تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئافتاب گەردان
[[ ئافتاب/١ + گه‌ردان= وه‌رگێڕ]، [فر. کو.] ]
«نتـ.»، «مکـ.» پێشچاوکەیە کە لە چەرم یا موقەبا - بە شکڵی مانگی کەمتر لە حەوت شەوە - دروستی دەکەن و ئەو سەرەو سەرەکەی بەنێکی تێدەخەن. لە وەختی دروێنە یا کاری دیکەی کشتوکاڵا جووتیاران لە ناوچاوانیانی دهادەنێن و لە پشتە سەریان گرێی دەدەن تا تیشکی هەتاو لە دەم و چاویان نەدا.
ئاو بەرەوەدان
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاو بەردانەوە.
ئاو دادان
[[ئاو+دا «پیبـ.» +دان «فعـ.» ]]
«مستـ. لا.» ۱- گیر نەبوونی ئاو بە زەوی و کانیاوانەوە و خێرا چوونە خوارێ بە زەویدا، لەبەر فشەلێ زەوی کە ئاو بە خۆیەوە ڕاناگرێ. ۲-تمـ: ئاولێچوون. ۳-نەخۆشییەکە، تووشی قول و قاچی وڵاغی بەرزە دەبێ و جومگەی دەست و قاچیان دەئاوسێ و کە دەستی لێبدری وەکوو ئاوی تێدابێ وایە.
ئاو دەردان
[[ئاو+دەر+دان (فع.)]]
۱- «مستـ. متـ.» بە تاڵ کردنی ئاوی گوڵ، ئەستێل و حەوز یا هەر شوێنێکی کە ئاوی تێدا کۆبووبێتەوە و ڕاوەستابێ: بە دۆڵچە ئاوی حەوزەکەمان دەردا. ۲- «مستـ. لا.» وەڕوو کەوتن و پەیدابوونی ئاو لە ماددەیەک، کە خۆی ئاوی تێدابێ، بەڵام بەرچاو نەکەوێ.: هەموو لەشی ئاوی دەردابوو.
ئاور تێبــ.ەردان
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاگر تێبــ.ەردان.
ئاوزەنگی لێدان
«مستـ. متـ.» ۱-بەکار هێنانی ئاوزەنگی بۆ خێرا لێخوڕینی وڵاغ.: کوڕە ئاوزەنگی لێدە با بڕوا. ۲- «کنـ.» خێرا ڕۆییشتن. ٭ئاوزەنگی تێ تەقاندن. ڕکێف لێدان.
ئاوڕ وێدان
«مستـ. متـ.»، «کنـ.»، «مەنگوڕایەتی» تمـ: ئاوڕ لێدانەوە.
ئاوگەردان
[[ئاو+گەردان]]
«نتـ.» کەوچکێکی مسی «یا هەر مەعندەنێکی تر» گەورەیە، بە ئەندازەی جامێک، دەسکێکی درێژی هەیە. ئاو یا شتی تری پێ لە مەنجەڵی گەورەوە هەڵدێنجن. بۆ شیو و کوڵ چێشت لێنانی زۆر بە کەڵک دێت. ٭ «سنـ.» کەوجێز.
ئاوڵەدەردان
[[ئاوڵە+دەردان]]
دەرهاتنی پۆرگی خروێکە لە لەشی کەسێ.: ئەم مناڵە بەستەزمانە ئەوەندەی ئاوڵە دەرداوە هەر چاوی بە دەرەوە ماوە.
ئاویەدان
[[ئاویە+دان]]
«مستـ. متـ.»، «سنـ.» دە دار و دیوار هەڵسوونی قوڕ «ئاویە»، لێک و لووس کردنی دیواری ناوماڵ ٭سواغ دان.
ئاوەدان
[[پهـ: ئاپاتان]]
«ستـ.» ۱_حاڵێ شوێن و جێگەیەک، کە بۆ دانیشتنی خەڵک و نیشتەجێ بوونیان تەرخان کرابێ و چۆل نەبێ.: ئەم دێییە ئاوەدانە «خەڵکی لێیە، چۆل نییە». وەک ئاوەدان نەبێ وایە «دیارە خەڵکەکەی ڕۆییشتوون، چۆلیان کردووە». ماڵتان ئاوەدان بێ «هەمیشە خەڵکی تێدابێ، ڕەچەڵەکتان نەبڕێتەوە». ۱- «مجـ.» زۆر لە شوێنێ، قەڵەباڵغی، ا» کۆبوونەوەی خەڵکی: ئەم ڕەمەزانە مزگەوت ئاوەدان بوون «خەڵک هاتووچۆیان دەکرد» چاخانەکە ئیمشەو ئاوەدانە. ب» زۆرزانی، بە تایبەتی بەو کەسانە دەگوترێ کە پێیانەوە دیار نەبێ کە شتێک بزانن یا لە شتێ بزانن: وای مەبینە! لە دڵی خۆیدا ئاوەدانە «زۆر دەزانێ». ٭۱_ئاوا/۱. ۱_ئاوان.
ئاوەدان بوونەوە
«مستـ. لا.» سەرلەنوێ کۆبوونەوە و نیشتەجێ بوونی خەڵک لە شوێنی کۆنەدی یا کۆنە شارێک: ئەم دێیە کوێڕا وا زوو ئاوەدان بۆوە. بابل پاش خاپوور بوونی ئیتر ئاوەدان نەبۆتەوە.
ئاوەدان کردنەوە
«مستـ. متـ.» ۱- سەر لە نوێ بنیات نانەوەی شار یا دێیەک، کە ماوەیەک وێران و چۆل بووبێ. ۲-خانوو دروست کردن و کۆ کردنەوە و نیشتەجێ کردنی خەڵک لە شوێنێک و کردنی بە گوند یا شار.: «سەڵماس» لە شوێنی «کۆنەشار» ئاوەدان کراوەتەوە کە بوولەرزە وێرانی کرد. «مووسڵ» لە نیزیک کاولەکانی «نەینەوا» ئاوەدان کراوەتەوە. «مەهابات» بداغ سوڵتان ئاوەدانی کردۆتەوە. و خەریکن «بابل» ئاوەدان دەکەنەوە.
ئاژۆدان
[[ ئاژۆ + دان ]]
«مستـ. متـ.» بردنە دەرەوەی ئاژاڵ بە شەو بۆ لەوەڕاندن، لەوەڕاندنی شەوانەی ئاژاڵ لە کێو: ئەمە چەند ڕۆژێکە ڕانەکە ئاژۆ دەدەین * شەوبەکێو.
ئاگر تێ بەردان
«مستـ. متـ.» ١- ئاگر بە سووتەمەنی یا هەرشتێکی ترەوە نان، بەمەبەستی ئاگر کردنەوە، یا زیان پێ گەیاندن: زۆر سەرمایە، خێرا سۆبەکە ئاگر تێ بەردە. هەندێ پووش و پەڵاشمان ئاگر تێ بەردا و خۆمان پێ وشک کردەوە. ٢- «کنـ.» ڕق هەڵساندن و تووڕەکردنی یەکێک بەقسە یا بەکردەوە: ئەوە چت پێ گوتووە وا ئاگرت تێ بەرداوە. ئەم قسەیە چ بوو کردت ئاگرت دەم «دەئەم» کابرایە بەردا. ٣- «کنـ.» ا» زیانی ماددی و ئازاری مەعنەوی بەکەسێ یاشوینێک گەیاندن: لە شکری ئەمەریکا هەموو ویتنامی ئاگر تێ بەردا و سووتاندنی. ئەوەندەمان پێ خەرج کرد ئاگرمان تێ بەردا. ب» ئیجادی حاڵەتی بەزەیی پێداهاتن و زگ پێ سووتان لە دڵی کەسێکدا: هێندە دەکڕووزێتەوە ئاگر دەپیاو بەردەدا. ● «ڕەببی ئاگر دە گیانی بەربێ» تووک و نزایە و کینایەی داودی مردن و لەناوچوونی کەسیکە. * ئاگرپێوەنان، ئاوور تێ بەردان.
ئاگردان
[[ئاگر + دان «ئمـ.» ] ]
«نتـ.» ١- قووڵکەیەکە، لە تەختی ژووری ناوماڵان هەڵی دەکەنن، تەنیشتەکانی لێک و لووس دەکەن «سواغی ئەدەن، یا لەتکە سوێنە و سواڵەتی تێدەگرن» و ئاگری تێدا دەکەنەوە، یا لە لاوە بۆی دێنن. جۆرێکی تریشی لەباتی هەڵقەندن، کەرۆ کەیەک بە بەرد یا خشت هەڵدەبەستن «ئەمەیان زیاتر لە مزگەوتان و دیوەخانی ئاغایان» بۆ گەرم کردنی ژوور * ئاوورگ، کوانوو، گۆڕگ، گۆڕکە. ٢- تمـ: ئازەر.
ئیستیعفادان
[[عا.: ئیستیعفا + کو: دان]]
(مست. لا.)، (کئێر.) تم: ئیستیقالە کردن.
ئیستیقالەدان
[[عا؛ ئیستیقالە + کو: دان]]
(مست. لا.)، (کعر.) تم: ئیستیقالە کردن.
ئیفادە لێدان
[[ئیفادە + لێدان]]
(مست. لا.)، (مک.) ناز و فیز کردن بە سەر خەڵکا. ((بای دەدا، بای دەدا، نیو تۆنەکەی بادەدا + هێشتا نەبوە بە حاکم، ئیفادە چۆن لێدەدا)) (فۆلکلۆر) * پۆز لێدان.
ئیفادەدان
[[ئیفادە + دان]،[عا. کو.]]
(مست. لا.)، (کعر.) قسە کردنی کەسێک بۆ یەکێکی ڕەسمی کە لە مەسەلەیەک دەکۆڵێتەوە.