تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیستیعماری نوێ
گەشەسەندنی ئابووری «سەرمایەداری» *و هەناردنی سەرمایە بۆ سوودوەرگرتن لەسەرچاوەکانی وەڵاتانی دیکە، پێوەندی ئابووری وەڵاتە پیشەسازییە ئیستیعمارییەکانی لەگەڵ وەڵاتە بچووکەکانی ناردە ناو قۆناخێکی تازەوە. بەم مانایە کە وەڵاتە پیشەسازییەکان بە ناردنی سەرمایە و میکانیزمی جیهانی نرخ و دانوستانی کەرەستەی خاو و کاڵای دروستکراو و گوشاری سیاسی و ئابووری، وەڵاتانی دواکەوتوو ئەچەوسێننەوە. بەم دۆخە دەگوترێ ئیستیعماری نوێ کە زۆرێک لە وەڵاتانی بچووک و تازە ئازاد کراوی بە دژی ئەم پێوەندییە سیاسی و ئابوورییە ڕاست کردۆتەوە.
ئەم شێوازە داگیرکارییە وایکردووە کە وەڵاتانی بێ دەسەڵات، ئەگەرچی بە حەقیقەت یان بە ڕواڵەت بە سەربەخۆیی سیاسی گەیشتبن بەڵام هەروا لە بەرایی گەشەسەندندا بمێننەوە یان تەنانەت بگەڕێنەوە بۆ دوواوە و لە لایەکی دیکەشەوە وەڵاتانی پێشکەوتوو بە چەوساندنەوەیان سوودی زیاتر بکەن.
باو بوونی ئەم زاراوە ئەگەڕێتەوە بۆ «کۆنفرانسی باندۆنگ» (1955) . لەم کۆنفرانسەدا سۆکارنۆ، سەرۆککۆماری ئەندونیزیا بە جۆڕێک لە ئیستیعمار ئاماژەی کرد کە بە جلوبەرگێکی نوێوە لە لایەن کۆتلەیەکی خەڵک، بە کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بە سەر ئابووری و کەلتووردا هەمان ئامانجەکانی ئیستیعماری کۆن دەپێکن.
لیبرالیزمی نوێ
لایەنگرییەکی نوێ لە ئەندێشەی سیاسی و ئابووری ڕۆژئاوایە کە لە دەیەی 1960 بە ئاوێتەکردنی ڕێبازی سیاسی لیبرالی و گەشەی ئابووری هاتە ئاراوە. لیبرالیزمی نوێ لە ڕاستیدا بەرتەکێک بوو لە بەرانبەر سەرهەڵدانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی کە لە پاش قەیرانی نێوان دوو شەڕی گەورەی جیهانی، بە تایبەت لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە ئاراوە. لیبرالیزمی نوێ زەمینەی فیکری سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەندێ لە وەڵاتانی ڕۆژاوایی بە دژی پێکهاتەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابووری و سۆشیالیزمی حیزبە کرێکارییەکان لە سیستەمی سەرمایەداری پێکهێنا. ئەم قوتابخانە ئەگەرچی لە بابەت ژێرخانی فیکرییەوە لە ناواخنی بزاوتی فیکری لیبرالیزمی کۆندا جێگیردەبێت بەڵام لە هەندێ لایەنەوە بیرۆکەیەکی نوێ لە ئەژمار دێت.
لیبرالیزمی نوێ، لە بەستێنی ئەندێشەی سیاسیدا لە بەرانبەر پەرەپێدان بە دامودەزگەی دەوڵەت ڕاوەستاوە و هەندێ لە ئاواتەکانی لیبرالیزمی کلاسیکی لەمەڕ سنووردارکردنی ڕەخنەکردنی دەوڵەت هێناوەتەدی. ئەم ڕێبازە خوازیاری کەمکردنەوەی خەرج وبەرجی دەوڵەتە بۆ دابەزینی ڕێژەی هەڵامسان چونکە لەم ڕوانگەوە هەڵامسان دوژمنی سەرەکی لە ئەژمار دێت. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە بەرانبەر دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابوور و کاروباری کۆمەڵگەدا بەتوندی ڕەخنە ئەگرن و هەندێ بیرۆکەی نوێباویان لەمەڕ ئازادی تاکەکەس و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت تا نزمترین ئاستی گونجاو و پێداچوونەوە بە ئەرکە سوننەتییەکانی حکوومەتدا ئاڕاستە کردووە.
مارکسیزمی نوێ
ئەم زاراوە پێناسەیەکە بۆ لایەنگرانی «قوتابخانەی فرانکفۆرت». قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ساڵی 1930 بە ناوی «سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی فرانکفۆرت» بە پاڵپشتی تیۆری ڕەخنەیی و بە سەرپەرشتی ماکس هۆرکهایمر (1973 ـــ 1893) دامەزرا. ئەم قوتابخانە کە دواتر بیرمەندانێکی وەک تئۆدۆر ئادرنۆ، هێربرت مارکۆزە و ئیریش فرۆم ـی بەخۆ بینی، بوو بە مایەی دوو پێداچوونەوەی گرنگ بە بیروباوەڕەکانی مارکسدا:
یەکەم، تیۆری ڕەخنەیی ڕووی کردە گۆڕانکارییەکانی دەروونشیکاری و بە تایبەت مارکۆزە و فرۆم هەوڵیان دا بۆ تێهەڵکێش کردنی تیۆرییەکانی مارکس و فرۆید. دووهەم، هۆرکهایمر و مارکۆزە، گەیشتنە ئەم قەناعەتە کە پرۆلتاریا بووەتە بەشێکی سیستەمی سەرمایەداری و هێزی خۆی بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و شۆڕش لە دەست داوە.
مارکسیزمی نوێ هەروەها بە لایەنگرانی چەپی نوێ و شرۆڤەکارانی مارکس دەگوترێ کە لە نەریتی مارکسیزم ـــ لێنینیزم لایاندابێ و ڕوویان کردبێتەوە خودی مارکس. زۆربەی ئەم کەسانە ئەنگڵس و لێنین بە بەرپرسی بەهەڵە تێگەیشتنی ئەندێشەکانی مارکس دەزانن و وەلای دەنێن.
سەرچاوەی لایەنگریی ئەم گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ نووسراوە سەرەتاییەکانی مارکس، بۆ وێنە ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی و دەسنووسە ئابووری و فەلسەفییەکان و بیرکردنەوە دەربارەی بنەماکانی مارکسیزم. بە واتایەکی دیکە سەرنج دان بە لایەنی هێگلی و یۆتۆپیایی و ڕۆمانسییەتی نێوان ئەندێشەی مارکس، لەبری ئابووری پەرستی و جەخت کردن لەسەر نامۆگەرێتی لەجیاتی پێداگرتن لەسەر بەرهەمهێنانی مرۆڤ.
ئەم گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی ئەندێشەی مارکس، لە کتێبێکی وەک هۆشیاری چینایەتی و مێژوو بەرهەمی گیئۆرگ لۆکاچ (1971 ـــ 1885) دەبیندرێ. لۆکاچ، یەکەم بیرمەندێکە کە بە شێوازێکی سیستەماتیک، لە مارکسەوە گەڕایەوە بۆ هێگل و پرۆلتاریای مارکس ــ کە هەڵگری ئاگایی مێژووییە - دەخاتە جێی «ڕۆح» لە فەلسەفەی هێگلدا.
مارکسیزمی نوێ، زیاتر ڕێبازێکی ئەکادیمی لە ئەژماردێت و لە کردەوەی سیاسیدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە.
مرۆڤی نوێ
ئەم زاراوە لە دەیەی 1920 ڕەواجی پەیا کردووە و لە زاراوەی سیاسی چەپدا بە واتای ئاڵوگۆڕی ماهییەتی مرۆڤ و گۆڕانی بەرەو بوونەوەرێکی نوێ، بەدەر لە هەرچەشنە فیز و دەمارێک، پێش ڕاگەیشتن بە خۆی و خێزانەکەی، وەفاداری بە خەڵک بە ئەرکی سەرشانی دەزانێ. ئەم جۆرە مرۆڤە، خاوەنی بیروڕایەکی نوێیە و شێوازی ڕابردووی خستۆتە لاوە. تایبەتمەندی گرنگی ئەم مرۆڤە، سەرنجدانە بە داهاتوو لەبری ڕابردوو، مرۆڤێکی بە تەکوزە و وردەبینە، بڕوای بە پلاندانان و ڕێکخستنی کارەکانە، باوەڕی بە زاڵبوونی مرۆڤە بە دەوروبەریا، بڕوای بە پیادەکردنی عەدالەت و یەکسانی و زانست و تەکنۆلۆژیایە.
چەپی نوێ
ئەم لایەنگرییە سیاسییە لە 1950 لە دوای دەرکەوتنی ناڕەزایەتی لە چەپی کۆن سەری هەڵدا. بەگشتی ئەم زاراوە دەرحەق بە کەسانێک یا ڕێکخراوگەلێک بەکار براوە کە پەیڕەوی ڕێبازە جۆراوجۆرەکانی مارکسیزمی نوێ، سۆشیالیزم، سێندیکالیزم، ئاناڕشیزم و پاسیفیزم بن. لایەنگرانی سەرەکی ئەم بزاڤە، کۆمەڵی خوێندکاریی و ڕێکخراوە ڕەشپێستەکان بوون. ئەم بزاڤە بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ تەشەنەدان بە شەڕی ڤێتنام، لە ساڵی 1964 چالاکی زۆری لە خۆی نواند.
چەپی نوێ لە هەموو شوێنێکدا بزاڤێکی خوێندکاری بووە، بۆ وێنە ساڵەکانی 1960 لە ئەمریکا و ڕووداوەکانی مانگی مەی 1968 لە فەرەنسە و ئەڵمانیا.
ڕاستی نوێ
دیاردەی ڕاستی نوێ پێکهاتووە لە بنەڕەگ و ڕیشەکانی نیئۆلیبرالیزم و کۆنەپارێزیی نوێ. لە 1980 بەملاوە زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی بۆ هەڵوێست نیشاندان لە بەرانبەر قەیرانی ئابووری حەفتاکان، بە دەستکێشانەوە لە سیاسەتەکانی کێنزی، بەرەو بەرەی «ڕاست» هەنگاویان نا. ڕاستی نوێ ڕادیکالیزمێکە سەر بە باڵی لیبرالیزم و هێرشێکە کە هێزە بنچینەییەکانی خۆی لەم دوو ڕێبازە وەردەگرێ. ئەم زاراوە بە تایبەتی دەربارەی سیاسەتەکانی حیزبی کۆنەپارێزی بەریتانیا لەسەردەمی تاچێر و حیزبی کۆماریخوازی ئەمریکا لەسەردەمی ڕیگان دا بەکار براوە و بەگشتی لە بواری ئابووری و سیاسی، لیبراڵ لە ئەژمار دێت. واتە لەسەر ئازادی ئابووری و کەمکردنەوەی باج و بازاڕی ئازاد و دەوڵەتی سنووردار جەخت دەکات بەڵام لە باری ئەخلاقی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە کۆنەپارێزە. ڕاستی نوێ، حکوومەت لە باری ئابوورییەوە لاواز دەکات بەڵام لە بواری سیاسی واتە دابینکردنی ئاسایش، بەهێز دەبێت.
ڕامیاری: بڕوانە سیاسەت
سیستەمی نوێی جیهانی
ئەم زاراوە لە میانەی ساڵی 1989 پاش گۆڕانکارییەکانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هاتۆتە زاراوەی سیاسیەوە. ڕووخانی دیواری بەرلین لە دێسەمبەری 1989 سەرەتایەک بوو بۆ کۆتایی هاتنی سیستەمی کۆنی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان. دەسەڵاتدارانی پێشووی جیهان، هەر لە مۆنرۆوە بگرە تا لێنین و لە هیتلێرەوە تا بۆش، هەرکامیان بە هەوای خۆیان بانگەشەی بنیادنانی سیستەمی نوێی جیهانییان کردووە.
بەڵام سیستەمی نوێ بە مانای ئیمڕۆیی ئەوەیە کە یەکەم جار لە لایەن جۆرج بۆش (باوک) سەرکۆماری ئەمریکا، لە 11/9/ 1990 لە بەردەم نوێنەرانی کۆنگرێس، ڕاگەیەندرا. بۆش، بانگەشەی جیهانێکی کرد کە تێیدا سەروەری یاسا، جێی قانوونی جەنگەڵ بگرێت و جیهانێک کە تێیدا هەموو وەڵاتان بەرپرسیاریەتی هاوبەش بۆ ئازادی و یەکسانی بە ڕەسمییەت بناسن. جیهانێک کە تێیدا زۆرداران، مافی زۆرلێکراوان بپارێزن. بۆش، ڕێبەرایەتی ئەمریکا و سەروەری بایەخەکانی ئەم وەڵاتەی بۆ دروستبوونی وەها جیهانێک بە پێویست باس کرد و گوتی: سیستەمی نوێی جیهانی نیازی بە ڕێبەرایەتی و هەژمۆنی بایەخەکانی ئەمریکایە لە جیهاندا.
سیستەمی نوێی جیهانی، هەر لە سەرەتاوە لە لایەن بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی جیهان بەرەوڕووی ڕەخنە بۆتەوە. بۆ وێنە نۆئام چۆمسکی، زمانەوانی ناودار و ڕەخنەگری بەرجەستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: «سیستەمی نوێی جیهانی، دەسپێچکێکە بۆ چەواشەکردنی خەڵکی جیهان و هێشتنەوەی بێعەدالەتی و ناوێکی تازەیە بۆ پاساوی زۆرداری و دروستکردنی جیهانێکی بێ ڕەقیب بۆ ئەمریکا». تۆنی بێن، سیاسەتمەداری بەریتانیش پێی وایە، سیستەمی نوێی جیهانی گەڕانەوەیە بۆ ئیمپراتۆرییە زۆردارەکانی ڕابردوو.