تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سیاسەت/ ڕامیاریی
ئەم زاراوە لە زمانی فرەنسی لە ڕیشەی politique وەرگیراوە کە ئەویش لە ڕیشەی یۆنانی politikos و ڕیشەی polis بە مانای شار وەرگیراوە. لەو سەردەمەدا politikos بە واتای «هونەر و هەڵسوکەوتی حکوومەت لە وەڵات» یان دەوڵەت ـــ شارەکانی یۆنان لێک دراوەتەوە.
سیاسەت بە گشتی بریتییە لە ستراتیجی یان مێتۆد و ڕێبازێک بۆ بەڕێوەبردن یان باشتر بەڕێوەچوونی هەر کارێک چ کارێکی شەخسی بێت چ کۆمەڵایەتی. بەڵام مانایەکی تایبەتیش بۆ ئەم زاراوە لێکدراوەتەوە کە ئەویش بریتییە لە لێکدانەوە و توێژینەوەی ڕەهەندە سیاسیەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نمونە دەسەڵات، دەوڵەت، ڕەفتاری سیاسی، بڕیاردانی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی.
سیاسەت بە یەکێک لە کۆنترین بەشەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێ و کتێبی «کۆماری» پلاتۆ، یەکەم بەرهەمە کە لەم بارەوە نووسراوە و تێیدا باس لە چۆنیەتی حکوومەتی شارەکانی یۆنانی کۆن دەکات. لەم کتێبەدا پلاتۆ حکوومەتی نوخبەکان پێشنیاز دەکات. پاش پلاتۆ، ئەرەستۆ توێژینەوەیەکی قووڵتری لەمەڕ زانستی سیاسەت و شێوازی حکوومەت کردووە کە نووسینەکانی ئەو لەو بوارەدا بنچینەی زانستی ڕامیاری لە قەڵەم دەدرێن. دواتر لە سەردەمی ڕێنسانس، نیکۆلۆ ماکیاڤیلی نووسەر و سیاسەتمەداری ئیتالی کتێبێکی بە ناوی «میر» نووسیوە کە تێیدا شێوازەکانی حکوومەتکردنی ڕاڤە کردووە. (بڕوانە ماکیاڤیلیزم) ئەم کتێبە بووە هۆی ئەوە کە زۆربەی پادشایان و دەسەڵاتدارانی سەدەی هەژدە لە ئەورووپا پەیڕەوی بیر و بۆچوونەکانی بکەن.
بەڵام پێشینەی هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی سیاسەت وەک زانستێک، دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی پۆزەتیڤیزمی ئاگۆست کۆنت (1798ـــ 1857) لە سەدەی نۆزدە. پۆزەتیڤیستەکان، پێشکەوتنی زانستە سرووشتییەکانیان بە دەرەنجامی ملنەدان بە کۆت و بەندە میتافیزیکیەکان دەزانی و خوازیاری بەکارهێنانی مێتۆدەکانی زانستی سرووشتی بوون لە توێژینەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا. بەم بۆنەوە کۆنت لە کتێبەکەی خۆی بە ناوی «زانستی سیاسەت» ئەم ڕاستییەی سەلماندووە کە زانستی سیاسەت بە بەراوردکردن لەگەڵ زانستی فیزیا، زانستی فیزیای کۆمەڵایەتی لە ئەژمار دێت و بە هەمان شێوەی فیزیا لەگەڵ دیاردەگەلی دینامیک و ستاتیک سەروکاری هەیە.
زانستی سیاسەت بە دوو چەمک دابەش کراوە: یەکەم، بە مانای سیستەمی سیاسی یا حکوومەت و دەزگە حوکومییەکان و سیاسەتی ڕاپەڕاندن و شێوەی دەسەڵاتداریەتی و ئیدارەی کۆمەڵگەیە. دووهەم، زانستێک کە لەگەڵ بونیادە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی دەزگە حوکومییەکان، زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و هێز بە مانای گشتی، مان و نەمانی حکوومەتەکان، پێوەندی نێوان دەوڵەتان و فەلسەفەی سیاسی، پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ ژیانی سیاسی و کەلتووری سیاسی و ئابووری و مێژووی سیاسی و … سەروکاری هەیە.
سیاسەت و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە سەر هەموو ژیانی مرۆڤایەتی کاریگەری دادەنێت. چونکە جاری وا هەیە بڕیارێکی نابەجێی سیاسی دەبێتە هۆی بەرپابوونی شەڕ و پێکدادان یا شۆڕش و کۆدەتا کە ئەمانەش هەموو بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئایینی و فیکرییەکان تووشی وەرچەرخان دەکات. ئەگەرچی هەندێ لە نووسەران چەقی توێژینەوەکانی زانستی سیاسەت بە دەوڵەت یان حکوومەت لە قەڵەم دەدەن بەڵام هەندێکی دیکە لە سەر ئەم بڕوایەن کە سیاسەت، سەنتەر و ناوەندێکی تاقانەی نییە چونکە وەک زۆربەی زانستەکانی دیکە زانستێکی فرەناوەندە. دیاریکردنی بابەتی ناوەندی وەک بابەتی سەرەکی زانستی سیاسەت، دەگەڕێتەوە بۆ حەز و تاسەی زانایانی سیاسی و کێشە گرنگەکانی سەردەم و کاریگەریی زانستەکانی دەوروبەر.
چەپ و ڕاست
ئاخێزگەی زاراوەی چەپ و ڕاست، شۆڕشی فەڕەنسەیە کە لە کۆمەڵی نەتەوەیی نوێنەرانی شۆڕشگێڕی توندڕەو لە لای چەپ و نوێنەرانی کۆنەپارێزیش لە لای ڕاستەوە دائەنیشتن. لەو سەردەمەدا ئەم دوو زاراوە مانایەکی ئاشکرا و جیاوازیان هەبوو: چەپ بە مانای شۆڕشگێڕیی و حەز بە گۆڕان کردن بووە و ڕاستیش بە واتای نەیاریکردن لەگەڵ هەر چەشنە گۆڕانێک یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. بەڵام لەوە دوا، واتای زاراوەکان تووشی هەوراز و نشێو بوون و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی لاگیریی نوێی سیاسی، دیاریکردنی سنووڕێکی بەرچاو لە بەینی ئەم دوو چەمکەدا ئەستەم بووە.
بەگشتی بزاڤی چەپ بریتییە لە هەموو گرووپێکی ڕیفۆرمخواز* و شۆڕشگێڕی ئەم سەردەمە. واتە لیبراڵ و سۆسیالیست و ئانارشیست و کۆمۆنیستەکان کە لە باری ئایدیۆلۆجییەوە کەوتوونە ژێر ڕکێفەی ئەندێشەی نوێی پاش ڕێنێسانس. ئەندێشەگەڵێکی وەک: ڕاسیۆنالیزم (بڕوا بە ئەقڵ) لە بەرانبەر بڕوای ئایینی، پێشکەوتنخوازی، یەکسانخوازی، دیموکراسی و ئازادی و مرۆڤدۆستی. تایبەتمەندییەکانی چەپ بریتییە لە:
1ــ لایەنگری لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری بەمەبەستی دابینکردنی یەکسانی و لەناو بردنی جیاوازی چینایەتی و کورتکردنەوەی دەستی دەوڵەت لە کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری.
2ــ لایەنگری لە ئیمانی سەرزەمینی، واتە بڕوا هێنان بە پێشکەوتنی بێسنووری زانست و مرۆڤ و مێژوو لە بەرانبەر ئیمانی ئایینی و پەسڵانی، ڕووهێنانە ئەقڵ و بەڵگاندن و بڕوای فەلسەفی نائایینی و دژەئایینی.
3ــ لایەنگری لە ئینتەرناسیۆنالیزم لەبەری نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیزم*. بڕواهێنان بە هاوسانیی مرۆڤ و چارەنووسەکەی.
4ــ لایەنگری لە شکاندنی ترادسیۆن و نەریتەکان و حەزکردن بە شۆڕش لەبری ڕیفۆرمخوازی و ئاڕاستەکردنی پلانی نوێی کۆمەڵایەتی بەپێی پێودانگی ئایدیۆلۆجی لەبری کۆنەپارێزی و کۆنەپەرستی، بڕواهێنان بە جەماوەر وەک تاکە سەرچاوەی هەقیقەت و دەسەڵاتی سیاسی.
زاراوەی ڕاست دەربارەی زنجیرە تیۆرییەکی سیاسی دەدوێ کە لە بەرانبەر چەپ ڕادەوەستێ. لە ڕاستیدا باڵی ڕاست بۆ ناوبردەکردنی ئەو کەسانە بەکار هات کە بەرگرییان ئەکرد لە دەستێوەردان و ڕمبازێنی شۆڕشی فەرەنسە بۆ سەر دەزگەکانی پاشا. بەدرێژایی سەدەی نۆزدە زاراوەی ڕاست بە مانای قەبووڵی دەسەڵات و سەرچاوەبوونی دەزگەیەک یان کەسێک (دەوڵەت، کڵێسە، ڕێبەر) پێناسە کراوە. بڕواهێنان بە حکوومەتێکی زۆردار، موڵکداریەتی، کڵێسە و بەهێزبوونی سپا. تایبەتمەندییەکانی باڵی ڕاست لە سەدەی نۆزدە بریتین لە:
1ــ ڕەوابینینی نابەرانبەریی کۆمەڵایەتی و جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەبەرانبەر هێرشەکانی سۆشیالیزم.
2ــ پشتیوانی و داکۆکیکردن لە دەزگە مێژینەکانی کۆمەڵگە وەک خێزان، کڵێسە و پاشا لە بەرانبەر هێرشی چەپەکان.
3ــ لایەنگری توند لە ناسیۆنالیزم و بردنەسەرەوەی دەسەڵاتی نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە کەلتووری نەتەوەیی و نەژادی لە بەرانبەر لاگیریی ئینتەرناسیۆنالیستی.
4ــ داکۆکیکردن لە ئازادی سیاسی و ئابووری تاکەکەس لە بەرانبەر هەر گوشاڕێکی دەوڵەتدا.
ڕووداوەکانی دوای شەڕی جیهانی دووهەم بە تایبەت دزەکردنی ئایدیۆلۆجی نوێی سیاسی لە ئەورووپاوە بە ئاسیا و ئەفریقا، دەسەڵات و بزاڤگەلێکی سیاسی وای هێناوەتە کایەوە کە جیاکردنەوەی ڕەگەزەکانی ڕاست و چەپ لە یەکتر دژوار دەکات. بۆ وێنە هەندێ لەم بزاڤ و حکوومەتانە لە لایەکەوە، لایەنێکی ناسیۆنالیستی بەهێزیان هەیە و لە لایەکی تریشەوە، زۆربەی دروشمەکانی چەپ دەڵێنەوە و خۆیان وەک شۆڕشگێڕێک لە قەڵەم دەدەن و بانگەشەی پێشکەوتن و گەشەسەندن دەکەن.
لەم ساڵانەی دواییدا زاراوەی ڕاست و چەپ بۆ پۆلێنبەندی ناوخۆیی حیزبەکان بەکار براوە. وەک چۆن لە حیزبی کۆنەپارێزی بەریتانیا، مەبەست لە باڵی چەپ ئەو کۆنەپارێزێنەن کە هەندێ چەمکی چەپی وەک پلان دانانی ئابووری و بەربڵاوکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و سەربەستی داگیرکراوەکانە. لە حیزبی کرێکاری ئەم وەڵاتەش، مەبەست لە چەپ گەیشتن بە سۆشیالیزمە و لایەنگری لە ڕاست، بە واتای لیبڕاڵەکانی ئەو حیزبەیە.
ڕادیکاڵ + چەپڕەو
قوتابخانە، حیزب یان کەسێک کە باوەڕی بە گۆڕانکاری خێرا و بنەڕەتی لە بونیادە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و دەخوازێت بنەڕەتەکان لە ڕیشەوە بگۆڕێ، بە تایبەت ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە ببێتە هۆی هێورکردنەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی یان سڕینەوەی گەندەڵییەکان.
ڕادیکاڵیزم
ئەم زاراوە دەلالەت دەکا بە سەر ئەندێشە و کردارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە دەخوازێ بە پەلەو بآێڕاوەستان، گۆڕانکارییەکی قووڵ بەسەر دامودەزگە کۆمەڵایەتییەکاندا بێنێت. ڕادیکالیزم (و ئاوەڵناوی ڕادیکال) زیاتر بۆ وەسفی ئەندێشە و کردەی سیاسی چەپی توندڕەوــ مارکسی یا نامارکسی ــ بەکار هاتووە.
زاراوەی ڕادیکالیزم، یەکەم جار لە بەریتانیا دەرحەق بە نەیاران، لە «پلانی ڕیفۆرم» 1832 هاتە ئاراوە وپاشان ج.بینتام و هاوڕێکانییان بە ڕادیکالی فەلسەفی، ناوبرد بەڵام بەم واتایەی کە ئەمڕۆ بە زاردا دێت، دەگەڕێتەوە بۆ سێندیکاخوازی فەرەنسە.
لە ساڵی 1920 بەملاوە ڕادیکالیزم ئێجگار لەگەڵ مارکسیزم ئاوێتە بووە. جووڵانەوەی چەپی توندڕەو زیا لە هەموو شتێ کەوتە ژێر کاریگەری ستالینیزمەوە. هەندێک ڕادیکالیزمیان لە بەرانبەر لیبرالیزمی نوێی ئەمەریکا، بە چەشنی فرانکلین ڕۆزوێڵت ناوبردە کردووە. لەسەردەمی چالاک بوونی«بەرەی خەڵکی» لە 1930 دژایەتی هاوبەش لەگەڵ فاشیزمی ئەوروپی بووە هۆی یەکگرتوویی ڕادیکالە مارکسی و لیبراڵەکان. مۆرکردنی پەیمان لەنێوان سۆڤیەت و ئەڵمانیای نازییەت، بووە هۆی خاوبوونەوەی ئەم یەکییەتیە بەڵام بە هاتنە ناو جەرگەی شەڕی یەکیەتی سۆڤیەت، دووبارە گورج بۆوە.
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.
ڕاست
زاراوەی ڕاست بریتییە لە کۆمەڵێ تیۆری سیاسی کە لە بەرانبەر «چەپ» دا دێتە ئاراوە. بە درێژایی سەدەی نۆزدە، ئەم زاراوە لەگەڵ دەسەڵات و نیشتمانپەروەری، نەریتی کۆن، حکوومەتی بەهێز، موڵکدارێتی، کلێسە و هێزی سەربازی هاوواتا بووە. دوای شەڕی جیهانی یەکەم ڕاستێکی بونیادگەرای نوێ سەری هەڵدا کە لەگەڵ ڕاستی کۆنەپارێزی کۆنباو جیاوازی هەبوو. ئەم جۆرە ڕاستە لەگەڵ بەرژەوەندی چینەکانی باڵای کۆمەڵگە دوژمنایەتی کرد. نازیسم لە ئەڵمانیا توندڕەوترین شێوازی «ڕاست» ڕەو بوو. لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم، هەر دوو زاراوەی ڕاست و چەپ بە شێوازی جوراوجۆر بەکار برا. (بڕوانە چەپ و ڕاست) .
ڕاستی نوێ
دیاردەی ڕاستی نوێ پێکهاتووە لە بنەڕەگ و ڕیشەکانی نیئۆلیبرالیزم و کۆنەپارێزیی نوێ. لە 1980 بەملاوە زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی بۆ هەڵوێست نیشاندان لە بەرانبەر قەیرانی ئابووری حەفتاکان، بە دەستکێشانەوە لە سیاسەتەکانی کێنزی، بەرەو بەرەی «ڕاست» هەنگاویان نا. ڕاستی نوێ ڕادیکالیزمێکە سەر بە باڵی لیبرالیزم و هێرشێکە کە هێزە بنچینەییەکانی خۆی لەم دوو ڕێبازە وەردەگرێ. ئەم زاراوە بە تایبەتی دەربارەی سیاسەتەکانی حیزبی کۆنەپارێزی بەریتانیا لەسەردەمی تاچێر و حیزبی کۆماریخوازی ئەمریکا لەسەردەمی ڕیگان دا بەکار براوە و بەگشتی لە بواری ئابووری و سیاسی، لیبراڵ لە ئەژمار دێت. واتە لەسەر ئازادی ئابووری و کەمکردنەوەی باج و بازاڕی ئازاد و دەوڵەتی سنووردار جەخت دەکات بەڵام لە باری ئەخلاقی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە کۆنەپارێزە. ڕاستی نوێ، حکوومەت لە باری ئابوورییەوە لاواز دەکات بەڵام لە بواری سیاسی واتە دابینکردنی ئاسایش، بەهێز دەبێت.
ڕامیاری: بڕوانە سیاسەت
ڕاسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕاسپاردە لە ژانوییەی 1951 دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە: یەکەم، ئاسانکاری بۆ پشتیوانی و پاراستنی نێونەتەوەیی پەنابەران. دووهەم، دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قانوونی بۆ سەقامگیربوونی پەنابەران لەو وەڵاتانەی کە تێیدا دەژین و وەڵاتانی نوێ. بارەگای ئەم ڕاسپاردە لە شاری جنێڤا لە سویسرایە و هەموو کاروباری پەنابەران، بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە وەڵاتێکی دیکە بەرپرسیارییەتی بەرعۆدە گرتووە بۆ وێنە ئاوارەکانی فەلەستینی لە ئەستۆ دەگرێ. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتانەوە دابین دەکرێت. ساڵی 1954 خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەم ڕێکخراوە بەخشرا.
ڕاپرسی- ڕیفراندۆم- گشتپرسی
پرسینی ڕاوبۆچوونی ڕاستەوخۆ لە ئەندامانی ڕێکخراوە یان کۆمەڵگەیەک بۆ ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی سیاسەتێک لەسەر پێشنیاری نوێنەران یا ڕێبەران. ئامانجی ڕاپرسی ئەوەیە کە قانوونێک بە زیانی زۆرینەی خەڵک دەرنەچێ. لە سیستەمی نوێنەرایەتی و پەرلەمانی نوێدا تەنیا بۆ دەستووری بنچینەیی یان بۆ گۆڕینی ڕژێمی سیاسی، ڕاپرسی دێتە ئاراوە بەڵام لە هەندێ وەڵاتی بچووکدا بۆ هەموو شتێک ڕاپرسی دەکەن.
ڕاپرسی بە چەن شێوە بەڕێوە دەچێ:
1ــ ڕاپرسی بۆ دەستووری بنچینەیی: وەرگرتنی ڕای شارۆمەندان لە بابەت پەسندکردنی دەستوور یان پیاچوونە پێیدا .ئەم ڕاپرسییە بە ڕیفراندۆمی زۆرەملیش ناوبردە کراوە. بۆ وێنە ڕاپرسی لە فەرەنسە بۆ سەربەخۆیی ئەلجەزایر (1961) .
2ــ ڕاپرسی بۆ ئەنجومەنی یاسادانان: کاتێک ئەنجومەن بیهەوێت قانونێک پەسند بکات، ئەبێ زۆرینەی خەڵک لە دۆخی بدەن ئینجا شتەکە دەبڕێتەوە. ئەم جۆرە ڕاپرسییە بە ڕیفراندۆمی ئارەزوومەندانە ناوبراوە.
3ــ ڕاپرسی بۆ سەرۆککۆماری: لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یان سەرۆکوەزیران بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچێ.
دەکرێ ڕاپرسی بە خواستی هەموانیش بێتە ئاراوە. بەم شێوە کە ئەگەر پەرلەمان حەز نەکات بابەتێکی تایبەت بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، ئەوا هەندێ لە خەڵکانی ئاسایی کە مافی دەنگدانیان هەبێ دەتوانن بە کۆکردنەوەی ئیمزا داوا بکەن ئەو بابەتە بخرێتە ڕاپرسییەوە. ڕادەی پێویست بۆ ئەم داواکارییە، بەپێی یاسای وەڵاتەکان لە 5 تا 15 لە سەدی دەنگدەرانی دوایین هەڵبژاردن دەبێت. بە زۆری لە دەستووری وەڵاتەکاندا چۆنیەتی و هەلومەرجی بەرێوەچونی ڕاپرسی ئاماژەی پێ دەکرێ.
ڕای گشتی
پەرچەکرداری زۆربەی خەڵک لە بەرانبەر ئەو بابەت و ڕووداوانەی کە لە کۆمەڵگەدا زۆر گرینگن یان لانێکەم زۆرینەی خەڵک بە گرینگی دەزانن. ڕای گشتی، بیروبۆچوون و هەڵسەنگاندنی هاوبەشی گرووپێکی کۆمەڵایەتییە لەمەڕ بابەتێکی جێگای سەرنجی گشتی کە لە کاتێکی دیاریکراو لەنێوان زۆرینەی جەماوەردا بەرجەستە بووبێت. ڕای گشتی، دەنگدانەوەی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤە کە دەتوانێ لە پرۆسەی گۆڕانی بارودۆخەکان کاریگەریی دابنێت. پێشینەی ئاگەداربوون لە ڕای گشتی دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی جۆرج گالۆپ لە ساڵانی1930 لە ئەمریکا. لەم وەڵاتەدا زیاد لە هەموو وەڵاتێکی دیکەی جیهان، هەوڵ دەدرێت لە ڕای گشتی ئاگەدار بن.
ئێستە ڕای گشتی لە زۆربەی وەڵاتان بەهای پێ دەدرێت و بۆتە کانگایەکی ڕاستەقینەی دەسەڵات و ڕێژەی گرینگی پێدان بەم بابەتە پەیوەستە بە ئاستی گەشەسەندن و پەروەردەی سیاسی کۆمەڵگە.
ئەو دامودەزگەیانەی کە لەسەر ڕای گشتی دەور دەبینن بریتین لە: کتێب، ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفیزیون و ئامێری نوێی ئەنتەرنێت. بەم بۆنەوە دەوڵەتەکان هەوڵ ئەدەن بە کەڵکوەرگرتن لەم ئامێرانە و بەرنامەی سەتەلایت (مانگی دەسکرد) و تەلەفیزیۆن، سەرنجی ڕای گشتی بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن. لە زۆربەی وەڵاتان لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا هەندێ دامودەزگەی ڕاوەرگرتن هەیە کە زۆرجار بە دروستکەری ڕای گشتی لە قەڵەم دەدرێن. بۆ وێنە لەو کاتانەدا ڕادەگەیەنن کە فڵانە پاڵێوراو 70% دەنگەکانی جەماوەر بەدەست دەهێنێ کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ڕای گشتی و پێگەی ئەو پاڵێوراوە لەناو خەڵکدا بەهێز دەکات.
ئەم زاراوە لە زۆربەی وەڵاتان بەکار دێت و مانای بیروڕا و بۆچوونی خەڵکە دەربارەی بابەتێکی تایبەت. هەڵبەت بۆچوونی زۆربەی خەڵک دەربارەی بابەتەکان هەمیشە هەقیقی و بێخەوش دەرناچێ چوونکە لە ڕاوەرگرتنەکاندا بیروڕای هەموو خەڵک چ خەڵکانی ڕووناکبیر و خوێندەوار و چ خەڵکانی ساکار و نەخوێندەوار بە یەک چاو سەیر دەکرێن. لە لایەکی دیکەوە چونکە زۆربەی خەڵک زانیاری تێروتەسەلیان لەمەڕ بابەتە جۆراوجورەکان نییە و لەژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا بڕیار دەدەن، هەر بۆیە زۆرجار دەرەنجامەکانی ڕای گشتی بە ڕاست دەرناچێ.
ڕایش
ئەم زاراوە بۆ ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا بەکار براوە کە لە لایەن دۆن برووک، لە کتێبی ڕایشی سێهەم (1924) ڕەواجی پەیدا کردووە. نازییەکان پێیان وابووە کە لە ئەڵمانیا 3 ڕایشی هەبووە: ڕایشی یەکەم، یا ئیمپراتۆری پیرۆزی ڕۆما (ڕۆژاوایی) کە لە سەدەی نۆیەمی زایینی لە ئەورووپای ناوین دروست بوو کە زۆربەیان لە وەڵاتانی ئەڵمانی زمان پێکهاتووە و بنەماڵەی هاپسبوورگ بە سەریا حکوومەتیان کردووە. ڕایشی یەکەم لە ساڵی 1806 ڕووخاوە.
ڕایشی دووهەم، ئیمپراتۆری ئەڵمانیا بووە کە لە 1871 تا 1919 لە لایەن بیسمارک دامەزراوە. ئینجا تا سەرەتای ڕایشی سێهەم، واتە کۆماری وایمار (1919 ـــ 1933) حکوومەتی کۆماری و دیموکراسی لە ئەڵمانیا پیادە کرا. ڕایشی سێهەم کە لە لایەن ئادۆڵف هیتلەر بنیات نرا لە 1933 تا 1945 درێژەی بوو. هیتلەر دەیویست ڕایشی سێهەم تەمەنی 1000 ساڵە بێت.
ڕەگەزنامە+ ڕاژێری+ نەتەوایەتی
بریتیە لەو پێوەندییە سیاسی و مەعنەوییەی کە کەسێک بە دەوڵەتێکی تایبەتەوە گرێ دەدات. لە ڕاستیدا پێوەندی تاک و دەوڵەت، پێوەندییەکی سیاسییە، ئەو کەسەی کە سەر بە نەتەوەی وەڵاتێکی دیاریکراوە پێی دەگوترێ هاووەڵاتی. ئەو کەسەش کە سەر بە هیچ نەتەوەیەک نەبێت پێی دەگوترێ ئاپاترید*.
لە بابەت ڕەگەزنامەوە، یاسای وەڵاتەکان 3 مەسەلەیان لە بەر چاو گرتووە:
1ــ هەرکەس دەبێ ڕەگەزنامەیەکی هەبێت (واتە هاووەڵاتی وەڵاتێک بێت) .
2ــ هیچ کەس نابێ زیاتر لە یەک ڕەگەزنامەی هەبێت.
3ــ ڕەگەزنامە، شتێکی هەمیشەیی و نەمر و نەگۆڕ نییە.
بەخشینی ڕەگەزنامە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بە دوو شێوە بە ئەنجام دەگات:
1ـــ سیستەمی خوێن. بەم پێیە ڕەگەزنامە بەهۆی دایک و باوک و خزمایەتیەوە دەدرێتە پاڵ منداڵ واتە هەر کە منداڵ هاتە دنیاوە، ڕەگەزنامەی دایک و بابی پێ دەدرێت.
2ـــ سیستەمی خاک. واتە منداڵ لە خاکی هەر وەڵاتێک لە دایک ببێ، ڕەگەزنامەی ئەو وەڵاتەی پێ دەدرێت.
جوولەکە قڕان
دوژمنایەتی یا نەفرەت لە جوولەکان بەمەبەستی ئازاردان یا لەناوبردنیان. لە ئەورووپای سەدەی بیستەمدا دوژمنایەتی لەگەڵ جوولەکان ــ کە پێشتر لە سۆنگەیەکی ئایینییەوە بووــ جێی خۆی دا بە دوژمنایەتی ڕەگەزی (ڕەگەزپەرستی) و ئەڵمانیای نازیی (بڕوانە نازیسم) بووە ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەم نەفرەتە. دوژمنایەتی لەگەڵ جوولەکە، لە میانەی سەدەی نۆزدە هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێبازەکانی باڵادەستی ڕەگەزی ئاریایی (نوردیک) پەرەی سەند و لایەنگرانی ئەم بیرۆکە هەوڵیان دا بۆ ڕێبازەکەیان بنیاتی زانستی بدۆزنەوە.
لە ئەڵمانیای نازی هەوڵیان دا کە ڕەگەزی «ئاریایی» لە «نا ئاریایی» جیابکەنەوە و لە «تێوەدانی» ئەم ڕەگەزە بەرگری بکەن و لەم بابەتەوە یاساگەلێکیان دانا. بەپێی ئەم قانوونانە جوولەکە، بێگانە و خاوەن ڕەگەزێکی سووک بوون کە خوێنی ژەهراوییان خۆبەخۆ تاوانباریان دەکات. لەم ڕووەوە بوو کە زەهاسە و خۆشەویستی لەنێوان جوولەکە و ئاریایی پاوان کرا.
دوای ئەم قانوونانە، زانایانی ناوداری جوولەکە وەک ئەنیشتەین و فرۆید، خرانە تاراوگەوە و بەرهەمە مۆسیقاییەکانی مەندلسۆن و باخ یاساغ کرا. جوولەکان لە مافی مەدەنی و پیشەیی و بازرگانی بێبەش کران و دەستەدەستە نێردرانە ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملی.
لە سەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، ئەورووپای ڕۆژهەڵات بووە ناوەندی پڕوپاگەندە دژی جوولەکە و لێرەوە بوو کە جووڵانەوەی زایۆنیزم* دەستی پێکرد. لە دەستووری بنچینەیی ئەم وەڵاتانەدا (لە 1945 بەملاوە) ئەگەرچی بە ڕێزەوە باس لە مافی کەمینە ئایینی و ڕەگەزییەکان کرابوو بەڵام جارجارێک ئەم دوژمنایەتییە ئەبیندرا و زۆربەی ئەو جوولەکانەی لەم وەڵاتانەدا مەنسەبی دەوڵەتییان هەبوو، دەستیان لە کار پێ کێشانەوە.
دوای شۆڕشی 1917 سۆڤیەت، دەوڵەتی نوێ بە جوولەکانی وەڵاتەکەی کە ئەودەم 2 ملوێن و200 هەزار کەس بوون، مژدەی خودموختاری لەژێر چاودێری دەوڵەت دانێ. هەروەها دانانی شانۆ و دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بە زمانی ئیدی (زمانی جوولەکەکانی ئەورووپا کە ئاوێتەیەک بوو لە زمانەکانی ئەوروپی و عیبری) ئازاد کرا بەڵام ئەم بەڵێنانە بەڕێوە نەچوو.
سەرهەڵدانی زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسراییل، بۆتە هۆی پەرەسەندنی جۆربەجۆری جوولەکە قڕان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و شوێنی دیکە. ئەگەرچی دەوڵەتی ئیسراییل هەوڵ دەدات هەر جووڵەیەکی دژ بە زایۆنیزم بە جوولەکە قڕان لە قەڵەم بدات، بەڵام دژایەتی لەگەڵ زایۆنیزم و لەناوبردنی جوولەکەکان هەمیشە یەک واتایان نییە، چونکە لەناو جوولەکانیشدا گرووپ و خەڵکانێکی نووسەر و لێکۆڵەر هەن کە دژی زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسراییلن.
دابڕان
جیابوونەوەی بەشێک لە خاکی وەڵاتێک یان سەرزەمینێک لەژێر دەسەڵاتی ئەو وەڵاتە. دابڕان، زۆرتر لە دوای شۆڕش ڕوودەدات. چەن نموونەی دابڕان، بریتییە لە: جیابوونەوەی چواردە موستەعمەرەی بەریتانیا و دامەزرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (1776)، جیابوونەوەی بەرازیل لە پۆرتوگال (1882)، یۆنان لە عوسمانی (1898)، کووبا لە ئیسپانیا (1898) و پاکستان لە هێندستان (1947) . دابڕان سەرەنجامی «جودایی خوازی» *یە و پاش خەباتێکی دوور و درێژ بۆ دامەزرانی نەتەوەیەک پێک دێت.
سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە
ئەم جۆرە سۆشیالیزمە کەمتاکورتێک مارکسیزم پەسند دەکات بەڵام هەموو جۆرە مێژوویەکی ڕژێمی کۆمۆنیستی ڕەتدەکاتەوە و قاییل نابێت بە ڕێبەرایەتی کردنی جیهانی لە لایەن سۆڤیەت یان هەر وەڵاتێکی هاوشێوە کە لە سەرووی حیزبە کۆمۆنیستیەکانەوە بێت. دەکرێ بڵێین ئەو مارکسیانەش کە دژی لێنین و ستالین بوون، سەر بە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە بوون. لە ترۆتسکی و تیتۆ و ڕۆزا لۆکزامبۆرگ و جیلاس ــە وە بگرە تا ئەو گرووپە جۆراوجۆرانەی کە لەم دواییانە لە کۆمۆنیزم جودا بوونەوە، هەموو بە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕ پێناسە دەکرێن.
هاندان/ هەڵخڕاندن
دنەدان و هەڵخڕاندنی جەماوەر بە مەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی لە ڕێگەی ئامرازەکانی پڕۆپاگەندە و ڕاگەیاندن وەک، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن. بەم کردارە، جەماوەر لە ڕێگەی هەست و سۆزەوە هەڵئەزرنگێت. لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسەدا بە کەسێکیان دەگوت «هاندەر» کە بێ بەرپرسارییەتی خەڵکیان هەڵئەخڕاند و ئاژاوەیان دەناوە. بەڵام دوای شۆڕش، دەوڵەتە کۆنەپارێزەکان ئەم ناتۆرەیان بۆ بزاوتە چەپییەکان بەکار دەبرد. ئەم زاراوە لە لایەن زۆربەی بزاوتە ڕاست و چەپییەکان بە زاردا هاتووە بەڵام زۆرینەی ڕێبەرانی ئەم بزاڤانە، هاندان و هەڵخڕاندنی جەماوەر بەدژی دەوڵەتێکی ستەمکار، بە شتێکی ڕەوا دەزانن.
پاڕادایم - سەرمەشقی فیکری
زاراوەی پارادایم یا سەرمەشقی فیکری لە لایەن «تۆماس کۆڤەن» (1962) بۆ فەلسەفەی زانست ئاڕاستە کراوە مەبەست لەم زاراوە پێمل بوونی گشتیی ستافێکی زانستییە بە ڕێبازێکی تایبەتی زانستەوە. کۆڤەن، بە نووسینی کتێبی پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان (1970) دەورێکی باڵای لە پەرەسەندنی زانست بە خۆوە بینی. بەڕای کۆڤەن، بۆ ئەوەی بزانین چ شتێک زانستییە، دوو نەریتی فیکری لە ئارادایە: یەکەم، نەریتی ئەرەستۆیی بە ڕێبازی ئایینزانی و دووهەم، نەریتی گالیلۆیی بە ڕێبازی میکانیکی.
چەمکی پارادایم، بەرهەمهێنی ئەو پێودانگانەیە کە مرۆڤ بەپێی ئەوان ئاریشە و گرفتە فکرییەکانی خۆی هەڵدەبژێرێ و دواتر پێناسەیان دەکات. کەواتە پارادایم، میتۆد و شێوازی پرۆژەی زانستی دیاری دەکات. لە پارادایمی زانستیدا کاتێک شۆڕش بەرپا ئەبێت کە چەن زانا و توێژەری زانستی لە بڕگەیەکی زەمەنی تایبەتدا تووشی چەن بابەتێکی نائاسایی و ناوازە دەبنەوە و تێدەگەن کە ئەم بابەتانە بە پێوانەی پاردایمی پێشوو ناخوێندرێنەوە.
بە کورتی، پارادایم بە واتای کۆمەڵێ گریمانەیە کە لە بوارێکی تایبەت دەبێتە هۆی دروست بوونی تیۆرییەک. بە واتایەکی دیکە، تیۆرییەکی گشتییە کە ئینسان لە بابەت بەستێنێکی گەردوون ئاڕاستەی دەکا و بەپێی ئەو تیۆرییە دەست دەکا بە مووقەڵاشتن و وردەکاری و توێژینەوە لەو بەستێنەدا. لە سیاسەتدا مرۆڤ بەپێی جیهانبینی*یان سەرمەشقی فیکری و پارادایمی زاڵ بەسەر ئەندێشەیدا ئەو بابەتەی کە دەیخوازێت، هەڵیدەبژێرێ و ئەیخاتە مەیدانی ئەزموونەوە.