تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تێئۆکراسی + یەزدانپەرستی
تیۆرییەکی سیاسی و ئایینیە کە تەنیا حکوومەتی ئایینی بە ڕەوا دەزانێ و یاسایەک بە دروست ئەزانێ کە لە لایەن خواوە دانراوە و بە پێغەمبەرەکانا بە خەڵکی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئایین و سیاسەت (مەلا و دەوڵەت) لێک جیا نین و ئەبێ یاسا و دەستوورەکانی خوا لە پێوەند لەگەڵ خەڵک پیادە بکرێت.
فۆرمالیزم/ڕووکەش پەرستی
ئەم زاراوە کە بە باوەڕی مارکسیەکان لە بەرانبەر ڕیالیستی سۆشیالیستیدا بەکار براوە، ئاماژەیە بۆ سەرنجی لەڕادەبەدەر بە شکڵ و شێواز یا بڕوایەکی قووڵ بە پاراستنی ڕواڵەتی شتەکان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. فۆرمالیزم یا ڕووکەش پەرستی، شێوازی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرنگی بە ڕواڵەتی ڕووداوەکان و لایەنی تەشریفاتی کارەکان دەدەن و هەوڵ دەدەن تا کێشە و بابەتەکان لە ڕووی ڕواڵەت و نەریتەوە بە شێوازێکی لەبار و گونجاو بخەنە بەرچاو.
لە بواری سیاسییەوە فۆرماڵیست بەو کەسانە دەگوترێ کە بایەخ بە ناوەرۆکی بابەتەکان نادەن و ڕواڵەتپارێزی و تەشریفاتی کارگێڕیی و یاسایی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن. زاراوەی فۆرمالیزم، هەنووکە پتر لە کاروباری ئایینی و کۆمەڵایەتیدا بەکاردێت و بە تایبەت زاراوەیەکی ئەدەبی لە ئەژماردێت.
میلیتاریزم/سوپا پەرستی
میلیتاریزم، چوار شێواز لەخۆ دەگرێ: شەڕەنگێزی، زاڵبوونی هێزەچەکدارەکان بە سەر دەوڵەت، ستایشی سوپا و بە هەرەوەز کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەکداری. کاتێک ئەم چوار شێوازە بە تێکڕا بێتە کایەوە (وەک ژاپۆن لە سەردەمی هیدکی تۆجۆ 44-1940) میلیتاریزم بە تەواوی پاوەجێ دەبێت. کاتێکیش دوو یا سێ شێواز بێتە کایەوە، حاڵەتێکی ڕێژەییە.
میلیتاریزم، مانای زۆری لێبۆتەوە. هەندێ جار بە واتای شەڕەنگێزی یان سیاسەتی پاوانخوازانە لە ئاست دەرەوە و ئامادەبوون بۆ بەرپاکردنی شەڕ بە کار هاتووە. لە شوێنی دیکەدا بە واتای سەروەری سوپا بەسەر دامودەزگەی دەوڵەتە. لە کەشێکی وەهادا بۆ ئەوەی دامودەزگەیەکی دەوڵەتی بە میلیتاریزم ناو دەربکا، دەبێ بەستێنی دەسەڵاتی چەکداری و مەدەنی بە وردی لێک جودا بکرێتەوە و دەسەڵاتی چەکداری بە سەر دەزگە ئیداری و سیاسیەکاندا زاڵ بێت. یەکەمین نیشانەکانی جیاوازی ئەم دوو بەستێنە لە ڕژێمی پادشایی ئێران لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین بەدیهات.
پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان لە دەوڵەتدا ڕادەی بەهرەداری سەربازەکانە لە دەزگەی سیاسی ئەو وەڵاتەدا. نمونەیەکی دیکە لەم جۆرە حکوومەتە، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە لە سەروبەندی کۆتایی هاتنیدا.
دەسەڵاتی هێزی چەکدار بە سەر دامودەزگەی حکوومەتدا هەمیشە بە واتای بە کارهێنانی سیاسەتی شەڕخوازانە نییە لە ئاست وەڵاتانی دیکەدا. بۆ وێنە ژاپۆنی سەردەمی توکوگاوا و دیکتاتۆرییەکانی ئەمریکای لاتین. مانایەکی تری میلیتاریزم کۆنترۆڵ کردنی ژیان و کومەڵگەیە لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە. بەم هەژمۆنییە کە بە حەزی چەکدارەکان کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێ، دەگوترێ کۆمەڵگەی «میلیتاریزە». جاری واش هەیە لە دۆخێکی جەنگیدا تەواوی دامودەزگە کۆمەڵایەتیەکان دەکەونە خزمەت هێزە چەکدارەکانەوە، بۆ وێنە وەڵاتی بەریتانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا.
هەلپەرستی
ئەم زاراوە لە وشەی (opportunus) بە واتای لەبار و شیاو وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە: خۆلێگۆڕان بەپێی گۆڕینی هەلومەرج و ڕەوشی سیاسی بۆ بەدەست هێنانی قازانجێکی شەخسی، کورد گۆتەنی، بە هەموولایەک شەن کردن. هەلپەرست بە کەسێک دەگوترێ کە هەمیشە بەرەو ڕژێمی دەسەڵاتدار لایەنگری هەیە و پابەندی هیچ پرەنسیپێک نییە و پرەنسیپەکانی خۆشی لەو ڕێگە دادەنێت.
هەلپەرستی لە سیاسەتدا بە ڕەفتارێکی سازشکارانە لە قەڵەم دەدرێت چونکە مرۆڤی هەلپەرست بۆ گەیشتن بە قازانجەکانی خۆی، لە ئاست کەموکووڕییەکانی کۆمەڵگە بێدەنگ دەبێ و چاوپۆشی لێ دەکات. تەنانەت ئەگەر ئەم هەڵوێستەشی لەگەڵ باوەڕ و پرەنسیپەکانی خۆی ناتەبا بێت.
ڕەگەزپەرستی
ڕەگەزپەرستی (ڕاسیزم)، بە زمانی فەڕەنسی لە وشەی (race) بە مانای ڕەگەز وەرگیراوە. ڕەگەزپەرستی تیۆرییەکی نازانستی و کۆنەپەرستانەیە کە لەنێوان ڕەگەزە جۆراوجۆرەکان لە باری توانست و توانایی عەقڵی، فەرق دادەنێت. ئەم تیۆرییە پێی وایە کە لەنێوان ڕەگەزە جۆربەجۆرەکان لە باری جینێتیکی و ڕەگەزییەوە فەرق و جیاوازی هەیە و ئەم جیاوازییەش دەبێتە هۆی سازبوونی گرفت و کێشەی کەلتووری و مێژوویی کۆمەڵگە و نایەکسانی شارستانییەتەکان. ئەم بیرۆکە وەکوو ئایدیۆلۆجییەکی سیاسی ـــ کۆمەڵایەتی لە سەدەی نۆزدە و بیست سەری هەڵدا و کاردانەوەیەکی زۆری لەنێوان وەڵاتانی جیهاندا بەجێهێشتووە.
بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ڕەگەزپەرستی، پێویست دەکات ئەم چەمکە لە پانتایەکی ئابووری، ئایدیۆلۆجیکی، مێژوویی وجوگرافیدا لێک بدرێتەوە. چونکە ڕەگەزپەرستی لە قۆناخە مێژووییە جیاوازەکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەرخستووە و بەپێی هەلومەرجێکی زاڵ هاتۆتە ئاراوە.
سەدەی 16 لە بەریتانیا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بازرگانی بە کۆیلە، چەمکی ڕەگەز مانایەکی ئابووری بە خۆوە گرت. لە لایەکی دیکەەوە ئەم چەمکە زیاتر بە مانای چین یا توێژێکی تایبەتی مرۆڤ یا شتەکان لێکدراوەتەوە و بە هیچ جۆڕێک لە باری تایبەتمەندی بایۆلۆجییەوە بەرجەستە نەکراوەتەوە.
بە درێژایی سەدەی 17 ئەم چەمکە ڕەهەندێکی مێژوویی لەخۆ گرتووە و هەندێ لە ئینگلیزییەکان کە لە بنەچەی ڕەگەزی جێرمەن ناوبردە کراون، ئەم بیرۆکەیان ڕەواج پێداوە کە دەستدرێژی نۆرماندەکان لە سەدەی 11 بۆ سەر ئەوان، بۆتە هۆی زاڵبوونی ڕەگەزێکی بێگانە بە سەر ساکسۆنەکاندا.
لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، لە ئەورووپا و وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەنجام زاراوەی ڕەگەز دەلالەتێکی فیزیکی لەخۆ دەگرێ و بەمجۆرە ڕەشپێستەکان بە ڕەگەزی سووک و نانەجیب سەیریان دەکرێت. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە، ئایدیۆلۆجی «سووک و نانەجیب» بە سەر خەڵکی خۆماڵی داگیرکراوەکانی بەریتانیا سەپێندرا و ڕەگەزی بەریتانیاییش وەکوو ڕەگەزی باڵادەست پێناسە کرا. ئینجا وردەوردە بە داکشانی ئەم فیکرە، ڕەگەزپەرستی لە بەریتانیا ڕواڵەتێکی دژ بە جوولەکەی پەیدا کرد. لە ساڵی 1905 دەوڵەتی ئەم وەڵاتە بە دانانی یاسای چۆنییەتی وەرگرتنی پەنابەران تەگەرەی خستە بەردەم پەنابەرە جوولەکەکان. ڕەگەزپەرستی لە ساڵانی 1933 تا 1945 لە حیزبی نازی ئەڵمانیا بۆتە بنەمای سەرەکی و ئایدیولۆجیای ڕەسمی ئەو وەڵاتە و هیتلەر، بەو پێیە سیاسەتی لەناوبردنی جوولەکەی گرتەبەر. (بڕوانە جوولەکە قڕان) .
لەم چاخەدا و بەگشتی لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم، بەهۆی پەرەسەندنی کۆچی خەڵکانی ئاسیایی و ڕەشپێست بەرەو وەڵاتانی ڕۆژاوایی، باس و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانەی زۆر هاتۆتە ئاراوە. بەهۆی دابەزینی ڕێژەی ئیشوکاری کرێکاران و لەباو کەوتنی بیرۆکەی فرەدەنگی کەلتووری و پێویستی ناردنەوەی ئەم پەنابەرانە بۆ وەڵاتەکانی خۆیان، جارێکی دیکە مەسەلەی جیاوازی ڕەگەزایەتی*و وەدەرنانی ئەم کۆچبەرانە هاتۆتەوە ئاراوە.
کۆنفرانسی جیهانی دژی ڕەگەزپەرستی
ئەم کۆنفرانسە لە ڕێکەوتی 22 تا 26/8/1977 لە لاگۆس پێتەختی نایجیریا گرێدرا و بەپێی بڕیارێک لە هەموو وەڵاتانی جیهان داوای کرد کە هیچ جۆرە چەکێک نەگەیەنن بە دەوڵەتی ئەفریقای باشووری چونکە ئەم دەوڵەتە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە پیادە دەکات. کۆنفرانس هەروا داوای کرد هیچ جۆرە هاوکارییەک لە بواری ئەتۆمی لەگەڵ ئەم وەڵاتەدا بە ئەنجام نەگەیەنن.
کۆنەپەرستی
مانای وشەکە «گەڕانەوە» یە بەڵام بەمانای «پەرستشی ڕابردوو» یان «ڕابردووخوازی» بەکار هاتووە. ئەم زاراوە دەرحەق بەو جۆرە گرووپ و حیزب و حکوومەت و خەڵکە بەکارهاتووە کە لە بەرانبەر هەرچەشنە گۆڕانکاریەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دژایەتی بکەن یان خوازیاری پووچەڵکردنەوەی هەندێ گۆڕانکاری و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بن. کۆنەپەرستی و پێشکەوتن خوازی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا شتێکی ڕێژەییە و پابەندی قۆناغی مێژوویی ئەو کۆمەڵگەیە لە قەڵەم دەدرێت. چونکە لەوانەیە ئەوشتەی کە لە کۆمەڵگەیەک پێشکەوتن خوازانە لە ئەژمار بێت، لە کۆمەڵگەیەکی دیکە کۆنەپەرستی بێت. لە هەر کۆمەڵگەیەک کۆنەپەرستان، بریتین لە باڵی ڕاستی توندڕەو (بڕوانە چەپ و ڕاست) کە دەست و پێوەنیان پابەندی دەزگە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ئێستا و ڕابردووە و لە بەرانبەر هەموو گۆڕانکاریەک بەربەرەکانێ دەکەن.
کۆنەپەرستی دژی ستاندنەوەی دارایی و دەسەڵات لەدەست چینی سەردەست و ڕادەست کردنەوەی بە چینی ژێردەستە. سیستەمە ئیستبدادی و دسپۆتیزمەکان و هێزە لایەنگرەکانیان، لە جوملەی کۆنەپەرستانن. لە بەرانبەر کۆنەپەرستیدا هایراکییەک لە کۆنەپارێزی و ڕیفۆرمخوازی و شۆڕشگێڕی ڕیز دەکرێت.