تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



بۆرژوازی
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە کەسێکیان ئەگوت کە خەڵکی شاری ئازاد یا «بۆرگ» بێت، کەسێک کە نە ئاغا بێت و نە ڕەعیەت، پێیان دەگوت بۆرژوا. لە سەدەکانی 17و18 ئەرباب و خاوەنکار لە بەرانبەر چەرچی و کرێکار، یان بازرگان لە بەرانبەر کاسبکار، بە بۆرژوا ناو دەبرا. کەواتە بۆرژوا بە مانای کەسێک لە چینی مامناوەندی ناوبردە کرا. بۆرژوازی، لە فەرەنسە بەگشتی ناونیشانێک بوو بۆ چینی مامناوەندی مەعامەلەچی یان شارۆمەندانێ کە بەهۆی پارە و دارایییەوە ببوونە خاوەن مافی سیاسی، بەڵام دواتر لە باسوخواسە سیاسییەکاندا مانایەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە.
لە سەدەی نۆزدە بە دواوە ئەم چینە کە بنیاتنەری شارستانییەتی نوێ لە ئەژمار هاتووە، بە شێوەی جۆراوجۆر نرخێندراوە. لە ڕوانگەی ئابووری و سیاسییەوە بۆرژوازییان بە چینێکی کراوە و سەربەگێچەڵ و شۆڕشگێر لە قەڵەم داوە. بەو جۆرەی کە مارکس لە «مانیفیستی کۆمۆنیست» دا دەنووسێ: بۆرژوازی لە باری مێژووییەوە باڵاترین دەوری هەبووە. بۆرژوازی ئەگەر هەمیشە ئامرازی بەرهەمهێنان و سەرجەم پێوەندییەکانی بە شێوەیەکی شۆڕشگێرانە وەرنەگێڕێ، ناتوانێ بژی. بۆرژوازی ئاڵاهەڵگری لیبراڵیزم*لە ئەژمار دێت و ئەو شۆڕشانەی کە لەژێر سێبەری ئەودا بە سەمەر گەیشتوون بە تایبەت شۆڕشی فەرەنسە. کۆتایی هێناوە بە زێدەمافی ڕەچەڵەک و لەسەر تاک و ماف و دەسکەوتەکانی تاک وەکوو پێودانگێک بۆ نرخاندنی بەهای کۆمەڵایەتی مرۆڤ پابەند بووە، بەڵام لە بواری کەلتوورییەوە نووسەران، لە «مولیر»ەوە بگرە تاکوو «باڵزاک»، بۆرژوازییان بە نیشانەی تەماحکاری و پەستی و ناحەزی ناوبردە کردووە و بێجگە لە پووڵپەرستی هاندەرێکی بۆ نابینن. لە دیدی خەڵکانی هونەری و کەلتوورییەوە بۆرژوازی، چینێکە کە هەموو شتێک تەنانەت کەلتووریش بە چاوی شمەک و کاڵا سەیر دەکات.
بۆرژوازی لە گوتاری مارکسیزمدا بە واتای سەرمایەدار و مەعامەلەچی و کاسبکاری سەربەست لە قەڵەم ئەدرێ، لە بەرانبەر پرۆلتاریا کە تەنیا بە فرۆشتنی وزە و هێزی بازووی خۆی ئەژی. بەپێی ئەم پۆلێنبەندییە، بۆرژوازی لە لایەکەوە بە سەرمایەداری پیشەسازی و پارەدار و لە لایەکی دیکەوە بۆرژوازی گەورە (سەرمایەدارەکان) و وردەبۆرژوازی (کاسپکاری دەستتەنگ و دوکاندار و کەسانێک کە ئاستی ژیانیان لە پرۆلتاریا سەرناکەوێت) دابەش دەکرێت. بەڕای مارکس، سەرمایەداری* پێکهاتێکە لە گەشەی چینی مامناوەندی معامەلەچی و سنعەتکاری کۆمەڵگەی سەدەکانی ناوەڕاست کە بنیاتی سیاسی خۆی لەسەر بنەما وێرانەکانی داناوە و بە ڕێبازە لیبراڵەکانییەوە پێوەندی ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی وەرچەرخاندووە.
بەم پێیە، چەمکی«بۆرژوا» (بە مانای تاکی هاوپێوەند بە چینی بۆرژوازی) و«بۆرژوازی» لە زمانی سۆسیالیستەکانی ئەورووپای کیشوەریی ــ کە لە 1890 بەملاوە زۆریان بوونە مارکسیست ــ هاتە ئاراوە. لەوەدوا بە مانای«سەرمایەدار» و«نامارکسی» باو بووە. کەواتە لە گوتاری مارکسیزمدا «کۆمەڵگەی بۆرژوایی» بە مانای«کۆمەڵگەی سەرمایەداری» و«حیزبی بۆرژوایی» بە مانای«حیزبی ناسوسیالیستی» و سۆشیالیزمی بۆرژوایی بەواتای «سۆشیالیزمی نامارکسی» شرۆڤە کراوە. جاری واش هەیە، هەر بە مانای چینی مامناوەندی ڕاڤە دەکرێت.
دابەشکردنی بۆرژوازی بە بۆرژوازی گەورە (grand bourgeoisie) و وردە بۆرژوازی، لە ڕوانگەی کەلتووریشەوە مانای تایبەتی لەخۆگرتووە. بۆرژوازی گەورە، بەو توێژە ئەڵێن کە تەنیا فێر بووە دارایی بخاتە خزمەت بەهرەمەندی لایەنە مەعنەوی و کەلتوورییەکانی ژیانی ئاریستۆکراسی. بەڵام بەڕای هەندێک، وردە بۆرژوازی هێمایەکە بۆ ڕۆحی کاسبکارانەی حسێبگەری بەرچاوتەنگ و دوور لە بەرزەفڕی و بەگشتی باڵانوێنی مرۆڤی ناباڵغ و پێ نەگەیشتووە. لەم ساڵانەی دواییدا بۆرژوازی کەمتر بە مانای پارە سەریەکخستن لێکدراوەتەوە بەڵکوو زیاتر بە مانای شێوازی ڕوانین بە ئاکاری زایەندی (ئەخلاقی سێکس) شرۆڤە کراوە.
بۆرۆکراسی
لە زاراوەدا بە مانای دەزگەی ئیدارییە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بەپێی ڕێسێ و بڕیاری دیاریکراو کاروباری ڕۆژانەی دەزگەیەک (وەزارەت، کۆمپانی، ئەنستیتۆ، دەوڵەت، زانستگە و…) بەڕێوە ئەبێ ت.
دانەری تیۆری نوێ دەربارەی بۆرۆکراسی ماکس ڤێبەر کۆمەڵناسی ئەڵمانی بوو کە ئەم سیستەمە بە سەرنموونەی ڕەسمی ئەندێشەی ڕێکخستنی لۆژیکی دەزانێ. لە جوملەی تایبەتمەندییە زیندووەکانی بۆرۆکراسی بریتییە لە: هەبوونی ڕێسای قانوونی بۆ کاروبار، هەبوونی دامودەزگەیەکی ئیداری مووچەخۆر، دیاریکردنی ڕۆڵێکی تایبەت بۆ هەر کارمەندێک، گرنگایەتی دەسەڵات و مەقام بەجێی دەسەڵاتی تاک و پاڕاستنی ڕێکوپێکی بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان. بە بڕوای «ڤێبەر» بۆرۆکراسی لۆژیکی، هۆکاری سەرەکی بە لۆژیکیکردنی سیستەمی دەوڵەت لە جیهاندایە.
«میل»، (1859) بۆرۆکراسی، دژی دیموکراسی و حکوومەتی پەرلەمانی و ئازادی لە قەڵەم دەدا. «گاتانۆمۆسکا»، کۆمەڵناسی ئیتاڵی (1939) دەوڵەتی مودێرن لە بنەڕەتدا بە دەوڵەتێکی بۆرۆکراتیک ناوبردە دەکا کە کەمینەیەک بە سەریا دەسەڵاتداری دەکات.
ئەمێستە ئەوشتەی داهێنەرانی تیۆری سیاسی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، مەسەلەی بۆرۆکراسی لەگوێن یەک «چینی نوێ» یە کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوەیە. ئەم بیرۆکە لە کتێبی چینی نوێ، بەرهەمی «میلوان جیلاس» بیرمەندی یۆگوسلاڤی بڵاو کرایەوە.
وردە بۆرژوازی
بەشێکە لە بۆرژوازی کە پێکهاتووە لەو خەڵکانەی چینی مامناوەندی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا کە ماڵ و داراییەکی کەموکووڕیان هەیە. بۆ وێنە: دووکاندار، خاوەنماڵ، زەمیندار یان خاوەن کارگەی بچووک. وردەبۆرژوا بە هەمان شێوە کە لە فەرەنسەدا باو بووە مانایەکی سووکایەتیئامێزی هەیە و بەواتای خۆ سەرقاڵکردن بە سەروەت و سامانی بچووک و بەرژەوەندی خۆت و ڕوانینێکی بەرچاوتەنگانەیە بۆ ژیان. لەم واتایەدا ئاوەڵناوی «وردە» بەمانای کردار و بایەخەکانی ئەم جۆرە کەسانەیە بەڵام لە کۆمەڵناسی مارکسیدا بە لەبەرچاوگرتنی مانا سووکایەتی ئامێزەکە، واتایەکی دیکەیش لەخۆ دەگرێ. لەم دیدەوە وردە بۆرژوازی جگە لە موڵکدارانی کەم داهات، زۆربەی مووچەخۆر و کاسپکاری ئازاد و کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاریش لە خۆ دەگرێ و بە گەشەسەندنی ئەم جۆرە کەسانە لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکان، ڕۆژبەڕۆژ لەباری سیاسیەوە گرنگتر دەبێت. لەم کۆمەڵگەیانەدا وردەبۆرژوازی لەگەڵ چینی مامناوەندیدا هاوواتا دەبێت.