تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



زایۆنیزم
ڕێبازێک کە پەرەی دا بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنیستی لە خاکی فەلەستین. پاش وێرانکردنی ئۆرشەلیم لە ساڵی 70ی زایینی لە لایەن ڕوومییەکان، جوولەکانی ئەم وەڵاتە بە تەواوی جیهاندا بڵاو بوونەوە. بەم حاڵەش یەکییەتی ئایینی و کەلتووری لە نێوانیان نەپسا و لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا نەتوانەوە. بە درێژایی مێژوو لە لایەن خاچپەرستەکانەوە وەک کەمینەیەک سەیریان دەکرا و زۆر جاریش تووشی ئازار و ئەشکنجە دەبوون. بۆیە هەر ئارەزووی گەڕانەوە بۆ «ئەرزی مەوعوود» یان لە دڵدا مابۆوە.
لە سەدەکانی 16 و 17 هەندێ لە جوولەکەکان، هەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین. بزووتنەوەی زایۆنیزم لە میانەی سەدەی نۆزدە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ناوەندیەوە دەستی پێکرد و ناوەکەی خۆشی لە دۆڵێکی فەلەستین بە ناوی «زایۆن» وەرگرتووە. لە ساڵی 1897 ڕۆژنامەنووسێکی نەمسایی بە ناوی تیۆدۆر هێرتزێل، یەکەمین کۆنگرەی زایۆنیستەکانی لە بازێلی سویسڕا بەڕێوە برد و داوای کرد هەموو جوولەکەکان بگەڕێنەوە بۆ فەلەستین.
ئەگەرچی عوسمانییەکان بەم کارە ڕازی نەبوون، بەڵام دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، بەریتانیاییەکان بەم کارە هەستان و سەرەتا لە ساڵی 1903 حکوومەتی بەریتانیا، پێشنیازی کرد کە بەشێک لە خاکی ئۆگاندا بۆ نیشتەجێکردنی جوولەکان تەرخان بکرێت کەچی زایۆنیستەکان ڕازی نەبوون.
بەیاننامەی بالفۆر کە لە ساڵی 1917، لە لایەن ئارتۆر جەیمز بالفۆر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بڵاو کرایەوە، بەریتانیای بە دامەزرانی ڕژێمێکی زایۆنی لە خاکی فەلەستین پێمل کرد. لە ساڵانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، بزوتنەوەی زایۆن، پەنابەرە جوولەکەکانی لە شار و دێهاتەکانی فەلەستین جێگیر کرد و هەندێ دامودەزگەی سەربەخۆی لەوێ دامەزراند. حەشیمەتی جوولەکەکان کە لە ساڵی 1925 زیاتر لە 108 هەزار کەس بوون، لە ساڵی 1933 گەیشتە 220 هەزار کەس. لە میانەی دوو شەڕی جیهانی و بە تایبەت شەڕی دووهەم، بە هۆی سیاسەتی دژ بە جوولەکەی نازیسم، جوولەکەکان دەستەدەستە بەرەو فەلەستین گلۆر بوونەوە و خۆیان گەیاندەوە ئەم سەرزەمینە.
زۆربەی عەرەبە فەلەستینییەکان هەر لە سەرەتاوە، زایۆنیستەکانیان وەک مەترسییەک لەقەڵەم دا و کەوتنە جموجووڵ بۆ سەرکوتکردنیان. ئەم مەسەلە بووە هۆی دامەزرانی سپای خوفییەی جوولەکەکان لە ساڵی 1920 کە بە ناوی هاگانا بە مانای بەرگری ناوی دەرکرد. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دابەشبوونی فەلەستین و دامەزرانی دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکان ڕازی بوو. بەرەبەرە زەمینە بۆ شەڕی گەورەی جوولەکە و عەرەبان خۆش بوو. لەم شەڕەدا جوولەکەکان بە زۆری سەرکەوتنیان بەدەس ئەهێنا و خاکێکی زۆرتریان داگیر ئەکرد. لە شەڕەکانی دواتریش (1956،1967،1973) دەوڵەتانی عەرەبیش هاتنە مەیدانی شەڕەکە و ماڵ وێرانی و ئاوارەییەکی زۆری لێکەوتەوە. «ڕێکخراوەی ئازادی فەلەستین» و چەندین گرووپی گریلایی دژ بە جوولەکەکان دامەزرا کە تا ئێستاش ئەم ناوچە ڕواڵەتی ئاشتی و ئارامی بەخۆوە نەدیوەتەوە.
جیاوازی ڕەگەزایەتی
جیاکردنەوەی هاووەڵاتیان لە یەکتر بە پێودانگی ئەتنیکی و بەربەستکردنی کەمایەتییە ڕەگەزییەکان لە بابەت شوێنی ژیان و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەگەزی«باڵادەست» و هەروەها بێبەشکردنیان لە مافی مەدەنی و سیاسی و بێعەداڵەتی و نابەرانبەری لە وەرگرتنی مووچە و پەروەردە و ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی. نموونەی جیاوازی ڕەگەزایەتی، سیاسەتی ئەڵمانیای نازی بوو دەرحەق بە «خەڵکانی نائاریایی» (بڕوانە جوولەکە قڕان) .
بە ناوبانگترین ڕژێمێک کە بەرێوەبەری ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانە بووە، ڕژێمی ئەفریقای باشووری بووە کە بە ناوی «ئاپارتاید» * لە ساڵی 1948 سیمایەکی یاسایی و ڕەسمی بە خۆوە گرتووە. لەناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە کە ئەوروپییەکان دەستیان بەسەر ئەم وەڵاتەدا گرت، ئەم سیاسەتە بەڕێوەچووە. حیزبی«نەتەوەیی» کە لە ساڵی 1948 بە دەسەڵات گەیشت، ڕێساگەلێکی بۆ ئەو خەڵکانەی کە سپی پێست نەبوون پەسند کرد کە هەموو بواڕێکی ژیانی ئەوانی ئەگرتەوە. (بۆ وێنە، بەرگری کردن لە زەماوەندی سپی پێستەکان لەگەڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بەربەستکردنی مافی سیاسی و هاتووچۆ و هەڵبژاردنی ماڵ و ئیش و کار و …)
لە ساڵی 1952 نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەوە دەستی بە پەیجووری کرد و ئەم سیاسەتەی وەک مەترسییەک بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا، بەڵام دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، ڕێگەی بە کۆمیتەی لێپرسراوی ئەم مەسەلە نەدا. سەرەنجام ئەم ڕژێمە لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە خەباتی بێوچانی خەڵکانی ئەم وەڵاتە بە ڕێبەرایەتی «نیلسۆن مەندێلا» ڕووخێندرا و دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ڕەگەزیی کەوتەوە دەست خەڵک.
ڕێککەوتننامەی جەزایر
ئەم ڕێککەوتنە لە 6/3/ 1975 لە شاری ئەلجەزیرە (پێتەختی جەزایر) لە لایەن محەمەد ڕەزا شای ئێران و سەدام حوسێن (کە ئەودەم جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو) ئیمزا کرا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئەو خاڵانەی کە دوو لایەن کۆکبوون لەسەری بریتی بوون لە:
1ــ سنوورەکانی خۆیان بەپێی پرۆتۆکۆلی ئەسکەندەرون (1913) و بڕیارنامەی دیاریکردنی سنوور (1914) دەستنیشان بکەن.
2ــ ئێران و عێراق کۆتایی بە ناکۆکی مێژوویی خۆیان دەهێنن لەمەڕ مافی کەشتیوانی هەر دوو وەڵات بە سەر ڕووباری شەتولعەرەب و سنوورە ئاوییەکانی خۆیان بەپێی هێڵی تالۆگ دیاری دەکەن.
3ــ بەم کارە دوو وەڵاتەکە، ئاسایش و متمانەی دوو لایەنە بۆ یەکتر مسۆگەر ئەکەن و سنوورە هاوبەشەکانی خۆیان ئەپارێزن بۆ بنبڕکردنی هەر جۆرە دزەکردنێکی دوژمنکارانە لە لایەن ئەویدیکەوە.
4ــ هەر دوولایەن، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەیکە ئەم بڕیارانەی سەرەوە فەکتەڕێکی هەمیشەیی بن بۆ چارەسەرییەکی گشتی و شکاندنەوەی هەرکام لەم ڕێکەوتنانە، لەگەڵ ڕۆحی ڕێکەوتنی ئەلجەزیرەدا دژایەتی هەبێت.
سێ مانگ پاش ئەم ڕێککەوتنە، هەر دوو وەڵات پەیمانی نوێی سنووری نێوان ئێران و عێراقیان ئیمزا کرد. ئەم پەیمانە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر شۆڕشی ئەیلوول دانا و لە ڕاستیدا ئامانجێکی سەرەکی هەر دوو لا، لە باربردنی شۆڕشی کوردستانی باشوور بوو.