تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاوەژوو
[[ئاواژ+ئوو]]
«سمفـ.»، «مکـ.» ۱- پێچەوانەی باری ئاسایی، هەڵگەڕانەوە «بۆ هەموو شتێ». ۲- بەروپشت کراو «بۆ جل و پۆشاک». بە ئاوەژوو_ «بنتـ.» بە شێوەیێکی پێچەوانە. بەراوەژوو_ «ستـ.» حاڵی جل و پۆشاک کە دیوی ناوەوەیان خرابێتە دەرەوە، بەر و پشت کرابن: ئەوە بۆچی کەواکەت بەرئاوەژوو دەبەر کردووە ٭«سیمـ.، هڵل.» بەرەواژ. «بکـ» واژی. واژی بووین: لەجێ چوون، وەرگەڕانی جمگەی دەست و قاچ «تمـ: ژابا_۴۲۹». تێبــ.۱» بە لای منەوە کەرتی یەکەمی ئەم وشەیە «ئاواژ» لە وشەی «ئەپانک، ئەپاک، ئەپاچ» ی ئاوێستایی کەوتۆتەوە کە بە قسەی دوکتۆر معین «تمـ: بوڕهان. جـ۱_۲۱۷، پەراوێز/۹» لە قاڵبی «ئەپاچ» دا بە مانای «بۆ دواوە، دیسان» چۆتە ناو زمانی پەهلەوی و «باز» ی فارسی تازە هەر بەم مانایانە و چەند مانایاکی تر لێ کەوتۆتەوە «ئەواژ» ی بن لەهجەکانی سلەیمانی و هەولێر وەچی ڕاستە و خۆی «ئەپاچ» ی ئاوێستایین و «ئاواژ» ی موکوریانی قۆناغێکی تازەتری گۆڕانی وشەکە حیسابە. ب» بەوەیڕا کە «ئاوەژوو» لە قاڵبی سفەتی مەفعوولیدایە من وای بۆ دەچم کە دەبێ «ئەپاچ» ی ئاوێستایی لەو قۆناغەدا کە چۆتە ناو زمانی پەهلەوی قالبی «مەسدەر» ی وەرگرتبێ و زیاتر لەوە دەکا ئەم مەسدەرە لە شێوەی «ئەپاچتەن» یا «ئەپاچیتەن» دابووبێ بەڵام نە لە کوردی و نە لە فارسیدا مەسدەرێکی ئاوام بەرچاو نەکەوتووە ڕێگەی ئەوە بدا بڵێین وەچی ئەو مەسدەرە کۆنەیە کە «ئاوەژوو» ی لێ بە جێماوە.
ئاوەژوو کردن
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاوەژوو کردنەوە.
ئاوەژوو کردنەوە
«مستـ. متـ.» ۱-هەڵگێرانەوەی شتێک لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر. ۲-بەر و پشت کردنی جلک و پۆشتەنی: لە کوردەواری کە سەگ بلوورێنێ لینگە کەوشێک ئاوەژوو دەکەنەوە. ٭ئاوەژوو کردن.
ئاگر و دوو بڕان
«مستـ. لا.» ماڵ ویران بوون، ئاسەوار نەمان ● «ئاگر و دووی بڕێ» ماڵی ئاگری تێدا نەکرێتەوە و دووکەڵی هەڵنەستێ «بەو مانایەی کە کەسی تێدا نەمێنێ کە پێویستی بە ئاگر هەبێ.».
ئاگرودوو
[[ئاگر + و + دوو «دووکەڵ» ]]
«نتـ.» ١- «هلـ.» تمـ: ئاوردوو ٢- «سیمـ.»، «کنـ.» ئاگردان «بەنیشانەی ئاوەدانی ماڵ و بنەماڵە و خێزان» تمـ: «هبێد ــ ١» * وەجاغ.
ئاڵوو
[[پهـ: ئالووک، ئالووگ]]
«نا.» ١- دوو لووی بچووکن بە شکڵی بادام، لەولاولای گەرووی ئادەمیزاد، ئیشیان ئەوەیە گرموولەی سپی «کریات البیزاء» بۆ خوێن ساز دەکەن. * «عا.» لەوزەتەین. تێبــ. ــ جاروبارە هەندێ میکڕۆب پەلاماری «ئاڵوو» دەدەن و پەکی ئەوەیان دەخەن ئیشی خۆیان بە چاکی بکەن و کێم و چڵکیان تێدا کۆ دەبێتەوە، ئەگەر چارەی نەکرێ ئەو چڵک و کێمە دەچێتە ناو خوێنەوە و گورچیلەکان دەئاوسێن، پیاو بێ هێز و لاواز دەبێ. کە کار گەییشتە ئەم ڕادەیە دەبێ «عەمەلیات» بکرێن و دەربهێندرێن. ٢- دوو لووی پچکۆلەی ترن لە ژێر چەناگەوە، لە کاتی ددان ئێشە و گوێ ڕەپە و ئەوجۆرە نەخۆشییانەدا دەئاوسێن. ٣- هەموو ئاوساوێک لە لەشدا، کە ئەنجامی ئەوەبێ شوێنێکی تری لەش کوانی لێهاتبێ یا تووشی نەخۆشییەک بووبی و ژان بکا.: سوورە کوانێکی لە شانی هاتووە، ئاڵووی داوەتە بنەنگڵی. تێبــ. ــ ئەم وشەیە بە گشتی مەعنای شتی خڕ و گرموولە «کروی» یە و ئێستا بەم مەعنایە لە بیر چۆتەوە و لە شێوەی جۆربەجۆری تەرکیبیدا دەبیندرێ. هس.: ئاڵوو باڵوو، زەردەڵوو، هڵوو، هەڵووژە...
ئاڵوو هەڵدانەوە
«مستـ. متـ.» دەست پیدا هێنان و داماڵینی «ئاڵوو» لە دیوی دەرەوەڕا، بۆ نیشاندنەوەی ئاوساوییەکەی و چاککردنەوەی. تێبــ. ــ لە کوردەواریدا، کە ئاڵووکەوت بەم جۆرە چارەی دەکەن. ا» چەند بەیانییەک لە خورێنی، بە قامکی گەورە لە دیوی دەرەوە و لە ژێرڕا بۆ سەرەوە دەستی پێدا دێنن و جاروبارەش پەنجەیان چەور دەکەن تا چاتر گەرمی دابێنێ و پاشتر دابماڵدرێ. ب» چەند بەیانیان لە خوڕێنی پەنجەی گەورەی دەست دەنوشتێننەوە و قەفی ناوەڕاستی بە بەرزایی دەخەنە نێوانی دوو ڕیزی ددانەوە و ماوەیێک بەم جۆرە دەیهێڵنەوە. ئەمەیان تەنیا بۆ ئاڵووی قوڕگە. * ئاڵوو هەڵدانەوە.
ئاڵووناڵوو
[[ئاڵوو + باڵوو «؟» ]]
«نتـ.» ١- بەری دارێکی دەسچێنە هەر بەم ناوە، شکڵی خڕە، ڕەنگی سوورێکی مەیلەو ڕەشە، تامی شیرنە و تۆزی مزرە. لە کوردستانی ئێران زۆرە و لە هەندێ شوێنی کوردستانی عێراقیش هەیە. وەکوو میوەیێکی هاوینی دەخورێ و لە باتی ترش دەکرێتە هەندێ چێشتان، ڕیچاڵ و ڕووب و شەربەتیشی لێدەکرێ و دەخورێتەوە. وا مەشهوورە «سەفرا» دەشکێنێ و «دەغەز» دەپەڕێنێ، زۆر خواردنیشی کاری دەرمانی ڕەوانی دەکا. □ «سەفرا شکێنە، دەغەزپەڕێنە ئاڵووباڵوو !». ٢- داری ئەم میوەیە بە وشکی و بە تەڕی. * ئاڵووبەڵالووک، بەڵاڵووک.
ئایەکوو
«ئمـ.»، «سیمـ.» تمـ: ئاخوا.
ئوتوو
[[ڕووسی: ئوتیۆگ]]
«نا.» ئامرازێکی ئاسنە، گەرمی دەکەن و بەسەر جلی شۆراویدا دێنن تا چرچ و لۆچەکانیان ساف کات. تێبــ.ینی: جاران ئەم ئامرازە یا هەر پارچە ئاسنێکی بن ساف بوو بە جۆرێک گەرم دەکرا یا وەکوو قوتوویەکی پچووک وابوو ئاگری تێدەکرا، بەڵام ئێستا جۆرێکی تری داکەوتووە کە شکڵی هەر وەکوو پێشوو وایە بەڵام لە باتی ئاگر بە کارەبا بەکاردێ.
ئوتوو کردن
(مست.، مت.) تم: ئوتوو (لە ئوتوودان).
ئوتوو کێش
«نفا.، سفا.»، «کئێر.» ئەو کەسەی کار وپیشەی جلک لە ئوتوودانە بۆ خەڵک.
ئوتوو کێشان
«مستـ. متـ.» تمـ: ئوتوو «لە ئوتوودان».
ئۆردوو
[[تو. مەغوولی]]
«نا.» ۱- هەموو ئەو شەڕکەرانە یا چەکدار و سەربازانەی سەر بە دەوڵەتێک یا فەرماندەیەکن.: ئوردووی نادرشا، ئوردووی سمکۆ، ئوردووی سوور. ۲- «مجـ.» کۆمەڵێکی زۆری خەڵک کە پێکەوە جۆرە پەیوەندێکیان هەبی.: ئۆردووی پێشەنگی «کەشفی» ٭هوردوو، لەشکر، قۆشەن. «کئێر.» ئەڕتەش.
ئۆردوو بازاڕ
[[تو. کو.]]
«نتـ.» ۱- بازاڕێکی لە زەمانی کۆندا دەگەڵ ئۆردوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەچوو. ۲- «کنـ.» شوێنی بە ئاژاوە و هەرچی و پەرچی کە کەس ئاگای لە کەس نەبێ.
ئۆردوو بەز
[[تو. کو.]]
«مسقـ.» دابەزینی ئۆردوو لە شوێنێک بۆ حەسانەوە یا ماوەیێکی کەم.: نادرشا کە دەچوو بۆ گرتنی هیندستان لە کرمان ئۆردووبەزی کرد. ٭لەشکربەز.
ئیروو
(نا.)،(مک.) پیت و بەرەکەت، خێر و خۆشی، حاڵخۆشی، تێر و تەسەلی. تێبــ.- آ) لە زمانی پەهلەویدا: هێریه. (هێر + ئیه ٠پب: بەیانی حاڵەت) بە مانای دەوڵەت و دارایەت هاتووە. تم: (فرە: پفا-٢١٦) ب) لە بن لەهجەی هەولێریدا (هیر) مانای بەخت لە یاریدا بە تایبەتی لە (جێگن)دا دەبەخشێ.
ئیمپڕاتۆ (توو) رێتی
(حمس.) ڕێژیمێکی پاتشایەتی و دەوڵەتییە کە سەرۆکەکەی ئیمپڕاتوور بێ. دوای شەڕی دووەم ئیمپڕاتۆرێتی ژاپۆن گەلێ گۆڕانی بەسەرداهات. ٢- بە تێکڕایی هەموو ئەو خاکانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتوورێکدا بن، مەیدانی فەرمانڕەوایی ئیمپڕاتۆرێک. ئیمپڕاتۆرێتی بریتانیا جاران ڕۆژی لێ ئاوا نەدەبوو. ب) گشت وڵاتانێ کە دەوڵەتێکی توانا و بە زیپک بە سەریان ڕادەگا، سەرۆکەکەی هەرچی دەبێ ببێ.
ئیمپڕاتۆ (یووو) ری
[[ئیمپڕاتۆر + ئی]]
(ست.) هەر شتێکی پێوەندی بە ئیمپڕاتۆرەوە هەبێ. تاجی ئیمپڕاتۆری لەسەرنا. فەرمانی ئیمپڕاتووری دەرچوو. ٢-(حمس.) تم: ئیمپڕاتۆرێتی. تێبــ.- بەم مەعنایە شێوەی داڕشتنەکەی زیاتر فارسییە تا کوردی.
ئینجاکوو
[[ئینجا + کوو+کەوا]]
(بنت.) تم: ئەمجار. ئەوجا.