تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کاریزما
1ـــ بەهرەیەکی مەعنەوی، ودم یا توانستێک کە وادەزانی لە لایەن یەزدانەوە بە کەسێک کەرەم کرابێت تاکوو بەو پێیە هەندێ کاری سەیر و سەمەرە ئەنجام بدات. 2ـــ توانستێکی تایبەتی کە بەهرەدارەکەی پێی وایە بۆ ڕێبەرایەتی کردنی جەماوەر لە پشتیوانییەکی پڕسۆزی ئەوان بەهرەوەرە.
ئەم زاراوە لە بنەڕەتدا بە واتای «یارمەتی خواوەندی» یە. ماکس ڤێبەر، کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی (1864ــــ 1920) ئەم وشەی لە کۆمەڵناسی سیاسیدا بەکارهێناوە و مەبەستی لەم زاراوە،«گەوهەرێکی تایبەت» بووە کە بە کەسێک یا شتێک حاڵەتێکی بێوێنە و سەیروسەمەرە دەبەخشێ. ڤێبەر لە نێوان کاریزمای تاکەکەسی کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەخسێکی تایبەت و کاریزمای مەقام، کە دەگەڕێتەوە بۆ پلەوپایە و مەقامێک، جیاوازی قاییل دەبێت. ئەو چەمکی کاریزمای لە بەستێنی تیۆری گشتی دەسەڵاتدا بەکارهێنا و بەم پێیە سێ جۆر ڕەوایی (مشروعیت) ی ناوبردە کرد: سوننەتی، کاریزمایی و قانوونی ـــ عەقڵانی. ڤێبەر لەم دابەشکارییە بۆ شرۆڤەی پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کەڵکی وەرگرت.
ئەو پێی وابوو هەرکاتێک کۆمەڵگە و ئایینەکان لە ژێر فرمانی ئەو سوننەتانەدا بن کە پیرۆزییەکەیان لە ڕابردوو گرتبێت، تەنیا هێزێک کە توانایی ململانێی هەبێت، ڕێبەرێکی کاریزمایە کە شەرعییەتی خۆی لە بەهرە شەخسییەکانی وەرگرتبێت. کۆمەڵناسەکان ئەم زاراوەیان لە باری سیاسییەوە بۆ کەسایەتیگەلێکی وەک نکرۆمە لە غانا، سۆکارنۆ لە ئەندونیزیا و نیهرۆ لە هیندستان بەکار بردووە و پێیانوایە کە بەهرەی شەخسی ئەوان بۆتە سەرچاوەی دەسەڵات لە نێوان نەتەوەکانیان. بەڵام ئەم زاراوە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بۆ هەموو دیاردە و کەسانێک بەکار دەچێت کە بە هۆی تواناییەکی تایبەت و سەیرەوە، لەگەڵ ڕەشەگەل و جڤاک جیاوازییان هەیە.
داگیرکاریی (ئیستیعمار)
ئەم وشە بە مانای حەز بە ئاوەدان کردنەوەیە بە چەشنێک کە تاقمێک لە خەڵکی وەڵاتێک بچنە وەڵاتێکی دیکە و دەست بدەنە ئاوەدانکردنەوەی ئەو جێیە. بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای زاڵبوونی سیاسی، سەربازی، ئابووری یا کەلتووری وەڵاتێکی بەهێزە بە سەر وەڵات یا نەتەوەیەکی بێدەسەڵاتدا. چەمکی ئیستیعمار، ئەمڕۆکە لەگەڵ چەمکی ئیمپریالیزم لە باری ماناییەوە هاوڕەگەزیان لێ دەرهاتووە و لە بنەڕەتدا ئیستیعمار کردارێکی ئیمپریالیستی ناونووس دەکرێت واتە دەسەڵاتێک کە دەیهەوێ لە سنوورە نەتەوەییەکانی خۆی تێپەڕ ببێ و وەڵاتان و نەتەوەکانی دیکە بخاتە ژێر سوڵتەی خۆیەوە. بەم بۆنەوە دوو زاراوەی «ئیستیعماری سوور» و «ئیستیعماری ڕەش» هاتونە ئاراوە کە یەکەمیان، سیاسەتی داگیرکارییانەی یەکیەتی سۆڤیەت بووە و دووهەمیش، هێزە ئیمپریالیستیەکانی ڕۆژاوا. هەر بەم قیاسە، پاکستانیەکان لەبارەی «کەشمیر»ەوە ڕوویانکردۆتە «ئیمپریالیزمی قاوەیی» .
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان
ئەم فیدراسیۆنە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی کرێکاری جیهانە کە لە ساڵی 1945 لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانی 54 وەڵاتی جیهان بۆ وێنە ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت لە پاریس دامەزراوە. بەڵام هەندێ لە یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا بەو بیانووەی کە لە یەکێتییە کرێکارییەکانی سۆڤیەتدا ئازادی ڕاستەقینە لەبەرچاو ناگیردرێ، لەم فیدراسیۆنەدا بەشدارییان نەکرد.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی ئایدیۆلۆجیایی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و بلۆکی ڕۆژاوا لە ژانوییەی 1949، یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و چەند وەڵاتێکی دیکە بە تەواوەتی لەم فیدراسیۆنە وازیان هێنا و هەر لەو ساڵەدا «کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکاری ئازاد» یان پێکهێنا کە زۆربەی یەکێتییە کرێکارییەکانی وەڵاتانی ناکۆمۆنیست تێیدا بوون بە ئەندام.
کۆنەپارێزیی/قایمەکاریی
بریتییە لە کۆمەڵێ ئەندێشە و ڕێبازی سیاسی کە بیروبۆچوون و نەریتە کۆنەکان بەبایەختر دەزانێت لە هەر چەشنە بیرۆکەیەکی نوێباو و ئەزموون نەکراو. کۆنەپارێزی لەسەر یاسا و ڕێباز و نەریت جەخت دەکا و پێی وایە کە هیچ کاتێک بە شێوەیەکی ڕەها، شەڕ و ئاژاوە لەسەر زەوی ڕیشەکێش ناکرێت چونکە زاتی مرۆڤ زاتێکی ناکامڵە. کۆنەپارێزی لە نەریتی سیاسی بریتانیادا خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە. بەکارهێنانی زاراوەی کۆنەپارێز لەم وەڵاتەدا لە ساڵی 1835 تا 1840 دەستی پێکرد و لەو کاتەوە جێگەی واتای مێژوویی«توری» گرتۆتەوە. لە سیستەمی سیاسی بریتانیادا حیزبی کۆنەپارێز، هەمیشە حیزبێکی سەرەکی لە ئەژمار هاتووە و کەسانێکی وەک ئیدمۆند بۆرگ، کالریچ، پیل و دیزراییل، هەوڵیان داوە ئەم حیزبە گەشە پێ بدەن. ئەگەرچی کۆنەپارێزیی هیچکات نەبۆتە خاوەنی سیستەمێکی گونجاوی فەلسەفی بەڵام بە گشتی لەم بنەمایانەی خوارەوە پەیڕەوی دەکات:
کۆنەپارێزی لە بەرانبەر ڕادیکالیزم و شۆڕشگێڕیدا ڕادەوەستێ. لە ڕوانگەی کۆنەپارێزێکەوە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ، دەخوازن بە ئامانج و مەبەستی تیۆری و قوتابخانەیی، زۆربەی دەزگە بایەخدارە کۆمەڵایەتییەکان لەناو ببەن. ئیدمۆند بۆرگ، هێرش دەکاتە سەر توندڕەوی (ڕادیکالیزم) و بە ڕێبازی دەمارگیرانە و دژ بە کولتووری گرانبەهای ڕابردووی دادەنێ و دەڵێ: پێویستە سوود لە ئەزموونی پێشوونانی خۆمان وەربگرین و ئەگەر چاکسازیش پێویست بێت، دەبێ لەگەڵ شکڵ و شێوازی ڕابردوودا بیگونجێنین. خاڵێکی مەترسیدار لە ڕێبازی کۆنەپارێزیدا بڕواهێنانە بە کەماڵی موتڵەق. چونکە هیچ شتێک بە قەدەر بەرجەستەکردنەوەی یۆتۆپیا بۆ پێشڤەبردنی ڕاستەقینە زیانبار نییە. سیاسەت بە کردەوە، بێ توانایە و هیچ شتێک مەترسیدارتر لەوە نییە کە بۆ گەیشتن بە خەون و یۆتۆپیاکان زەبر و زەنگ بەکار ببرێت.
کۆنەپارێزی بۆ کۆنارایی، ڕێزێکی زۆر قایل دەبێت و هەر دەزگە یا نەریتێکی کۆمەڵایەتی کۆنتر و لە مێژینەتر بێت، لای ئەم ڕێبازە بەنرخترە. کۆنەپارێزەکان، هەمیشە لەدووی ئەزموونی وەچەکانی پێشوون و هەوڵ دەدەن بە جەوهەری ڕۆحی ئەو ئەزموونانە، کلک وگوێی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان بقرتێنن. لە بنەماکانی دیکەی ئەم قوتابخانە دەکرێ ئاماژە بدەین بە پاراستنی نەریتی لیبرالیزمی ئەورووپایی، ڕێزگرتن لە خاوەنداریەتی تایبەتی و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئابووری.
ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس
ئەم ئەنجومەنە لە 25/5/1981 بە ئەندامەتی وەڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ویلایەتی میرنشینی عەرەبی، عەممان و عەرەبستان لە ئەبوزەبی دامەزرا. ئامانجی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە، پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی ئەندامەکانیەتی. نووسینگەی ئەنجومەن لە ڕیاز، پێتەختی عەرەبستانە. ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ساڵی 1994 بڕیاری دەرکرد کە گەمارۆی ئابووری لەسەر ئیسراییل لا بچێت. ئەم گەمارۆیە کە ئیجازەی مامەڵە و دانوستانی لەگەڵ کۆمپانییەکانی سەربەم وەڵاتە، نەدەدا لە ساڵی 1947 لە لایەن یەکیەتی عەرەب دەرکرابوو.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
پەیمانی بەرگرتن لە تاقیکاری ئەتۆمی
پەیمانێک کە لەنێوان بریتانیا و ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت لە ژووئییەی 1963 لە مۆسکۆ واژۆ کرا. بەپێی بەندی 1ی پەیمانەکە:
1) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە ئیمزا دەکات، دەبێ خۆ بپارێزێت لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی یان هەر چەشنە تەقاندنەوەیەکی ناوەکی لە هەر شوێنێکی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیدا لە ئاسمان و زەوی.
2) هەر دەوڵەتێک کە ئەم پەیمانە واژۆ دەکات، بۆی نییە ئاسانکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی یان لەم کارەدا بەشداری بکات یا ببێتە هاندەر بۆ ئەم مەبەستە.
بەپێی بەندی 3، ئیمزاکردنی ئەم پەیمانە بۆ هەموو دەوڵەتەکان ئازادە. تا ساڵی 1965 نزیکەی 100 وەڵات پەیمانەکەیان مۆرکرد بەڵام وەڵاتانی چین و فەرەنسە لە مۆرکردنی ئەم پەیمانە خۆیان پاراست. لە 24/9/1996 لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، پێنج زلهێزی ئەتۆمی جیهان واتە ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، چین و فەرەنسە پەیمانەکەیان مۆر کرد. بەڵام ئەم پەیمانە تا ئەو کاتەی کە لە لایەن 44 وەڵات کە توانایی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان هەیە بە ئیمزا نەگات، بە شێوەیەکی جددی پیادە ناکرێت.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە ساڵی 1995، ناوی خۆی بە ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەورووپا گۆڕی. بەرنامە و ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە: بەرزڕاگرتنی بایەخە هاوبەشەکان، یەکدەنگی و هاوئاهەنگکردنی باس و گفتوگۆکان لەمەڕ ئاسایشی ئەورووپا، چەکداماڵین و کۆنتڕۆڵی چەک، هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی قەیران و شەڕی ناوچەیی بەمەبەستی کەمکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان.
ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوین
مالکۆڵم ڕیفکیند وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 1996 لەسەردانێکی خۆی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەی بەمەبەستی زیادکردنی متمانە لەنێوان وەڵاتانی ناوچەکە پێشنیار کرد. بە باوەڕی ڕیفکیند، ئەو ڕێکخراوانەی کە تا ئەودەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دامەزرێون نەیانتوانیوە بە پێداویستیەکانی ناوچەکە وەڵام بدەنەوە. وێدەچێ کە ئامانجی سەرەکی لە دامەزرانی ئەم ڕێکخراوە پاڕاستنی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و ڕازیکردنی عەرەبان بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسراییلدا بێت.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئاسیا
ئەم دانیشتنە هاوشێوەی «کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا»یە کە بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئۆقرەیی لە ئاسیادا پێکهاتووە. دوابەدوای دانیشتنی سەرۆک کۆماری وەڵاتانی ئێران، تورکیا و وەڵاتانی ئاسیای ناوین لە عیشقاباد لە ساڵی 1992 لە بارەی پێویستی ڕێکخستنێکی نوێ بۆ ئاسایش، سەرکۆماری قازاغستان پێشنیازی دامەزراندنی کۆنفرانسێکی لەم شێوەی چێکرد کە ئامانجەکانی بریتی بوون لە:
1ــ دەستەبەرکردنی گەرەنتییەک بۆ پیادەکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە لەسەر بنەمای سنوورە ناسراوەکانی ئەو کاتە.
2ــ ئاسانکاری بۆ پەرەسەندنی هاریکاری لە نێوان وەڵاتانی ناوچەکە.
3ــ دیاریکردن و بەکارهێنانی پێوانە و پێکهاتەی یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
کۆنفرانس، سێ بابەتی بۆ وێککەوتن دیاری کردووە: ئاسایش، ئابووری و مرۆڤی.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا
ئەم کۆنفرانسە پێکهاتووە لە 53 وەڵاتی ئەندام کە لە دوای ئیمزاکردنی «کۆنفرانسی هلسینکی» لە ساڵی 1975 بنیاد نرا. ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە لە «جاڕنامەی پاریس» کە لە ڕێکەوتی 21ی نوێمبر 1990 لە لایەن ئەندامەکانی ئیمزا کرا بریتی بوون لە:
پابەندبوون بە چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ نەهێشتنی گرژیی لە نێوان هەردوو ئۆردووگای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و هەڵوەشانەوەی سنوورەکانی نێوان ئەم دوو بلۆکە. گرنگرترین بڕیاری کۆنفرانس، سەقامگیرکردنی سنوورەکانی ئەوکاتەی ئەورووپا بوو.
وەزیرانی دەرەوەی ئەم کۆنفرانسە هەموو ساڵێک پێکەوە دیدار دەکەن و بەپێی بڕیارنامەیەک ئەم دەزگەیانەی خوارەوە بۆ پێشڤەبردنی کاروباری کۆنفرانس دامەزراون:
1ــ ناوەندی نووسینگەی کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا لە پراگ ــە.
2ــ «ناوەندی بەرگرتن لە پێکدادان» بنکەکەی لە ڤییەنای وەڵاتی نەمسایە.
3ــ «نووسینگەی هەڵبژاردنی ئازاد» لە وارشەو (پۆڵەندا) یە.
ئەندامانی ئەم کۆنفرانسە بریتین لە:
ئاڵبانیا، ئەرمەنستان، نەمسا، ئازەربایجان، بەلجیکا، بووسنی هەرزەگۆیین، بریتانیا، بولغارستان، ڕووسیەی سپی، کەنەدا، کرۆڤاسیا، قوبرس، چێک، دانیمارک، فەنلاند، فرەنسا، گورجستان، ئەڵمانیا، مەجارستان، ئیسلەندا، ئیرلەندا، ئیتالیا، قازاغستان، قرغیزستان، لیتۆنیا، لیختنشتاین، لیتوانیا، لۆکزامبۆرگ، ماڵت، مۆڵداوی، موناکۆ، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پۆرتوغال، ڕۆمانیا، فیدراسیۆنی ڕووسیە، سێن مارینۆ، سلۆڤاکیا، سلۆڤانیا، سپانیا، سوید، سویسڕا، تاجیکستان، تورکیا، تورکمانستان، ئوکرایین، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوزبەکستان، ڤاتیکان، یۆگوسلاڤیا (سیربستان و مۆنتێنگرۆ) و یۆنان.
لە دانیشتنی بوداپێست (6 و 5 ی دێسەمبری 1994) ناوی ئەم کۆنفرانسە بوو بە «ڕێکخراوەی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا» (OSCE).
یەکیەتی عەرەب/کۆمکاری عەرەب
ئەم یەکیەتییە لە پاش هەوڵودەوڵی بێ بڕانەوەی وەڵاتانی عەرەبی بۆ دامەزرانی کۆمەڵەیەک پێکهات. لەم سەروبەندەدا ڕێککەوتنێک لە لایەن میسر و عێراق و لوبنان و سوریا و... مۆر کرا. کۆمیتەی ئاسانکاری یەکیەتی پان عەرەب، لە کۆنگرەی ئەسکەندەریە (14ی فێوریەی 1945) بە مەبەستی واژۆ کردنی ڕێسانامەیەک بۆ ئەم یەکیەتییە، پێشنیاری دانیشتنێکی کرد. بڕیارنامەی وەڵاتانی عەرەب لە 22ی مارسی 1945 لە لایەن نوێنەرانی میسر و عێراق و لوبنان و سەعودی و سوریا و ئەردەن و نوێنەرێک لە فەلەستین و یەمەن ئیمزا کرا.
ئامانجی دروسبوونی ئەم ڕێکخراوە، پێکهاتنی یەکیەتییەک لە دەوڵەتانی سەربەخۆی عەرەب بوو بە مەبەستی بەهێز کردنی پێوەندی عەرەبان و گەیشتن بە ئاواتەکانیان لەپێناو یەکگرتووییەکی بەپێز. لیبی لە ساڵی 1953، مەراکیش و تونێس لە 1958، سودان و کوەیت لە 1961، جەزاییر لە 1962، یەمەنی باشووری لە 1967چوونە ناو ئەم یەکیەتییەوە. یەکیەتی عەرەب بریتییە لە 9 کۆمیتەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سەربازی و یاسایی و… نووسینگەی یەکیەتی لە قاهیرەیە و سکرتێر بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت. دەوڵەتی لیبی لە مانگی مەی 2003 لەم ڕێکخراوە جیابۆوە.
یەکیەتی کرێکاری
ڕێکخراوەیەک کە تێیدا کۆمەڵی کرێکاران بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ئیش وکار و مووچە و… پێکەوە چالاکی دەنوێنن. لە وەڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا یەکیەتیە کرێکاریەکان ـــ چ ئەوانەش کە ئەندامی ئەو یەکیەتیە نەبن ـــ بڕیار دەدەن بەرژەوەندیەکانی کرێکاران دەستەبەر بکەن.
یەکیەتیە کرێکاریەکان تا کۆتایی سەدەی 19 بە ڕەسمییەت نەناسرابوون و سەرکوت دەکران. چونکە هەبوونیان ڕێگر بوو لەبەردەم بنەڕەتی ئازادی لە بازاری ئابووریدا. بەڵام لەو کاتەدا لە ئەورووپا پەسند کران و ئێستاکە زۆربەی وەڵاتانی پیشەسازی خاوەنی ڕێکخراوەی کرێکاری نەتەوەیین.
بزووتنەوە چەپیەکانی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئانارشیست و سێندیکالیست، تێکڕا یەکیەتیە کرێکاریەکان لەگوێن ئامێرێکی گرینگی کرداری سیاسی و شۆڕشگێڕانە ناوبردە دەکەن و هەندێکیان وەک داردەستێکی شۆڕشگێرانە بۆ ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری لە قەڵمی دەدەن. (بڕوانە سیندیکالیسم)