تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



جیاکردنەوەی هێزەکان
ئەم زاراوە دەلالەت دەکا بە سەر دابەشکردنی دەسەڵات لە بەینی دەزگە جۆراوجۆرەکانی حکوومەت کە لە ئەنجامدا هەر دەزگەیەک خۆی بە ئەرک و تەوزیمێکی جیاوازەوە سەرقاڵ دەکا و لەم بەستێنەشدا کەمتاکورتێک بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە دەزگەکانی دیکە ئیش دەکات. لە ڕاستیدا ئەم بیرۆکە بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵاتی زۆرداری و ملهوڕیی ئاڕاستە کراوە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حکوومەت لە شوێنێکدا چەق نەبەستێ و کۆ نەبێتەوە. سەرچاوەی ئەم بیرۆکە ئەگاتەوە بۆ ئەرەستوو بەڵام بە شێوەی نوێ و ئەمێستایی ئەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفانی سیاسی سەدەکانی 17و18ی ئەورووپا، بە تایبەت «جۆن لاک» لە بەریتانیا و مۆنتسکیڤ لە فەرەنسە. نەریتی هەڵوەشاندنی هێزەکان لە حکوومەتدا بە سێ هێزی ڕاپەڕاندن، یاسادانان و دادوەری بووە.
لەم بارەوە شرۆڤە و پرسی جیاوز لە ئارادایە کە بریتین لە: ئەو ئەرک و تەوزیمانەی کە ئەبێ بە وردی لێک جیا بکرێنەوە کامانەن؟ ڕادەی سەربەخۆیی پێویست چەندەیە؟ تا چ ڕادەیەک چاودێری دەزگەکان بە سەر کاری یەکتردا ئەگونجێت؟ و ئەم بابەتەش کە ئایا دەرەئەنجامی جیاکردنەوەی هێزەکان، هاوتەرازیی دەزگە جیاوازەکان دابین دەکات؟
بنەمای جیاکردنەوەی هێزەکان، بۆ یەکەم جار بە لەبەر چاوگرتنی بیرۆکەی مۆنتسکیڤ لە دەستووری بنچینەیی ئەمریکادا هاتە ئاراوە. ئەم دەستوورە هێزی ڕاپەڕاندنی سپاردە سەرکۆمار و هێزی یاسادانانیشی بە کۆنگرێس بەخشی. دوای شۆڕشی فەرەنسە و بە لەبەرچاوگرتنی دەستووری بنچینەیی ئەمریکا، ئەم بنەڕەتە لە دەستووری فەرەنسەشدا پەسندکرا و ئینجا ئەم فیکرە زۆربەی وەڵاتانی دیکەی جیهانی گرتەوە.
سپاردنی دەسەڵات
سپاردنی دەسەڵات بە مانای ئەوەیە کە کەسێک یان ئەنجومەنێکی خاوەن دەسەڵاتی یاسایی یان سیاسی، بەشێک یا تەواوی دەسەڵاتی خۆی بسپێرێتە کەسێک یان جەماعەتێکی ژێردەستی خۆی. ڕەنگە دەسەڵاتی نوێنەرێک بە ڕێژەی دەسەڵاتی پەرلەمانتارێک جیاوازی بەرچاوی هەبێت.
لێبوردنی نێودەڵەتی
ڕێکخراوەیەکی ناحکوومەتییە کە لە 28/5/1961 لە لایەن پیتر برێنسۆن، یاساناسی بریتانی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ئازادی ئەو زیندانییە سیاسیانەی کە دەستیان نەداوەتە شەڕەنگێزی دامەزرا. لێبوردنی نێەونەتەوەیی، بەرە ــ بەرە ڕێکخستنەکانی خۆی بەرفرەوان کرد بە چەشنێک کە ئەمڕۆ لە پتر لە 150 وەڵاتی جیهان نوێنەرایەتی هەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کە زۆربەیان یاساناس و پەرلەمانتار و نووسەرن، خۆبەخشانە لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەدا هاوکاری دەکەن. ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ڕواڵەتدا بریتییە لە خەبات بۆ ئازادی بیروڕا و ویژدان و زەمانەتی جێبەجێکردنی بەندەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە وەڵاتانی جیهاندا بەڵام تا ڕادەیەکیش لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی بەریتانیایە. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە ڕێگەی یارمەتی ئەندامەکانی و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دابین دەکرێت. ڕێکخراو، ساڵانە بۆ لێکدانەوەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا شاندەکانی خۆی بۆ وەڵاتانی جیهان دەنێرێ و گۆڤارێکی ساڵانەش لەم بابەتەوە بڵاو دەکاتەوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ساڵی 1972 خەڵاتی ئاشتی نۆبلی پێ بەخشرا.
پارە سپی کردنەوە
پرۆسەی گۆڕینی پارەیەک کە سەرچاوەی بەدەسهێنانەکەی نایاسایی بێت بۆ دارایی و داهاتێکی یاسایی. بۆ وێنە پارەیەک کە لەڕێگەی قاچاخیکردن بە مادەسڕکەرەکان، خواردنەوەی ئەلکحول، تیرۆریزم، بەرتیلدان و کاری ناڕەوای دیکە بەدەست هاتووە. ئاریشەی شووشتنەوەی پارە، کاتێک سەر هەڵدەدا کە ئەم جۆرە پارانە لە سیستەمی ئابووری و دامودەزگە ماڵییەکانی وەڵاتێکدا بکەونەگەڕ. سەرچاوەی بەکارهێنانی ئەم زاراوە یەکەم جار، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مافیا بەسەر تۆڕێکی جلشۆریی مەکینەیی ئەمریکی لە دەیەی 1930. لەو ساڵانەدا گانگەسترێک بە ناوی «ئال کاپۆن»، پارەیەکی زۆری کە لەڕێگەی دەستبڕی و چەتەیی، قومار، تاوان، قەحبەگەری و قاچاخکردن بە مادەسڕکەرەکان بەدەستی هێنابوو، لە جلشۆرخانەکان خستییەگەڕ تاکوو سەرچاوەی بەدەستهێنانەکەی ون بکات و کەس نەزانێ چۆن ئەو پارەی بەدەست هێناوە.
پەرەسەندنی بەردەوام
بە مانای بەڕێوەبردن و کەڵکوەرگرتنی بەرێوشوێن لەسەرچاوەی سروشتی و دارایی و وزەی ئینسانییە بۆ گەیشتن بە مۆدێلێکی مەزاختن و بەکارهێنانی توانستی تەکنیکی و پێکهاتەی بەڕێوجێ بۆ لابردنی نیازەکانی بەرەی نوێ و داهاتوو.
پەرەسەندنی بەردەوام، پەرەسەندنێکە کە پێداویستییەکانی بەرەی ئێستە دابین دەکات بێئەوەی زیانێک بگەیەنێت بە تواناییەکانی بەرەی داهاتوو لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیدا.
پەرەسەندنی ئینسانی بە واتای پرۆسەی بەرفراوانکردنی زەمینەی خۆشگوزەرانی و بژیوی باشی مرۆڤ پێناسە کراوە.
پەرەسەندنی سیاسی
بریتییە لە: بەرزبوونەوەی ئاستی کارامەیی سیستەمێکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ناتەبایی و کێشەکانی تاک و کۆمەڵ، هەروەها بریتییە لە خەڵکی بوون و ڕادەی ئازادی و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەیەک،. پەرەسەندنی سیاسی پەیوەستە بە گەشەی دیموکراسی لە وەڵاتێکدا. تا چ ڕادەیەک سیستەمێکی سیاسی لە سیستەمێکی داخراو بەرەو سیستەمێکی کراوە، لە ساکارییەوە بەرەو ئاڵۆزی، لە دەستبەسەرییەوە بەرەو خودموختاری و لە پەرشوبڵاوییەوە بەرەو یەکگرتوویی هەنگاو بنێت، بە هەمان ڕادەش پەرەسەندنی سیاسی لەو وەڵاتەدا ڕوو لە زیادبوون دەبێت.
تازەگەری سیاسی، زیاتر خۆی بە ئاڵوواڵکردنی سیاسییەوە سەرقاڵ دەکات کەچی پەرەسەندنی سیاسی بنیاتەکان تووشی گۆڕان دەکات. سێ هۆکاری پێویست بۆ پەرەسەندنی سیاسی بریتین لە: ڕێکخراوە، کارامەیی و ئەقڵانییەتی کردەیی و یەکگرتوویی ئایدیۆلۆجیایی ڕێبەران.
بۆ پەرەسەندنی سیاسی، پێویست دەکات سەرچاوە و ئامرازەکانی دەسەڵات لەنێوان حکوومەت و گرووپە سیاسییەکانی کۆمەڵگە دابەش بکرێت. کاتێک حکوومەت بە تەنیایی، دەست بگرێ بە سەر هەموو سەرچاوەیەکی دەسەڵاتدا ئینجا مەیدانی ململانێی سیاسی دەگاتە نزمترین ئاستی خۆی. لەم ڕووەوە بە کورتبوونەوەی دەستی حکوومەت لەسەرچاوەکانی دەسەڵات، پانتای ململانێی سیاسی و هاوبەشێتی سیاسی لە کۆمەڵگەدا ڕوو لە زیادبوون دەکات. کەواتە لەنێوان ململانێی سیاسی و پەرەسەندنی سیاسیدا پێوەندییەکی بایەخدار لە گۆڕێدایە.
پە.کە.کە: بڕوانە ناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیا.
پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی
ئەم پەیماننامە لە یەکەمی ژووئییەی 1968 بۆ بەرگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی لە لایەن وەڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و سۆڤیەت مۆر کرا و لە ساڵی 1970 بەملاوە پیادە کرا. وەڵاتانی دیکەی جیهان دوا بە دوای یەکتر بوونە ئەندامی ئەم پەیماننامە.
ئەندامانی ئەم ڕێکەوتننامە، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن:
1ــ وەڵاتانی خاوەن چەکی ناوەکی کە بەڵێن دەدەن ئەم جۆرە چەکانە بە ناو وەڵاتەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەستێنێ.
2ــ وەڵاتانی نائەتۆمی کە بەڵێنیان داوە، نەبنە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە.
ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی ناوچەگەلی پاککراو لە چەکی ناوەکی (Nuclear Weapons Free Zone) .
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.
خۆماڵیکردن
دەست بەسەراگرتنی دەوڵەت بەسەر موڵک و ماڵ و داراییەک کە پێشتر لە لایەن کۆمپانی یا کەسانێکی بێگانەوە پاوان کرابێت. ئەم زاراوە هاوواتایە لەگەڵ زاراوەگەلێکی وەکوو «بەکۆمەڵکردن» و «خاوەندارێتی گشتی» و «خاوەندارێتی دەوڵەتی» . «خاوەندارێتی نەتەوەیی» لە بەرانبەر «خاوەندارێتی تایبەتی» دا دێتە ئاراوە. خۆماڵیکردن لە نەریتی ئیدارەی وەڵات بریتییە لە گواستنەوەی خاوەندارێتی هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دامودەزگەکانی بەشی تایبەت بۆ دەوڵەت یا بەرگریکردن لە هاووەڵاتیان و ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر کەمتەرخەمی بەشی تایبەت بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. بە کەڵکوەرگرتن لەم شێوازە بانکەکان، کارگەکان، دامودەزگە پڕ سوودەکانی کەرتی تایبەت، تەنانەت ڕووبار و دارستان و زەویوزار و کانزاکان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و دامودەزگە دەوڵەتییەکان. لەم ڕووەوە خۆماڵیکردن دوو بنەمای سەرەکی لەخۆ دەگرێ: یەکەم، گۆڕانی خاوەندارێتی تایبەتی بۆ خاوەندارێتی گشتی و دووهەم، دەسبەسەراگرتن و کەڵکوەرگرتن لە داراییە نەتەوەییەکان بە قازانجی کۆمەڵگە واتە کۆنتڕۆڵی نەتەوەیی.
ڕژێمە شۆڕشگێڕە سۆشیالیستییەکان، خۆماڵیکردن، دەکەنە ئامانجێکی سەرەکی خۆیان بۆ لەناوبردنی خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا. لەنێوان ئەو ڕژێمانەش کە خاوەنی ئابوورییەکی ئازادن بە تایبەت پاش جەنگی جیهانی دووهەم، خۆماڵی کردنی هەندێ پیشەسازی و خزمەتگوزاری بە قازانجی گشتی ڕەواجی پێدرا. هەندێ لە وەڵاتانی ئەوروپی، هێڵی ئاسن و وزەی کارەبا و کانزای بەردەخەڵووز و پیشەسازی پۆڵایان خۆماڵی کردووە.
خۆماڵیکردن زاراوەیەکی نوێباوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەک لەمەوبەر کە ئەویش لەژێر کاریگەریی بزووتنەوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا گەشەی کردووە، بەڵام لەم چەند دەساڵانەی دواییدا یەکلاکراوەتەوە. بە درێژایی ئەم سەدەیە جگە لە پاڵنەری ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەندێ فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاقیش کاریگەرییان داناوە لەسەر ئەم چەمکە و لایەنگرانی ئەم شێوازە ئەم بیرۆکەیان تەشەنە پێداوە کە خۆماڵیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان جگە لە دابینکردنی پێداویستییە مادییەکانی مرۆڤ، دامودەزگەکانی کۆمەڵگەش لەسەر بنەمای عەداڵەت و یەکسانی دادەمەزرێنێت کە ئەمەش دەبێتە ڕێگڕێک لە بەردەم جیاوازی چینایەتی و بەرگریکردن لە چەوساندنەوەی مرۆڤ و گەیشتن بە ئاشتی.
لێبوردن/چاوپۆشی/هەڵکردن
ڕەوادیتنی بیر و بۆچوونی جیاوازی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەلسەفی و هونەری لە سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. لێبوردن یەکێک لە بەنرخترین بەهاکانی لیبرالیزم و دیموکراسی نوێیە. بەپێی ئەم بنەمایە، ئازادیەکانی تاکەکەس، تەنیا کاتێک دەپارێزرێن کە کۆمەڵگە لە بەرانبەر بیر و بۆچوونی جیاواز و بڵاوکردنەوەیاندا لە خۆ ببوورێ و سەرکوتیان نەکات. هەروەها گەشەسەندنی کۆمەڵگە و گەیشتن بە عەقڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێکوپێک، کاتێک مەیسەر دەبێت کە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی حاکم، بنەمای لێبوردن و چاوپۆشی پەسند کردبێت. لێبوردن یەکێک لە کەرەستەکانی خەباتی لیبرالیزم بووە بەدژی زۆرداری کڵێسە لە ئەورووپا.
واتایەکی دیکەی لێبوردن مانای فەرامۆشی و لەبیربردنەوە دەبەخشێ کە لێرەدا مەبەست لە بڕیارێکی تایبەتە کە دەوڵەت لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتدا دەریدەکات و لە تاوانبارانی سیاسی و … خۆش دەبێت. لە کاتی گۆڕین یا ڕووخانی ڕژێم بە هۆی شۆڕش یا گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەوڵەتدا لێبوردن گرنگییەکی تایبەتی دەبێت و زەمینە بۆ ئازادکردنی هەموو زیندانی و تاوانباران خۆش دەکات.
هاندان/ هەڵخڕاندن
دنەدان و هەڵخڕاندنی جەماوەر بە مەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی لە ڕێگەی ئامرازەکانی پڕۆپاگەندە و ڕاگەیاندن وەک، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن. بەم کردارە، جەماوەر لە ڕێگەی هەست و سۆزەوە هەڵئەزرنگێت. لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسەدا بە کەسێکیان دەگوت «هاندەر» کە بێ بەرپرسارییەتی خەڵکیان هەڵئەخڕاند و ئاژاوەیان دەناوە. بەڵام دوای شۆڕش، دەوڵەتە کۆنەپارێزەکان ئەم ناتۆرەیان بۆ بزاوتە چەپییەکان بەکار دەبرد. ئەم زاراوە لە لایەن زۆربەی بزاوتە ڕاست و چەپییەکان بە زاردا هاتووە بەڵام زۆرینەی ڕێبەرانی ئەم بزاڤانە، هاندان و هەڵخڕاندنی جەماوەر بەدژی دەوڵەتێکی ستەمکار، بە شتێکی ڕەوا دەزانن.
هەڵبژاردن
پرۆسەیەک کە بەوپێیە خەڵکانێک، کەسێک یان چەند کەس ناوزەد دەکەن بۆ بەئەنجام گەیاندنی کارێکی دیاریکراو. لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمانە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەران.
لەو وەڵاتانەی کە خاوەن دەستوری بنچینەیین و لە بەینی سێ هێزەکەدا جیاوازی هەیە (تفکیک قوا) هێزی یاسادانەر، بەدەنگی ئازاد و نهێنی و ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێ. لەم جۆرە هەڵبژاردنانەدا لەبەر ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە، دەرفەتییان هەبێت لانیکەم ڕۆژێک بۆ ئەم کارە تەرخان دەکرێت. دەنگدەرانیش (ئەو کەسانەی کە بەپێی یاسا خاوەنی مەرجەکانی تەمەن و عەقڵ و مەدەنی بوون و سیاسی بوونن) وەرەقەی دەنگدان بەدەستەوە، لە ژێر چاودێری دەستەی چاودێران دەنگەکانی خۆیان دەخەنە ناو سندووقی لاک و مۆرکراوەوە. ئینجا لە مەراسیمێکدا سندووقەکان دەکرێنەوە و بە ئاگەداری پاڵێوراوان یا نوێنەرەکانیان دەنگەکان دەخوێندرێنەوە.
لە سیستەمە فرە حیزبییەکاندا دەنگدەران دەنگی خۆیان دەدەنە پاڵێوراوی حیزبی. لەم ڕووەوە لە پێش هەڵبژاردنەکە گرووپێک لەناو حیزبەکەدا لیستی ناوزەدەکانی خۆی دیاری دەکات. لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا چونکە ناتەباییەکی ئایدیۆلۆژیک لەنێوان دوو حیزبە گەورەکە لەمەڕ هەڵبژاردن نییە، زیاتر لە سەر پاڵێوراوەکان لەنگەر دەگرن. بۆیە پێش هەڵبژاردنی گشتی بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و جێگری یەکەمی، هەڵبژاردنێکی ناوخۆیی لەناو دوو حیزبەکە بەڕێوە دەچێت کە بایەخێکی زۆری پێ دەدرێ.
بەو هەڵبژاردنانەی کە تێیدا دەنگدەرەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن یەک پلەیی و ئەوەش کە دەنگدەران کەسانێک هەڵدەبژێرن کە ئەوان نوێنەرە ڕاستەقینەکان هەڵبژێرن، پێی دەڵێن هەڵبژاردنی دوو پلەیی.
پاشکۆ - لکاندن
لکاندنی وەڵاتێکی بێخاوەن یان دەمدانی خاکی وەڵاتێک بە خاکی وەڵاتێکی دیکەوە. ئەم ڕەوتە بە تەرزێکی یەکلایەنە دیتە ئەنجام یان لانیکەم ئەو دەوڵەتەی کە بەشێک لە خاکەکەی لە دەست دەدات، بەم کارە خۆشحاڵ نییە. لکاندن، مافی فەرمانڕەوایی دەبەخشێ بە دەوڵەتی لکێنەر و خەڵکی خاکە دەمدراوەکەش دەبنە شارۆمەندی ئەو دەوڵەتە. کڕین یا بە کرێگرتنی وەڵاتێکی دیکە، لەگوێن مامەڵەیەکی دوولایەنە، پاشکۆ لە ئەژمار نایەت. لکاندنی نەمسا و ناوچەی سودەت بە ئەڵمانیای پێش شەڕی جیهانی دووهەم، دوو نموونەی گرینگی پاشکۆ ناونووس دەکرێن.