تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



مافە سرووشتییەکان
ئەم چەمکە لە ئەندێشەی ئەورووپا، پێشونەیەکی دێرینی هەیە بەڵام زێدەتر لە سەدەکانی 17 و 18 بڕەوی پەیدا کرد. مافە سرووشتییەکان بریتین لەو مافانەی کە بەپێی «یاسای سرووشتی» دراوە بە تاکی مرۆڤ و شتێکی نەگۆڕ و حاشاهەڵنەگرە و بۆ هەموو کەسێک یەکسانە. بیرمەندانی سیاسی ئەورووپا ئەم مافانە بە مافێک ئەزانن کە مرۆڤ لە پێش بەدیهاتنی دەوڵەت، بە شێوەێکی خۆڕسک و سرووشتی لێی بەهرەوەر بووە. سەرەکی دیکەین مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ بریتین لە: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی یەکسانی.
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی دوو زاراوەی «مافی یاسایی» لەگەڵ «مافی سرووشتی» جیا دەکەنەوە و زیاتر لە سەر مافی یاسایی لەنگەر دەگرن. ئەم جیاوازییە تاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەوامەی بوو، لەمەودوا «مافی یەکسانی بێ فەرق و جیاوازی بۆ هەموو ئەندامانی بنەچەی مرۆڤ» ڕاگەیاندرا و ئەم دەستەواژە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (بڕوانە مافەکانی مرۆڤ) کە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (1948) لە پاریس پەسند کرا هاتە ئاراوە.
ناوەرۆکی بوێرانەی بیرۆکەی مافە سرووشتییەکان کە لە سەدەی 17 سەری هەڵدا، ئەم بنەمایە بوو کە حکوومەت دەبێ لەسەر خواست و ڕەزایەتی خەڵک دابمەزرێت. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە بەم قەناعەتە گەیشتن کە «کۆمەڵگەی سیاسی» خۆی بەرهەمی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕووەوە خواستی خەڵک، تەنیا یەکسانی و عەدالەت بووە و یەکسانیش دەرکەوتێک بووە بۆ ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە.
پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لەباری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن (بڕوانە مافی مرۆڤ). پەیماننامەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک مافی مەدەنی و سیاسی هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤێک کە دەوڵەتەکان پابەند دەکات بە پیادەکردن و بەرزڕاگرتنیان. ئەم پەیماننامە 53 مادە لەخۆ دەگرێ و گرنگترین مافەکانی بریتین لە: مافی ژیان و ئاسایش، ئازادی بزووتنەوە، ئازادی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، ئازادی بیروڕا و ئایین و ئەندێشە و سڕینەوەی کۆیلایەتی، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و قەدەخەکردنی ئەشکەنجە. ڕەشنووسی ئەم پەیماننامە، سەرەتا لە ساڵی 1954 لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز کرا و لە ساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتی پەسند کرا. ئەم پەیمانە لە ساڵی 1976 بە کۆی 35 دەنگ تەوزیم کرا و وەک یاسایەک بڕاوەتەوە.
پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (1966)
یەکێکە لەو دوو پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییە کە ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە، لە باری یاساییەوە زەمانەتیان دەکات تاکوو جێبەجێ بکرێن. ئەم پەیماننامە داخوازییەکانی هەموو مرۆڤێکی لەمەڕ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەبەرچاو گرتووە و دەوڵەتەکانی بە مسۆگەرکردنی ئەم مافانە ڕاسپاردووە. ئەم پەیمانە 31 مادە لەخۆ دەگرێ کە بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بدەین بە مافی خودموختاری، کار و پشوودان، مافی مانگرتن و دامەزراندنی ڕێکخراوە، ڕزگاربوون لە هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی، پەروەردە و باشترکردنی باری ژیان و گوزەران.
هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ داڕشتنی ئەم پەیمانە لە لایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجام گەیشت و لە ساڵی 1954 بە کۆمەڵی گشتی ئەم ڕێکخراوە ڕاگەیاندرا. بەڵام تاساڵی 1966 لە لایەن کۆمەڵی گشتییەوە پەسند نەکرا و لە ساڵی 1976 پاش پەسند کردنی 35 وەڵات یەکلاکرایەوە.
ڕاسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕاسپاردە لە ژانوییەی 1951 دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە: یەکەم، ئاسانکاری بۆ پشتیوانی و پاراستنی نێونەتەوەیی پەنابەران. دووهەم، دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قانوونی بۆ سەقامگیربوونی پەنابەران لەو وەڵاتانەی کە تێیدا دەژین و وەڵاتانی نوێ. بارەگای ئەم ڕاسپاردە لە شاری جنێڤا لە سویسرایە و هەموو کاروباری پەنابەران، بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە وەڵاتێکی دیکە بەرپرسیارییەتی بەرعۆدە گرتووە بۆ وێنە ئاوارەکانی فەلەستینی لە ئەستۆ دەگرێ. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتانەوە دابین دەکرێت. ساڵی 1954 خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەم ڕێکخراوە بەخشرا.
ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕێکخراوە دوای تەواوبوونی شەڕی جیهانی دووهەم بۆ بەرگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕ و سەقامگیرکردنی ئاشتی لە جیهان دامەزرا. ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ڕاستیدا جێگەی کۆمەڵەی نەتەوەکانی گرتەوە کە لە ساڵی 1919 پاش کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی یەکەم دامەزرابوو. ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان وەکوو لە بەندی یەکەمی جاڕنامەکەیدا هاتووە بەم شێوەیە:
1ــ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی.
2ــ پەرەپێدانی پێوەندیی برایانە لەنێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرانبەر و یەکسانی مافەکان و مافی سەروەری نەتەوەکان.
3ــ هاوکاری لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان و یەکخستنی هەوڵەکان لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو کەسێک.
4ــ هاوئاهەنگکردنی هەوڵەکانی وەڵاتانی ئەندام بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە ئاماژەیان پێکراوە.
ئەندامبوون لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا بۆ هەموو ئەو دەوڵەتە ئاشتیخوازانەی کە دادوەریی ڕێکخراوەکەیان لەمەڕ بڕیارنامەکاندا قبووڵ بێت، ئازادە. ژمارەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە دەگاتە 191 وەڵات و چاوەڕوان دەکرێ زیاتریش ببێت. ئەندامانی نوێ لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی ئاسایش و بە پەسندکردنی زۆرینەی 3/2 ئەندامانی «کۆمەڵی گشتی» وەردەگیرێن. ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، چەندین ئەستونی گرینگی هەیە کە بریتین لە:
1ــ کۆمەڵی گشتی، (ئەم کۆمەڵە باس لە هەموو کێشە و بابەتە گشتییەکان دەکات، تەنانەت ئەو بابەتانەی کە پێوەندییان بە کۆمیتە و ئەنجومەنە گشتییەکانەوە هەبێت.)
2ــ ئەنجومەنی ئاسایش، (ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفرەوانی هەیە و سەرپەرشتی هێزی چەکداری نەتەوەیەکرتووەکانە و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات و دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار بە جێبەجێکردنیان دەکات. ئەگەر کێشەیەکی گرینگ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی، پێویستە 9 وەڵات لە پانزە وەڵاتی ئەندام ڕەزامەندی لەسەر بدەن بەو مەرجەی کە هیچکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن (ئەمریکا، ڕووسیا، بریتانیا، چین و فرەنسا) ڤیتۆ*ی نەکات یا دەنگی نەرێنی لەسەر نەدابێت.
3ــ ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی ئابووری 54 ئەندامی هەیە کە لە لایەن کۆمەڵی گشتییەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئەم ئەنجومەنە لە هەموو بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکی دەکات.
4ــ ئەنجومەنی ڕاسپاردەکان، ئەم ئەنجومەنە چاودێریی ئەو وەڵاتانەی دەکرد کە هێشتا سەربەخۆییان وەرنەگرتبوو، ئەم ناوچانەش کە لە پانزە ناوچە پێکهاتبوون تا ساڵی1990 سەربەخۆییان وەدەست هێنا و پاشان ئەرکەکانی ئەنجومەنەکەش کۆتایی پێ هات.
5ــ دادگەی نێونەتەوەیی داد*، ئەم دادگەیە پێکهاتووە لە پانزە دادوەر کە دەبێ خەڵکی پانزە وەڵاتی جیاواز بن. ناوەندی دادگەکە لە لاهای هۆڵەندایە و لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی ئاسایش و پەسندکردنی کۆمەڵی گشتی دادەنرێن. ئەرکی سەرەکی دادگەی لاهای، چارەسەرکردنی گیروگرفتە یاساییە نێودەڵەتییەکانە.
6ــ سکرتاریەتی گشتی، ئەم کۆڵەکە هەموو ئەرکە کارگێڕییەکانی ڕێکخراوە و هاوئاهەنگکردنی دامودەزگە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە ئەستۆدایە و زیاتر لە 25 هەزار کارمەندی هەیە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی هەموو وەڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانن.
سکرتێری گشتی، ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوە و جێبەجێکردنی بڕیاری دەزگە جۆراوجۆرەکان لە ئەستۆ دەگرێ و هەر پێنج ساڵ جارێک لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی ئاسایش و پەسندکردنی 3/2 ئەندامانی کۆمەڵی گشتی هەڵدەبژێردرێ. سکرتێری گشتی نابێ هاووەڵاتی هیچ کام لە پێنج وەڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بێت. هەڵبژاردنەوەی دووبارەی بۆ ئەم پۆستە، هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە.
ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، جگە لەو شەش ئەستونە سەرەکییە، کۆمەڵێک ڕێکخراوەی پسپۆڕیی و دامودەزگەی جیاوازی دیکەی هەیە کە گرنگترینیان بریتین لە: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی*، ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی کار*، بانکی جیهانی*، ڕێکخراوەی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، ڕێکخراوەی پەروەردەیی و زانستی و کەلتوری نەتەوەیەکگرتووەکان* و ڕێکخراوەی جیهانی تەندروستی* و …
بەپێی جاڕنامەی نەتەوەیەگرتووەکان، ئەو زمانانەی کە لە ڕێکخراو بە شێوەیەکی ڕەسمی بەکار دەبرێن بریتین لە: سپانیۆلی، ئینگلیزی، چینی، ڕووسی و فەرەنسی. زمانی عەرەبیش بە زمانە ڕەسمییەکانی کۆمەڵی گشتی، ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاد کراوە.
لەم ساڵانەی دواییدا نەتەوەیەکگرتووەکان، هەوڵی بەرزکردنەوەی توانێی سەربازی خۆی داوە و چالاکییەکانی لەسەر ئاستی جیهانی بەرفراوان کردووە کە ئەمەش بە خاڵێکی سەرەکی گۆڕانکاری لە ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوە دادەنرآ. تا ساڵی 1995 سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ڕێکخراو کە بە کڵاوشینەکان، یا «ئاشتی پارێزەکان» ناوبانگیان دەرکردووە گەیشتە 70 هەزار کەس.
کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان
بریتییە لە کوشتنی بە کۆمەڵی کەمینەی مەسیحی ئەرمەنستان کە لە نێوان ساڵەکانی 1915 تا 1923 لە لایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم، ئیمپراتۆری عوسمانی بە ئەنجام گەیشت. لە لایەن ئەرتەشی تورکەوە، چەند ئاکارێکی نامرۆڤانەی دیکە دەرحەق بە ئەرمەنییەکان ڕوویداوە کە بۆتە هۆی کۆچی زۆرەملێی نزیکەی دوو ملیۆن ژن و پیاو و منداڵی ئەرمەنی بۆ سووریا و کوشتنی نزیکەی 600 هەزار کەس لەم ڕێگەدا. لەم ساڵانەی دواییدا هەر لایەن و گرووپێک ئەم کۆمەڵکوژییەی خستبێتە ژێر پرسیارەوە، لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە تووشی زەخت و گوشار بووە.
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
پەیماننامەیەک کە لە ساڵی 1950 لە نێوان پانزە وەڵاتی ئەورووپای ڕۆژاوا مۆرکرا بە مەبەستی پاراستن و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافەکانی هاووەڵاتیانی خۆیان. ئەم ماف و ئازادییانە بریتییە لە : مافی ژیان و ئازادی، قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و دیلیەتی، دڵنیایی و بێخەمی لە دەسگیرکردن، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی پڕوپووچ، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و بیروڕا و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە. (بۆ نموونە ڕێکخستنی یەکیەتی و …)
لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ» بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە دامەزرا و هاووەڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داواکاری و شکاتەکانیان لە دەوڵەتی خۆیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئێستا 21 وەڵاتی ئەورووپی لەم کۆنڤانسیۆنە ئەندامن و چەند پرۆتۆکۆلیشی پێ زیاد بووە.
کۆنڤانسیۆنی مافە سیاسیەکانی ژنان
ئەم کۆنڤانسیۆنە لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 20ی سێپتەمبەری 1952 پەسند کرا. ئەم بڕیارنامە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هاتە ئاراوە و بەم پێیە هەموو وەڵاتانی ئەندام، بەڵێنیان داوە کە مافەسیاسیەکانی ژنان تا ئاستێکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا بپارێزرێ. بەپێی ئەم کۆنڤانسیۆنە دەبێ ژنانیش، هاوشانی پیاوان لە مافەکانی هەڵبژاردن و پاڵاوتن و گەیشتن بە پلەوپایە ئیداریەکان بەهرەوەر بن.
گفتوگۆی شارستانەتیەکان
پڕۆژە بڕیارێک لە بەرانبەر تیۆری «ململانێی شارستانەتیەکان» و بیرکردنەوە دەربارەی گفتوگۆ لە جیاتی ململانێ و ڕواوروویی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان. ئەم پێشنیازە لە دانیشتنی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لە تاران (1997) لە لایەن محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری ئێران ئاڕاستە کرا و دواتر لە دوازدەیەمین دانیشتنی وەڵاتانی ئەندامی بزووتنەوەی بێلایەن (1998) لە ئەفریقای باشووری چێ کرا. هەمان ساڵ لە کۆمەڵی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتە ئاراوە و لە دانیشتنی 23 ئۆکتۆبەر، بە کۆی دەنگ پێشنیازی ئێران کەوتە بەرباس و سەرەنجام لە 4ی نۆڤەمبەر بڕیار درا کە ساڵی 2001، بە ناوی ساڵی گفتوگۆی نێوان شارستانەتییەکان لە ئاستی جیهاندا پەسند بکرێت.