تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



فاڵانژ / فاڵانژیسم
ئەم زاراوە ڕیشەکەی لاتینییە و بە درێژایی مێژوو مانای جیاوازی لەخۆ گرتووە. بۆ نموونە لە یۆنانی کۆندا «فاڵانژی ساکار» بەشێکی هێزی سەربازی یۆنان بووە کە بریتی بووە لە سەربازی پیادە بە چەکی سووک و چەکی قورسەوە و … لە ساڵی 1600 زایینی، ئەم زاراوە بە کۆمەڵێکی خەڵکیی گوتراوە کە بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی پێکەوە کۆ دەبنەوە و بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش بەرەیەکی یەکگرتوو ساز دەکەن. لە سەدەی پێشوودا فاڵانژ، ناوی حیزب و ئایدیۆلۆژیایەکی فاشیستی وەڵاتی ئیسپانیا بووە کە بە ئیسپانیایی پێی دەڵێن فاڵانخە. ئەم حیزبە لە 29/11/1933 لە لایەن کەسێک بەناوی خۆزە ئانتۆنیۆ پریمۆدێریڤا لە مەدرید دامەزرا و گەشەی پێدراوە. هەرچەندە لە سەرەتاوە بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو بەڵام بەرەبەرە پەرەی سەند و سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بەرەو لای خۆی ڕاکێشا و بە یەکگرتن لەگەڵ لایەنە فاشیستەکانی دیکە توانی «فاڵانخە ئیسپانیۆلا» دامەزرانێت. بەرنامەی فاڵانژ، بریتی بوو لە ڕاکێشکردنی چینی کرێکار بۆ هەناوی ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوانەی کۆمەڵایەتی (بە مەبەستی خۆماڵی کردنی سەرمایە، چاکسازی زەویوزار، پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی سوپا و هەڵوەشاندنەوەی حیزبە سیاسییەکان و شێوازی شۆڕشگێڕانە بۆ گەیشتن بە ئامانج).
فاڵانژیستەکان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ (1936 تا 1938) بە توندی ڕووبەڕووی حیزبە کۆمۆنیست و ئاناڕشیست و میانەڕەوەکان بوونەوە و هەوڵیان دا حیزبەکەی خۆیان سەقامگیر بکەن. جیاوازی نێوان فاشیزمی ئیسپانیا لەگەڵ فاشیزمی ئەڵمانیا و ئیتالیا، لەوەدا بوو کە لە ئیسپانیا سوننەتی نەتەوەیی و بە تایبەت نەریتی پادشایی و مەسیحی، بایەخ و گرنگی زیاتری پێ دەدرا. ئیمڕۆکە زاراوەی فاڵانژ، لە وەڵاتانی دیکە بەو گرووپە ڕاستە توندڕەوانە دەگوترێ کە لە بەرانبەر باڵی چەپدا دژایەتی و گێڕەشێوێنی دەکەن، بۆ نموونە فاڵانژەکانی لوبنان.
نازیسم
زاراوەی نازیسم، لە وشەی نازی Nazi وەرگیراوە کە ئەویش کورتکراوەی دەستەواژەی «حیزبی ناسیۆنال سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا Nationalsozialistische Deutsche Arbiter Partei»یە. ئەم حیزبە پاش جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1919 لە شاری مۆنیخ بنیاد نرا و لە میانەی ساڵەکانی 1933 تا 1945 بەسەر ئەڵمانیادا حکوومەتی کرد. زاراوەی نازیسم زۆرجار بۆ تیۆری و شێوازی حکوومەتی ئەڵمانیا لە سەردەمی ئادۆڵف هیتلەر (1889ــ 1945) بەکار دەبرێ و هەندێ جاریش لەگەڵ فاشیزم و تیۆرییە هاوشێوەکان لە وەڵاتانی دیکەی جیهاندا بە یەک مانا لێکدراوەتەوە. فەلسەفەی سیاسی نازیسم، ئاوێتەیەکە لە فاشیزمی ئیتالیا، بیروبڕوای ناسیۆنالیستی کۆنی ئەڵمانیا و تیۆری ڕەگەزپەرستانەی باڵادەستیی ڕەگەزی ژرمەن و مەزنایەتی سوپای پڕۆس. ئەم بزاوتە، لەدووی دامەزراندنی ئەڵمانیایەکی بەهێزی خاوەن سوپایەکی مەزن بووە کە دەیهەویست پەرەبدات بە سنوورەکانی خۆی و یەکیەتییەک لە نێوان هەموو وەڵاتانی ئەڵمانی زمان ساز بکات. شێوازی ئەم حکوومەتە، دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزم بووە و لە پرۆپاگەندە و زەبروزەنگ کەڵکی زۆری وەرگرتووە. نازییەکان باوەڕیان بە باڵادەستیی ڕەگەزی جێرمەن هەبوو لە سەرانسەری جیهاندا و لەو بڕوایەدا بوون کە ڕۆژێک دادێت ئەڵمانیا بەسەر هەموو جیهاندا فەرمانڕەوایەتی بکات.
حیزبی نازی لە کاتی دامەزرانیدا بەرنامەکەی خۆی کە لە 25 مادە پێکهاتبوو ڕاگەیاند کە هەندێ لەو خاڵانە بریتین لە:
1ـــ ئێمە خوازیاری یەکگرتنی هەموو گەلی ئەڵمانیاین بە مەبەستی دامەزراندنی ئەڵمانیایەکی گەورە لە سەر بنەمای مافی خودموختاری گەلان.
2ـــ هیچکەس، جگە لە نەتەوەی ئەڵمانیا، واتە ئەوانەی کە خوێنی ئەڵمانی لە دەمارەکانیان دەخرۆشێ، هاووەڵاتی ئەم وەڵاتە لە ئەژمار نایەت، کەواتە یەک جوولەکەش بۆی نییە خۆی بە ئەڵمانی بزانێت.
3ـــ لەمەدووا پەنابردنی خەڵکی وەڵاتانی دیکە، جگە لە ئەڵمانییەکان بۆ ئەم وەڵاتە قەدەغەیە و دەبێ بەری پێ بگیرێت. داواش دەکەین هەرچی خەڵکی بیانی کە لە 2/7/1914 بەملاوە هاتوونەتە ناو خاکی ئەم وەڵاتە، دەسبەجێ دەرکرێن.
4ـــ ئێمە خوازیاری پاوەجێکردنی سیستەمێکی یاسایی ئەڵمانی و پووچەڵ کردنەوەی یاساکانی هاوپێوەند بە ڕۆما و ئایینی کاسۆلیکین.
5ـــ حیزب لە مەسیحییەتی ڕاستەقینە لایەنگری دەکات. حیزب و نەتەوەی ئەڵمان لەگەڵ جەوهەری ماتریالیستی جوولەکەکاندا بەشەڕ دێت.
حیزبی نازی بەپێی هەندێک لەو خاڵانە، گەلێک بەڵێنی دڵخۆشکەری بە خەڵک دا و گوتی هەموو بوارە گرنگ و نەتەوەییەکان بەهێز دەکرێن و بواری کۆمەڵایەتیش لەبەرچاو دەگیرێت بەڵام پاش ئەوەی کە گەیشتە دەسەڵات هیچ یەک لەو بەڵێنانەی نەبردەسەر و خەریکی پەرەپێدانی سەرمایەداری و میلیتاریزم بوو. بەهۆی جەنگەوە هیچ ئاوڕێکی لە بواری ئابووری و گرفتە نەتەوەییەکان نەدایەوە و پتر لە جاران گرنگی بە باڵادەستی ڕەگەزی جێرمەن دەدا.
هیتلەر کە ڕێبەرایەتی حیزبەکەی بە دەستەوە بوو، لە ساڵی 1923 پاش کۆدەتایەکی بێئاکام دەکەوێتە بەندیخانە. لە زیندان کتێبی «خەباتەکەم» دەنووسێ کە دواتر ئەم کتێبە دەبێتە کتێبێکی پیرۆز و مەرامنامەی نازییەکان. حیزبی نازی تاکوو هەڵبژاردنەکانی 1930 بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو بەڵام پاش سەرهەڵدانی قەیرانە ئابوورییەکەی ئەم وەڵاتە، خێرا گەشەی کرد و بوو بە گەورەترین و گەشبین دیکەین هێزی سیاسی ئەڵمانیا. دوابەدوای ئەوە کە هیدنبۆرگ، سەرکۆماری ئەڵمانیا لە 1933 هیتلەری وەک ڕاوێژکاری ئەم وەڵاتە هەڵبژارد، لە ماوەی چەند مانگێکدا هیتلەر کۆماریی وایمار و حیزبەکانی دیکەی هەڵوەشاندەوە و حیزبی نازی لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئەڵمانیا بوو بە یەکەتاز. لەم سەروبەندەدا ڕەخنەگرتن قەدەغە کرا و نەیارانیش دوورخرانەوە بۆ ئۆردووگای کاری زۆرەملی. هەر ئەم سیاسەتە داگیرکارانەی نازییەکان بوو کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی دووهەم و ئەو هەموو ماڵ وێرانی و کوشت و کوشتارەی لێکەوتەوە. سەرەنجام حکومەتی نازی لە ساڵی 1945 تووشی شکست هات و خاکی ئەڵمانیا کەوتە دەست هاوپەیمانان و زۆرینەی دەسەڵاتدارانی نازی لە دادگەی نۆرنبێرگ بەدژی مرۆڤایەتی بە تاوانبار دەرچوون و بە سزای خۆیان گەیشتن.
نیۆنازیسم
ئەم زاراوە بۆ ئەو گرووپ و حیزب و ڕێکخراوانەی هاوچەرخ بە کار دەبرێت کە هاوشێوەی حیزبی نازی ئەڵمانیا لە ساڵی 1933 هەڵسوکەوت دەکەن. نیۆنازیسم، بزاوتێکی ڕەگەزپەرستانە و نەتەوەپەرستی توندڕەوە کە پاش جەنگی جیهانی دووهەم سەری هەڵداوە و لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی 20 بەدواوە لە وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا گەشەی کردووە. تایبەتمەندییەکانی نازیسمی نوێ بریتییە لە: حکومەتێکی ڕاستڕەو و دەسەڵاتخواز، دژی دیموکراسی و لیبرالیزم و فرەدەنگی، دژی کەمینەکان بە تایبەت جوولەکە و ڕەشپێستەکان. سەرچاوەی جیهانبینی ئەم گرووپانە دەگەڕێتەوە بۆ باری نالەباری ئابووری و بەگومان بوون لە حکوومەت و هەندێ جاریش هەستوخواستی ئایینی (کڵێسا) بە چەشنێک کە پێوەندییەکی نزیک هەیە لە نێوان گروپی نیۆنازی و ڕێکخراوە کڵێساییەکان.