كاتێك ڕەوانەی‌ كانتۆنی ســۆڵۆتورن Solothurn كرام له گوندی هاڵتن Haltenجێگیربووم كە هەروا 20 خولەكێك لە شــارەكەوە دوورە، ڕۆژانە لەوێوە دەبوایە بە پاس بچوومایە بۆ مەڵبەندی كاریتاسCaritas كە ڕێكخراوێكی كریسـتیانییه ‌و بۆ كاروبار ئاسـانی پەنابەرەكان زۆر چالاكانه خزمەتگوزاره.
لەوێ چەند مامۆسـتایەكی خانەنشـینی لێبوو كە خۆبەخشـانە وانەی فێربوونی زمانی ئەڵمانییان لە ئەسـتۆ گرتبوو. زمانی ئەڵمانیش لە ڕووی ڕێزمان و وشـەسـازیی و چۆنیەتی بەكارهێنانیەوه یەكێكە لە زمانە باڵا و زیندووە‌‌كان لە دونیادا، چونكە وشـەی وای هەیە بە چەند مانا دێت و هەر یەكە لە شـوێن و جێگەی خۆیدا بەكاردەهێنرێت كە لەوی دی جیاوازە. هەسـتدەكەیت كە زمانی نووسـین و ئەدەبی یاخود ‌ڕێزمانیان لە ئەوانیـتریان هەر زۆر جیاوازترە. بەڕاسـتی لە مامەڵەكردنیدا شارەزاییەكی تەواوی دەوێت. یەكبینەیش بەشـانازییەوە دەیاندا بەگوێماندا كە زمانی ئەڵمانی زمانی فەلسـەفە و زانسـته. لە مەیانەی وانەكاندا، مامۆسـتایەكمان جارجارە پەڕەیەكی چاپكراوی دەخستە بەردەممان كە نیگار ‌و نەخشـە و ژمارەی جیاجیای تيادابوو. وەك ئەوەی لە لاپەڕەكانی ئەم پەڕاوە بەردەستی بەڕێزتاندایە و دەیوت دەبێت لە 10 خولەكدا وەڵامم بدەنەوه.
ئەمە لەلای هەمووان شـتێكی تازه ‌و نامۆبوو. بۆیە كەسمان بۆی نەدەچووین و پەیمان پێـنەدەبرد. نەماندەزانی‌ مەبەست لەم ژمارە و نيگارانە چیه؟‌
ئەویش بە زەردەخەنەوە وەڵامی دەداینەوە كە زۆر زۆر ئاساییە، كەسانی پێش ئێوەيش هەر وەك ئێوە بوون نەیانتوانیوە هاوكاری لەگە‌ڵدا بكەن چونكە لە وڵاتانی ئێوەدا لەم جۆرە گەمەیە‌ باو نیە. ئەمجا بە شـێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك مەبەســتی دیاریکردنی ئەو ژمارە و نيگارانەی باســـدەكرد و بۆی ڕووندەكردینەوە چ بۆ فێربوونی زمان و چ وەك زانیاریيەكی تازە كه ‌بە گەمەی مێشك بە ژمارە و نیگار‌ ناوی دەبرد.
چەند ڕۆژێكمان بەهەمان شـێوە ‌بەسەربرد تاكو وامان لێهات زۆر زانیاری لێوە فێرببین و بتوانین پەی پێبەرین و بچینە ناو مەسـەلەكانەوە. بەڕاسـتی ئەمە سـەرنجی ڕاكێشـام بەتایبەت كاتێك دەمبردەوە ماڵەوە و پیشانی منداڵەكانم دەدا، ئەوان تاڕادەیەكی زیاتر زانییاریان لەسـەری هەبوو. ڕۆژێك بەتایبەت چوومەوە لای مامۆستاكەم تاكو زیاتر مەبەست و گرنگی ئەم پرسیارانەم بۆ ڕوونبكاتەوە. لەوێ خۆشبەختانە مامۆستایەكی بەتەمەنی لێبوو عارەبی تاڕادەیەك دەزانی، ئیتر ئەوە بۆ من بووە فەریادڕەس و كارەكەمی ئاسانــتركرد. زۆر شـتی دیکەیان بۆ باسكردم، لەوانە، گوتیان كە ئەمە لە خوێندنگەكاندا وەك وانەی خوێندن بەكارناهێنرێت بەڵام بە فرەوانی لە دەزگەکانی دیکەی فێربووندا پەیڕەو دەكرێت، هەروەها بۆ مامۆســتای پۆل هەیە جارجارە خوێندكارەكانی پێــ تاقیبكاتەوە تاكو‌ بزانێت ڕادەی وەرگرتن و بۆچوون و خێراییان له ‌وەڵامدانەوەدا چۆنە. بەڵام زیاتر كە ئێمە بەكاریدەهێنین بۆ تاقیكردنەوەی ڕادەی تێگەیشتن و بۆچوونیان و ژیری و فرەوانكردنی مێشكە و چۆنەتی مامەڵەكردنه لەگەڵ ژمارەدا. ‌ئەمە لە هەموو خولەكانی فێربوون بەهەموو بەشـەكانیەوە ئيتر زانستی بێت، پیشەیی بێت یا ئابووری و ...هتد گرنگی خۆی هەیە.
وەك مەســەله فێركار‌ی پێـتاقیدەكرێتەوە تاكو بزانرێت تا چ ڕادەیەك توانای وەرگرتن و خێرا وەڵامدانەوە و ڕاپەڕاندنی هەیە. ئەو بەڕێزە بەردەوام دەیوت:ـ
«ئێمەی مرۆڤ دەبێت هەوڵبدەین بچینە ناوەڕۆكی مەسەلەكانەوه، خۆ ئەگەر دڵ و مێشكت بەتەواوی ‌لەلای‌ نەبێت، زۆر ئەستەمە پەی پێـبەریت. كەواتە بە ســادەیی وەریان مەگرە تاكو بتوانیت بەئاسانی بە ناخایدا شـۆڕببیتە‌وە و بەئاسانی بگەیتە ‌دوامەبەست، بەمەیش زیاتر ئاسووده ‌دەبیت».
جا كە ئەو بەردەوام مێشك و دڵـی دەهێنایە ئاراوە، منیش لەبەر خۆمەوە هەزاران ڕەحمەتم بۆ گیانی پاكی حەزرەتی مەحوی دەنارد كە لە بەیته شــیعرێكیدا‌ ئەوە دەسەلمێنێت و دەفەرموێت:
سەر كە جۆشێكی نەبێ من زرگە تاڵم بۆ چیە
دڵ كە هۆشێكی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چیە
هەرچەندە لە ڕووی زانستەوە تەنيا هەر مێشكە هەموو ئەركەكانی ژیری و تێگەیشتن و ... دەكات، دڵ هیچ كارێكی نیە بە سەریانەوە تەنيا ترومپایەكە بۆ پاڵپێوەنان و هەڵمژینەوەی خوێن لە لەشدا. ئەم گوتەیە كە بۆتە باو هەر لە سەرهەڵدانی مرۆڤەوە هەر وا وتراوه و ‌دەگوترێتەوە. ڕاستە درۆیەكی بەربڵاوی بیســتراو باشـترە لە ڕاســتیەكی نەبیسـتراو، بەڵام بەڕاسـتی ئەوەی زياتر ســەرنجی ڕادەكێشـام قسـەكانی بوو.
بۆ نموونە بەدەم نیگارەكانەوە كە دەیخسته سەر تەختەی نووسینەكه ‌و گەورەی دەكرد، دەیوت لەوانەیە ئەم نيگارانە لای من جوان بن بەڵام هیچ مەرج نیە لای ئێوە وابێت، چونكە هەر كەسە لە دیدە و ڕوانگەی خۆیەوە بۆی دەڕوانێت، بۆیە پێتان دەڵێم كە هەر كەسـە بەپێی توانای خۆی‌ چۆنی بۆدەچێت وا باسـیان لێوەبكات.
بەهەرحاڵ ... ئەمانە زۆر سـەرنجی ڕاكێشام. دوای ئەوەی ئالانی كوڕم و جوانیی كچم زانییان كه مەبەستمە فێربم، لە ڕۆژی پێشانگەی هەرزانكردنی پەڕاودا، دوو دا‌نەیان لەو بوارەدا بۆ كڕیم. ئیتر خەیاڵی ئامادەكردن و وەرگێڕان و بەدواداچوونی ئەم بابەتانە كەوتە خولیام. هەرچیم نەتوانیایە چ لەڕووی زمان و چ لەڕووی شــیكاریيەوه منداڵەكان و هاوسەرەكەم فریامدەكەوتن. لەم دوایيەيشدا‌ كاكە بەختیار صەمەد هاوسەری كانی كچم هاتەپاڵ هاوكاريكردنم. خۆشەویستی و پێزانینم بۆ هەموویان كە كاتی خۆیان تەرخانـدەكرد لەم كارەدا، چونكە كات لەم وڵاتانە هێنده گرنگ و هێندەيش كەمە كه مرۆڤ نازانێت چۆن فریای كەوێت.
زۆرینەی كات دەچوومەوە لای مامۆستا‌كەم كە بۆ یەك سـاتیش‌ نەك هەر دڵتەنگیم لە سـیمایدا هەست پێــنەدەكرد، بگرە زیاتر هاندەرم بوو بۆ وەرگێڕان تاكو هاوزمانم لەم جۆرە زانستە سـوودمەند بن. ئەمە له ‌خۆیدا لێبوردوویی و هەسـتی مامۆستاییانەی خۆیەتی، بۆیە بەندەيش بەوپەڕی ڕێز و سـتایشەوه ‌لە سـایەیدا دەسەودامێن دەوەستام.
ڕاستە كه خەون و حەسـرەتی مرۆڤ هەر چەندە كاتیشی بەسەردا بچێت بەها و زیندوویی خۆی هەر دەمێنێت و لە دەستی نادات. جا ئەم پرۆژەیەم خەونی چەند ساڵەم بوو. كاتێك ئەم مەسەلەی وەرگێڕانەم لای دوو سێ برای زانستدۆست و ئەدەبدۆست و پەروەردەدۆست بە مەبەست باسكرد، وەك برای خۆشەویست و بەڕێزم مامۆستا خەسرەو مستەفا كە بەڕێوەبەرم بوو لە ئامادەیی ئەزمـڕی كوڕان بۆ بەندە ناشێت پێدا هەڵدەم چونكە هەرچی بنووسم كەمە، تەنيا ستایشی لەنێو خەڵكی شارەكە و خوێندكارەكانی بەسـە بۆ باسـی جوامێری و خۆبەختی و خۆنەویسـتی و هەوڵ و هیمەتی لەپێناو وشەی بەرزی مامۆســتایی و پەروەردەكردنی ڕۆڵەی گەلدا، كە من و چەندینیــتر لە بەڕێزیەوە فێری ڕەوشتی بەرزی مامۆستایی بووین. هەروەها برای بەڕێزم كاك ئەسـعەد قەرەداخــی لە وەڵاتی سوید كە له باسـیدا هەمدیس ڕێ بەخۆم نادەم چونكە جێ پەنجەی دیارە لە بوارەكانی هونەر و زانستدا. هەروەها برای بەڕێزم مامۆستا ساڵح محەمەد ئەمین لە هۆڵەندا كە لە مێرخاسی و بڕشتی خامەكەیدا ناتوانم هیچ بڵێـم و باسی لێوەبكەم، بەلایانەوە كارێكی پەسند و شــیاو بوو، هێندەیتر ســووریكردم لەسەر پڕۆژەكەم.
ڕاســتە كه ‌دەڵێن قەدری زێڕ لای زێڕەنگەرە، زۆر هانیان دام، ئەم هاندانە لەم غوربەتە كوشندەیەدا گڕوتینێكی هێجگار زۆری پێدام، بۆیە قۆڵ و بازووم لێـهەڵكرد و خامەم تیژاند و، بیرم كۆكـكرد و خۆم هاوێشـتە ناو مەیدانی ئەم كارەوە.
ڕۆژ و شەوم دەخستە سەریەك، گشـت كتێبخانەكانی شارم تەیكرد، لە هەر شـوێنێك لەم بابەتەم بەردەست كەوتایە خێرا دەمنووسییەوە و دەمخستە سەر ئەوانی دیکە.
خۆمم وەك كابرا دێوانەكەی ســلێمانی دەهاتە پێشـچاو كە لە ســەر جاده ‌و كۆڵانان هەر پارچە كاغەزێكی بديبایە هەڵیدەگرت و لە باخەڵی دەنا و دەیوت ئەمە ڕۆژێك هەر بەكەڵكی خۆی دێت. بەم شــێوەیە هەتا زیاتر دەچوومە ناوەڕۆكیەوە‌، هێندەی دی گوتەكەی مامۆســتاكەم بۆ دەســەلما ســەبارەت به بایەخدانی ئەم پەڕاوانە‌ بۆ گەشاندنی مێشك و زەین ڕوونكردنەوە.
گرفتی سەرەكیم له زمانی ئەڵمانیەكەدا هەبوو، چونكە زمانی نووسین و ئەدەبیان زۆر زۆر جیاوازە لە زمانی ئاخاوتـنیان. میللەتێكن لە چەند وەڵاتدا (ئەڵمانیا،‌ نەمسـا و زۆرینەی دانیشـتوانی ســویسرا ئینجا بەشێكیان لە وڵاتی چیك و پۆڵندا). هەر وەڵاتە و هەر شارە و بگرە هەر گوندێك بە ‌زاراوەیەکی شێواز دەدوێن جیاواز لەویدی، بەڵام ئەویـش چارەسـەری بۆ دۆزراوەتەوە، چونكە گەر مرۆڤ گەرەكی بێت بێگومان هیچ شـتێك له ‌ڕێگەیدا كۆسپ نابێت‌ و بە ئەقڵ و یارمەتی ئەم و ئەو كاری بۆ ئاسان دەبێت. بۆیە بە هەموویان زمانێكیان بەناوی (زمانی باڵا) ڕەخساندوە كە هەر هەموویان لە زانكۆ و ئامۆژگە و خوێندگە و ڕۆژنامه ‌و گۆڤار و كاروباره فەرمیەكانی خۆیاندا پەیڕەویدەكەن و پابەندن پێوەی. هەروەكو خۆیان دەڵێن فرەزاراوه خێروپێز بە زمان دەگەێنێت و دەوڵەمەندتری دەكات.
بەڵێ ... میللەتی زیندوو لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا ئاوا كارەكانیان بەڕێوەدەبەن.
بۆیە گریانم بەحاڵی میللەتێكی بەشـخوراوی وەك خۆمان دێتەوە كە هەرایە لەسەر ئەوەی چ زاراوەیەك ببێتە فەرمی، كەس گوێی لەوی دی ناگریت بۆ فەراهەمكردنی فەرهەنگێكی باڵا كە هەموو زاراوەكانی لە خۆگرتبێت.
"ڕەمـزی" لەم‌ بەیتە شــیعرەیدا‌‌ دەسـتنیشانی ئەم نەخۆشیەی كردووه و دەفەرموێت:
هەر غەیبەتی ئەم و ئەوە هەر مەجلیسێ ئەچــی
هەر كردنـی شــەنووكەوە هەر كۆمەڵـێ كه كۆن

هیوادارم كە ئەم پەڕاوە ساوایە شــیرینچەش و ڕەزاسووك و سـوودبەخش بێت بۆ هەمووان، وەك سـۆڵەیەكی پڕشنگداربێت بۆ ماڵەكانتان، چ جای بیر و بۆچوونتان. هەروەها پۆڵوویەكی سوور و بەتین بێت بۆ جۆشدانی بیر و مێشك، چوون بەرەو جۆرێكیــتری پێشكەوتوو لە زانست.
دەيشیكەمە دیاریەك بۆ ئەو مامۆسـتا بەڕێزانەی كە یەكەمین مۆمی وشه ‌و ژمارەیان لە بەر دیدەمدا داگیرساند و ڕیشەیان لە مێشكدا داكوتا تاكو لە تاریكستانی نەزانین دەربازببین و بەرەو زانسـتخوازی و خۆناسین و خۆشـەویسـتی هەنگاوبنێین، لەتەك‌ پەرۆشی بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی ڕۆشنبیر و بەئەمەك بۆ گەل و نیشــتمان.
ئەمجا بۆ ئەو مامۆسـتا كۆچكردوانە كە هەردەم لە یەزدانی میهرەبان خوازیارم، بە بەرتەقای ئەو خوێندكارانەی پێانگەیاندوون، ئەو وانه ‌و ئەو وشانەی بە لەخۆبوردووییەوە پێیاندەبەخشین، لێیان خۆشـبێت و بە بەهەشتی بەرینیان شادبكات. لەوانەیش مامۆستايان: ئامینە حەسەن، فاتمە بابان، بەهێ فەتحوڵڵا، سەعادەت ئەحمەد عەزیز، جلال محمد، تاهیر یەحیا بابان، محمد توفیق، شێخ محمد قەرەداخـی (خەتیبی سـلێمانی)، عەبدولمەسـیح ئەسكەندەر و حاجی باقـی، جەمال جەلال قەرەداخـی و كەمال جەلال و ئيبراهیم فەرەج و تۆفیق شەفیق و عومەرعارف و چەندين بەڕێزانی دیکە كە شەرمەندەم لە ئاستیاندا به ‌لێبوردنەوە ناتوانم هەموویان تۆماربكەم {ئەو كاتە‌ هەتا پۆلی پێنج لە خوێندنگەی گۆیژەی سەرەتایی كچان بووم}.
هەروەها بۆ ئەو بەڕێزانەی كه لە ژیاندان‌ هەر هەمان پاڕانەوەم هەیە بە تەندروستی و تەمەن درێژی و ڕێزەوە ژیان بەرنەسەر، ئەگەر ئێمە لە هەر ئاستێكدا بین، ئاستی گەورەیی و گرانبەهایی ئەوان زۆر باڵاترە‌‌.
پێشــكەشــە بەو لاوە پێگەیشتووانەی پێشخستنی وەڵاتیان گرتۆتە ئەستۆ و كەمتەرخەمی ناكەن. بارودۆخ هەر چۆنێك بێت مەبەستیان پێگەیاندنی نەوەی نوێیە، بیروبۆچوونی نوێیە، زانستی نوێیە، بەتایبەت ئەو قەڵەمە نوێیانەی هاتوونەتە مەیدانی تێكۆشان.
داوای لێبوردن دەكەم لە كەموكووڕی چونكە هەر هێندەم لە توانادایە و وەك لە ناو كوردەواریشدا باوە «دیاری شــوان هەر هەڵەكۆكە و لووشە»!
هيوادارم لەم نووسينەمەوە ڕا توانيبێتم چەند مەڵۆیەكم خستۆتبێتە سەر شاراگەل و خەرمانی زانست و پەروەر‌دەی كوردی، چونكە لە ماوەی تەمەن و ژیاندا، خزمەتكردنی میللەت بە هەر شێوەیەك بێت یەكیكە لە گرنگیەكانی سەرشانمان.