تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دەروونناسی سیاسی
لە ساڵەکانی 1910 بەملاوە، واڵتێر لیپمەن، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی (1889-1974) گوتی: گەورەترین هەڵەی ئەندێشەی سیاسی ئێمە ئەوەیە کە بێ ڕەچاوکردنی«مرۆڤ»، دەم لە سیاسەتەوە بەین.
بابەتی دەروونناسی سیاسی، لێکدانەوەی کاریگەریی کەسایەتی جەماوەرە بەسەر سیاسەتدا بە تایبەت گرنگایەتی سایکۆلۆژی لە بڕیارە سیاسییەکاندا سەرنجی پێدراوە. بەم حاڵەش جۆراوجۆری قوتابخانە دەروونناسییەکان بۆتە هۆی فرەچەشنی دەروونناسی سیاسی. بۆ وێنە جەختکردن لەسەر سایکۆلۆجی فرۆید، سایکۆلۆجییەکی سیاسی جیاوازیش دێنێتە ئاراوە.
دەروونناسی سیاسی، خۆی بە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان سەرقاڵ دەکات. متمانەکردن بە خۆ، هەستکردن بە گوناهباری، هەست بە ئاسایش یا نائەمنی، خودشەیدایی، ئیگۆی لاواز یان بەهێز و… لە جوملەی بابەتەکانی توێژینەوەی دەروونناسی سیاسی لە ئەژمار دێن. بەڕای هەندێ لە پسپۆڕانی ئەم زانستە، سیاسەت بۆ ئەو کەسایەتییانە دڵڕفێنە کە لە قۆناخی منداڵی یا هەرزەکارییان تووشی شکست و سووکایەتی و نامورادی بوبێتن. وەها کەسانێک ئەیانهەوێت بە وەدەسهێنانی دەسەڵات، ئەم کەموکووڕییانەی ژیان قەرەبوو بکەنەوە.
بەم پێیە دەروونناسی ڕێبەرە سیاسییەکان، بەم سێ شتەوە پەیوەستە: یەکەم ناسینی پاڵنەرەکانی کەسایەتی، دووهەم چۆنییەتی بە سیاسیکردنی ئەم پاڵنەرانە و سێهەم پاساودانیان بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان. لەم ڕوانگەوە ڕەفتاری سیاسی ڕێبەران بریتییە لە دیتنەوە و ئاشکراکردنی پاڵنەرە دەروونییەکان و گرفتە شەخسییەکانی تافی منداڵی ئەوان.
ڕیڤیژیۆنیزم (پیاچوونەوەگەری)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی revisere بە مانای حەز بە تازەکردنەوەی دیدار و پیاچوونەوە، وەرگیراوە. پێداچوونەوە، بە بووژانەوەی بن بونیات و کارکردەکانی ڕێبازێک دەگوترێ (بڕوانە دۆکترین). واتە ئەو کەسەی کە لە بارەی ڕێباز یان ئایدیۆلۆجیایەک خوازیاری دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بێت، پێی دەگوترێ ڕیڤیژیۆنیست (کەسێک کە دەستکاری شتێک بکات). ئەم بۆچوونە لە لایەن نووسەر و سیاسەتمەداڕێکی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بە ناوی ئیدوارد برنشتین لە ساڵی 1889 خرایەڕوو. ئەم تیۆرییە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجیکی بوو کە لە تیۆری و پێشبینیەکانی ئابووری ــ سیاسی کارڵ مارکس گیرا و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەخنەی لێ گیرا:
1) بۆچوون و جیهانبینی مارکس دەربارەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و گۆڕینی خێرای بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕۆڵیتاری، بە خێرایی و پەلە نایەتەدی و هەر بۆیە پێویستە ئەم تیۆرییە پێداچوونەوەی بە سەردا بێت و دەستکاری بکرێت.
2) خەباتی چینایەتی بەو شێوەی کە مارکس پێشبینی کردبوو، بە ئامانج نەگەیشت و چینی مامناوەندی نەک لە کۆمەڵگە نەسڕدرابۆوە بەڵکوو پەرەی ستاندبوو.
3) ناوەندگەرێتی پیشەسازیی و سەرمایە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مارکس، تووشی وێستان و بێسەرەوبەرەیی ببوو.
باڵادەستی قانوون
سەرەکیترین بنەڕەتی مافی ئیداری وەڵاتەکان، باڵادەستی قانوونە کە بەو پێیە ئەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دەرکردنی فەرمانی کاربەدەستانی ئیداری دەوڵەت، لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون سێ دەرەنجامی لێ دەبێتەوە:
1ــ یاسا ئەبێ پیادە بکرێت.
2ــ دیاریکردنی کاروباری گشتی ئەبێ بەپێی یاسا بێت.
3ــ هەڵسوکەوتی ئیداری ئەبێ لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا بەسراوەتەوە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1ــ خەڵک گوێڕایەڵی یاسا بن.
2ــ ملدان بە دەستوورەکانی یاسا.
جیهانیگەری + جیهانیبوون
ئەگەرچی وشەی جیهانی global) - گلۆڤەر (مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە بەڵام زاراوەی (globalization) لە ساڵی 1960 بەدواوە بڕەوی پەیداکردووە. فەرهەنگی وێبستێر، یەکەم فەرهەنگێکی موحتەبەر بوو کە لە ساڵی 1961 ئەم زاراوەی پێناسە کرد. بەم حاڵە بەرفراوانی «جیهانگەری» وەهایە کە گەیشتن بە پێناسەیەکی پڕ پێست و گونجاو دژوار ئەنوێنێ. ئەم پێناسەی ژێرەوە، کۆی پێناسە و بۆچوونی چەن کەسێکی پسپۆڕە لەم بارەوە:
جیهانگەری، بریتییە لە پڕۆسەی پەستاوتنی کات و شوێن کە بەو پێیە خەڵکانی جیهان کەمتاکورتێک بە وشیارییەوە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا تێوەگلێن. بە واتایەکی دیکە ڕەوتێکە کە بەو پێیە تاکەکەس و کۆمەڵگە لە پانتایەکی جیهانیدا یەک دەگرنەوە. لە پێناسەیەکی دیکەدا جیهانگەری، پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان زیاتر لە جاران پێکەوە گرێ دەدا و تیۆری دیموکراسی تووشی کێشە و قەیرانێکی نوێ دەکات. کاریگەریی جیهانگەری بە سەر دیموکراسی و حاکمییەتی نەتەوەیی لەم پرسیارانەدا خۆی دەردەخات:
ئایا حکوومەتە دیموکراتییەکان، وەک جاران دەسەڵاتیان بە سەر کاروباری ناوخۆی وەڵاتەکەیان ئەشکێ یا ئەوەی شارۆمەندان بە حکوومەتێک دەنگ ئەدەن کە نەتوانێ بڕیارەکان جێبەجێ بکات؟ چونکە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەدەست بازاڕی دۆلار و کۆمپانییە فرەنەتەوەییەکان و بانکە نێونەتەوەییەکانەوەیە!
ئایا لەنێوان هاووەڵاتیانی وەڵاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی حکوومەتی نەتەوەیی، وێکچوویی و هاوشێوەیییەک لە ئارادایە؟ (بۆ وێنە سیاسەتی یارمەتیدان یا پاوەجێکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان) .
ئایا دەکرێ دەزگە نێونەتەوەییەکان، بۆ وێنە «سندووقی دراوی نێونەتەوەیی» و«بانکی جیهانی» بە شێوازێکی دیموکراتیک بەڕێوە ببرێن؟
بەگشتی دوو ڕوانگەی جیاواز لە بابەت جیهانگەری لە ئارادایە: ڕوانگەی یەکەم، نەیارانی ئەم پڕۆسە لە ئەژمار دێن و ڕوانگەی دووهەم لەگەڵیا هاودەنگن. نەیاران پێیان وایە کە جیهانگیری و یەکپارچەبوونی جیهان زیاتر لە ئەفسانە دەچێ و ئەم زاراوە بە پاڵنەری سیاسییەوە داهاتووە. لەم ڕوانگەوە شتێکی ئەوتۆ لە جیهاندا ڕووی نەداوە و جیهانگەری دیاردەیەکی نوێ نییە و ئەم هەلومەرجەی ئێستە زیاتر لە بارودۆخی سەدەی نۆزدە دەچێ بە واتایەکی دیکە ئەم ڕەوتە دەوامەی مێژووە.
لە بەرانبەر ئەم ڕوانگەدا هەندێکی دیکە دەڵێن جیهانگەری هەموو شتێکی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و پێکهاتەی دەوڵەت و ماهییەتی سیستەمی ئابووریی وەڵاتانی تووشی وەرچەرخان کردووە. تیۆری دانەری بەناوبانگی ئەم بۆچوونە، کینچی ئۆمایی لە ژاپۆنـە کە پێی وایە: دەوڵەت ــ نەتەوەکان بەرەو تیاچوون دەڕۆن و پێشبینی دەکات لە 30 ساڵی داهاتوودا 100 تا 300 دەوڵەت ــ شار، بەدی بێت. بە باوەڕی ئانتۆنی گیدێنز، تیۆری دووهەم نزیکترە لە واقیع. ئەو دەڵێ جیهانگەری بە تایبەت لە بەستێنی ئابووردا بە گوتەی ئابووری ناسی بەناوبانگ، دانی کواخ، هێدی هێدی بەرەو ئابوورییەکی بێبارست دەڕوا. ئابووریی سووک لە ئاستی جیهانیدا پەیوەستە بە دانوستان و بازرگانیکردن بە زانیاری نەک بازرگانیکردنی کاڵا و شمەک.
گیدێنز، پڕۆسەی جیهانگەری بە بەرهەمی بەیەکادرانی نەزمی هەمیشەیی و شوێن و کات لە قەڵەم دەدا و پێی وایە ئەم ڕەوتە بە مانای ئاڵوگۆڕکردنی هەموو دەزگەکانی کۆمەڵگەیە و ئەم وەرچەرخانە هەر لە بەستێنی ئابووری ڕوو نادات بەڵکوو لە ئاستی پێوەندییەکاندا دەقەومێ بە چەشنێک کە دەوڵەت و نەتەوە و ژیانی کەسەکی ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
د.حسەین عەزیمی، تیۆری داڕێژی ئابووری و پەرەسەندن لە ئێران دەڵێ: جیهانگەری بە واتای هاوسانبوونەوەیەکی سادەی کەلتوورەکان نییە بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە پێوەندی کەلتوورەکان خێراتر دەبێ و لێکحاڵیبوون و فاماندنی فەرهەنگی نەتەوەکان زیاد دەکات. بەڵام ئەوەندی مێژوو نیشانی داوە، وادیارە وێکچوویی هەمە لایەنەی فەرهەنگی ڕوو نادات و جیهان کەلتوورێکی تاقانە بە خۆیەوە نابینێت.
خۆیبوون
دوای تێکشکانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 و توندوتیژی کاربەدەستانی تورک بەدژی گەلی کورد، هەندێ لە نیشتمانپەروەرانی کورد، خۆکەوتن و لە ساڵی 1927 لەناوچەی ئارارات کۆبوونەوە و بە ئامادەبوونی هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردی ئەو سەردەمە، کۆنگرەیەکیان بەرپا کرد. ئەم کۆنگرەیە سەرەنجام لە 5 ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ بە کۆمەڵەی خۆیبوون ناوی دەرکرد و هەموو ڕێکخراوەکانی پێشوو هەڵوەشێندرایەوە و ئێحسان نووری پاشا بە سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا و کۆماری ئارارات دامەزرا.
گرنگترین ئامانجەکانی خۆیبوون بریتییە لە:
ــ درێژەپێدان بە خەبات بە دژی تورکان تاکوو دوا سەربازی تورک خاکی کوردستان بە جێ دەهێڵێ.
ــ ڕێکخستنی هێزی سەربازی بە ئامرازی جەنگی نوێوە.
ــ دروستکردنی پێوەندی برایانە لەگەڵ حکوومەتی ئێران، عێراق و سووریا.
سەرەنجام کۆماری ئارارات لە ساڵی 1931 بە هێرشی دوولایەنەی ئێران و تورکیا تێکشکا و مەیدانی چالاکیی خۆیبوون بەرتەسک کرایەوە.