تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سەرمایەداری
سەرمایەداری (کاپیتالیزم) لە وشەی capital بە واتای سەرمایە وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەدا بەو سیستەمە ئابوورییە دەگوترێ کە لە پێشدا لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی لە ئەورووپای ڕۆژاوا و ئەمریکا سەری هەڵدا و دواتر، وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتەوە. لەم سیستەمەدا لە بواری ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەبری ئەوەی بۆ بەرهەمهێنانی ئاسایی، لە هێزی مرۆڤی و ئاژەڵ کەڵک وەرگیرێت، کەرەستەی میکانیکی (مەکینە) بۆ بەرهەمهێنانی باشتر بەکار دێت.
لە باری مێژوییەوە، سەرمایەداری وەک بەشێکی بزاوتی تاک باوەڕی لە ئەژمار دێت. لە بەستێنی ئاییندا ئەم سیستەمە هەندێ ڕیفۆرمی بە دوا خۆیدا هێنا. لە زانست و پەروەردەدا بووە هۆی گەشەسەندنی زانستی فیزیا، لە پێوەندیە مرۆڤیەکاندا زانستە کۆمەڵایەتیەکانی لێ کەوتەوە، لە زەمینەی سیاسەت، بناخەدانەری حکوومەتە دیموکراتیەکان بووە و لە ئابووریشدا سیستەمی سەرمایەداری هێنایە گۆڕێ. لەم ڕووەوە گریمانەی «شارستانیەتی سەرمایەداری» بە گریمانەیەکی ڕاست و ڕەوا دەردەچێت. ئەم گریمانە بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرمایەداری، تەنیا سیستەمێکی ئابووری تایبەت نییە، بەڵکوو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تۆکمەش لە ئەژمار دێت.
زاراوەی سەرمایەداری، زیاتر لە لایەن سۆسیالیستەکان ــ بە تایبەت مارکسیەکان ــ بڕەوی پەیدا کرد ئەویش سیستەمێکە تێیدا خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایە، مەرجی سەرەکیە بۆ سیمای ئابووری و سیاسی و ئەم ڕەوتەش بەدی هێنەری جۆرێک تەکوزی کۆمەڵایەتی تایبەتە کە تێیدا چینی دەسەڵاتدار (کە پێی دەگوترێ سەرمایەدار یان بورژوا) لە هێزی بەرهەمهێنی کۆمەڵگە بە قازانجی خۆی کەڵک وەردەگرێ.
یەکێک لە بنەماکانی سەرمایەداری، ئابووری بازاڕە. لە سەردەمی پێش سەرمایەداریدا بە گشتی ئابوور، خۆماڵی و سەرپشک بووە. خێزان خۆی پێداویستیەکانی خۆی بە شێوەی ئاڵوگۆڕکردنی شمەک دابین دەکرد. دابەشکردنی ئیش و کار لە گۆڕێدا نەبووە و هەر خێزانێک ناچار بوو چەندەها کار و ئەرکی جیاواز بە ئەنجام بگەیەنێت. بەڵام لە ئابووری بازاری سیستەمی سەرمایەداریدا کار و تەوزیم بەپێی لێهاتوویی و کارزانی دابەش دەکرێت و هەر کەسە تەنیا دەتوانێ بەشێکی هەرە بچووک لە پێداویستیەکانی خۆی، بەپێی لێهاتوویی و شارەزایی خۆی دابین بکات.
یەکێکی دیکە لە بنەماکانی ئابووری بازاری سەرمایەداری، ململانێیە. لە ئابووری مۆدێەن بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بژارەی ململانێ چ بە شێوەی مۆنۆپۆلکردنی تایبەتی یان مۆنۆپۆلی یاسایی، لە ژێر دەستی دەوڵەتدایە. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، بنەڕەتی قازانجە. ئابووری سەرمایەداری زێدەتر لە هەر سیستەمێکی ئابووری دیکە دەرفەت بۆ وەچنگ هێنانی قازانج دەڕەخسێنێ. ئەم جۆرە ئابوورییە ئازادی بازرگانی کردن و پیشە و ئازادی ماڵ و دارایی و ڕێککەوتن زەمانەت دەکات.
گەشەی سەرمایەداری هاوبەندە بە گەشەی بازرگانی کە تێیدا سەرمایەداری گەورە، بە سەر دانوستاندا شارەزا دەبن. پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی قۆناغی سەرمایەداری دەست پێدەکات. لەم سەروبەندەدا خاوەنی کۆمپانیا گەورەکان و ڕێکخراوە ئابوورییەکان، دەست دەگرن بە سەر پرۆسەی بەرهەمهێناندا.
سەرەنجام قۆناغی سەرمایەداری (دارایی) دێتە کایەوە. لەم قۆناغەدا دەسەڵاتی ئابووری هێدی هێدی دەکەوێتە دەست خاوەن بانکەکان و پارەدارە قەبەکان، ئەمانیش بە پارەی بەردەستیان هەموو کۆمپانیا پیشەسازییەکان مۆنۆپۆل دەکەن. بەم حاڵە دوابەدوای هەر قۆناغێک، سەردەمەکەی پێشوو ناسڕدرێتەوە و هیچکام لەم قۆناغانە ناتوانن بە سەر هەموو پانتای ئابووری وەڵاتێکدا بە تەواوەتی زاڵ ببن.
هەندێ جار باس لە قۆناغی چوارەمیش دەکرێت کە ئەویش پێی دەڵێن «سەرمایەداری دەوڵەتی». ئەم زاراوە بۆ هەر جۆرە سیستەمێکی ئابووری دەوڵەتی بە کاردەبرێت. جاری واش هەیە بە تەوس و ڕەخنەوە بۆ سیستەمی ئابووری وەڵاتانی کۆمۆنیستی بە کار دەبرێت.
سەرمایەی کۆمەڵایەتی
ئەم زاراوە بە واتای نوێ، پێکهاتەی کەلتووری کۆمەڵگەی مودێرنەیە کە لە چاخی ڕۆشنگەرییەوە لە سەر بنەمای عەقڵانییەت و حکوومەتی قانوون دامەزراوە. لەم ساڵانەدا چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە لایەن بیرمەندانێکی وەک بۆدریۆ (1979)، کالمەن (1988) و پۆنتام (1993) شرۆڤە کراوە. فۆکۆیاما، سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە ڕێبازێکی ناڕەسمی دەزانێ کە هاریکاری نێوان دوو یا چەند کەس مسۆگەر دەکات. ئەو ڕێبازەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی پێکدێنێت، لە هاریکاری دوو قۆڵییەوە بگرە تا ئایین و ئاهەنگی ڕێکوپێک و ئاڵۆز (وەک مەسیحییەت و ئیسلام) هەمەچەشن و جۆربەجۆرن. بە باوەڕی فۆکۆیاما، دەوڵەتەکان دەتوانن هەم ڕێژەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ببەنە سەرەوە هەم نەهێڵن کورت و کوێر ببێتەوە. هەڵبەت دەوڵەتەکان ئامرازی بەدیهێنانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتییان بەدەستەوە نییە. چونکە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەرهەمی ئایین، نەریتی کۆن، ئەزموونی هاوبەشی مێژوویی و کۆمەڵێ هۆکاری بەدەر لە کۆنترۆڵی دەوڵەتە. لە لایەکی دیکەوە تەنیا شوێنێک کە دەوڵەتەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی دابنێت، پەروەردەیە.
قەیرانی سەرمایەداری
ئەم زاراوە لە لایەن مارکس و زۆرینەی مارکسییەکان بۆ ئاماژە بەو کێشە و ناتەباییانە بەکاربراوە کە سیستەمی سەرمایەداری تووشی قەیران و ئارێشەی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە. بە باوەڕی ئەوان، ناتەبایی سەرەکی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەوەدایە کە بەرهەم و سەمەرەی کۆمەڵایەتی، دەکەوێتە بەردەستی سەرمایەداری تایبەتی و قازانجی هەرەزۆری ئەم بەرهەمە مەکینەییە دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە. ئەم ئارێشە لە نێوان خەسڵەتی کۆمەڵەکی بەرهەمهێنان و شێوازی تایبەتی موڵکداریەتی، قەیرانی سەرەکی سەرمایەداری سازکردووە. دەرەنجامێکی ئەم ئارێشە، دابەزینی توانایی کڕینی بەرهەمەکانە بەهۆی زیادبوونی چینی هەژار کە ئەمەش دەبێتە هۆی زێدەبوونی بەرهەمهێنراو و هەڵکشانی ڕادەی خەڵکی بێکار. دەرەنجامێکی دیکەی قەیرانی سەرمایەداری، خەبات و ململانێی کرێکار و بۆرژوازییە.
کەمینە/کەمایەتی
گرووپێک، بە کۆمەڵێ تایبەتمەندی هاوبەشی نەتەوەیی، زمانی، کەلتووری و ئایینی کە بەو پێیە خۆیان لە زۆرینەخەڵکی وەڵاتێک کە تێیدا دەژین، بە جیاواز دەزانن. ئەم هۆشیارییە هاوبەشییەی کەمایەتی لە ئاست ئەم جیاوازییانەدا دەبێتە بنەمایەک بۆ ئامانج گەلێکی سیاسی تایبەت و لەم بەستێنەوە دەکەونە ژێر ئازار و بێعەدالەتی و تاراندن: بۆ وێنە یەکسانبوون لەگەڵ زۆرینە (لە بەرانبەر بێعەدالەتی ئیش و کار) یان ڕەفتارێکی تایبەت (وەک پەروەردە بە زمانی زگماکی) یان داوای خۆدموختاری کردن (بۆ وێنە ئەرمەنییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەوڵەتانی ناوچەکە و کاتولیکەکانی ئایرلەندی باکوور). بە دەگمەنیش هەڵدەکەوێ کەمایەتییەک بە پێچەوانەوە، دەستی بە دەسەڵاتی سیاسی بگا و ئینجا زۆرینە نەکەونە ژێر زەخت و فشارەوە (بۆ وینە ڕژێمی ئەفریقای باشوور لە قۆناغی ڕەگەزپەرستیدا). کەواتە «کەمایەتی» و«زۆرینە» بە پلەی یەکەم، چەمکی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن بەر لەوەی کە چەمکێکی عەدەدی بن.
لە پێش سەدەی 19 تەنیا کەمایەتییە ئایینیەکان بوون کە لە گۆڕەپانی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا چالاکییان ئەنوێند. لە سەدەی نۆزدە بەملاوە هۆشیاری نەتەوەیی پەرەی سەند، ئینجا کەمایەتییە نەتەوەییەکانیش گرنگایەتی زۆریان پێدرا. کەواتە لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەزۆری بۆ چاککردنی وەزعی خۆیان دەنگیان هەڵبڕی (بۆ وێنە چیکەکان لە ئیمپراتۆرییەتی بنەماڵی هاپسبۆرگ). کەچی لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە کەمایەتییەکان بوونە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیەک نەتوانێ لە کاروباری نەتەوەکەی دیکەدا دەستێوەردان بکات (وەک ئەوەی کە هیتلەر کەمایەتییە ئەڵمانی زمانەکانی، کردە دەسپێچکێک بۆ گوشارهێنان بۆ سەر دەوڵەتەکانی چێک و پۆڵەندا).
لە ڕوانگەی زانستی سیاسیەوە هەبوونی کەمایەتی لە کۆمەڵگەدا یەکێکە لە مەرجەکانی دیموکراسیەت. بە واتایەکی دیکە، هیچ وەڵاتێک دیموکرات نییە مەگەر ئەوەی کە کەمینەی لە خۆ گرتبێ. بایەخی دیموکراسیەتیش پابەندە بە دەور و ڕۆڵی کەمینە لە کۆمەڵگەدا. کەواتە زامنکردن و بە ڕەسمییەت ناسینی دەوری کەمایەتی لە کۆمەڵگە دەبێتە هۆی مانەوە و بەقای ڕژێمێکی دیموکراتی. بە هەمان شێوە کە هەڕەشە و گوڕەشە لە کەمایەتیش دەبێتە هۆی لەکەدار بوونی دیموکراسی.
ئێستا کە لە 94 وەڵاتی جیهاندا شەڕ و ئاژاوە بەرپایە کە سەرچاوەی زۆریان دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی خواست و مافەکانی کەمینەکان کە لە لایەن دەوڵەتانی پێوەندیدار بەم مەسەلەوە وەلا دەنرێت.
سەرمایە
لە ڕوانگەی ئابووری کلاسیکدا سەرمایە بریتییە لە هۆکاری بەرهەمهێنانی سەروەت و سامان بە یارمەتی هۆکارگەلێکی وەک مرۆڤ، سروشت و ئامرازی کار. لە ڕوانگەی ئابووری سۆشیالیستی، سەرمایە یەکێک لە مەرجەکانی کارە و خۆبەخۆ لە ڕەوتی فراژووبوونی بەرهەمهێناندا نرخی نییە بەڵکوو کوتومت بۆ کاڵای بەرهەمهێنراو ڕادەگوێزرێت. چەند جۆر سەرمایە لە ئارادایە کە بریتین لە: سەرمایەی ماڵی (دراڤ)، سەرمایەی تەکنیکی (ئامرازی ماددی بەرهەمهێنان)، سەرمایەی ناودار (بەشداری بەناو لە کۆمپانیاکان)، سەرمایەی یاسایی (مافی خاوەنەکەی دەپارێزێ).
سەرمایە (کاپیتال)، هەروەها ناوی کتێبێکی کارۆڵ مارکس (1818ـــ1883)، فەیلەسوفی ئەڵمانییە کە تێیدا ڕژێمی سەرمایەداری خستۆتە بەر ڕەخنە. بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە لە کاتی ژیانی خۆیدا لە ساڵی 1867 بڵاو کرایەوە بەڵام دوو بەرگەکەی دیکە کە کۆتایی پێنەهاتبوو لە لایەن ئەنگڵسەوە تەواو کرا و دوای مەرگی مارکس لە ساڵانی 1885 و 1894 بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە بە «ئینجیلی کۆمۆنیزم» ناوبانگی دەرکردووە.