تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شەڕی گەریلایی
ئەم وشە لە زمانی سپانیاییەوە هاتووە و بە مانای شەڕێکی بەربڵاوە کە لە لایەن خودی هێز و لقەکان فەرماندەیی دەکرێت. لە زاراوەی سەربازیدا بریتییە لە : «سوپایەک کە فێری ڕێوشوێنی شەڕکردن نەکرابێت، لە خێڵ و عەشیرەتی شار و دێهاتەوە دێنە مەیدانی شەڕ و بە کۆتایی هاتنی شەڕ دەگەڕێنەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان». ئەم جۆرە شەڕە لە مێژینەیە بەڵام لە سەدەی بیستەمەوە یارمەتیدەر و ڕێخۆشکەری سەرکەوتنی شۆڕش بووە.
شەڕی گەریلایی هاوشێوەیە لەگەڵ شەڕی پێشمەرگە لە کوردستان، بەم جیاوازییە کە پێشمەرگە بە تەواو بوونی شەڕ دەست لە چەک هەڵناگرێ بەڵکوو دوای سەرکەوتن، دەبێتە هێزی سەربازی و پاراستن و بەرگری هەرێم.
ماکیاڤیلیزم
تیۆرییەکی سیاسییە کە لە لایەن سیاسەتمەداری ئیتالیایی، نیکۆلۆ ماکیاڤیلی (1527ـــ 1469) داڕێژراوە. ماکیاڤیلی، نووسەر و مێژونووسێکی بەناوبانگ و سکرتێری حکومەتی کۆماری فلۆرانس بووە کە لە ماوەی ژیانیدا گەلێک ئەرکی سیاسی ئەنجامداوە بەڵام پاش ماوەیەک لێی کەوتنە گومان و لەسەر کار لایانبرد. ئەویش هەموو کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ نووسینی کتێبێک بە ناوی میر (prince). ئەو لەم کتێبەدا گەیشتن بە دەسەڵات بە ئامانجی کردەوەی سیاسی دەزانێ و بە هێچ بەربەستێکی ئەخلاقی نایبەستێتەوە. بۆیە پێیوایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، دەکرێ لە هەر شتێک کەڵک وەربگیردرێت و نابێ بە هیچ کلۆجێک ئەخلاق لەگەڵ سیاسەتدا تێکەڵ بکرێت. لە ڕوانگەی ماکیاڤیلیستیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دەکرێ پشت بە هەر ئامرازێک ببەسترێ تەنانەت ئەگەر ناپەسند و دزێو بێت و لەم بارەوە پابەندی بە ئەخلاق و مرۆڤایەتی بایەخی نییە.
ئەم بیرۆکەی ماکیاڤیلی، پاشان بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە بەکاردەهات کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە هیچ تاوانێک سڵیان نەدەکرد و هەندێ جاریش زاراوەکە بۆ دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و ستەمگەر بەکار دێت. ماکیاڤیلی پێی وایە کە ئەگەر دەسەڵاتدار حەز بە مانەوە دەکات نابێ لە هەر شێوازێکی خۆپەرستانە و تاکڕەوانە و نامرۆڤانە خۆی بپارێزێت چوونکا ئەگەر وا نەبێت، ناتوانێ دەوڵەتەکەی ڕابگرێ.
ماکیاڤیلی کە لە سیاسەتدا ڕیالیزمی گەیاندە بەرزترین ئاستی خۆی، لە نێوان مەسەلە سیاسییەکان و گرفتە ئایینیەکان جیاوازی قایل بووە. مەبەستی سەرەکی ئەو مانەوەی دەوڵەت بووە و حکومەتی کۆماریی بە مەرجێک پەسند دەکات کە جەماوەر بە گشتی بگەنە ئاستێکی باڵای عەقڵانی. ئەگەرچی ماکیاڤیلی کەسێکی دیموکرات نەبووە بەڵام پێی وابوو کە جەماوەر دەبێ لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا دەورێکی باڵا بگێڕێت تاکوو دەوڵەت بتوانێ لەباری سیاسییەوە سەقامگیر بێت. ئەو پێی وابوو کە بۆ ڕژێمێکی دیکتاتۆریش، لەناوبردنی حکوومەتێکی دیموکراتی لێوەشاوە، کارێکی دژوار دەبێت.
خۆلاسە، جیهانبینی ماکیاڤیلی بۆ ماوەی چوار سەدە لە مێشکی خەڵکدا هاوواتا بووە لەگەڵ زۆرداری و نەگریسی و خەیانەت. بیرداڕێژی ئەم قوتابخانە، بە نموونەی سیاسەتمەدارێکی مووقەڵاش بەڵام مەکراوی و فێڵباز ناسراوە.
میلیتاریزم/سوپا پەرستی
میلیتاریزم، چوار شێواز لەخۆ دەگرێ: شەڕەنگێزی، زاڵبوونی هێزەچەکدارەکان بە سەر دەوڵەت، ستایشی سوپا و بە هەرەوەز کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەکداری. کاتێک ئەم چوار شێوازە بە تێکڕا بێتە کایەوە (وەک ژاپۆن لە سەردەمی هیدکی تۆجۆ 44-1940) میلیتاریزم بە تەواوی پاوەجێ دەبێت. کاتێکیش دوو یا سێ شێواز بێتە کایەوە، حاڵەتێکی ڕێژەییە.
میلیتاریزم، مانای زۆری لێبۆتەوە. هەندێ جار بە واتای شەڕەنگێزی یان سیاسەتی پاوانخوازانە لە ئاست دەرەوە و ئامادەبوون بۆ بەرپاکردنی شەڕ بە کار هاتووە. لە شوێنی دیکەدا بە واتای سەروەری سوپا بەسەر دامودەزگەی دەوڵەتە. لە کەشێکی وەهادا بۆ ئەوەی دامودەزگەیەکی دەوڵەتی بە میلیتاریزم ناو دەربکا، دەبێ بەستێنی دەسەڵاتی چەکداری و مەدەنی بە وردی لێک جودا بکرێتەوە و دەسەڵاتی چەکداری بە سەر دەزگە ئیداری و سیاسیەکاندا زاڵ بێت. یەکەمین نیشانەکانی جیاوازی ئەم دوو بەستێنە لە ڕژێمی پادشایی ئێران لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین بەدیهات.
پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان لە دەوڵەتدا ڕادەی بەهرەداری سەربازەکانە لە دەزگەی سیاسی ئەو وەڵاتەدا. نمونەیەکی دیکە لەم جۆرە حکوومەتە، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە لە سەروبەندی کۆتایی هاتنیدا.
دەسەڵاتی هێزی چەکدار بە سەر دامودەزگەی حکوومەتدا هەمیشە بە واتای بە کارهێنانی سیاسەتی شەڕخوازانە نییە لە ئاست وەڵاتانی دیکەدا. بۆ وێنە ژاپۆنی سەردەمی توکوگاوا و دیکتاتۆرییەکانی ئەمریکای لاتین. مانایەکی تری میلیتاریزم کۆنترۆڵ کردنی ژیان و کومەڵگەیە لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە. بەم هەژمۆنییە کە بە حەزی چەکدارەکان کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێ، دەگوترێ کۆمەڵگەی «میلیتاریزە». جاری واش هەیە لە دۆخێکی جەنگیدا تەواوی دامودەزگە کۆمەڵایەتیەکان دەکەونە خزمەت هێزە چەکدارەکانەوە، بۆ وێنە وەڵاتی بەریتانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا.
نەهیلیزم (پووچگەرایی)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی nihil بەواتای هیچ و پووچ وەرگیراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە هەر بابەتێکی داسەپاو بەسەر ئەندێشەی مرۆدا ڕەت دەکەنەوە و هەموو بیروباوەڕێک بە پووچ دەزانن و بە چاوێکی سووکەوە سەیری هەموو یاسا و ڕێسایەک دەکەن. فەلسەفەی نەهیلیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن و پێش سوکرات کە ئەویش بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی بوون و ڕۆح و موڵکدارێتی و یاسا و مافەکان و هەموو شتێک. بەڵام لەم سەدانەی دواییدا لە ڕووسیای تیزاریدا ناوی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی بوو کە دەسەڵاتی حکوومی و ناحکوومی بە هیچ دەزانی و دواتر گۆڕا بە مەرامێکی شۆڕشگێڕانە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی.
زاراوەی نەهیلیزم، یەکەم جار لەگوێن شێوازێکی ڕەخنەگرانەی نیگەتیڤ دەربارەی گرێبەست و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی لە لایەن نووسەری بەناوبانگی ڕووس، تۆرگنیف، لە کتێبی «باوکان و منداڵان» دا بە کار هاتووە. سەرکاروان و دامەزرانەری ڕێبازی نەهیلیزم لە ڕووسیا، باکۆنین (1876ــ 1814) بوو. پاش ساڵی 1878 ئەم زاراوە لە ڕووسیا دەربارەی ئانارشیست و تیرۆریستەکان بە کار برا. هەندێ جاریش مانای خۆبەختکردن و دابڕان لەم دنیایەی لێ هەڵێنجراوە.
پانچاشیلا
بە زمانی سەنسکریت، بە مانای پێنج بنەڕەتە. پانچاشیلا، لە شەریعەتی بوودا بەگشتی ناوی پێنج یاسای کرداریی بووداییەکانە کە بریتییە لە: خۆپاڕاستن لە کوشت و کوشتار، دزی، بەئاڵۆشی، درۆ و مەیخۆری. ئەم زاراوە لە لایەن دەوڵەتی هێندەوە بە واتای پێنج بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوە بەم شێوازە بە کار براوە:
1) بایەخ دانان بۆ سەروەری و حاکمیەتی نەتەوەیی و سنووری وەڵاتەکان.
2) دەستدرێژ نەکردن.
3) دەست نەبردن بۆ ناو کاروباری ناوخۆیی وەڵاتەکانی دیکە.
4) ڕێز گرتنی دوولایەنە و یەکسان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان.
5) پێکەوە ژیانی ڕژێمی جۆراوجۆر. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە باندۆنگ، ئەم بنەڕەتانەی بە «پێنج بنەڕەتی پێکەوە ژیانی ئاشتی خوازانە» پەسند کرد. لە ساڵی 1965 وەڵاتی ئەندونیسیا بنەڕەتەکانی پانچاشیلای بۆ سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە کار هێناوە.
پیلان - کەتن
کردەیەکی پەنامەکی و شاراوەیە کە لە لایەن گرووپێکی شۆڕشگێڕ یان سیاسی بۆ ڕووخانی ناوەندی ڕێبەرایەتی سیاسی وەڵاتێک بە ئەنجام دەگات. بۆ وێنە: پیلان بە دژی هیتلەر (1944) هەروەها بەدژی نووری سەعید و مەلیک فەیسەڵ (1958) و عەبدولکەریم قاسم (1963) لە عێراق.
چواردە مادەی ویلسۆن
لە ڕێکەوتی 18ی ژانوییەی 1918 تۆماس وودرۆ ویلسۆن (1869-1959) سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، بەیاننامەیەکی دەربارەی ئامانجەکانی دەوڵەتانی یەککەوتوو (لە شەڕی جیهانی یەکەم) بڵاو کردوەوە کە بە چواردە مادەی ویلسۆن ناوی دەرکردووە ئەم چواردە مادە بریتین لە:
1ــ ڕاوەستانی سیاسەتی نهێنی و مۆرکردنی پەیماننامەی ئاشکرا بۆ ئاشتی.
2ــ ئازادبوونی هاتوچۆ لە دەریاکاندا.
3ــ لابردنی کۆسپی گومرگی و لەبەرچاوگرتنی یەکسانی و ئازادی لە بازرگانیدا.
4ــ کەمکردنەوەی چەکەکان.
5ــ چارە سەرکردنی دادپەروەرانەی کێشە ئیستیعمارییەکان.
6ــ چۆڵکردنی خاکی سۆڤیەت.
7ــ سەربەخۆیی دووبارەی بەلجیکا.
8ــ چۆڵکردنی فەڕەنسە و گەڕانەوەی «ئاڵزاس و لورن» بۆ ئەم وەڵاتە.
9ــ پێداچوونەوە بە سنوورەکانی ئیتاڵیا.
10ــ خودموختاری بۆ کەمایەتییەکانی نەمسا ـــ مەجارستان.
11ــ چۆڵکردنی خاکی سێربستان و مۆنتێ نێگرۆ و ڕۆمانیا و چارەسەرکردنی دادپەروەرانەی کێشەکانی باڵکان.
12ــ سەربەخۆیی ناوخۆیی نەتەوەکانی سەر بە ئیمپراتۆری عوسمانی و نێونەتەوەیی کردنی تەنگاوی داردانێل.
13ــ دامەزرانی دووبارەی دەوڵەتی پۆڵۆنیا.
14ــ دامەزراندنی کۆمەڵی نەتەوەکان.
کۆیلەداری
کۆیلەداری دیاردەێیکە کە پێوەندی دەسەڵاتدارێتی و ژێردەستەیی نیشان دەدات. سنووری ئەم پێوەندییە لە دەسەڵاتی کۆیلەدار بە سەر مەرگ و ژیانی کۆیلەوە بگرە تاکوو ڕێسای وشکی چاودێری بە سەر مافەکانی دوولایەن، جیاوازە. ڕەگەزی سەرەکی ئەم دیاردە مافێکە کە کۆیلەدار بەو پێیە دەتوانێ کۆیلە مەجبوور بکات هەندێ کار بە قازانجی ئەو ئەنجام بات. بازرگانی کۆیلە لە پێوەند لەگەڵ کشتوکاڵ لەو شوێنێنە کە کرێکار کەم بن، ئاسایی بووە. کۆیلەداری لە ناوماڵ، لەگەڵ کاروباری خێزان و خزمەتگوزاری شەخسی پێوەندی هەبووە. پاساوی ئەم کەشە بۆ کۆیلەدار ئەوە بووە کە سوود و بەهرەی ئابووری و ئایینی کۆیلەکان دەستەبەر دەکات.
کۆیلەداری دیاردەیەکی زۆر کۆنە و لە چوار هەزار ساڵ پێش زایین، لە شارستانەتیی سۆمەرەوە دەستی پێکرد. تەنانەت لە یۆنانی کۆنیش بووە. ئەرەستۆ، کۆیلەداری بە دەرەنجامی سروشتیی پێوەندی نێوان سوڵتە ــ فەرمانبردن و کۆیلە بە «دارایی زیندوو» ناوبردە دەکات. یاسای ڕوومی، کۆیلە نەک بە مرۆڤ نازانێ بەڵکوو لەگوێن کەرەستەیەک لە خزمەت ئامانجەکانی کۆیلەدار ناوبردەی دەکات. یەکەمین شۆڕش و ڕاپەڕینی کۆیلەکان بە ڕێبەرایەتی سپارتاکووس بەڕێوەچوو کە لە ساڵی 73ی پێش زایین بەدژی ڕژێمی کۆماری ڕۆم خەباتیان کرد.
کۆیلەداری لە هەندێ شوێنی ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست بەردەوام بووە. بەڵام پاش دەستێوەردانی مەسێحییەکان، حاڵ و وەزعیان باشتر بووە. لە قۆناغی نوێدا کۆیلەداری بەسرایەوە بە کارکردن لە ناو مەزرای گەورە لە وەڵاتانی ڕۆژاوا و وەڵاتانی موسوڵمان (وەک کەنیز) و سەپان. لە سەدەی بیستەمدا سەرلەنوێ کۆیلەداری لە وەڵاتانێکی پیشەسازی وەک ئەڵمانیای سەردەمی نازیسم، ژیایەوە. کۆیلەداری لە دوو سەرەوە پێوەندی بووە لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا: لە لایەکەوە بەرهەمی هەست و سۆزی ناسیۆنالیستی حکوومەتێک بووە. لە لایەکی دیکەوە، کۆیلەکان بە خۆڕاگری و ڕاپەڕین، یارمەتییان داوە بە بەهێزکردنی ناسیۆنالیزم.
مۆرکردنی پەیماننامەی 1956 لە لایەن 33 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ باشتر کردنی هەلومەرجی کۆیلەداری، نیشانەی دەوامەی سەرسەختانەی دیاردەی کۆیلەدارییە.