تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ڕێککەوتننامەی واشنتۆن
پاش ڕوودانی چەندین شەڕی ناخۆیی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان (عێراق) کە لە 1/5/1994 دەستی پێکردبوو، (ئەم شەڕە بە شەڕی براکوژی ناوی دەرکرد) چەندین ڕێککەوتننامە (وەکوو ڕێککەوتننامەکانی پاریس، ئانقەرە و درۆگیدا) لە لایەن هەر دوولا ئیمزا کرا بەڵام هەردوو لایەن نەگەیشتنە ڕێککەوتنی یەکجارەکی و کۆتایی هێنان بە شەڕ. سەرەنجام لە 17/9/1998 بە چاودێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زەمینەیەکی لەبار بۆ ڕێککەوتنی هەردوولا ڕەخسا و لە لایەن پارتییەوە مەسعود بارزانی و لە لایەن یەکیەتییەوە جەلال تاڵەبانی و لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەیڤید وڵش، بریکاری وەزیری دەرەوە ڕێککەوتننامەکەیان ئیمزا کرد.
بەپێی ئەم ڕێککەوتننامە هەردوولا، ئیدانەی شەڕی ناوخۆییان کرد و بەڵێنیان دا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان، ئیدی پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی یا دەستێوەردانی دەرەکی دژ بە یەکتر. هەروا بەڵێنیان دا کەشوهەوایەکی ئارام بۆ ڕێزگرتن لە ئاگربەست و ئاسانکاری هاتوچۆی هاووەڵاتیان لەسەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بخەنەگەڕ. جگە لەوەش بەڵێنیان دا بە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و دامەزراندنەوەی ئیدارە و پەرلەمانی یەکگرتوو لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 و پاشان زەمینە بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ خۆش بکرێت. ئەم ڕێککەوتننامە بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی بڕیارەکان، خشتەیەکی زەمنیشی لەخۆدەگرت. سەرەنجام دانیشتنی 4/10/2002ی پەرلەمانی یەکگرتووی کوردستان، بە هەنگاوێکی گەورە دادەنرێ بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامە و گێڕانەوەی ئاشتی بۆ هەرێمی کوردستان.
کاپیتۆلاسیۆن
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی capitulare وەرگیراوە و بە مانای پەیمان و گرێبەست و ڕێککەوتن هاتووە کە لە نێوان دەوڵەتاندا دەبەسترێ. بەپێی ئەم پەیمانە ئەگەر هاووەڵاتیانی بێگانە لە قەڵەمڕەوی وەڵاتێکی دیکەدا تاوانێک ئەنجام بدەن، ئەوا دەبێ بکەونە ژێر پارێزگاریی یاساکانی وەڵاتی خۆیان و لە لایەن کۆنسولێک کە نوێنەری ئەو دەوڵەتەیە بۆ دادگە بانگهێشت بکرێن. ئەم جۆرە پەیماننامانە پتر لە لایەن دەوڵەتانی ئەورووپییەوە بەسەر دەوڵەتانی ئاسیایی و ئەفریقایی دائەسەپا. لە ڕاستیدا بیانووی ئەم وەڵاتانە ئەوە بوو کە هاووەڵاتیانی ئەوان لە ڕووی دادوەرییەوە پارێزراو نین و لە لایەن بەرپرسانی ئەو وەڵاتانەوە ناپارێزرێن. بەڵام ئەوان بەم بیانووە دەیانویست بگەنە ئامانجە کۆلۆنیالیستیەکانی خۆیان. لەم سەردەمەدا کاپیتۆلاسیۆن گرنگی خۆی لە دەست داوە و لە لایەن دەوڵەتەکانەوە دژایەتی دەکرێ و وەڵاتانێکی وەک ژاپۆن، تورکیا، میسر و ئێران و چین پووچەڵیان کردۆتەوە.
یوتۆپیا/شاری خەیاڵ
ئەم زاراوە ناوی کتێبێکی سێرتۆماس موور (1516)، سیاسەتڤان و ئەدیب و قەشەی ئینگلیزییە کە تێیدا باسی شارێکی خەیاڵی دەکات کە سیستەمی ژیانی کۆمەڵایەتی یەکپا عەقڵانی بێت لەهەمبەر ژیانی ئەو سەردەمەی ئەورووپا کە یەکسەرە تەماح و سوودپەرستی و چاوچنۆکی بووە. لەوە دوا لە ئەندێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەر چەشنە ڕەوشتێکی جوان و ڕێکوپێکی لەم جۆرەیان، بە یوتۆپیا لە قەڵەم ئەدا. مانای وشەکە بە یۆنانی «هیچ شوێنێک» دەگەیەنێت بەڵام بە بەهەشتی سەرزەمین لیک دراوەتەوە کە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و هەموو شتێکی وەک بەهەشت وایە.
ناسینەوەی دووفاکتۆ/نیمچەسەربەخۆ
لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا بە مانای پەسندکردنی دەوڵەتێکە لە لایەن دەوڵەتێکی دیکە و کردنەوەی سەری پێوەندی و پابەندی دوولایەنە لە نێوانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یا بێ سنوور. دووفاکتۆ لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە دوو جۆر دێتە ئاراوە:
1) ناسینەوەی واقیع کە بریتییە لە دان پێدانان بە هەبوونی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بتوانێ بۆ بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا. ئەم جۆرە ناسینە، بەری تەسکە چونکە ئاستی پێوەندییەکان لە دۆخێکی نزمدا دەمێنێتەوە و پێوەندی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا ناکرێتەوە.
2) ناسینەوەی قانوونی de jure کە بریتییە لە ناسینی دەوڵەت یان وەڵاتێکی نوێ، لەگوێن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانێ لە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی وەڵاتەکەی خۆیدا و ڕاپەڕاندنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی خۆی. ئەم جۆرە ناسینە، کۆی پێوەندی دیپلۆماسی و پارێزراویی نوێنەرانی سیاسی لەخۆدەگرێ.
پرۆتۆکۆڵی گۆڕینی کەشوهەوای کیۆتۆ
ئەم پرۆتۆکۆڵە لە ساڵی 1997 لەنێوان سەرۆکی وەڵاتانی جیهان لە کیۆتۆی ژاپۆن مۆرکرا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی. واتە چونکە ئەو گازانەی کە لە سووتاندنی سووتەمەنییە فوسیلییەکان (نەوت و گاز و خەڵووزی بەرد) بڵاو دەبێتەوە دەبتێە هۆی گەرمبوون و گۆڕینی کەشوهەوای سەرزەوی، دەبێ وەڵاتان هەوڵ بدەن لە بەکارهێنانی ئەم سووتەمەنییانە کەم بکەنەوە و ڕووبکەنە وزەی هەتاوی و … بۆ پیادەکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە دەبوایە لە لایەن ئەو وەڵاتانەی کە 55% ئەم گازانە بڵاو دەکەنەوە، پەسند بکرێیە. مانگی ژووەنی 2002 لە لایەن پانزە وەڵاتی یەکیەتی ئەورووپا پەسند کرا. هەر لەو ساڵەدا پتر لە 70 وەڵاتی جیهان ئەم پرۆتۆکۆڵەیان پەسند کرد. ڕەشنووسی کیۆتۆ داوا لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە قەدەر بڵاوکردنەوەی 36% ئەو گازانە لە ساڵی 1990، بۆ کەمکردنەوەی ئەم گازانە هەنگاو بنێت. کەچی بەم حاڵەش، لەنێوان ساڵەکانی 2002ـــ1997 بڵاوکردنەوەی ئەم گازانە لە ئەمریکا، نزیکەی 8% زیاتر بووە. ئەمریکا تەنها وەڵاتێکە کە لەگەڵ ئەم ڕەشنووسەدا نەیارە.
ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ)
پەیمانێکی سەربازییە کە لە 4/4/ 1949 لەنێوان وەڵاتانی بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فرەنسا، بەریتانیا، ئیسلەندا، ئیتالیا، لۆگزامبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یۆنان و تورکیا (1951)، ئەڵمانیای ڕۆژاوا (1955) و ئیسپانیا (1982)، مۆرکرا.
بەپێی مادەی پێنجەمی ئەم پەیمانە، هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر وەڵاتێکی ئەندام بکرێت، هێرش بۆ هەموو ئەندامانی ناتۆ لە قەلەم دەدرێ و ناتۆ خۆی بە بەرپرس دەزانێ لەم وەڵاتە پشتیوانی بکات و لەسەری هەڵقڕێ. ناتۆ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپای ڕۆژاوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەربازی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتبە واتایەکی دیکە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم دامەزرا. ئەنجومەنی ئاتلانتیکی باکووری، باڵاترین پلەی ئیداری ناتۆ لە ئەژمار دێت و ئەرکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی لقە بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمیتەی سەربازی بەرعۆدە گرتووە. لە ساڵی 1966 فەرەنسە هێزەکانی خۆی لە ناتۆ کێشاوە و لە ئەندامەتی سەرکردایەتی سەربازی هاتە دەرەوە. بەڵام لە بەشەکانی پشتگیری سەربازی و دابینکردنی بوودجە و دەزگەکانی هۆشدار تووشی نسکۆ هات. بەم بۆنەوە بارەگەی نێونەتەوەیی ناتۆ لە فەرەنسەوە بۆ بەلجیکا گواسترایەوە.
دوابەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین*و یەکگرتنەوەی دوو پارچەکەی ئەڵمانیا و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، پەیمانی ناتۆ تووشی گۆڕانکاری هات. هەندێ پێیان وایە بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد* ئیتر، بوونی ناتۆ کەڵکی نامێنێ، بەڵام هەندێکیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەرکی ناتۆ کۆتایی پێ نەهاتووە و خایلەی سۆڤیەت تاکوو ئێستە هەر لە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییدا ماوەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە ناتۆ ئەرکێکی باڵاتر لە ئەرکی سەربازی هەیە و لەگوێن دەسپێکێکی سیاسی، شانبەشانی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماتیک، زامنکەری هاوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشە.
بۆ ئەم مەبەستە و بەپێی بەرنامەی نوێی ناتۆ لە قەوارەی «هاوبەشێتی لە ئاشتی»دا زنجیرە دانیشتنێک لە ژێر سەردێڕی«1+16» بە ئامادەبوونی ناتۆ و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی سۆڤیەت پێکهات و سەرەنجام لە مانگی مەی 1997، ئەم وەڵاتە بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لە پاریس، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناتۆدا ڕاگەیاند.
لە درێژەی بەئەندامبوونی وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە 12 ی مارسی 1999 کۆماری چێک، مەجارستان و پۆڵەندا چوونە ناو ڕیزی وەڵاتانی ئەندامەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا هەندێ لە ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشەو* هەوڵیانداوە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21/11/2002 ئەندامانی ناتۆ لە پڕاگ داوا لە حەوت وەڵاتی بولگاریا، ڕۆمانیا، لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤانیا کرا بۆ ساڵی 2004 ببنە ئەندامی ناتۆ. دواتریش بە ئەندامبوونی وەڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو. ئێستە ئەم ڕێکخراوە 26 ئەندامی هەیە. ناتۆ لە شەڕی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان وەکوو هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ تاڵیبان دەوری چالاک دەبینێ.
ڤیتۆ
ڤیتۆ وشەیەکی لاتینییە کە لە ڕیشەی vetare وەرگیراوە و واتای (من دژم) دەدات. ڤیتۆ بەرگریکردن لە کاڕێکە و «مافی ڤیتۆ» توانایی یا مافی بەرگری کردنە. ئەم زاراوە لە پرۆسەی یاسادانانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مانایەکی تایبەت لەخۆ دەگرێ. لەم بوارەدا مافی ڤیتۆ بە واتای مافی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشــە بۆ بەرگریکردن لە پەسند کردنی قانوونێک لە لایەن ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوەکە.
لە یاسای گشتی وەڵاتاندا ڤیتۆ، مافێکە بە سەرۆکی وەڵات یا دەوڵەت دەدرێ تا بتوانێ لە جێبەجێکردنی یاسا پەسندکراوەکان بەرگری بکات. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئەمریکا و بریتانیا بکەین. پادشای بریتانیا بۆی هەیە هەندێک لە یاسا پەسندکراوەکان ڤیتۆ بکات بەڵام هەرگیز لەم مافە کەڵکی وەرنەگرتووە. کەچی سەرکۆماری ئەمریکا، دەتوانێ یاسا پەسندکراوەکانی کۆنگرێس ڤیتۆ بکات، مەگەر ئەوەی کۆنگرێس دووبارە بە 3/2 زۆرینەی دەنگەکان پەسندی بکاتەوە.