمایەداری تایبەتی و قازانجی هەرەزۆری ئەم بەرهەمە مەکینەییە دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە. ئەم ئارێشە لە نێوان خەسڵەتی کۆمەڵەکی بەرهەمهێنان و شێوازی تایبەتی موڵکداریەتی، قەیرانی سەرەکی سەرمایەداری سازکردووە. دەرەنجامێکی ئەم ئارێشە، دابەزینی توانایی کڕینی بەرهەمەکانە بەهۆی زیادبوونی چینی هەژار کە ئەمەش دەبێتە هۆی زێدەبوونی بەرهەمهێنراو و هەڵکشانی ڕادەی خەڵکی بێکار. دەرەنجامێکی دیکەی قەیرانی سەرمایەداری، خەبات و ململانێی کرێکار و بۆرژوازییە.
قەیسەرخوازی
ئەم زاراوە لە ناوی قەیسەر (سزار)، ئیمپراتۆری ڕۆما وەرگیراوە بۆ پێناسەکردنی جۆرێک حکوومەتی ڕەهای ملهوڕ و دیکتاتۆر کە بە کۆنترۆڵێکی توندوتۆڵی سەربازی ـــ پشتئەستوور بە ڕەشەگەل ـــ بۆ بەدیهێنانی دەسەڵاتێکی باڵادەست لە وەڵاتێک، هەوڵ دەدات. ئەم جۆرە دیکتاتۆرانە زۆرجار لە ڕێگەی کۆدەتای سەربازی یان هەرەوەزی جڤاکی، بە دەسەڵات دەگەن و بە ڕێکخستنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و هێنانە کایەی پەرلەمانی تەشریفاتی، هەوڵ دەدەن ڕواڵەتی دیموکراسی بپارێزن و سیمایەکی دیموکرات بە خۆیان ببەخشن. قەیسەرخوازی بە دوو جۆر دابەش کراوە: کۆنەپەرست و پێشکەوتنخواز. لە جۆری یەکەمدا قەیسەرخوازی کاتێک بە کۆنەپەرست ناوبردە دەکرێت کە سەرهەڵدانەکەی، جێخۆشکەربێت بۆ سەرکەوتنی هێزە کۆنەپەرستەکان لە کۆمەڵگەدا (بۆ نموونە ناپیلئۆنی سێهەم و بیسمارک). جۆری دووهەمیش بە پێچەوانەوە هەرکات، زەمینە بۆ سەرهەڵدان و سەرکەوتنی هێزە پێشکەوتنخوازەکان خۆش بکات، قەیسەرخوازی پێشکەوتنخواز دێتە مەیدانەوە ( بۆ وێنە ژولیۆس قەیسەر و ناپیلئۆنی یەکەم).
گەمارۆ/ئابڵۆقە
بەرگرتن بە کاڵا و شمەکی پێویستی وەڵاتی دوژمن لە ڕێگەی دەریا یان ئاسمان کە سەرەنجام بە گەمارۆی دەریایی کۆتایی پێ دێت. ئابڵۆقە، بۆ ئەوەی بتوانێ وەک سزایەکی لەبار ئیش بکات دەبێ لە هەمبەر پاپۆڕە بێلایەنەکانیش بەڕێوە بچێت کە ئەمە لەباری یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە کێشە سازدەکات. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، دەکرێ دەست بەسەر ئەو پاپۆڕە بازرگانیانەی کە گەمارۆکە دەشکێنن، بگیردرێ. نموونەی گەمارۆ، هەوڵەکانی بەریتانیا بوو لە هەر دوو شەڕە جیهانیەکە بۆ گەمارۆی دەریایی ئەڵمانیا. نموونەیەکی دیکە، گەمارۆی وەڵاتی کووبا بوو لە لایەن وەڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1962.