تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تۆڕی سەرانسەری جیهانی
تۆڕی سەرانسەری جیهانی کە زۆرجار بە وێب یا «WWW» ناسراوە، باشترین خزمەتی ئەنتەرنێتە کە لەڕێگەی چەندەها میدیاوە دەتوانێ نووسراوە، دەنگ، وێنە و ئەنیمەیشێن ڕاگوێزێت. بنکەکانی وێب لە تەواوی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە بەڵام زۆرترینیان لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە. لە تۆڕی ئەنتەرنێتدا ملیۆن ــ ملیۆن کۆمپیتەری خانەخوێش پێکەوە پێوەندییان هەیە. هەرکام لەم کۆمپیتەرانە لە زاکیرەی خۆیاندا کۆمەڵێ زانیاری جۆراوجۆریان جێگیر کردووە. ئەگەر کەسێک بخوازێت لە دەریای بێبڕانەوەی ئەم زانیارییانە بە خێرایی و بەلەز کەڵک وەربگرێت، دەبێ لەڕێگەی تۆڕی جیهانی ئەنتەرنێتەوە دەستبەکار بێت. ئەم تۆڕە لە ساڵی 1992 لە لایەن تیم بێرنێرز لیی، شارۆمەندی ئەمریکایی داهات و یەکەم بنکەکەشی لە لایەن ناوەندی توێژینەوەی فیزیکی گەردیلەیی ئەورووپا cern لە بەینی سویسڕا و فەرەنسەدا بنیات نراوە.
جاڕنامەی سەربەخۆیی وەڵاتە داگیرکراوەکان
لە ڕێکەوتی 14دێسەمبری 1960 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جاڕنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وەڵاتانی کۆڵۆنیایی و داگیرکراو (جاڕنامەی کۆتایی داگیرکاری) کە لە لایەن 43 وەڵاتی ئەفریقایی و ئاسیایی ئامادە کرابوو بە کۆی 90 دەنگی ئەرێنی و 99 دەنگی یپارێزکەر و بێ هچ دەنگێکی نەیار، پەسندی کرد. لەم جاڕنامەدا ڕوون کراوەتەوە: ژێردەستەبوون، وەبەرهێنان، یا خستنە ژێر ڕکێفی جەماوەرێک لە لایەن حکوومەتێکی بێگانە، پێشێلکەریی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەژمار دێت و ڕێگڕێکە لەبەردەم ئاشتی و هاریکاریی نێودەوڵەتیدا.
بۆ نەهێشتنەوەی ئەم بەربەستانە، کۆمەڵی گشتی «داواکاری کۆتایی هێنانی خێرای داگیرکارییە و دەخوازێت، بێ هیچ مەرجێک سەربەخۆیی وەڵاتانی داگیرکراو لەژێر دەسەڵاتی بێگانە» ڕاگەیەندرێت.
ئەم جاڕنامە لەسەر ئەوە جەخت دەکات کە نەبوونی ئامادەیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەم وەڵاتانە نابێت ڕێگر بێت بۆ دواخستنی پڕۆسەی سەربەخویی.
حکوومەتی سەربازیی
بریتییە لە پیادەکردنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی سەربازی و سوپایی دەوڵەتێک بەرانبەر بە کەسانی مەدەنی لە وەڵاتێک لە کاتی شەڕ یان تەنگەتاوی. لە کاتی جێگیربوونی ئەم حکوومەتە لەبری فەرمان و دەستووری مەدەنی، فەرمانەکانی هێزی سەربازیی پیادە دەکرێ و دادگە مەدەنیەکانیش جێی خۆی دەدا بە دادگەی سەربازی.
سەربازی نەناسراو (سەربازی ون)
لە زۆربەی وەڵاتان بووەتە باو کە تەرمی سەربازێکی نەناسراو وەک نوێنەر و سیمبۆلی هەموو کوژراوانی شەڕ لە شوێنێکی تایبەت بنێژن و لە گۆڕەکەی ڕێز بگرن. دیاردەی سەربازی نەناسراو یا سەربازی ون، یەکەم جار لە بریتانیا داهات تاکوو هەرکەس لە شەڕدا کەسێکی لە دەست دابێت، تەرمی گۆڕی سەربازی نەناسراو بە شەهیدی خۆی بزانێت.
سەربەخۆیی سیاسی
بریتییە لە: دەسەڵاتی دەوڵەتێک لە مەڕ بەڕێوەبەرایەتی و ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی وەڵاتەکەی خۆی، بەبێ ڕاگرتنی دڵی دەوڵەتێکی دیکە یان گرینگی نەدان بە ڕازی بوونی دەوڵەتێکی بێگانە.
سەرمایە
لە ڕوانگەی ئابووری کلاسیکدا سەرمایە بریتییە لە هۆکاری بەرهەمهێنانی سەروەت و سامان بە یارمەتی هۆکارگەلێکی وەک مرۆڤ، سروشت و ئامرازی کار. لە ڕوانگەی ئابووری سۆشیالیستی، سەرمایە یەکێک لە مەرجەکانی کارە و خۆبەخۆ لە ڕەوتی فراژووبوونی بەرهەمهێناندا نرخی نییە بەڵکوو کوتومت بۆ کاڵای بەرهەمهێنراو ڕادەگوێزرێت. چەند جۆر سەرمایە لە ئارادایە کە بریتین لە: سەرمایەی ماڵی (دراڤ)، سەرمایەی تەکنیکی (ئامرازی ماددی بەرهەمهێنان)، سەرمایەی ناودار (بەشداری بەناو لە کۆمپانیاکان)، سەرمایەی یاسایی (مافی خاوەنەکەی دەپارێزێ).
سەرمایە (کاپیتال)، هەروەها ناوی کتێبێکی کارۆڵ مارکس (1818ـــ1883)، فەیلەسوفی ئەڵمانییە کە تێیدا ڕژێمی سەرمایەداری خستۆتە بەر ڕەخنە. بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە لە کاتی ژیانی خۆیدا لە ساڵی 1867 بڵاو کرایەوە بەڵام دوو بەرگەکەی دیکە کە کۆتایی پێنەهاتبوو لە لایەن ئەنگڵسەوە تەواو کرا و دوای مەرگی مارکس لە ساڵانی 1885 و 1894 بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە بە «ئینجیلی کۆمۆنیزم» ناوبانگی دەرکردووە.
سەرمایەداری
سەرمایەداری (کاپیتالیزم) لە وشەی capital بە واتای سەرمایە وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەدا بەو سیستەمە ئابوورییە دەگوترێ کە لە پێشدا لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی لە ئەورووپای ڕۆژاوا و ئەمریکا سەری هەڵدا و دواتر، وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتەوە. لەم سیستەمەدا لە بواری ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەبری ئەوەی بۆ بەرهەمهێنانی ئاسایی، لە هێزی مرۆڤی و ئاژەڵ کەڵک وەرگیرێت، کەرەستەی میکانیکی (مەکینە) بۆ بەرهەمهێنانی باشتر بەکار دێت.
لە باری مێژوییەوە، سەرمایەداری وەک بەشێکی بزاوتی تاک باوەڕی لە ئەژمار دێت. لە بەستێنی ئاییندا ئەم سیستەمە هەندێ ڕیفۆرمی بە دوا خۆیدا هێنا. لە زانست و پەروەردەدا بووە هۆی گەشەسەندنی زانستی فیزیا، لە پێوەندیە مرۆڤیەکاندا زانستە کۆمەڵایەتیەکانی لێ کەوتەوە، لە زەمینەی سیاسەت، بناخەدانەری حکوومەتە دیموکراتیەکان بووە و لە ئابووریشدا سیستەمی سەرمایەداری هێنایە گۆڕێ. لەم ڕووەوە گریمانەی «شارستانیەتی سەرمایەداری» بە گریمانەیەکی ڕاست و ڕەوا دەردەچێت. ئەم گریمانە بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرمایەداری، تەنیا سیستەمێکی ئابووری تایبەت نییە، بەڵکوو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تۆکمەش لە ئەژمار دێت.
زاراوەی سەرمایەداری، زیاتر لە لایەن سۆسیالیستەکان ــ بە تایبەت مارکسیەکان ــ بڕەوی پەیدا کرد ئەویش سیستەمێکە تێیدا خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایە، مەرجی سەرەکیە بۆ سیمای ئابووری و سیاسی و ئەم ڕەوتەش بەدی هێنەری جۆرێک تەکوزی کۆمەڵایەتی تایبەتە کە تێیدا چینی دەسەڵاتدار (کە پێی دەگوترێ سەرمایەدار یان بورژوا) لە هێزی بەرهەمهێنی کۆمەڵگە بە قازانجی خۆی کەڵک وەردەگرێ.
یەکێک لە بنەماکانی سەرمایەداری، ئابووری بازاڕە. لە سەردەمی پێش سەرمایەداریدا بە گشتی ئابوور، خۆماڵی و سەرپشک بووە. خێزان خۆی پێداویستیەکانی خۆی بە شێوەی ئاڵوگۆڕکردنی شمەک دابین دەکرد. دابەشکردنی ئیش و کار لە گۆڕێدا نەبووە و هەر خێزانێک ناچار بوو چەندەها کار و ئەرکی جیاواز بە ئەنجام بگەیەنێت. بەڵام لە ئابووری بازاری سیستەمی سەرمایەداریدا کار و تەوزیم بەپێی لێهاتوویی و کارزانی دابەش دەکرێت و هەر کەسە تەنیا دەتوانێ بەشێکی هەرە بچووک لە پێداویستیەکانی خۆی، بەپێی لێهاتوویی و شارەزایی خۆی دابین بکات.
یەکێکی دیکە لە بنەماکانی ئابووری بازاری سەرمایەداری، ململانێیە. لە ئابووری مۆدێەن بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بژارەی ململانێ چ بە شێوەی مۆنۆپۆلکردنی تایبەتی یان مۆنۆپۆلی یاسایی، لە ژێر دەستی دەوڵەتدایە. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، بنەڕەتی قازانجە. ئابووری سەرمایەداری زێدەتر لە هەر سیستەمێکی ئابووری دیکە دەرفەت بۆ وەچنگ هێنانی قازانج دەڕەخسێنێ. ئەم جۆرە ئابوورییە ئازادی بازرگانی کردن و پیشە و ئازادی ماڵ و دارایی و ڕێککەوتن زەمانەت دەکات.
گەشەی سەرمایەداری هاوبەندە بە گەشەی بازرگانی کە تێیدا سەرمایەداری گەورە، بە سەر دانوستاندا شارەزا دەبن. پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی قۆناغی سەرمایەداری دەست پێدەکات. لەم سەروبەندەدا خاوەنی کۆمپانیا گەورەکان و ڕێکخراوە ئابوورییەکان، دەست دەگرن بە سەر پرۆسەی بەرهەمهێناندا.
سەرەنجام قۆناغی سەرمایەداری (دارایی) دێتە کایەوە. لەم قۆناغەدا دەسەڵاتی ئابووری هێدی هێدی دەکەوێتە دەست خاوەن بانکەکان و پارەدارە قەبەکان، ئەمانیش بە پارەی بەردەستیان هەموو کۆمپانیا پیشەسازییەکان مۆنۆپۆل دەکەن. بەم حاڵە دوابەدوای هەر قۆناغێک، سەردەمەکەی پێشوو ناسڕدرێتەوە و هیچکام لەم قۆناغانە ناتوانن بە سەر هەموو پانتای ئابووری وەڵاتێکدا بە تەواوەتی زاڵ ببن.
هەندێ جار باس لە قۆناغی چوارەمیش دەکرێت کە ئەویش پێی دەڵێن «سەرمایەداری دەوڵەتی». ئەم زاراوە بۆ هەر جۆرە سیستەمێکی ئابووری دەوڵەتی بە کاردەبرێت. جاری واش هەیە بە تەوس و ڕەخنەوە بۆ سیستەمی ئابووری وەڵاتانی کۆمۆنیستی بە کار دەبرێت.
سەرمایەی کۆمەڵایەتی
ئەم زاراوە بە واتای نوێ، پێکهاتەی کەلتووری کۆمەڵگەی مودێرنەیە کە لە چاخی ڕۆشنگەرییەوە لە سەر بنەمای عەقڵانییەت و حکوومەتی قانوون دامەزراوە. لەم ساڵانەدا چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە لایەن بیرمەندانێکی وەک بۆدریۆ (1979)، کالمەن (1988) و پۆنتام (1993) شرۆڤە کراوە. فۆکۆیاما، سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە ڕێبازێکی ناڕەسمی دەزانێ کە هاریکاری نێوان دوو یا چەند کەس مسۆگەر دەکات. ئەو ڕێبازەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی پێکدێنێت، لە هاریکاری دوو قۆڵییەوە بگرە تا ئایین و ئاهەنگی ڕێکوپێک و ئاڵۆز (وەک مەسیحییەت و ئیسلام) هەمەچەشن و جۆربەجۆرن. بە باوەڕی فۆکۆیاما، دەوڵەتەکان دەتوانن هەم ڕێژەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ببەنە سەرەوە هەم نەهێڵن کورت و کوێر ببێتەوە. هەڵبەت دەوڵەتەکان ئامرازی بەدیهێنانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتییان بەدەستەوە نییە. چونکە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەرهەمی ئایین، نەریتی کۆن، ئەزموونی هاوبەشی مێژوویی و کۆمەڵێ هۆکاری بەدەر لە کۆنترۆڵی دەوڵەتە. لە لایەکی دیکەوە تەنیا شوێنێک کە دەوڵەتەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی دابنێت، پەروەردەیە.
سەرپەرشتی
دەزگەیەکی نێونەتەوەییە کە بەو پێیە دەوڵەتانێک، لە ژێر چاودێری ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەگوێن سەرپەرشت، ئیدارەکردنی سەرزەمینێکی دیاریکراو بەئەستۆ دەگرن تاکوو ئەم سەرزەمینە «بەرەو خودموختاری یا سەربەخۆیی» ڕاپێچ بکەن. دەوڵەتی پێسپێردراو، مافی لکاندنی ئەو سەرزەمینەی بە خاکی خۆیەوە نییە.
ئەم سەرزەمینانە، داگیرکراوی دەوڵەتانی تێکشکاوی شەڕی یەکەمی جیهانی بوون کە لە لایەن دەوڵەتانی سەرکەوتوو لە شەڕدا لەجیاتی لکاندن بە خاکی خۆیان، سپێردرانە دەوڵەتانی سەرپەرشتکار. (بۆ وێنە سەرپەرشتی کردنی فەلەستین لە لایەن بریتانیا، پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی)
ئەو سەرزەمینانەی سەرپەرشتی دەکرێن، ڕەنگە ستراتیجیکی نەبن. هەڵبەت ئەم دابەشکاریە زۆر ڕوون نەکراوەتەوە و تەنیا یەک سەرزەمین «ستراتیجیک» ناوبردە کراوە ئەویش «کۆمەڵە دورگەی پاسیفیک» ــە کە لە لایەن وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەم ئەرکە لە ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا وەک یەکێک لە ئەستوونەکانی ڕێکخراو، بە ئەنجومەنی ڕاسپاردەکان سپێردراوە کە ئەویش لە ساڵی 1990 بەملاوە و لە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی کۆمەڵە دورگەی میکۆنزی کۆتایی پێهات.
سەرۆک کۆماریی
بریتییە لە: پلە و پایە و ئەرک و تەوزیمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی هەڵبژێردراو لە وەڵاتێکی کۆماریدا. بەپێی ماهییەتی پلە و پایەی سەرۆک کۆماریی لە سیستەمی کۆماریدا دوو شێوازی سەرۆکایەتی دەبیندرێ: لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمارییەکانی ئەمریکای لاتین، کاری «سەرۆکی وەڵات» و سەرۆکی حکوومەت یەکێکە و هەموو ئەرک و کارکردەکان لە پلە و پایەی سەرۆک کۆماریدا کۆبۆتەوە. بەڵام لە وەڵاتانێکی وەک کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا و هێندستان و ئیتالیا و زۆربەی کۆمارییەکانی دیکە سەرۆک کۆمار، تەنیا سەرۆکایەتی وەڵاتی لە ئەستۆیە و کاری بەڕێوەبەرایەتی حکوومەت لە ئەستۆی ڕاوێژکار یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندایە. جیاوازییەکی دیکەش لە نێوان ئەم جۆرە حکوومەتانەدا هەیە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی پەرلەمان. لە وەڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتین سەرۆکی وەڵات و بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی، یەک کەسە (سەرۆک کۆمار) کە ئەویش سەربەخۆ لە ئەنجومەنی یاسادانان و بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژێردرێت. بەڵام لە حکوومەتی پەرلەمانیدا هەڵبژاردنی بەرێوەبەری وەڵات یا ئەنجومەنی وەزیران، لە ئەستۆی پەرلەماندایە و تا ئەو کاتە لە پۆستی سەرۆکایەتی دەبێت کە دەنگی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانی بردبێتەوە.
سەرۆک/پێشەوا
بە واتای ڕێبەر، پێشەوا، سەرکردە و فەرماندەیە. سەرۆک، بریتییە لە کەسایەتییەک کە بە هۆی توانست و لێوەشاوەییەکی تایبەتەوە دەبێتە خاوەن پێگە و پێکەیەکی بەرز بۆ ڕێبەرایەتی و سەرۆکایەتی کردنی لایەنگران و خەڵکانی ژێردەستی. سەرۆک، بە ئاوێتەکردنی توانایی و لێهاتوویی لایەنگرانی لەگەڵ توانستەکانی خۆی، ڕێبازێکی نۆژەن ئەدۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. سەرۆکێک کە لووتکەی خەبات و پێشەنگی مێژوویی بێت، دەتوانێت ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان خێراتر یان هێواشتر بکات. ڕێبەران، لەم حاڵەتەدا دەتوانن دەوری پێشەنگی کاروان بگێڕن یان ببنە هۆی دواکەوتوویی نەتەوەیەک.
هەر سەرۆکێک لە پاش تێپەڕکردنی چوار قۆناغ، بڕیار دەردەکات: پلاندانان، ڕێکخستن، ڕێبەرایەتی و کۆنترۆڵ (چاودێری). لەم ڕێگەدا هەتا ڕێکار زیاتر بێت، بڕیاردان دژوارتر دەبێت. سەرۆکی لێهاتوو بە هۆی ئەم چەند خاڵە سەرکەوتوو دەبێت: بڕیارەکانی هەمیشەیی و بڕەوی بێت، وەگەڕخستنی خێرا و بەجێی ئەندامان و دەروون پاکی لە دەسەڵاتدارییدا.
لە ڕابردوودا هێزی جەستەیی، توانایی دۆستڕاگرتن، هۆشیاری و زیرەکی و ناسینەوەی مەترسییەکان، گرنگترین تایبەتمەندی سەرۆک بووە بەڵام ئیمڕۆکە زانست و زانیار، توانایی بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندن، پاراستنی بەرژەوەندی ئەندامان و دامەزراندنی بەجێ و شیاوی ئەندامان، فەکتەری گرینگ لەئەژمار دێن.
سەلەفییەت
سەلەفییەت، ڕێچکەیەکی ئایینی ئیسلامییە کە بڕوای بە گەڕانەوە هەیە بۆ ئیسلامی ڕاستەقینە، واتە ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەر. بیرۆکەی ئەم ڕێچکەیە لە لایەن کەسانێکی وەک سید قوتب ( 1966ــ 1906 ) و حسن البنا (1949ــ1906) لە وەڵاتی میسر داڕێژرا. سەلەفییەت لە هەمان سەرەتاوە بە هۆی دۆگما فیکرییە کوشندەکانییەوە تووشی نسکۆ دەبێ و ئەمەش دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە ڕێبازەکە و بۆیە دوو گرووپی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە: یەکەم، گرووپی سەلەفی تەبلیغی بە ڕێبەرایەتی ناسرالدین ئاڵبانی (1999ــ1914) ناسراو بە شێخ محەمەد ناسر ئاڵبانی کە یەکێک لە شارحە ئایینییەکانە و خاوەنی دەیان کتێب و نووسراوەی ئیسلامییە. گرووپەکەی دیکە، واتە سەلەفی جیهادی لە سەر ئەم بڕوایە لەنگەر ئەگرێت کە ئەگەر بێتوو بڕوامان هەبێ بە ئیسلامی سەردەمی پێغمەبەر، دەبێ هەموو ئەرک و فەرمانە ئیسلامییەکان بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێن و ئەرکی جیهادیش لە جوملەی ئەرکە سەرەکییەکان (واجبات) لە قەڵەم دەدەن. کێشەی نێوان سەلەفی جیهادی و سەلەفی تەبلیغیش لە سەر ئەم چەمکەیە.
سەلەفی تەبلیغی پێی وایە کە جێبەجێکردنی ئەرکی جیهاد، پێویستی بە کەشوهەوا و هەلومەرجی تایبەتە و کاتێک ئەم فەرزە ئایینییە دەبێتە ئەرکی سەرشان کە دوژمنێکی بیانی لە وەڵاتی کافرانەوە هێرش بکاتە وەڵاتی موسوڵمانان ئینجا موسوڵمانان بۆیان هەیە لە خۆیان بەرگری بکەن و لەگەڵیان بکەونە شەڕەوە. بەڵام سەلەفی جیهادی، پێی وایە کە موسوڵمانان نابێ چاوەڕوانی هێرشی کافرەکان بمێننەوە بەڵکوو دەبێ هەمیشە هێرش بکەنە سەریان بەشکم بە زەبری شمشێر داوەتی ئیسلامیان بکەن و بیانخەنە سەر ڕێگەی ڕاست. لە دیدی ئەمانەوە ڕادەی ئیمانداری ڕاستەقینە لە ئەنگوستەکانی دەستوپێ تێناپەڕێت و بەم بۆنەوە هەموو جیهان تەنانەت وەڵاتانی ئیسلامیش بە شیاوی کوشتن دەزانن. سەلەفی جیهادی بۆ پێوەندی نێودەوڵەتی بڕوای بە دیپلۆماسی و وزەی قەڵەم نییە بەڵکوو تەنیا بیر لە تەقاندنەوە و تیرۆر و کوشتن و بڕین دەکات. حکوومەتی ڕاستەقینە لە جیهاندا لای ئەمانە، تەنیا حکوومەتی تاڵیبانە کە لە ساڵی 2001 لە لایەن هێزەکانی فرەنەتەوە لە ئەفغانستان ڕووخێندرا. سەلەفی جیهادی لە ناو کوردستانیش خاوەنی پێگەیەکی بەهێز بوو لە ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە توانی لەو کەش و هەوا ئازادەدا سوودی خۆی وەربگرێ و ببێتە مڵوزمێک بۆ حکوومەتی هەرێم.
سەنترالیزمی دیموکراتی
وشەکە بە مانای ناوەندێتی دیموکراسیە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ڕێبازی لینینیزم و وەک بنەمایەک بۆ ڕێکخستن لە هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکاندا بەکاردێت. لە داکەوتدا بریتیە لەوەی تەواوی ئۆرگانە حیزبیەکان لە ڕێی هەڵبژاردنەوە بێنە مەیدانی سیاسەت. بەپێی ئەم بنەمایە ئازادی بیروڕا لە ناو حیزب و هەڵبژاردنی ئازادانەی ڕێبەرانی حیزبی، دەبێ لەگەڵ پێگەی حیزبی و ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ ئەو بڕیارانەی کە بە شێوازێکی دیموکراسی دەردەکرێن ئاوێتە بێت.
لە ڕوانگەی مارکسیەکانەوە، ناوەندێتی و دیموکراسی دوو ڕەهەندی یەک دیاردە لە ئەژمار دێن. دوابەدوای جێگیر بوونی سۆشیالیزم لە هەندێ لە وەڵاتان، سەنترالیزمی دیموکراتیک بووە هۆی فراژووتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی نوێ و لایەنگرانی مائۆ باوەڕیان وایە کە دیکتاتۆری پرۆلتاریا بە پیادەکردنی ئەم ڕێبازە بە هێزتر دەکات. لە ڕوانگەی سەنترالیزمی دیموکراتیەوە دەبێت بیر و بڕوای ڕاست و دروست کۆ بکرێتەوە و سیاسەتی کایەکردن یەکلایەن بکرێتەوە. زۆرینەی سەنترالیزمە دیموکراتیەکان، بۆتە هۆی زاڵبوونی یەک یا چەند کەس بە سەر حیزبەکەدا.
سەنترالیزم لە لایەن حیزبە مارکسیەکان بەم جۆرە پێناسە دەکرێت:
1ــ حیزب خاوەنی بەرنامەیەکی ناوازەیە.
2ــ خاوەنی یەک ڕێبەرایەتییە.
3ــ هەموو بنکە و ئۆرگانەکان ملکەچی ناوەندی حیزبەکەن.
دیموکراسیش بریتیە لە:
1ــ هەموو ئۆرگانە حیزبیەکان بە هەڵبژاردن دێنە مەیدانەوە.
2ــ ئۆرگانەکان ڕاپۆرت دەنێرن بۆ مەقاماتی سەرتر لە خۆیان.
3ــ مەسەلە گەورەکانی حیزب لە ناو حیزبدا باسیان لێدەکرێت.
سەندوقی نێونەتەوەیی دراو
سەندوقی نێودەوڵەتی دراو، بەشێک لە سیستەمی برێتۆن ڤودز بوو کە لە ساڵی 1944 لە ئەمریکا دامەزرا و دواتر بوو بە ڕێکخراوەیەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و بە شێوەیەکی ڕەسمی لە ساڵی 1945 دەست بەکار بوو. ئەم سەندوقە لەگەڵ بانکی جیهانی گرنگترین دامودەزگەی پێوەندی ئابووری قۆناغی دوا شەڕی جیهانی لە ئەژماردێن. ئامانجەکانی ئەم سەندوقە بریتین لە: پەرەپێدانی هاوکاری پێویست لەناو وەڵاتان، دروستکردنی سیستەمێکی دراویی، پەرەپێدانی بازرگانی نێودەوڵەتی، سپاردنی سەرمایە بە سەندوق، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و...
هەر ئەندامێک دەبێ ساڵانە ئابوونەی ئەندامێتی بدات کە بەشێکی زێڕ یا دۆلارە و پاشماوەکەی دراوی ناوخۆیی ئەو وەڵاتەیە. هەر وەڵاتێکی ئەندام پاش پەسندبوونی لە لایەن دەستەی کارگێڕی سەندوق، دەتوانێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی خۆی قەرزی کورتخایەن لە سەندوقەکە وەربگرێ بە مەرجێک کە بڕی قەرزەکە لە 25% مافی ئەندامێتی زیاتر نەبێت. دەستەی کارگێڕی کە لە دوازدە ئەندام پێکهاتووە کاروباری گشتی سەندوق بەڕێوە دەبەن. پێنج کەس لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە لایەن ئەو پێنج وەڵاتەوە دەبێ کە زۆرترین پشکیان لە سەندوقدا هەیە و حەوت کەسەکەی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێن. بەرێوەبەرایەتی و کۆنترۆڵی سەندوق لە لایەن وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا و وەڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپاوەیە کە زیاترین دارایی و ئابوونەی ئەندامەتیان هەیە. ئەنجومەنی گشتی کۆبوونەوەی ساڵانەی هەیە و دەسەڵاتی خۆی بە دەستەی کارگێڕی دەسپێرێ. ناوەندی سەندوق لە شاری واشنتۆن پێتەختی ئەمریکایە.
سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەم سەندوقە لە ساڵی 1976 بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ ماوەی دە ساڵ بۆ ژنان دامەزرا بەڵام دواتر لە ساڵی 1985 ناوی گۆڕا بە سەندوقی گەشەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم سەندوقە بە ژنانی دەستەنگ و کەمداهاتی وەڵاتانی ڕووەوگەشەسەندن یارمەتی دەگەیەنێت و ناوەندەکەشی لە شاری نیۆیۆرکی سەر بە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
سەندیکالیزم
سەندیکالیزم لە وشەی لاتینی syndicus بە واتای یەکێتی وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بزاڤێکی کرێکاری بوو کە لە 1890 لە فرەنسی سەری هەڵدا بە مەبەستی ڕادەستکردنی کۆنترۆڵ و خاوەندارییەتی کەرەستەی بەرهەمهێنان لە دەوڵەتەوە بۆ یەکێتیە پیشەییەکان. سەندیکالیزم، سیاسەت وەلادەنێت و بۆ خەباتی چینایەتیش وەک «کردەوەیەکی پیشەسازییانە» دەڕوانێ و بە شتێکی کارامەی دەزانێ. سەندیکالیستەکان بە چاوی گومانەوە دەیانڕوانییە ڕۆشنبیرانی سۆسیالیست و یەکگرتنی کرێکارانیان بە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن لە هەر چالاکییەکی پیشەیی دەزانی.
سەندیکالیزم لە 1907 لە بەریتانیا بڕەوی پەیدا کرد. بزاڤی کرێکاری توندڕەوی بەریتانیا، بەم دروشمە دەیهەویست خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە چنگی خاوەنداران دەرکێشێ و ڕادەستی یەکێتییەکانی بکات.
سەندیکالیزم بزاڤێکە بە دژی سەرمایەداری کە داواکاری خودموختارییە بۆ گروپە کرێکارییەکان و لە هەر چالاکییەکی ڕاستەوخۆی پیشەسازی بۆ ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری پشتگیری دەکات. کەواتە سەندیکالیستەکان لەگەڵ سۆسیالیستەکان کە دەیانهەوێت لە ڕێی پەرلەمان یا شۆڕش دەست بگرن بە سەر حکوومەتدا جیاوازییان هەیە. سەندیکالیستەکان وەک ئانارشیستەکان، دەوڵەت بە ستەمکار دەزانن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کاری تێکدەرانە و مانگرتنی گشتی و ئاژاوە ئەنجام دەدەن. بە گشتی ئەم ڕێبازە، کرێکاران بە کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگە دەزانێ و دەبێ کرێکارانی هەر پیشەیەک سەندیکای تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە دەستەوە بگرن و دەست وەردەنە هەموو کاروبارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. لەم ڕوانگەوە کۆمەڵگە پێویستی بە دەوڵەت نییە.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و شۆڕشی 1917 لە سۆڤیەت، سەندیکالیزم بڕەوی نەما و لایەنگرەکانی، یان ڕوویانکردە کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕانەی سۆڤیەت یان کەوتنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دیموکراسی ڕۆژاوا بۆ بڕەو پێدانی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ڕێی بڵاوبوونەوە لە یەکیەتی پیشەسازی و چالاکی پەرلەمانی.
فەرمانڕەوایی/سەروەریی
فەرمانڕەوایی لە تیۆری سیاسی کلاسیکدا بە مانای باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەتە کە ڕەنگە لە کەسێکدا (وەک پادشایەکی ڕەها) یان کۆمەڵێکی خەڵکیی (وەک پەرلەمان) کۆببێتەوە. ئەم فەرمانڕەواییە بە واتای یاسادانەر و بەرێوەبەرە و دەسەڵاتێکی باڵاتر لەوە نییە. فەرمانڕەوایی بریتییە لە: 1) ئازادی یاسادانان و کلک و گوێ قرتاندنی یاساکان بەپێی سیستەمی یاسایی وەڵات (چاکسازی). 2) دەسەڵاتی سیاسی و ئەخلاقی دەوڵەت، لەم ڕووەوە کە لە قەڵەمڕەوی خۆیدا وەک «دەسەڵاتی یاسایی» لە ئەژمار دێت. 3) سەربەخۆیی سیاسی و دادپەروەرانەی کۆمەڵگەیەک.
لە کۆمارییەکان، فەرمانڕەوایی بە شتێکی خەڵکی ناوبردە دەکرێ. سەروەریی وەڵاتێک لە ناو سنوورەکانی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت. فەرمانڕەوایی، هێماێیکە بۆ بڕیاردانی سەربەخۆی نەتەوەکان. کەواتە فەرمانڕەوایی لەگەڵ شێوازی چەقبەستووی ڕێکخراوەیەکی حوکومی جیهانیدا جیاوازە.
فەرمانڕەوایی بە دوو جۆر لە ئارادایە: ناوخۆیی و دەرەکی. فەرمانڕەوایی ناوخۆیی بریتییە لەو دەسەڵاتەی کە هەر دەوڵەتێک بەسەر هاووەڵاتییەکانی خۆی یان خەڵکی بێگانە کە لەو وەڵاتە بژین و ناو پاپۆڕەکانی لە دەریای ئازاد پیادەی دەکات. ئەم جۆرە فەرمانڕەواییە خۆی دوو لقی لێدەبێتەوە: سیاسی و دادپەروەری. فەرمانڕەوایی سیاسی، باڵاترین هێز و دەسەڵاتێکە کە لە کۆمەڵگەدا باڵادەستە. فەرمانڕەوایی دادپەروەرانە، هێزێکی چالاکە بۆ چاودێریی کردن بە سەر دادگەکاندا.
فەرمانڕەوایی دەرەکی، بریتییە لە مافی پێوەندی گرتن لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە یان مۆرکردنی ڕێککەوتنامە و ڕاگەیاندنی شەڕ.
ئێستاکە فەرمانڕەوایی هیچ دەوڵەتێک بە تەشکێکی ڕەها لە ئارادا نییە. چونکە هەندێ یاسا و مافی نێونەتەوەیی، بۆ وێنە مافەکانی مرۆڤ پەسند کراون کە فەرمانڕەوایی دەوڵەتەکان بەربەست دەکات بەڵام بەپێی نەریتی نێونەتەوەیی، دوو بنەڕەتی فەرمانڕەوایی نەتەوەیی و دەست نەبردنە ناو خاکی ئەویدی لە قەڵەمڕەوی یەکدی، وەک پرەنسیپێکی ئەخلاقی و سیاسی پەسند کراوە. فەرمانڕەوایی نەتەوەیی بە مانای مافی گرووپێکی نەتەوەیی یا نەتەوەیەک بۆ بەدەسهێنانی خودموختاری و هەڵبژاردنی سەربەستانەی دەوڵەت بۆ خۆیانە.
قەیرانی سەرمایەداری
ئەم زاراوە لە لایەن مارکس و زۆرینەی مارکسییەکان بۆ ئاماژە بەو کێشە و ناتەباییانە بەکاربراوە کە سیستەمی سەرمایەداری تووشی قەیران و ئارێشەی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە. بە باوەڕی ئەوان، ناتەبایی سەرەکی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەوەدایە کە بەرهەم و سەمەرەی کۆمەڵایەتی، دەکەوێتە بەردەستی سەرمایەداری تایبەتی و قازانجی هەرەزۆری ئەم بەرهەمە مەکینەییە دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە. ئەم ئارێشە لە نێوان خەسڵەتی کۆمەڵەکی بەرهەمهێنان و شێوازی تایبەتی موڵکداریەتی، قەیرانی سەرەکی سەرمایەداری سازکردووە. دەرەنجامێکی ئەم ئارێشە، دابەزینی توانایی کڕینی بەرهەمەکانە بەهۆی زیادبوونی چینی هەژار کە ئەمەش دەبێتە هۆی زێدەبوونی بەرهەمهێنراو و هەڵکشانی ڕادەی خەڵکی بێکار. دەرەنجامێکی دیکەی قەیرانی سەرمایەداری، خەبات و ململانێی کرێکار و بۆرژوازییە.
پاڕادایم - سەرمەشقی فیکری
زاراوەی پارادایم یا سەرمەشقی فیکری لە لایەن «تۆماس کۆڤەن» (1962) بۆ فەلسەفەی زانست ئاڕاستە کراوە مەبەست لەم زاراوە پێمل بوونی گشتیی ستافێکی زانستییە بە ڕێبازێکی تایبەتی زانستەوە. کۆڤەن، بە نووسینی کتێبی پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان (1970) دەورێکی باڵای لە پەرەسەندنی زانست بە خۆوە بینی. بەڕای کۆڤەن، بۆ ئەوەی بزانین چ شتێک زانستییە، دوو نەریتی فیکری لە ئارادایە: یەکەم، نەریتی ئەرەستۆیی بە ڕێبازی ئایینزانی و دووهەم، نەریتی گالیلۆیی بە ڕێبازی میکانیکی.
چەمکی پارادایم، بەرهەمهێنی ئەو پێودانگانەیە کە مرۆڤ بەپێی ئەوان ئاریشە و گرفتە فکرییەکانی خۆی هەڵدەبژێرێ و دواتر پێناسەیان دەکات. کەواتە پارادایم، میتۆد و شێوازی پرۆژەی زانستی دیاری دەکات. لە پارادایمی زانستیدا کاتێک شۆڕش بەرپا ئەبێت کە چەن زانا و توێژەری زانستی لە بڕگەیەکی زەمەنی تایبەتدا تووشی چەن بابەتێکی نائاسایی و ناوازە دەبنەوە و تێدەگەن کە ئەم بابەتانە بە پێوانەی پاردایمی پێشوو ناخوێندرێنەوە.
بە کورتی، پارادایم بە واتای کۆمەڵێ گریمانەیە کە لە بوارێکی تایبەت دەبێتە هۆی دروست بوونی تیۆرییەک. بە واتایەکی دیکە، تیۆرییەکی گشتییە کە ئینسان لە بابەت بەستێنێکی گەردوون ئاڕاستەی دەکا و بەپێی ئەو تیۆرییە دەست دەکا بە مووقەڵاشتن و وردەکاری و توێژینەوە لەو بەستێنەدا. لە سیاسەتدا مرۆڤ بەپێی جیهانبینی*یان سەرمەشقی فیکری و پارادایمی زاڵ بەسەر ئەندێشەیدا ئەو بابەتەی کە دەیخوازێت، هەڵیدەبژێرێ و ئەیخاتە مەیدانی ئەزموونەوە.
پەیماننامەی سەعدئاباد
ئەم پەیماننامە لە ساڵی 1937 لەنێوان چوار وەڵاتی ئێران، ئەفغانستان، تورکیا و عێراق لە کۆشکی سەعدئابادی تاران بەمەبەستی دۆستایەتی و دەستدرێژ نەکردن بۆ خاکی یەکتر مۆر کرا. ناوەڕۆکی ئەم ڕێکەوتنە، هاوڕایەتی و یەکدەنگی ئەم چوار وەڵاتە بوو لە هەڵوێستە سیاسییەکان و یەکگرتنیان لە کاتی مەترسی و شەڕدا.
ئەم دەوڵەتانە بەڵێنیان دابوو کە لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر خۆ بپارێزن و سنوورەکانی یەکتر نەبەزێنن. یەکتر دەستدرێژی نەکەنە سەر یەکتر لە پێکهێنانی ئەنجومەن و گرووپی بەرهەڵستکار کە ئامانجیان لەناوبردنی ئاشتی و ئارامی یەکێک لەم وەڵاتانە بێت، خۆ بپارێزن.
لە کاتی ڕووداوەکانی ساڵی 1941 (داگیرکردنی ئێران لە شەڕی جیهانی دووهەم)، دەرکەوت کە ئەم پەیماننامە، سەنگێکی نییە و شتێکی بێقیمەتە.