تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شوناس
ئەم زاراوە لە وشەی identitas وەرگیراوە و بە دوو مانای بەڕواڵەت هاودژ شرۆڤە دەکرێت: 1) هاوسانی و تەبایی ڕەها. 2) جیاوازی هەمیشەیی. بەگشتی شوناس، پرسیارە لە هەبوونی کەسێک. پرسیار بکەیت: ئەو کەسە کێیە؟ چ تایبەتمەندییەکی تاکی و کۆمەڵەکی هەیە؟
ئەو ڕەگەزانەی کە هەوێنی پرسیار لە شوناسی کەسێک پێک دێنن، بریتین لە: نیشتمان، میژوو، زمان، ئەدەب، ئایین، پێکهاتە و ستراکتووری سیاسی، کولتوور و هونەری هاوبەش. چەمکی شوناس بابەتی کێشمەکێشی تیۆری نێوان دوو زانستی سایکۆلۆجی و کۆمەڵناسی بووە لەمەڕ توێژینەوەی لایەنی تاکەکەسی و لایەنی کۆمەڵایەتی ئەم چەمکە. ڕەهەندی تاکەکەسی شوناس، بریتییە لە هەستی ئێمە دەربارەی ئەو شتانەی کە هەر تاکێک لە ئەویدی جیادەکاتەوە کە ئەویش، دەرک و ناسینێکە لە «من». هەست کردن بە شوناسی تاکەکەس، دەرەنجامی دایەلیکتیکیی نێوان تاک و کۆمەڵگەیە و لە هەست و خۆست و بۆچوونەکانی تاکدا خۆی نیشان دەدات. ڕەهەندی شوناسی کۆمەڵایەتی بریتییە لە وێکچوواندن و گونجانی «ئێمە» لەگەڵ ئەوانی دی. ئەم شوناسە ڕوونکەرەوەی چەمکی «ئێمە»یە.
شوناس، بە کەس نابەخشرێت بەڵکوو لە ڕێگەی دانوستان و مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دی ، دێتە بەرهەم. لەم ڕوانگەوە دەکرێ شوناس بە پرۆسەیەکی درێژخایەن لە قەڵەم بدرێ کە هەمیشە لە حاڵی گۆڕاندایە. بۆ نموونە شوناسی نەتەوەیی و ئەتنیکی مرۆڤی کورد بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێ. ڕەنگە کوردبوون لە هۆڵەندا لەگەڵ کوردبوون لە کوردستان دوو شتی جیاواز بن یا کوردبوونی 2009 لەگەڵ کوردبوونی 1920 جیاوازیان هەبێت.
شوناس بابەتێکی فرەڕەهەندە. هەرکامێک لە ئێمە خاوەنی چەند شوناسێکە کە لایەنە بەرجەستەکەی لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ژیانمان تووشی گۆڕان دەبێت. کەسێک کە لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی لە کاتی باسکردن لە سیاسەتی نێونەتەوەیی شوناسی ئەمریکی بەخۆ دەگرێ. لە بەرەبەیانی یەکشەممەدا خۆی بە کاسۆلیک لە قەڵەم دەدات، کاتێکیش سەیری یارییەکی فۆتبۆڵی جیهانی دەکات، دەکەوێتەوە بیری باووباپیرانی لە هۆڵەندا.
شوناسی نەتەوەیی
شوناسی نەتەوەیی ئەو کاتە لە دایک بوو کە چەمکی نەتەوە بە مانا ئەمڕۆییەکەی هاتە ئاراوە. شوناسی نەتەوەیی، دیاردەیەکی مۆدێرنە کە لەسەر گریمانەی هەبوونی بزاوتێکی ناسیۆنالیستی و هۆشیاری نەتەوەیی دامەزراوە. دوای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم، شوناسەکان بە قەبارەی نەتەوەیی پێناسە دەکرێن. کەواتە بۆ بەدیهاتنی شوناسی نەتەوەیی، دەبێ ئەندامانی نەتەوەیەک خۆیان بە دامەزرانەرانی نەتەوە و دواتر شوناسێکی هاوبەش بزانن.
(ئیرنێست ڕینان گوتەنی)، شوناسی نەتەوەیی، لەسەر بنەمای نیشتمانی هاوبەش، زمان و کولتووری هاوبەش، ئایینی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، ویستی هاوبەش و پرەنسیپی سیاسی و یاسایی هاوبەش پێناسە دەکرێت. بەڵام هەروا کە شوناسە نەتەوەییەکانی وەڵاتانی فرەکەلتوور یان نەتەوە بێدەوڵەتەکان نیشانی داوە، هیچکام لەم تایبەتمەندییانە ماکی دانەبڕاوی شوناسی نەتەوەیی نین. کەواتە شوناسی نەتەوەیی دیاردەیەکی فرەڕەهەندە. جیاواز لەمەش، دەکرێ شوناسی نەتەوەیی لە ڕوانگەی مەدەنی یا ئەتنیکیش پێناسە بکرێت. کاتێک پێوانەکانی ئەندامەتی ـــ لە شوناسێکدا ـــ مەدەنی بێت، نەتەوایەتی لەگەڵ شارۆمەندیدا هاوواتا دەبن و لە ڕاستیدا شوناس دەبێتە پرەنسیپێکی سیاسی و یاسایی. شوناسی نەتەوەیی بە پێناسەیەکی مەدەنی، بۆی هەیە ئەندامی نوێ ـــ کە سەر بە کەلتوور یا ئەتنیکێکی دیکە بێت ـــ وەربگرێت و لە خۆیدا جێی بکاتەوە. کەواتە کەسێکی ئەمریکایی دەتوانێ ببێتە فەرەنسی یا ئینگلیزی چونکە سنوورەکانی شوناسی نەتەوەیی تا ڕادەیەک کراوەیە و هەرکەسێک بۆی هەیە ڕەگەزنامەی خۆی هەڵبژێرێت. بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێک پێوانەکان تەنیا ئەندامەتی بێت، نەتەوایەتی تەنیا بریتی دەبێ لە مافی شوێنی لەدایکبوون کە ئەویش شتێکی نەگۆڕە. لەم دۆخەدا ئیدی ئاخاوتن بە زمانی زگماکی یا وەدەستهێنانی مافی شارۆمەندی نابێتە ئاریشە، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی کە نەتەوە پێک دەهێنن بنەما سەرەکییەکانی شوناسی خۆیان لەم ئەندامەتییەوە دەستەبەر دەکەن.
باکوور و باشوور
باکوور بریتییە لە: وەڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی سەرمایەداری، واتە وەڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکای باکووری، ژاپۆن و ئوسترالیا کە بەزۆری لە نیوەی باکووری گۆی زەویدا جێگیر بوون. باشوور بریتیە لە: وەڵاتانی دواکەوتووی هەژار، واتە وەڵاتانی ئەفریقایی و ئەمریکای باشووری و ئاسیایی کە زۆربەیان لە نیوەی باشووری گۆی زەوی جێگیر بوون. لە میدیاکانی ڕۆژاوا، ئەغڵەب ئاماژە دەدرێتە فوڕمولی باکووری دارا و باشووری نەدار. کەواتە لەم ڕوانگەوە جیهانی هاوچەرخ دابەش کراوە بە کۆمەڵێ نەتەوەی پارەدار و کۆمەڵێکی دەستەنگ و بێ پارە. فری بیتۆ، قەشەی ئازادیخوازی برازیلی، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سەرزەوی دوو ڕێچارە پێشنیاز دەکات: یەکەم، پاوەجێکردنی ئاشتی لە جیهان. دووهەم، کەمکردنەوەی جیاوازی و لەمپەری نێوان باکوور و باشوور.
بولشویزم
ئەم زاراوە ناوی ئایدیۆلۆجی حیزبی بولشویک، بە ڕێبەرایەتی «لینین» بوو کە «شۆڕشی سۆڤیەت»ی لە ئۆکتۆبەری 1917 بە ئەنجام گەیاند و یەکییەتی سۆڤیەتی دامەزراند. چۆنیەتی پێکهاتنی بولشویزم ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیە کە لە کۆنگرەی حیزبی نهێنی سۆسیال دیموکراتی سۆڤیەت لەسەر ئەندامەتی لە حیزبەکەدا ڕووی دا، کە ئەمەش بوو بەهۆی شەقاربوونی حیزب و لادان و جیابوونەوەی دوو گرووپی بولشویک (بە مانای زۆرینە) بە ڕێبەرایەتی «لینین» و «مەنشویک» (بەمانای کەمینە) بە ڕێبەرایەتی «مارتۆف». «لینین» لە ساڵی 1909 ئەم ناوەی لە گرووپەکەی خۆی نا و لە 1912 حیزبەکەیان دامەزراند. لە ساڵی 1918 ئەم ناوەیان بە «حیزبی کۆمۆنیستی سەرانسەری سۆڤیەت» گۆڕی و پاشان لە ساڵی 1953 دیسانەوە بە«حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەت» ناوداریان کرد.
تایبەتمەندییەکانی بولشویزم، بریتی بوو لە: یەکەم، لایەنگری لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی. دووهەم، هەبوونی ڕێکخراوەیەکی ناوەندیخوازی حیزبی. سێهەم، شۆڕشگێڕی و خەبات لەگەڵ ڕیفۆرمخوازی و حیزبەکانی دیکە.
بولشویزم، وەک ئایدیۆلۆجیایەکی شۆڕشگێڕانە، ئاوێتەیەکە لە مارکسیزمی ڕۆژاوایی لەگەڵ ترادسیۆنی جڤاتیخوازی سۆڤیەت. دوای بە دەسهێنانی دەسەڵات لە 1917 بەملاوە، هاوتەریب لەگەڵ حکوومەتی ڕەهای سۆڤیەت، تیۆر و کردەوە لەسەر پرەنسیپەکانی لێنینیزم چەقی بەست. ڕۆڵی مێژوویی بولشویزم لەم ڕاستییەدا بوو کە لە لایەکەوە پێوەندی خۆی لەگەڵ مارکسیزم بپارێزێ و لە لایەکی دیکەشەوە، دەس هەڵگرێ لەم بیرۆکەی مارکس، کە گوتبووی: «ئازادی چینی کرێکار تەنیا بەدەست خۆیان مەیسەر ئەبێ» و لەجیاتی ئەوە، ئەندێشەی تکاچۆف پەسند بکەن کە دەڵێ: شۆڕشی کۆمەڵایەتی، تەنیا بە هێنانی وشیاری چینایەتی بۆ ناو کرێکاران لە دەرەوەی چینەکەیان و لە لایەن شۆڕشگێڕانی لێهاتووی سەر بە ڕۆشنبیرانی سۆشیالیستییەوە پیادە دەکرێت.
لێکۆڵەرانی ئەورووپی تا 1945، بولشویزمیان بە توندڕەوترین لقی جووڵانەوەی چەپ لە قەڵەم داوە، بەڵام لەوەدوا زۆربەیان، بە سیمایەکی توتالیتار تەعبیریان لێکردووە.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
پرۆتۆکۆڵی گۆڕینی کەشوهەوای کیۆتۆ
ئەم پرۆتۆکۆڵە لە ساڵی 1997 لەنێوان سەرۆکی وەڵاتانی جیهان لە کیۆتۆی ژاپۆن مۆرکرا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی. واتە چونکە ئەو گازانەی کە لە سووتاندنی سووتەمەنییە فوسیلییەکان (نەوت و گاز و خەڵووزی بەرد) بڵاو دەبێتەوە دەبتێە هۆی گەرمبوون و گۆڕینی کەشوهەوای سەرزەوی، دەبێ وەڵاتان هەوڵ بدەن لە بەکارهێنانی ئەم سووتەمەنییانە کەم بکەنەوە و ڕووبکەنە وزەی هەتاوی و … بۆ پیادەکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە دەبوایە لە لایەن ئەو وەڵاتانەی کە 55% ئەم گازانە بڵاو دەکەنەوە، پەسند بکرێیە. مانگی ژووەنی 2002 لە لایەن پانزە وەڵاتی یەکیەتی ئەورووپا پەسند کرا. هەر لەو ساڵەدا پتر لە 70 وەڵاتی جیهان ئەم پرۆتۆکۆڵەیان پەسند کرد. ڕەشنووسی کیۆتۆ داوا لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە قەدەر بڵاوکردنەوەی 36% ئەو گازانە لە ساڵی 1990، بۆ کەمکردنەوەی ئەم گازانە هەنگاو بنێت. کەچی بەم حاڵەش، لەنێوان ساڵەکانی 2002ـــ1997 بڵاوکردنەوەی ئەم گازانە لە ئەمریکا، نزیکەی 8% زیاتر بووە. ئەمریکا تەنها وەڵاتێکە کە لەگەڵ ئەم ڕەشنووسەدا نەیارە.
کۆنفرانسی باکوور - باشوور
لە ڕێکەوتی 16/12/1975 لەسەر بانگهێشتی «ژیسکار دیستەن» سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی فرەنسی لە شاری پاریس نوێنەرانی وەڵاتانی جیهان کۆبوونەوە تا سیستەمی پێوەندییە ئابوورییەکانی جیهان بگۆڕن. ئەو وەڵاتانەی کە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە ببوون بریتین لە: 12 وەڵاتی ڕووە و گەشەسەندن، بە نوێنەرایەتی پتر لە 100 وەڵات کە 2 ملیارد کەس حەشیمەتی جیهانیان لەخۆ گرتبوو، 7 وەڵاتی بەرهەمهێنی نەوت و نوێنەرانی وەڵاتانی پیشەسازی جگە لە یەکیەتی سۆڤیەت و وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات. هۆی پێکهاتنی ئەم کۆنفرانسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرفتانە بوو کە وەڵاتانی پیشەسازی پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵانی 1973 و 74 ڕووبەڕووی بوونەوە بەڵام لە ڕواڵەتدا ئەم کۆنفرانسە بۆ ئەو مەبەستە بوو کە زەمینەیەکی نوێ بۆ هاوکاری لە نێوان وەڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازیی (باکوور) و وەڵاتانی جیهانی سێهەم (باشوور) بڕەخسێنێ.
کۆنفرانسی باکوور ـــ باشوور بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ توێژینەوە لەو بابەتانەی کە باس کراون، پاش 18 مانگ باس و گفتوگۆکردن بە هۆی ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان وەڵاتانی باکوور و باشوور نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک و کۆتایی بە کارەکەی خۆی هێنا.