تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاو بە ئاگردا کردن
«مستـ. متـ.»، «کنـ.» کوژاندنەوەی فیتنە و شەڕوشۆڕ.
ئاو بە خۆدا کردن
«مستـ. متـ.» ١- خۆ شوشتنی بە پەله، بۆ دەرکردنی ماندوویی لەش و ڕزگار بوون لە گەرما و ئارەقە و... ٢- غۆسلی شەرعی بەجێ هێنان، خۆپاکردنەوە لە لەش پیسی، بەو جۆرەی شەریعەتی ئیسلام دایناوە.
ئاو بە سەر کشان
«مستـ. لا.» ١- ون بوونی زەوی و زار و هەر شتێکی تر لە ژێر ئاوا.: بەستێنی چۆمی مەهاباد، بەهاران ئاوی بەسەر دەکشێ. ٢- خنکانی کەسێک یا نوقم بوونی شتێک کە لە ناو ئاودا بێ و لە پڕ ئاوەکە لەبەر هەرچی بێ، تێکیەوە پێچێ و بیبا.
ئاو بەردانەوە
[[ئاو+بەردانەوە]]
«مستـ..، متـ..» لە ئەستێڵ یا هەر شوێنێکی تر، کە ئاوی تێدا کۆبووبێتەوە، ئاو ڕەوانەی شوێنێکی دیکە کردن، بۆ هەر مەبەستێ بێ.: ئاوەکەی بەردا بۆوە و خۆی لە بن سێبەرێکدا پاڵی دابۆوە، ئەو ئاوە بەردەنەوە بۆ تووتنەکانتان. *ئاو بەرەوەدان. //ئاو گرتن.
ئاو بەرەوەدان
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاو بەردانەوە.
ئاو خواردنەوە
«مستـ. لا.» ۱-خواردنەوەی ئاو بۆ شکاندنی تینوایەتی. ۲- «کنـ.» کاری هاسان و بێ ئەرک.: جا ئەوە چییە؟ هەر ئاو خواردنەوەیە. پیاو کوشتن و ئاوخواردنەوەی لە لا وەک یەکە. چ پیاو بکووژن و چ ئاو بخۆنەوە.
ئاو دادان
[[ئاو+دا «پیبـ.» +دان «فعـ.» ]]
«مستـ. لا.» ۱- گیر نەبوونی ئاو بە زەوی و کانیاوانەوە و خێرا چوونە خوارێ بە زەویدا، لەبەر فشەلێ زەوی کە ئاو بە خۆیەوە ڕاناگرێ. ۲-تمـ: ئاولێچوون. ۳-نەخۆشییەکە، تووشی قول و قاچی وڵاغی بەرزە دەبێ و جومگەی دەست و قاچیان دەئاوسێ و کە دەستی لێبدری وەکوو ئاوی تێدابێ وایە.
ئاو دان
[[ئاو+دان «فعـ.» ]]
«مستـ. متـ.» ئاو بۆ ماڵات و بەرزە وڵاغ و... بردن، یا بردنی ئەوان بۆ سەر چۆم و کانیاوان بۆ ئاو خواردنەوە.: وڵاغەکان ئاو دەن تا بڕۆین. «دەیباتە سەر چۆمی و ئاوی نادا دەیهێنێتەوە»، «کنـ.» فریوی دەدا، فێڵی لێدەکا. فێڵباز و زرینگە. ۲-بەردانەوەی ئاو بۆ سەر کشتوکاڵ، یا بە ئاوپاش و ئامرازی تر ئاو کردنە ژێر درەخت و گوڵ و ئەو جۆرە شتانە. کارێکی ئاودێر دەیکا.: لە پێرێوە باخچەکەت ئاو نەداوە. ئەوشۆ ئەستێڵەکە بگرن بەیانی ئەو پەڵە تووتنە ئاودەن. شامراد دوێنێ بێستانی ئاو دەدا. ٭ئاوداشتن. ۳-سەخت و ڕەق کردنی چەقۆ، شمشێر، کێرد، گاسن، تیر. تێبــ.: ئامرازەکە لە کوورەدا سوور دەکەنەوە و پاشان دە ئاوی هەڵدەکێشن. شمشێر و خەنجەر و... بۆ ئەوەی برینیان چا نەبێتەوە لە باتی ئاو دە ژەهراویان هەڵکێشاوە.
ئاو دانەوە
«مستـ. لا.» جیا بوونەوەی ئاوێ کە لە هەندێ شتدا هەیە و کۆبوونەوەی لە دەفرەکەی شتەکەی تێدایە.: ماستی مانگا ئاو دەداتەوە.
ئاو دەردان
[[ئاو+دەر+دان (فع.)]]
۱- «مستـ. متـ.» بە تاڵ کردنی ئاوی گوڵ، ئەستێل و حەوز یا هەر شوێنێکی کە ئاوی تێدا کۆبووبێتەوە و ڕاوەستابێ: بە دۆڵچە ئاوی حەوزەکەمان دەردا. ۲- «مستـ. لا.» وەڕوو کەوتن و پەیدابوونی ئاو لە ماددەیەک، کە خۆی ئاوی تێدابێ، بەڵام بەرچاو نەکەوێ.: هەموو لەشی ئاوی دەردابوو.
ئاو دەگونان گەڕان
«کنـ.» باڵق بوونی کوڕ، شەیتان پێکەنین، گەییشتنە ئەو تەمەنەی کە هەستی پیاوەتی دەبزوێ.: ئەم کوڕە هەر قیتەقیتێتی، وەک ئاوی دە گونان گەڕابێ وایە.
ئاو شنگ
[[؟]]
«ستـ.» حاڵەتی وەشیر هاتنەوەی مەڕ یا بزنێ... کە بێچووی مردبێ یان شیری ئیشکی کردبێ.
ئاو ـ و ـ ئاو چوون
«کنـ.» تووک و نەفرینە لە کەسێک دەکرێ ● «ڕەببی ئاو ـ و ــ ئاوچێ» تووشی بەڵایەک بێ ڕزگاری لە دوا نەبێ. تێبــ. ــ بەو مانایە: ئا وێک «ڕووبارێک» لە پێشدا بیبا کە خۆی هاته بڕانەوە فڕێی داتە ئاوێکی دیکەوە بۆ ئاوێک.
ئاو فرۆش
«نفا.» کەسێکی لە ناو بازاڕ و کووچە و خیابان و... دا ئاو بە خەڵک دەفرۆشێ. «پیاوێکی ئاوفرۆش لە شاری «غەزنە» یدا ئاوفرۆشی دەکرد.» «تحفە: جـ۱_۱۸۵»
ئاو فرۆشی
«حمسـ.» کاری کەسێکی ئاو دەفرۆشێ.
ئاو لێ «لەکارێ» نەخواردنەوە
«کنـ.» دەست نەگێڕانەوە و خۆ نەپاراستن لە کردنی کارێک: تۆ بڵەی دەست بەسەر پووڵەکانیدا بگر ێ؟ ئەرێ وەڵڵا ئاوی لێ ناخواتەوە.
ئاو لێچوون
[[ئاو+لێ «لە+ی» چوون]]
«مستـ. لا.» بەند نەبوونی ئاو بە دەفرانەوە.: ئافتاوەکە ئاوی لێدەچێ بیبەن لەحیمی کەن. گۆزەکە ئاوی لێدەچوو پنجمان کرد.
ئاو لە ئاوەڕۆبڕان
«کنـ.» ١- ئیشک بوون و لە جاری بوون کەوتنی ئاو. ٢- کوێر بوونەوەی سەرچاوەی قازانج و سوودی کارێک، بڕانی خێروبێر.
ئاو لە دینگا «دینگدا» کوتان
«کنـ.» کردنی کارێ کە کەڵکی نەبێ.
ئاوا
«سـ.» ١- تمـ: ئاوەدان. // وێران: ماڵتان سەت جار ئاوابێ ٢- تمـ: ئابات.: حەسەناوا، قازیاوا، هەمزاوا، قەرەجاوا.
ئاوا بوون
[[٣- ئاوا + بوون]]
«مستـ. لا.» ١- ون بوون و چوونەخواری ڕۆژ، مانگ و ئەستێرە لە ئاسۆی ناوچەیەک.: ڕۆژ ئاوابوو، مانگی چاردە درەنگ ئاوا دەبێ □ «تا فەلەک دەورەی نەدا و سەد کەوکەبی ئاوا نەبوو» «کەوکەبەی میهری موبارەک تالعی پەیدا نەبوو» «نالی: گمـ ـ ٤١» // هەڵاتن «هەڵهاتن» ٢- تێ پەڕین، دەربازبوون، لە بەر چاوان ون بوون «شتێ، کەسێ» : سوارەکان هێشتا ئاوا نەبوون. ٣- مردن «لە هەندێ ناوچەی کوردستان، بۆ مردنی ئەوانەی موسوڵمان نین» وەستا شەلەمۆ ئاوابوو، مامیگون زۆر نەخۆشە لەوانەیە ئاوا بێ. * زایە بوون، ون بوون «تەنیا بۆ مانای سێیەم».
ئاوا کردنەوە
«مستـ. متـ.» تمـ: ١- ئاوا کردن/١.
ئاوات
«نا.» ١- مەبەستی پڕ بە دڵ بۆ وەدەست هێنان یا وەدیهێنانی شتێک، کارێک و ئامانجێک. ئارەزووی بە جۆش: ئاواتی بردەبن گڵی. □ «بێ بابیی تۆ، بۆ من و تۆ، بابی فتووحە» «بێ بابیی تۆ، خواستەیی من بوو، بە ئاوات» «نالی: گمـ ـ ١٤» ٢- ناوە بۆ نێرینە. تێبــ. ـ بە لای منەوە ئەم وشەیە لەگەڵ «ئایەپتە» ی ئاوێستایی بە مانای «وەدەست خستن» کە لە پەهلەویدا بۆتە «ئایەفت» خزمایەتییان هەبێ. پرۆفیسۆر ئابڕامیان «ئەیەفت» ی بە ئارەزوو، مراد مانالێداوەتەوە «تمـ: ئابرامیان: قامووسی پەهلەوی، فارسی، ئەرمەنی، ل ـ ٦».
ئاوات پێکهاتن
«مستـ. لا.» وەدێ هاتنی مەبەستی دڵ، جێ بە جێ بوونی ئامانج و ئارەزوو، مەخسوودحاسڵ بوون. □ «وەسییەت بێ کەمن مردم، وەرە سەر قەبرەکەم «قالە» » «بڵێ ئاواتەکەت پێکهاتووە! سا، بێرە دەرخاڵە» «؟» * بە ئاوات گەیین. بە ئاوات گەییشتن.
ئاواتی
[ئاوات + 3- ئی]
«سمفـ.» تمـ: ئاواتەخواستە.
ئاواتەخواز
[[ئاوات + ٣- ئه‌/٢+ خواز «خواستن» ] ]
«نفا.، سفا.» کەسێکی بۆ وەداەست هێنانی شتێک، وەدی هێنان، یا وەدی هاتنی مەبەستێک زۆر بە پەرۆش بێ.: ئاواتەخوازی قومە جگەرەیەک بوو «نفا.»، بۆ قومە جگەرەیەک ئاواتەخوازبوو «سفا.»، ئاواتەخوازی جگەرە «نفا.»، پیاوێکی ئاواتەخواز «سفا.».
ئاواتەخواستە
[[ئاوات + ٣- ئه‌/٢ + خواست «خواستن + ٢- ئه‌/٦» ] ]
«نمفـ. سمفـ.» شتێک، کارێک و مەبەستی کە بۆ وەدەست هێنانی، زۆر هەوڵ درابێ.: ئاواتەخواستەش وا نابێ. ٢- «کنـ.» هەرچی زۆر خۆشەویست بێ و بە دڵەوە نووسابێ. «بە تایبەتی منداڵ» .: کوڕە خۆ تۆ ئاواتە خواستە نی، بۆ وازنابێبی. * ئاواتی.
ئاوارتن
[[مسـ.. متـ. .]]
«زا.» دەربواردنی شتێک لە شتێک «استثناء»، «تمـ. خا: جـ ١، ل ـ ٦٠» ـ بێجگە لە «فەرهەنگی خاڵ» ئەم وشەیە لە هێچ قامووسێکی تری کوردیدا نەدیت، ئەگەرچی خۆی لە لەهجەی ناوەندی زمانی کوردیدا لە بیر چۆتەوه، بەڵام لە شێوەی «هەڵاوارتن» و «هەڵاواردن» دا دەبیندرێ، لام وایە «ئاوارە» ش هەر بە بنیچە دەچێتەوە سەر ئەم مەسدەره، کە بەڕای من مەسدەرێکی ئەسڵی زمانی کوردییە و شایانی ئەوەیە زیندوو بکرێتەوە. هس.: بواردن، هەڵبواردن.
ئاوارتە
«سمفـ. لە: «ئاوارتن»، «زا» جیاکراوەوه، بە جێ هێڵراو، لادراو «شتی دەربراو «مستثنی». تمـ: خا. جـ ١، ل - ٦٠».
ئاوارە
«سـ.، نمفـ.» سەرگەردان، دەربەدەر، بێ ماڵ و حاڵ، کەسێکی لە نیشتیمانی خۆی، وڵاتی خۆی دوورکەوتبێتەوە. □ «ئاوارەیی خاکی وەتەن و سەیر و سەفا خۆم» «پامالێ غەمی میحنەت و سەد جەور و جەفا خۆم» «عارف» * تار. تەرە. ڕەهەندە. هەڵوەدا.
ئاوارە بوون
«مستـ. لا.» سەرگەردان بوون، لە ماڵ و حاڵ و نیشتیمان دوور کەوتنەوە. * تار بوون. تەرە بوون، هەڵوەدابوون.
ئاوارە کردن
[[مستـ. متـ..]]
دەربەدەر کردن، دووەخستنەوە لە وڵات و لە ماڵ و حاڵ. □ «شێخ عەلی خۆ تۆ منت ئاوارە کرد و دەربەدەر» «چاکە هەجوێکت بکەم ئەمما موفید و موختەسەر» «ڕەزا ـ ٥٩» * تاراندن. تەرە کردن. ڕەهەندەکردن. هەڵوەداکردن.
ئاوارەیی
«حمسـ.» بێ خانومانی، حاڵەتی دوورکەوتنەوە لە ماڵ و حاڵ و نیشتیمان. دووری لە وڵات: ئەگەر ئەمە ئاوارەیی نەبێ، ئەدی ئاوارەیی چۆنە. * سەرگەردانی، دەربەردەری.
ئاواز
[[ستـ: ڤه‌چ «= گوتن»، «پهـ: ئاڤاچ، ئا + واز = واچ]]
(نا.)١- کۆمەڵە دەنگێکی کەبە هەوای تایبەتی جۆر بە جۆری مۆسیقا لە دەمی ئادەمیزاد یا هەندێ باڵندە دێتەدەر. □ «ئەمە نا قازه، نە بازه، ئەمە بولبولی خۆشاوازە «خۆش ئاواز» » «فۆلکلۆر». «وەکوو یەک دێتە بەر گوێی پیاوی ئەحمەق» «سەفیری بولبول و ئاوازی لەقلەق» «ڕەزا» ٢- دەنگی ئامرازی مۆسیقا بە هەوای تایبەتی. ٣- ناوە بۆ کچان. هس.: مەواچۆ، ماچێ، ماچان «هو.»، وات، واتە.
ئاوازە
[[ئاواز ـ ه‌ ـ ئه‌/١]]
«نا.» ناوبانگ، شۆرەت.: ئاوازەی نان بدەیی و جوامێری ئەم بنەماڵە بە هەموو لایێکدا بڵاو بۆتەوە.
ئاوازە خوان
«نتـ.»، «سنـ.» ئەو کەسەی گۆرانی و مەقامان دەڵێ. * خۆشخوان، گۆییندە. «بکـ.» دەنگبێژ، ستران بێژ.
ئاواق
[[؟]]
«سـ.»، «سنـ.» ١- چۆل و هۆل. ٢- بەتاڵ ٣- خانوێکی گەورەی کەسی تێدا نەبێ. ٤- بیابانێکی هیچ ئاوەدانی لێوە دیار نەبێ «تمـ: مخـ. جـ ١، ل ـ ٢٥»، هس «هو.» واق «= بەتاڵ».
ئاواناش
[[ئاوان+ئاش]]
«نتـ.»، «مکـ.» تم: ئاوان.
ئاوانتە
[[؟]]
«کعر.»، «نمسـ.» وەدەست خستن و دەست بەسەردا گرتنی شتێک بە فڕ و فێڵ یا بە هەر جۆرێکی تر.: بۆچی ئاوانتەیە؟ *هاوانتە، هەوانتە.