ئەگەر بۆ هەر مەبەســتێك، ڕۆژێك ڕێم بكەوتایە بەغدا یان هەر شارێكی دیکە، خۆم بە نامۆ دەزانی و گەرەكم بوو زوو كارەكەم ڕاپەڕێنم و بگەڕێمەوە قیبلەی دڵەكەم، شـارەكەی هەڵمەت و قوربانی، شـارەكەی شـێخی نەمر و لانكەی ســێكوچكەی بابان و شــاعیران و ئەدیبان و ڕۆشــنبیران و شـۆڕشـگێڕان و سـەرقافڵەی دەســتەی شــەهیدان و هەوارگەی تين و بڵێســه… سلێمانی.
دەك هەزار هێندەی خاكی سەر مەزاری پیرۆزت، ڕەحمەت و دروودت لێـبێت جەنابی شـێخ ڕەزای تاڵەبانی كە فەرمووتە،
مەڕبووتە حەیاتـم بە ســولەیمانـی و خاكــی
خۆزگەم بە سەگی قاپیەكەی ئەحمەدی كاكی
خۆزگەم بە سەگی قاپیەكەی ئەحمەدی كاكی
چونكە هەر ساته دووریيەكی لەلام بە سـاڵ بوو، چەندجار لەبەرخۆمەوە دەموت:
- ئاخۆ ئەو كەسـانە چۆن دەتوانن بۆ ماوەی درێژخایەن لە وەڵات و كەسوكار دووربن! یان چۆن غوربەت هەڵدەبژێرن و ژیان بەسـەردەبەن؟
- ئاخۆ لە چ بارێكی دەروونیدا خۆیان دەبـيننەوە؟
- ئاخۆ هەڵسـوكەوتیان لەتەك دەوروبەردا چۆنچۆنی بێت؟
چۆن خۆزگەخواز و هاوڕێی نەڕه و تووڕەیی عەولەســـیسـەكه و شـەهیدانی بەردەركی سـەرا و هاوڕێیانیان نەبم، كە خوێنی گەشــیان هەتا ئێستا وا به بەردەركی سـەراوە و مافی نەسـێندراوه و گشـت هاوار دەكەن دەخیل باوەڕ به دوژمن مەكەن؟
چۆن نەبمە زێوانی پیرۆزگەی ئەو گیانفیدا و دلێرانەی، وەك ئەستێرەگەشەكەی بەربەیان ئارامیيان بە دڵی ئێمە دا كە میللەت هەرگیز نامرێت و بانگی شــۆڕشـی نوێ ئازادی و سەربەستییان جاڕدا. هەزاران لاوی گیان لەسـەردەسـت و چەندين ڕۆڵەی پاڵە و ڕەنجدەر باڵای شـەهیدییان پێـبڕاو، بە سـروودی ئەی ڕەقیب ـەوە، شـانازانە بەرەو سەروەری دەچوون ڕێگەی ڕزگاری كورد و كوردســتانیان ڕۆشــنكردەوه؟
چۆن شـیعری شـاعیران و بۆچوونی نووسەرانی وەك مەحوی و نالی و مەولەوی و وەفایی و حاجی قادر و خانی و بێخود و شـێخی خاڵ و مەسعوود موحەمەد و شێخ سەلام و قانع و بێكەس و نووری شێخ ساڵح و دڵدار و جگەرخوێن و سافی و هەردی و گۆران و كەمالی و ئەخۆل و هێمن و شـێخ حەسـیب قەراخـی و كەشتی نووحەكەی نەجمەدین مەلا و كاكەی فەلاح و…. له یادكەم؟
چۆن دەسەودامێنی ئەو نزرگە پیرۆزانە نەبم كە یەكەمین ژماره و پیت و وشـەیان فێركردم؟
جا خۆ گەر وانەبم ئەوا بێئەمەكییە و لە وەسـیەتەكەی باوكی ڕەحمەتیم لادەدەم!
دواتر ... ئیتر دەبێت چ بڵێم و چ بكەم غەیرەز ماڵینی ڕاڕەوی خوێندنگەكان نەبێت، ئەویش ئەگەر پێم ڕەوا ببینرێت؟
یاخود ڕاگرتنم بە زێوانی پیرۆزگە و مەزاری شكۆمەندی ئەو كەڵەمێر و جەوامێرانەی كە خوایشتانە بۆ گۆشكردنی مێشك و بازوو خۆبەخش و خۆبەختبوون...
دیسان ئەگەر پێم ڕەوا ببینرێت!
كەسێكی وەك من بێ ئەوەی خۆم بۆ ڕۆژێك یان تەنانەت بۆ تاوێكیش بەخەیاڵمدا هاتبێت كە غوربەت هەڵبژێرم، كەچی نەمزانی چەرخـی چەپگەردی بێباك بەجۆرێك دەســاڕی گەڕ دا كە هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات لەم خەزانەی تەمەنەمدا، دوور لە خاك و نیشتمان، لە كەسوكار و خزموخوێش، لە دۆست و ئەحباب خۆم و خێزانم ڕاپێچی نەویست بكات و لە وەڵاتێكی نامۆدا توندم بكات.
ئـــــای غوربەت...كە پەیكانت كوشندەیە!
هەزاران ڕەحمەت لە گڵكۆی پیرۆزت سالم كه فەرمووته:
ئاخ و داخ دڵ غافڵە نازانێ قیسمەت چی دەكا
ئەمڕۆ وا لێرەم بەڵام ئاخۆ بەیانـی كوێـم دەبا
شـاتری تەقدیر كە پێشكەوت ڕاتدەكێشێ و تۆ دەڕۆی
كاتـێ دەیزانـی كەوا خسـتویتیە ناو دامـی بەڵا
ئەمڕۆ وا لێرەم بەڵام ئاخۆ بەیانـی كوێـم دەبا
شـاتری تەقدیر كە پێشكەوت ڕاتدەكێشێ و تۆ دەڕۆی
كاتـێ دەیزانـی كەوا خسـتویتیە ناو دامـی بەڵا
بەهەرحاڵ ... ئەمە ژیانە و وا هاتووە، نابێت چۆكــی بۆ دادەم، دەبێت ئەزمەندە و توانای خۆمی بەسەردا بشكێنم و زاڵبم، چونكە ژیانی غوربەت چەندە لایەنی نەرێتی هەبێت هێندەش لایەنی ئەرێنیشی هەیە كە لە هەركەسێكدا بە چەشن و جۆرێك دەردەكەوێت.
ئەوەتا هەر لە غوربەتەوە چەندین شاكاری نووسین و داهێنان سەریهەڵداوە!
بەڵام دەمەوێت ئێوەی بەڕێز باش ئەوە بزانێت كە خۆشەویستیم بۆ خاك و گەلەكەم و شارەكەم، كە یەكەمین هەناسەم بە گڕووگاڵی گریانەوە تێدا دا، ئێستا هەمووی هەنسكە بەڵام بە سۆزێكی دیکە بۆ كەسوكار و دۆستانم، بۆ ئەو خوێندکارانەی بە دڵوگیان وانەی فیزیا و ماتماتیكم پێدهگوتن ... سـيماي ئەم خۆشەویستانە بە شـێوەیەكە كە هەرگیز لە یادم ناچن و هەميشه لەتەك هەر هەنگاوێكمدان، لە ڕەشــێنەی چاوەكانمدا پله و پایەیان دیارە. بۆیە گەر ئەو ڕەشــێنەیە بكەمە مەرەكەب و لاپەڕەی بیرەوەرییەكانمی تێدا تۆمار بكەم به شایستەیانی نازانم و هێشتا ناتوانم لە هۆگرییان دەرچم.
بڕوا ناكەم كەس لە هەنداران كەمتەرخەم و دەســتبەرداری هاوهۆزی بێت، سەرەڕای ئەو هەموو باره دەروونییەی تنۆك تنۆك غوربەت له پەناوە هەڵیدەڕژێت.
بەردەوام دڵی لەتەك ترپەی دڵی هەمووانە و هەموو یادگارییەكان به تاڵ و شیرینییەوه هەر دەم لە خەیاڵدا جێگەی گرتووە و بەهەر شێوەیەك بێت كەم تا زۆر دەیەوێت خزمەتـی گەل و نیشـتمان بكات.
لای من هەر بەلێدانی زەنگی دوور و درێژی تەلەفۆن كە نیشانەی پەیامی دوورە، هەر وەك سەگ ئاساكەی ئیڤان باڤلۆڤ Ivan Pavlov (1936-1849ز) ی ڕووسی گوێم تامەزرۆی نووزە دەنگێكی دوور وەڵاتم دەبێت.
هەر لەو كاتەی پێم لە هەندەران گیربوو، مەراقی كارێكی پێویست و خزمەتگوزار بووە خولیام. به ئاواتەوه بووم له بواری پیشەكەی خۆمدا خزمەتێكی گچكە بە هاوزمانم بگەیەنم. لەوانەیش گەڕان بەدوای زانستێك كە بەلای خوێنەری ئێمەوە نامۆ و بەسـوودبێت و تاڕادەیەكیش نامەخانەی كوردســتانی پێ ئاوەدان بێتەوه.
سـوپاس بۆ یەزدانی مەزن كه توانا و گوڕی پێـبەخشیم و كارەكەمی ڕەخساند.
ئەمجا وەك با لە گوڵشەن و گوڵزاراندا هەر شالوورە و بە هەوا و خواستی خۆی دەچریكێنێت و ســۆز دەوەشێنێت. ئەمه بۆیە دەڵێم تاكو هەر بەڕێزە بە ئارەزووی خۆی لێی بڕوانێت و بڕیاری لەسەربدات.
وەك لای هەمووان زانراوە گەر وشـە نەبوایە ئاخافتن، گفتوگۆ، دەمەتەقێ، لەیەكتر گەیشتن كارئاسان و گونجاندن نەدەبوو. هەر لەسەر ئەم بیرۆكەیه ... بەندە بەهۆی یارمەتی شـارەزایان و پسـپۆرانی ئەم چەشـنە زانستە توانیم تاڕادەیەك ژمارەگەلێك بكەمە وشـە و ڕسـته و پرسیار و نیگار. بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر ڕیزبەندیان بكەم كە یارمەتی و كارئاسانی بداتە خوێنەر و ڕادەی تێگەیشتن و كردنەوەی مێشك و ژیری و زانستی، دانایی خۆی پێ بەرەوپێش ببات و، مەودایەك بۆ خۆی بڕەخسێنێت.
بەخۆی بڵێت كه «مرۆڤ لەپێناو فێربووندا دەژی و فێریش دەبێت بۆئەوەی بژی».
واتە دەبێت بەردەوام بیربكاتەوە بۆ بەرەو پێشـچوون، بەرەو خۆدرووستكردن، هەر وەك دیكارت Descartes Rène (1650-1596ز) دەبێژێت:
« من بیردەكەمەوه ... كەواتە من هەم». كەواتە بیركردنەوه و هەوڵدان لەخۆیدا هەنگاونانە بەرەو پێشــچوون و ئاســوودەیەكی ئەقڵی و لە خۆڕازیبوون. هەرئەم هەوڵدانەيشــه بە هەموو ڕەهەندیەكانیەوه ڕاتدەكێشــێتە ناو جیهانێكی دیکە.
كەواتە ئامەدەباشی ئەقڵی مرۆڤ لە هەر بوارێكدابێت بەدەست خۆیەتی. بەڵام ئەوەی بەندە مەبەستێتی پەروەردەكردنی ئەقڵە بەرەو باڵاتر و فرەوانتر ئەویش هەر بە وەرگرتن و فێربوون. لەمەيشدا لەوانەیە پێویستت بە كەسانێكی دیکە هەبێت كۆمەكت بكات كە ئەمە لەخۆیدا لە خۆبوردوویی دەردەخات كە لە كەمینەدا هەیە. هەندێ لە زانایان ڕایان وایە بیر و هزر بریتیه لە بەرجەستەبوونی ئەو شــتانەی كە لە مێشكدا هەن. ئەمەش بەهۆی هەركام لە هەستەكانەوە بێت بەرجەسته دەبێت و قاڵبێكی دیاریكراوی خۆی وەردەگرێت. بۆیە زانای ئەڵمانی فیورباخ Ludwig Feurbach (1804-1872 ز) دەبێژێت: «فەلسەفەی ڕاستی ناسین ئەو شـتەیە كە بوونێكی هەبێت».
ئەم ناسینەيش بەهۆی تاقیكردنەوه دێته ئەنجام، تاقیكردنەوەكانیش بەهۆی هەستەكانەوە پەی پێدەبرێت.
كەواتە بێگومان مرۆڤ خاوەنی لێهاتوویی و توانای ئەقڵی جۆراوجۆرە. هەر بەهۆی ئەم ئەقڵەوە كە هەیەتی دەتوانێت بگەڕێت بەدوای ڕاسـتی و نهێنیەكانی ژیان و گەردوون و چەندین تێز و لێكۆڵینەوەيش بهێنێتە ئاراوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی كە ئەمە بڵێم،
پێغەمبەر محمد (د.خ) دەفەرموێت یەكەمین شـتێك كە خودێ ئەقڵی مرۆڤی پێ ورووژاندبێت قەڵەمە، بۆیە یەكەمین فەرمان پێیفەرمووم، بخوێنە!! منيش پێمــگوت:
چی بخوێنم كە نەزانم بخوێنمەوە!؟
فەرمووی: بخوێنە، بنووسە، هەموو شـتێك هەتا ڕۆژی قیامەت!
مەهابهاراتا Mahabaharataكە بەهاترین و پیرۆزترین نووسـيندەیە لە مێژووی گەلانی هيندســتاندا بەر له 500 پ. ز لەلایەن ناســك (زاهید)ێكی هیندی بەناوی ڤیاسـا Vyasa بە زمانی سـانسـكریتی دانراوه. ئەم نووسـيندەيه بریتیه له دووسـەد هەزار بەیتی 12000 لاپەڕەی 18 بەند (دەشێت هەرلەبەر ئەمەیش بێت كه ژمارەی 18 بەهایەكی تایبەتی هەیە لایان).
جا سەرەتا ڕســتەی نووسـیدەكەیش بەم ئاخاوتنە دەسـتپێدەكات:
ــ "تۆ دەتوانیت بنووسـیت؟
ــ نەخێر!
ــ بەڵام ... بۆچی؟
ــ تاكو داستان و بەسەرهات و مێژووی گەلەكەت بۆ بگێڕمەوە".
ئەمە لە خۆیدا پێویست بە ڕوونكردنەوە ناكات، تەنیا هێندە دەڵێم كه دەبێت قەڵەم بەمانا فەلســەفیەكەی (واتە، بیر، هۆش، ئەقڵ، دانایی، زانایی ...) لێكبدرێتەوه!!
جا تا ژیان هەبێت ... مرۆڤ پێویستی بە قەڵەم و ڕۆشـنبیری و گەڕانە بەدوای زانیاری. كەواتە ئێمەی مرۆڤ تا لە سەرچاوە سازگارەكانی زانسـت و هونەر و ئەدەب زیاتر بنۆشین، ئەوەندەیــتر بیروهۆشـمان ڕۆشـنتر دەبێت، ئەوەندەیتر و بە چەنین جاریش ڕەگ و ڕیشەی تاریكی و جەهالەت لە دڵودەروونماندا هەڵدەتەكێت و بەرەو نەمان ڕۆدەچێت. زانای بەناوبانگ ئەلبێرت ئەینشتاین Albert Einstein (1879 - 1955 ز) دەبێژێت: «زانست ســروشتی زۆرینەی مرۆڤ دەگۆڕێت».
كەواتە زانست و ڕۆشنبیریی تا نەچیتە ناوەڕۆكیەوە نازانیت كە چ زەریایەكی بێبن و بێلێوارە. ڕۆشـنبیرییش تەنیا هەر خوێندن و خوێندنەوە و نووسین نیە.
زانایان پێیانوایە كه مەبەست لە مرۆڤی نەخوێندەوار هەر تەنیا خوێندن و نووسینی نیه، بەڵكو بەكارنەهێنانی مێشـكێتی بۆ تێڕوانینی دەوروبەر لە زۆر دیاردەی گرنگی ژیان. بۆیە بە پێویستی دەزانم بڵیم كە ڕۆشنبیریی بە هەموو واتا و لێكدانەوەیەكیەوە بیروباوەڕه ... ڕێبازه ... بەهایه ... فەلسەفەیه ... زانینه ... زانسته ... هونەره ... وێژەیه ... تەكنۆلۆژیایه ... ڕەوشی ژیانه بە هەموو واژە و ڕەفتارێكیەوه ... هۆشیاركردنەوەی ئاوەز و ژیرییه ...هتد. مرۆڤی ڕۆشـنبیر كە ئاوەز و ژیرێتی هەمیشە پێشەنگێتی و زمانیشی ڕێنماكەری دەوروبەرێتی هەرگیز ڕەدووی شتێك ناكەوێت لەگەڵ ئەو دووانەیدا نەسازێت. زانست و زانین هەمیشە دەبێت لە خزمەت مرۆڤایەتی و مرۆڤ دۆستیدا Humanity بنیاد بنرێت دەنا گەر وانەبێت سەدان هێرۆشیما و هەڵەبجە لە دووبارەبوونەوەدایە.
لای هەندێك وایە زیرەكیی و ژیریی مرۆڤ بەهرەیەكی خوابەخشە، بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین كە ئەم بەهرەیە دەبێت هەوڵ و كۆششی لەگەڵدا بێت تاكو لایەنەكانی ئەو دانایی و زیرەكییە بەرەوپێش بچن.
مەبەست لێرەدا ئەوەیە كە هیچ شتێكی وەستاو لەم گەردوونەدا نیه. كەواتە زیرەكیی و بلیمەتیی و ژیریی شـتێكی وەستاو نیە، بەڵكو بەردەوام لە زیادبوون و فرەوانیدایە. هەندێکجار ڕوودەدات كە ماندوویـی لەش و مێشك وا لە مرۆڤ دەكەن زۆر شــت لەیاد بكات، هەتا ئەو ڕادەیەی كە جاری وا دەبێت ناوی خۆی یان نزیكترین كەسی لەیاد بچێت ئەگەرچی لەسەر زمانیشی بێت. ئەمانە جگە لە شــەكەتی ماسـوولكەكان و ماندوویی میشـك زیاتر هیچیتر نیە و هیچیش پەیوەندی بە زیرەكی و ژیری و داناییەوە نییە. ئەمانە ئەوە ناگەێنن كە خۆمان بە نەدان بزانین. خۆ گەر وا بیربكەینەوە ئەوە دەكەوینە گەورەترین گێژاوی هەڵەوه!
بۆیە لەسەر هەر یەك لە ئێمەی كورد پێویستە كە هەوڵی فەربوودانه بدەین بۆ بەرەو پێشـچوون لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەت لە ڕووی فیكریەوە. دەبا ئیتر لەو قاوغە بەردیوە دەرباز ببین كە لە ناویدا دیل و پابەند بووین. با هەریەكەیشمان لە خودی خۆی بپرســێت:
ئایا دەتوانم لە ئێسـتام باشــتر بم؟
ئەگەر باشتربووم ... چۆن بەرەو پێش بچم؟
بەمه ... دەرووی ژیانمان دەدۆزینەوە. جا ئەو مرۆڤـەی هەوڵنەدات بێگومان ڕۆڵێكی كاریگەر و چالاكیشی لە دروسـتكرنی كۆمەڵگەدا نابێت بەتایبەت لەم سەدەی21 دا. نەبوونی مرۆڤـی كارامە و چالاك لە كۆمەڵگەی ئێمەدا گەورەترین نەهامەتی و كارەسـات بەرهەم دێنێت و چەندین كارەســاتی چاوەڕوان نەكراوی تریش دێنێتە بەردەممان.
چونكە زانست و زانین و ڕۆشنبیری چ بۆ تاك و چ بۆ نەتەوەیش دەسەڵات و هێز و توانایه Power ability، نەتەوەی كوردیش بێ ئەو دوانە شانسی مانەوەی نییە و لە ڕیشە دەریدەهێنن. بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەك كات بە با بدەین، چونكە گرنگترین شـتێك لە ژیانــی ئێمەی مرۆڤدا هەر كاتە. ئەگەر ئێمە نەتوانین خۆمانی بۆ بنیێنەوه ئەو بەجێمان دەهێڵێت و دەڕوا، كەسـیش نەیبیستوە كات بوەستێت یان بگەڕێتەوە بەڵكو هەر بەرەو پێش چووە و بەرەو پێشیش دەچێت، ئەوەیش بزانە كە كات بەهرەترین پەیكەرتاشـییە. ئەوەی لە نهێنیەكانی تێبگات ئەوا جوانترین و شــۆخوشــەنگترین پەیكەری زەمانە بۆ خۆیـی دەتاشــێت و پێشكەشـی هاوزمان و مرۆڤایەتـی دەكات.
بۆیه دەبێت بە دەنگێكی زوڵاڵ هاوار بكەین و بڵێین ئێمەش هەین و بوونیشـمان پڕمانایە.
خوێنەری بەڕێز... كاتێك دەچیتە ناوەڕۆكی ئەم نووســینەوە، دەقاودەق ژماره و نیگارەكان لە مێشكدا بەرجەستەدەبن، هەوڵی لێكدانەوە و تاقیكردنەوەی لەگەڵياندا و تێڕوانینت لەسـەر هەر یەكەیان بەجۆرێك دەبێت كە ئەمەش لەخۆیدا ڕاكێشــانی بیروبۆچوونی مێشـكە و بەرجەسـتەكارییه كە مرۆڤ تیێدا هەســت بە بەرەو پێشـچوون دەكات ... ئابەمەیـش دەتوانین بڵێين كه ئامانجمان پێكا.
دواهەنسكم ... هەر كەموكووڕی و هەڵەیەكت بەدیكرد بەندە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە وەریدەگرێت. هەر پێشنیارێكتان بۆ هەوڵی چاككردنی ئەم بەرهەمۆكەیە هەبێت، دیسان لەبان هەردوو دیدە دەبێت، چونكە مەبەستی گشـتمان تەنیا هەر پێشخسـتنی هەمووانە لەپێناو گەشــەپێدانی ڕادەی زانسـتی و ڕۆشـنبیری گەلەكەمان.