تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆنترۆڵی چەک
کۆنترۆڵی چەک، پڕۆسەی ڕێسامەندکردنی بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکە. جیاوازی ئەم پرۆسە لەگەڵ چەکداماڵین لەوەدایە کە مەبەست لە چەکداماڵین، گەیشتن بە ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانەیە بۆ قت کردنی چەک و تەقەمەنی لە ڕیزی خەرجوبەرجی دەوڵەتەکاندا. کۆنترۆڵی چەک بەپێی ستراتیجی و پەیمانی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێت کە دەکرێ بەم شێوەی خوارەوە ئاماژەیان پێ بکەین:
1) بەربەستکردنی ڕادە و جۆری ئەو چەکانەی کە لە شەڕدا بەکار دەچێت.
2) بەربەستکردنی هێزی خاپوورکەرانەی چەکەکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی جبەخانەکانەوە.
3) کەمکردنەوەی گشتی ڕادەی چەکەکان.
4) قەدەغە کردنی وەبەرهێنانی ئەو تەکنۆلۆژییانەی کە لە هاوسەنگی دەسەڵاتدا دەور دەبینن.
5) دۆزینەوەی چارەسەرییەکی متمانەبەخش.
ڕێککەوتن لەسەر کۆنترۆڵی چەک، ڕێگرە لەبەردەم بەرهەمهێنانی هەندێ چەکدا و لە بەرانبەر وەبەرهێنانی ئەو چەکانەی کە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ دێنێتە ئاراوە، تەگەرە سازدەکات. لە ساڵی 1945 بەملاوە زۆربەی ڕێککەوتننامەکانی کۆنترۆڵی چەک، خۆلاسە بۆتەوە لەسەر نەهێشتنی پەرەپێدانی چەکی ناوەکی، کیمیایی و بایەلۆجی، سیستەمی مووشەکی دژی بالستیک و کەمکردنەوەی تاقیکارییە ئەتۆمییەکان کە بریتین لە:
• پرۆتۆکۆلی 1925 لە جنێڤ لە بابەت بەکارنەهێنانی گازی ژەهراوی و چەکی باکتریۆلۆجیک.
• پەیمانی 1959 جەمسەری باشوور لە بارەی نەکردنەوەی بنکەی چەکداری لە باشوور.
• کۆنڤانسیۆنی 1972 چەکە بایەلۆژییەکان لەمەڕ نەهێشتنی وەبەرهێنان و خاوەندارییەتی
ئەم جۆرە چەکانە.
• پەیمانی 1968 بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT).
گفتوگۆ لەمەڕ بەربەستکردنی چەکی ستراتیجیک، ناسراو بە سالت لە ساڵی 1972.
• پەیمانی کەمکرنەوەی چەکی ستراتیجیک، ناسراو بە ستارتی یەک (1991).
• کۆنڤانسیۆنی 1993 چەکی کیمیایی (CWC) کە خوازیاری لەناوبردنی هەماری چەکی
کیمیایی دەوڵەتانی ئیمزاکردەیە لە ماوەی 10 ساڵدا.
• پەیمانی مین (ئەڵغام) ی دژەنەفەر 1998 (APLT).
یەکێک لەو گرفتانەی کە لەسەر ڕێی کۆنترۆڵی چەکەکاندا پێش هاتووە، مەسەلەی سەلماندن و بەڕاست گەڕانی پرۆسەکەیە کە تەنانەت بە یارمەتی سەتەلایتی زۆر پێشکەوتووش ناکرێ بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پرۆسە، بە دەوڵەتەکان متمانە بکرێت. بۆ نموونە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی یەکێک لەو دەوڵەتانە بووە کە کۆنڤانسیۆنی 1993 چەکی کیمیایی واژۆ کردووە کەچی ڕادەیەکی زۆری لەم جۆرە چەکانەی بەرهەم هێناوە و لە هەمارەکانی خۆیدا سەریەکی ناوە. لە لایەکی دیکەوە سەپاندنی گەمارۆی دیپلۆماسی و ئابووریش، تەنیا بەسەر وەڵاتانی لاوازدا زەختی دەهێنێ و بۆ وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا و چین و ڕووسیا کاریگەری نابێت.
وەڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو
ئەم زاراوە بۆ وەڵاتانی هەژار و دەست کورتی جیهانی سێهەم (ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین) بەکاردەبرێت. هەندێ لە زانایان، هەوڵیان داوە وەڵاتانی هەژار بە وەڵاتانی جیهانی چوارەم پێناسە بکەن. بۆ هەڵاواردنی وەڵاتێکی دواکەوتوو لە بواری پەرەسەندوییدا سەیری پێوانەگەلێکی ئابووری وەک بەرزبوونەوەی داهاتی سەرانە و وەبەرهێنانی ناڕاستەوخۆ دەکەن. ئەم وەڵاتانە چاویان لە یارمەتی وەڵاتانی دیکەیە و لە بازرگانی جیهانیدا دەورێکی زۆر بچووک دەبینن. (بڕوانە جیهانی سێهەم).
کۆتر و هەڵۆ
ئەم زاراوە لە کاتی شەڕی ڤیەتنام، لە ئەمریکا ڕەواجی پەیا کرد. مەبەست لە هەڵۆکان ئەو سیاسەتمەدار و هێزە سەربازیانە بوون کە خوازیاری بەردەوامی جەنگ بوون و شەڕیان بە تاکە ڕێگەی سەرکەوتنی ئەمریکا بەسەر ڤیەتنامدا دەزانی. کۆترەکانیش بەو سیاسەتمەدارانە دەگوترێ کە بیر و بۆچوونیان دژ بە هەڵۆکان بووە و دەیانگوت هێرش و دەستدرێژی سوپای ئەمریکا لە ڤیەتنامدا کارێکی ناڕەوایە. ئەم زاراوە ئێستا لەمەڕ سیاسەتمەدارانی وەڵاتانی دیکەش بەکار دەبرێت.
گانگستر
ئەم زاراوە لە دوو وشەی Gang بە واتای دەستە و گرووپ و Ster بە واتای ڕێنوێن و بەشداربوون هاتووە. سەرجەم، واتای گرووپی خراپکار و ئاژاوەگێڕ و تێکدەر دەبەخشێ. گانگستریزم بە واتای لایەنگری کردنە لەو شێوازە.