تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاپاترید
بە کەسێک دەگوترێ کە ڕەگەزنامەی هیچ وەڵاتێکی نەبێت ئەم حاڵەتەش لەم هەلومەرجانەی خوارەوەدا ڕوو دەدات:
١. کۆچکردن.
٢. بەپێی یاسای نەتەوایەتی هەندێ لە وەڵاتان.
دوکترین+بیرۆکە+ڕێڕەو
زاراوەی دوکترین، لە وشەی لاتینی docteur بە مانای فێرکردن و فێربوون وەرگیراوە و بە کۆمەڵێک بیروبۆچوونی تایبەتی سیاسی دەگوترێ کە لە لایەن کەسێکەوە ئاڕاستە دەکرێ و دواتر دەبێتە ڕێبازێک بۆ لایەنگرانی. لە زاراوەی سیاسیدا دوکترین، بریتییە لە جیهانبینی و بۆچوونێکی تایبەت کە دەسەڵاتدارانی وەڵاتێک، بناخەی دەسەڵاتەکانی خۆیانی لەسەر دادەمەزرێنن و بەرنامەی کارەکانیان بە دەوری تەوەری ئەو دوکترینەدا دەسووڕێتەوە و خەڵکیش بە ناچار دەبێ لەسەر هەمان ڕێباز پێوەندییەکانی خۆیان ڕێک بخەن.
دوکترینی ئایزەنهاوەر
بە کۆمەڵە پێشنیارەکانی دووایت ئایزەنهاوەر، سەرۆککۆماری وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (60ــ 1952) دەگوترێ کە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکانی دەوروبەری لە ژانوییەی 1957، خستییە بەردەم کۆنگرێس و بەو پێیە:
1) ئەمریکا بۆی هەیە بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی «وەڵاتانێک کە لە دەرەوە دەکەونە بەر هەڕەشەی کۆمۆنیزم یان لەناوەوە تووشی ململانآ و گێڕەشێوێنی دەبن» ، مادامێکی ئەو وەڵاتانە بخوازن، بە یارمەتی هێزە چەکدارەکانی خۆی پشتیان بگرێت و داکۆکیان لێ بکات.
2) ئەمریکا دەبێ بۆ پەرەسەندنی ئابووری ئەم وەڵاتانە هەنگاو بنێ.
3) ئەمریکا دەبێ بەو وەڵاتانەی کە خوازیاری هاوکاری سەربازی بن، یارمەتی بگەیەنێت.
ئەو هەرێمانەی کە دوکترینەکەی تیا بەڕێوە دەچوو، هەر لە لیبی لە ڕۆژاواوە تا پاکستان لە ڕۆژهەڵات و تورکیا لە باکوور و نیمچە دوورگەی عەرەبستان لە باشووری دەگرتەوە. نموونەی پیادەبوونی ئەم دوکترینە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لوبنان بوو لە ساڵی 1958، بەهۆی قەیرانی کەناڵی سۆئێز.
دوکترینی برێژنیف
ئەم زاراوە لە دەرەوەی سۆڤیەت دانراوە و ناوەکەی دیکەی «دوکترینی حاکمییەتی سنووردار»ە. بەڵام بەگشتی بە ڕێبازەکانی لیئۆنید برێژنیف، ڕێبەری یەکییەتی کۆمارییەکانی سۆڤیەت (1982ــ1964) لە بەرانبەر وەڵاتانی ئەقماری دەگوترا. بەپێی ئەم ڕێبازە، هەرکاتێک سۆشیالیزم لە وەڵاتێک بکەوێتە مەترسییەوە، وەڵاتە سۆسیالیستەکان بۆیان هەیە لە پێناو پاراستنیدا دەست وەردەنە ئەو وەڵاتەوە. دوکترینی برێژنێف، دەستی وەڵاتانی سۆشیالیستی ئەبەستەوە بۆ ئەوەی نەتوانن مافی چارەی خۆنووسین و حاکمییەتی نەتەوەیی بەدەست بێنن.
دوکترینی بۆشی دووهەم
بریتییە لە کۆمەڵێک بیرۆکە و پەرچەکردار کە لە لایەن جۆرج دەبلیۆ بۆش، چل و سێهەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ئاست مەسەلە جیهانییەکان ئاڕاستە کرا. بۆش لە کاتێکدا بە دەسەڵات گەیشت کە نزیکەی 10 ساڵ بوو شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت کۆتایی پێهاتبوو. لەم سەروبەندەدا ئەمریکا دەیویست بەو هەلەی کە بۆی ڕەخساوە، دەسەڵات و هێزی سیاسی و سەربازی خۆی لە جیهاندا پاوەجێ بکات تاکوو ببێتە یەکەم هێزی جیهان. کارەساتە تیرۆریستییەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001، کارێکی وایکرد کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا شێلگیرانەتر بیر لە ئارمانجەکانی ویلسۆن بکەنەوە و هەنگاوی بۆ بنێن.
ئەمێستە یەکەم کارەکانی ئەمریکا، بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ ئەو ڕژێمانەی کە لە ڕوانگەی واشینتۆنەوە بە دەوڵەتانی لاسار (Rouge states) لە قەڵەم دراون و تیۆری پێکدادانی شارستانییەتەکان کە لە لایەن سامۆئێل هەنتینگتۆن، هاتبووە ئاراوە وەکوو پاڵنەڕێکی ئایدیۆلۆجیکی بۆ ئەم ستراتیجیە ناونووس دەکرێت.
دوکترینی بۆش، لە ئاست وەڵاتانی جیهانیش خۆی نیشان داوە. بۆ وێنە وەڵاتی سۆڤیەتی ــ وەکوو ڕەقیبێکی دێرینی خۆی ــ خانەنشین کردووە و بە هاوپەیمانییەتی لە ڕێکخراوەی ناتۆ*، وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای بەلای خۆیدا کێشاوە.
ئەم ڕێبازە، لەمەڕ سێ وەڵاتی ئێران و عێراق (پێش ڕووخانی سەدام) و کوریای باشووری، سیاسەتێکی توندی بەڕێوە بردووە و لە ژانوییەی 2002، ئەم سێ وەڵاتە لە ڕیزی تەوەری شەیتانی (Axis of Evil) ناوبردە کراوە. هەر بەپێی ئەم دوکترینە بوو کە ئەمریکا لە دوای یازدەی سێپتەمبەر و بە ناوی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم، هێرشی بردە سەر دوو وەڵاتی ئەفغانستان (ئۆکتۆبەری 2001) و عێراق ( 20ی مارسی 2003) و توانی ڕژێمەکانی تاڵیبان و بەعس بڕووخێنێ.
دوکترینی بۆشی یەکەم
ئەم زاراوە کە دواتر لەگەڵ دەستەواژەی «سیستەمی نوێی جیهانی» * بە یەک مانا لێکدراونەوە، بریتییە لە کۆمەڵێک بیرۆکەی مژاویی. کەچی بەم حاڵە، زنجیرە ڕووداوێک کە لەسەرەتای نەوەدەکانەوە سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە، بیرمەندان و زانایانی والێکردووە کە ئەم ڕووداوانە لە قەبارەی «سیستەمی نوێی نێونەتەوەیی» دا شرۆڤە بکەن. ڕووداوەکانی جیهانی کۆمۆنیستی و دواتر گۆڕانی ڕژێمەکانی ئەورووپای خۆرهەڵات، ڕووخانی دیواری بەرلین، کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و هێرشی ئەمریکا بۆ پاناما و شەڕی کوەیت، لە جوملەی ئەم ڕووداوانە لە ئەژمار دێن. لە ڕێکەوتی 11ی سیپتەمبەری 1990، جۆرج بۆشی یەکەم، سەرۆککۆماری ئەمریکا دوای هێرشی عێراق بە کوەیت و داگیرکردنی ئەم وەڵاتە (ئاگۆستی 1990)، لە وتارێکیدا لە بەردەم نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا، بەم شێوە سیستەمی نوێی جیهانی پێناسە کرد:
«جیهانێکی تەواو جیاواز لەو جیهانەی کە ناسیومانە. جیهانێک کە دەبێ تێیدا باڵادەستیی و حاکمییەتی قانوون لەبری قانوونی جەنگەڵ، سەروەر بێت. ئەو جیهانەی کە تێیدا وەڵاتەکان، بەرپرسیارییەتی هاوبەش لە بەرانبەر ئازادی و عەداڵەت بە ڕەسمییەت بناسن و دەسەڵاتداران ڕێز دابنێن بۆ مافی بێدەسەڵاتەکان» .
دوکترینی مۆنرۆ
ئەم زاراوە باس دەکات لە سیاسەتەکانی جەیمز مۆنرۆ کە لە نێوان ساڵەکانی (1817-1825) سەرکۆماری ئەمریکا بووە. مۆنرۆ لە 2ی دێسەمبەری 1823 لە پەیڤێکی خۆیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وەڵاتانی ئەوروپی مافی ئەوەیان نییە لە کاروباری ئەمریکییەکان دەستێوەردان بکەن و لە بەرانبەریشدا ئەمریکییەکان نابێت دەستوەردەنە کاروباری ئەوروپییەکان. ئەم دوکترینە لە چوار تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو کە بریتین لە:
1ــ کیشوەری ئەمریکا نابێ بکەوێتە مەترسیی پەیوەستبوون بە خاکی هیچ وەڵاتێکی ئەوروپییەوە.
2ــ وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ پەرەپێدانی سیستەمە سیاسییەکانی ئەورووپا، لە هەر بستە زەمینێکی وەڵاتەکەدا بە مەترسییەک بۆ ئاشتی و ئاسایشی خۆی دەزانێ.
3ــ ئەمریکا هیچ دەستێوەردانێک ناکات لە موستەعمەراتی ئەورووپادا.
4ــ ئەمریکا لە شەڕی وەڵاتانی ئەوروپی کە لەسەر بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەڵدەگیرسێ خۆی تێ هەڵناقورتێنێ.
ئەم سیاسەتە لە بەرایی سەدەی بیستەمدا بەم ئەنجامە گەیشت کە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتە ژەندەرمەی ئەمریکای باکووری و باشووری کە ئەمەش بووە هۆی کێشە و هەرا لەنێوان وەڵاتانی ئەمریکای لاتین لەگەڵ ئەو وەڵاتەدا. بە باوەڕی دەسەڵاتدارانی ئەمریکی سیاسەتی مۆنرۆ، ئێستەکەش وەکوو بنەمایەکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەژمار دێت.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک
تیۆرییەکی فەلسەفی دەربارەی مێتافیزیک کە لە لایەن فردریک ئەنگڵس ـــ بۆ جەخت کردن لەسەر بۆچوونەکانی مارکس لەم بارەوە ـــ لە کتێبی ئانتی دورینگ (1878) و دایەلیکتیکی سرووشت (1925) ئاڕاستە کراوە. (هەڵبەت ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن پولخانۆف بەکار براوە). ئەم فەلسەفە، پاش ئەوەی کلک و گوێی کرا، بوو بە فەلسەفەی ڕەسمی حیزبە کۆمۆنیستەکان و «مەتریالیزمی مێژوویی» کامڵ کرد. مەتریالیزمی دایەلیکتیکی، تەنها مادە بە ڕاست و گرنگ دەزانێ و بە بناغەی گەردوون دایدەنێت. ئەم فەلسەفە، سەرچاوەی هەموو نیشانە و بەرهەمەکانی ژیان بە مادی لەقەڵەم دەدا و هەموو گۆڕانکارییەکان بە مادە پەیوەست دەکات کە ئەم گۆڕانکاریانەش بەپێی کۆمەڵێک یاسای تایبەت کە پێی دەگوترێ «دایەلیکتیک»، ڕوو دەدەن. دایەلیکتیک هەم شێوازی گۆڕینی واقیعەکانە و هەمیش شێوەی دۆزینەوەی «یاساکانی جووڵە»ی ئەو واقیعانەیە. ئەم قوتابخانە پێیوایە کە پرەنسیپەکانی مەتریالیزمی دایەلیکتیک لەگەڵ هەموو لقە زانستییەکاندا دەخوێنێتەوە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک، مادە لە ئاوەزی مرۆڤ بە گرنگتر دەزانێ و ئاوەز بە ڕەنگدانەوەی جیهانی مادە لە مێشکی مرۆڤ لە قەڵەم دەدات و هەموو شتێک یان دیاردەیەک بە دەرەنجامی جووڵەی جەوهەری مادە شرۆڤە دەکات.
مارکس، دایەلیکتیکی تەنها لە هەمبەر دیاردەکان و کۆمەڵگە دەبەستەوە بەڵام ئەنگڵس، ڕووبەری ئەم فەلسەفەی بەرەو سرووشت بەرفرەوان کرد و لە ژێر کاریگەریی بیروڕاکانی هێگل، پێی وابوو کە جیهان (سروشت و ئەندیشە ومێژوو) دەکەونە ژێر باری سێ یاسا: 1) یاسای هەڵگەڕانەوەی چەندایەتی (کمیت) بە چۆنایەتی (کیفیت). 2) یاسای ئاڵۆزی دژەکان (اضداد)، بەپێی ئەم یاسایە جووڵە، دەرەنجامی دژایەتی نێوان ڕەگەزە هاودژەکانی ناو سروشت و کۆمەڵگە و مێژووە. لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا لەبەر ئەوەی چینەکان دژی یەکترن، ململانێی چینایەتی دەبێتە مەرجێک بۆ فراژووتنی کۆمەڵگە. 3) یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکراو.
زۆربەی زانایانی مارکسی کە تەنها مارکس بە سەرچاوە دەزانن و بۆ ئەنگڵس و لینین بایەخێکی ئەوتۆ قایل نین، بە مەتریالیزمی دایەلیکتیکیش ـــ وەک میتۆدێکی فەلسەفی ـــ بەهایەکی ئەوتۆ نادەن، بە چەشنێک لەم دواییانەدا حیزبە کۆمۆنیستیەکانی فەرەنسی و ئیتالیا، ئەم ڕێبازەیان لەگوێن فەلسەفەی ڕەسمی حیزبەکەی خۆیان خستەلاوە.
مەتریالیزمی مێژوویی
مەتریالیزمی مێژوویی پاژێکی گرنگی فەلسەفەی «مەتریالیزمی دایەلیکتیک» لە ئەژماردێت کە لە سەر بنەمای تیۆری مارکس دەربارەی مێژوو بنیاد نراوە. مارکس ئەم تیۆرییەی بە کورتی لە پێشەکی کتێبە ناودارەکەی خۆی بە ناوی «توێژینەوەی ئابووریی سیاسی» (1859) هێنایە ئاراوە. ئەو دەنووسێ: «لە بەرهەمهێنانی پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی ژیاندا، لە نێوان مرۆڤەکان پێوەندییەکی دیاریکراو دێتە کایەوە کە لە ویست و ئیرادەی ئەوان بەدەرە، ئەمەش هەمان پێوەندیی بەرهەمهێنانە کە گرێدراوی گەشە و فراژووتنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە. سەرجەمی ئەم پێوەندییانە ژێرخانی کۆمەڵگە پێکدێنن کە سەرخانی سیاسی و دادوەری و فیکری (ئایدیۆلۆجیکی) لەسەر ئەو ژێرخانە دادەمەزرێت. شێوازی بەرهەمهێنان لە ژیانی ماددیدا چارەنووسی تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و ڕەوتی مەعنەوی ژیان دیاری دەکات. لێرەدا هوشیاریی مرۆڤ، چۆنییەتی ژیان و گوزەرانی دیاری ناکات بەڵکوو بە پێچەوانەوە، شێوازی گوزەرانی کۆمەڵایەتی، ئاستی هوشیاریی ئەو دیاری دەکات … کە شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، سیمای جیاوازییە کۆمەڵایەتی و دابەشکارییە چینایەتییەکانیش، بە هەوای ئەم گۆڕانە تووشی وەرچەرخان دەبێت. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوازێکی دایەلیکتیکی و بە دەرکەوتنی دژایەتییەکانی هەناوی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان ڕوودەدەن کە ئاکامەکەشی ململانێی چینایەتییە …»
بەپێی تیۆری مەتریالیزمی مێژوویی، سەرچاوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی کۆمەڵگەی مرۆڤی دەگەڕێتەوە بۆ جووڵە و گۆڕانی دژبەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە. دژایەتی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە، وزەیەکی پاڵنەرە بۆ ڕەوتی فراژووتنی ئەو کۆمەڵگەیە. لە ڕوانگەی ئەم قوتابخانەوە جڤاک و ڕەشەگەل مێژوو دەخوڵقێنن نەک پاڵەوانان. ئەگەرچی دەوری ڕێبەرانی شۆڕشگێڕ لە مێژوودا ڕەت ناکاتەوە.
مەتریالیزمی کولتووری
ڕێبازێکی ڕەخنەگرانەیە کە لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە بریتانیا هاتە ئاراوە بەڵام دەرخستنی لایەنەکانی، لەگوێن چەمکێکی تیۆریی کارێکی دژوارە. ئەم زاراوە لە بەستێنی مەتریالیزمدا شرۆڤە دەکرێت چونکە پێی وایە دامودەزگە و دەسکرد و کردەوە کولتوورییەکان، لە چەند ڕەهەندێکەوە لە لایەن پرۆسە مادییەکان دیاری دەکرێن و کولتوور بە کردارێکی مادی لەقەڵەم دەدات.
مەتریالیزمی کولتووری، یەکە مجار لە لایەن ڕایمۆند ویلیامز (1988 ـــ 1921) ڕۆشنبیر و ڕەخنەگری کولتووریی بەریتانی، وەک میتۆدێکی تایبەتی خۆی و زاراوەیەکی ڕەخنەگرانە ئاڕاستە کرا. مەتریالیزمی کولتووری باوەڕی وایە کە هەر تیۆرییەکی کولتووری (نەک بە تەنیا تیۆری کولتووری مارکسی)، کە قایل بە جیاوازی نێوان «هونەر» و «کۆمەڵگە» یان «ئەدەب» و «پێشینەی کۆمەڵایەتی» بێت، باوەڕی بە تەوەربوونی کولتوور نییە لە کۆمەڵگەدا (واتە شێوازی بەرهەمهێنان، شکڵ و دامودەزگە و چۆنیەتی بەکارهێنانی). لەم ڕوانگەوە نابێ هیچکات، بۆ فۆڕمە کولتوورییەکان وەک دەقێکی ناوازە بڕوانین بەڵکوو دەبێ لە قەبارەی پێوەندی و پرۆسە مێژوویی و مادییەکاندا سەیریان بکرێت.
پەیمانی ماستریخت
ئەم پەیمانە لە لایەن سەرۆکی 12 وەڵاتی ئەندام لە کۆمەڵەی ئابووری ئەورووپا کە بریتی بوون لە: ئەڵمانیا، ئیسپانیا، بریتانیا، ئیتالیا، ئیرلەندا، بەلجیکا، پورتوگال، دانیمارک، فرەنسا، لۆکزامبۆرگ، هۆڵەندا و یۆنان لە دیسەمبەری 1991 لە شاری ماستریختی هۆڵەندا مۆر کرا. مەبەست لەم پەیمانە یەکگرتنی سیاسی و ئابووری ئەورووپا بوو. هەروەها پیادەکردنی سیستەمێکی دراڤی یەکگرتوو، بەڕەسمییەت ناسینی «شارۆمەندیی ئەورووپایی»، هاوکاری گەرمی وەڵاتانی ئەوروپی لە بواری سیاسەتی دەرەکی، ئاسایش، دادوەری و هەموو کاروبارێکی ناوخۆیی هاتە ڕیزی داواکارییەکانی ئەم پەیمانەوە.
ساڵی 1993 خەڵکی دانیمارک ئەم پەیمانەیان پەسند نەکرد. پاش ئەوەی هەندێ زێدەماف و بەڵێنیان بەم وەڵاتە بەخشی، ئینجا خەڵکی ئەم وەڵاتە دەنگی «ئەرێ» یان پێدا. ساڵی 2001 هەر هەمان شت لە بارەی خەڵکی وەڵاتی ئیرلەندای باشووری هاتەگۆڕێ. نەیاریی خەڵکی فەرەنسە و پاشان هۆڵەندا لە ساڵی 2005 لەگەڵ ئەم پەیمانە کە بە دەستووری بنچینەیی ئەورووپا ناوبراوە، نیگەرانییەکی گەورەی لەمەڕ چەسپاندنی ئەم دەستوورە هێناوەتە گۆڕێ و یەکیەتی ئەورووپا تووشی ئاریشە دەکات. پەسند نەکردنی دەستووری یەکیەتی ئەورووپا لە وەڵاتێکی وەک فرەنسێ کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم یەکیەتیەدا بووە هۆی دواخستنی پڕۆسەی ڕاپرسی ئەم قانوونە. بەپێی بەرنامەی داڕێژراوی یەکیەتی ئەورووپا، بڕیار بوو تا مانگی حەوتی 2006 دەستوورەکە لە هەر 25 ئەندامی یەکیەتی بکەوێتە بەر ڕاپرسییەوە و لەسەرەتای ساڵی 2007 لە تەواوی ئەورووپا جێبەجێ بکرێت بەڵام بەم بۆنەوە دواکەوتووە.