تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شارستانەتی / ژیار
مەبەست لەم زاراوە، شێوە ژیانی شارستانییانەیە لە کۆمەڵگەیەکی شاری کە سێ واتای لێدەبێتەوە:
ـــ بەرەوپیری ئەقڵ و مرۆڤایەتی چوون.
ـــ ئەنجامدانی بەڕێوجێی کاروباری ژیان.
ـــ هەنگاونان بەرەو ئاکار و ئەخلاقی شاری.
شارستانەتی لە زاراوەی سیاسیدا «بە کۆمەڵێک دەزگە و ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی، پێوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئایینی، هونەری و ئەدەبی و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو» دەگوترێ. بە واتایەکی دیکە، شارستانەتی بە کۆمەڵێک پاشکەوتی مادی و مەعنەوی مرۆ لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو دەگوترێ. شارستانەتی لە زانستی مرۆناسیدا وەک پاژێک لە کەلتوور لە قەڵەم دراوە.
پڕۆلتاریا - چینی کرێکار
بە زمانی لاتینی لە وشەی proles بە مانای منداڵ وەرگیراوە. ئەم زاراوە یەکەم جار لە سەدەی شەشەمی پ.ز، لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووم بەکار هێنرا. لەو سەردەمەدا پڕۆلتاریا بە کەسانێک دەگوترێ کە ماف و مووچە و مڵکیان نەبووە بەڵکوو تەنیا ئەرکیان ئەوە بوو کە منداڵەکانیان بنێرنە خزمەت دەوڵەت. بەپێی یاسا دەبوایە خاوەن مڵک و چینەکانی دیکە، یان بە سەرانە و باج یان بە چوون بۆ سەربازی خزمەتیان بە دەوڵەت بکردایە، ئەوانەش کە شتێکیان نەبوو دەبوایە منداڵەکانی خۆیان بناردبا خزمەت دەوڵەت.
ئەم زاراوە لە سەدەی 2ی زایینی دا بزر بوو. لە ساڵی 1838 لە لایەن سیسمۆندی (ئابوورناسی سویسی)، جارێکی دیکە زیندوو کراوە و دەرحەق بەو کەسانە بەکار هێنرا کە«هیچ بەشێکیان بە دارایی و سامانی کۆمەڵگەوە نییە و بۆ ژیانی سادە و ساکار و داهاتووشیان دواڕۆژێکی ڕوون بەدی نەدەکرا» .
ئەم زاراوە زیاتر لەگەڵ ناوی مارکسدا گونجاوە. مارکس لە کتێبی ڕەخنە لە فەلسەفەی «حەق»ی هێگل (1843)، پڕۆلتاریا بە«چینێکی دەستوپێسپی» پێناسە دەکا و مانیفیستی کۆمۆنیست (1848) بەم دەستەواژە پڕ تەنتەنەوە دەست پێدەکات:
«مێژووی هەموو کۆمەڵگە ئینسانییەکان لە ئێستە و ڕابردوودا مێژووی شەڕی چینەکان بووە و سەردەمی بورژوازی، کێشمەکێشی چینەکانی خاو کردۆتەوە و کۆمەڵگەی بە دوو چینی گەورەی دژبەیەک (دوژمن) واتە بورژوازی و پڕۆلتاریا دابەش کردووە» . دیسانەوە لە هەمان شوێندا دەڵێ: «مەبەست لە پڕۆلتاریا، ئەو چینە کرێکارە نوێباوەیە کە خاوەنی هیچ ئامێرێکی بەرهەمهێن نییە و وزە و هێزی خۆی بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی دەفرۆشێت» .
زاراوەی پڕۆلتاریا، لە ڕاپەڕینی کۆمۆنیستی سەدەی بیستەم و هەروەها لەنێوان هەندێ لە هونەرمەندان و ڕۆناکبیرانی لایەنگری «کەلتووری پڕۆلتاریایی» لە ئەڵمانیا و سۆڤیەتدا چەمکێکی سەرنج ڕاکێشی لێدەرهات و لە بابەت گرنگایەتی و دەوری سەرەکی لە شۆڕشدا جەختی لەسەر کراوە. دەوری مێژوویی پڕۆلتاریا، لە گوتاری مارکسیزم* ئەوەیە کە بەپێی ڕەوتی بەپڕۆلتاریایی بوونی چینی مامناوەندی و جووتیاران ــ بە لەدەستدانی سەروەت و دارایییەکەیان ــ ئەم چینە دەبێتە زۆرینەی کۆمەڵگە و ئینجا دەبێ شۆڕشی سۆشیالیستی بە ئەنجام بگات.
دیکتاتۆری پرۆلتاریا: ڕابردن و هەنگاونان بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ چین و توێژ، قۆناخ بە قۆناخ بە ئەنجام ناگات. یەکەم قۆناخ، شۆڕشی کرێکارییە، ئینجا بەدیهاتنی پرۆلتاریا وەک چینی دەسەڵاتدار یان چینی حاکم. پاش سەرهەڵدانی دیکتاتۆری شۆڕشگێڕی پرۆلتاریا، دیکتاتۆری پرۆلتاریا پەیدا ئەبێ تاکوو دەوڵەت لەناو بچێ و لەبری حکوومەتکردن بە سەر ئینسانەکان، ئیدارەکردنی شتەکان بێتە کایەوە.
ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی کار
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1919 وەکوو پێکهاتەیەکی سەربەخۆ، بەڵام لەژێر چاوەدێری «کۆمەڵی نەتەوەکان» بەمەبەستی باشترکردنی هەلومەرجی ئیشوکار و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و پێشخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی جیهان دامەزرا. لە ساڵی 1946 «ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان»، ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوەی لەسەر ئەو بابەتانەی ئاماژەی پێ درا بە ڕەسمی ناساند و لەوە بەدوا وەکوو یەکێک لە دەزگە پسپۆڕییەکان ناونووس کرا.
ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوە بەوردی بریتیە لە داڕشتنی یاسای نێودەوڵەتی کار، وەکوو ئاستی مووچە و هەقدەست و ماوەی کارکردن و بیمەی بێکاری، تەندروستی شوێنی کار، مەرجەکانی کارکردنی ژنان و مێرمنداڵان، پێشبینی سەردەمی پیری و نەخۆشی و پشتیوانیکردن لەو کرێکارانەی کە لە هەندەران ئیش دەکەن. ناوەندی ڕێکخراوەکە لە جنێڤ ــە. 10 وەڵاتی (ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتالیا، چین، ژاپۆن، سۆڤیەت، فرەنسا، کەنەدا و هێندستان) بەهۆی پێشکەوتن لە پیشەسازیدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتین و 38 ئەندامەکەی دیکەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵدەبژێرن.
گرووپی فشار
لە وەڵاتانی پیشەسازی نوێدا بیروڕای گشتی، کاریگەریی زۆری لە سەر ئاستی کۆمەڵگەدا هەیە. لەم ڕووەوە گرووپی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی بە تایبەت گرووپە ڕەسمییەکان هەوڵ دەدەن بە شێواز و ئامرازی جۆراوجۆر ڕای گشتی بەرەو لای خۆیان داکێشن. کەشوهەوای مۆدێرنی ئەم چاخە وایکردووە کە دامودەزگەی بەڕێوشوێن کە لە زاراوەی کۆمەڵناسیدا بە گرووپی فشار ناوی دەرکردووە، بێنە مەیدانەوە تاکوو ڕای گشتی لەگەڵ بۆچوونەکانی خۆیان هاوتەراز بکەن و بە ئامانجەکانیان بگەن. گرووپی گوشار بە گرووپێک دەگوترێت کە هەوڵدەدات بە گوێرەی بایەخپێدان و ئاڕاستەکانی خۆی یان جەماوەر (کە خۆی بە نوێنەریان دەزانێت) کاریگەری دابنێ لە سەر ئەو هێزانەی بڕیاری یاسایی دەدەن یاخود ڕێکخراوە حوکمییەکان (پەرلەمان، دەستەی حکوومەت، وەزارەت و دامودەزگەکان) و هەروەها گۆڕانکاری پێویست بهێنێتە ئاراوە.
کەواتە گرووپی فشار هەوڵ دەدات بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەری دابنێن لەسەر ڕای گشتی و سەپاندنی بڕواکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا.
ئەو پێناوانەی کە ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە شێوەیەکی ناڕەوا کەڵکی لێوەردەگرن بریتین لە:
پێناوی ئابووری: وەک بەخشینی خەڵات و بەرتیل دان بە جەماوەر.
پێناوی یاسایی: گرووپی گوشار هەوڵ دەدەن خواستەکانی خۆیان لە ڕێگەی یاساکانەوە بەسەر خەڵکدا بسەپێنن بۆ ئەم مەبەستەش دزە دەکەنە ئەنجومەنی یاسادانانی وەڵاتانەوە.
پێناوی تێکدەرانە: ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەڵدەستن بە کاری تێکدەرانە و بشێوی و شەڕنانەوە لە وەڵاتدا.
پێناوی پرۆپاگەندەیی: لە ڕێگەی پرۆپاگەندەوە دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی بیروڕای خۆیان بۆ گۆڕینی ڕای گشتی.
گوتار/دیسکۆرس
پێشینەی ئەم زاراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14 زایینی کە لە ڕیشەی discurrere یۆنانی بە واتای بزووتن بە دەوروبەردا وەرگیراوە. مانای گشتی گوتار بریتییە لە گفتوگۆ و ئاخاوتن وەک لقێکی زانستی. بەڵام لە زاراوەدا بریتییە لە پێوەندی نێوان زمان و واقیعە کۆمەڵایەتیەکان یا پێوەندی پەیڤ و کارلێکە فیکری و کۆمەڵایەتیەکان کە ئەویش کۆی چالاکییەکانی مرۆڤ لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی و هونەری لەخۆ دەگرێت. گوتار، دیاردە یان پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خاوەنی بنیچە و زەمینەیەکی کۆمەڵەکییە. دەربڕینی بیروبۆچوون و پەیڤ و ڕستە و گوزارە و ماناکانیان، پێوەندی بەوە هەیە کە ئەم دەربڕینە، چۆن و لە لایەن چ کەسێک و لە چ ساتەوەختێکدا و بەدژ یان بە قازانجی چ کەسێک دەبێت.
ئەم زاراوە لە لایەن ئانتۆنی گرامشی (1937ـــ 1891)، بە تەرزێکی لاوەکی و میشل فۆکۆ (1984-1926)، بە شێوازێکی ئاشکرا بەکار براوە. هەڵبەت فۆکۆ یەکەم کەس نییە کە بەستێنی گوتار ڕاکێش دەکاتە هەناوی کۆمەڵگەوە بەڵکوو ئەو هەنگاو دەنێتە جێپێی کەسانێکی وەک مارتین هەیدگێر و ئیمیل بنونیست.
بە بۆچوونی فۆکۆ، گوتار بریتییە لە جیاوازی نێوان ئەو شتەی کە دەکرێ لە سەردەمێکی دیاریکراو (بەپێی ڕێسا و لۆژیک) بە هەقیقەت بگوترێ و ئەو شتەی کە لە واقیعدا دەگوترێ. فۆکۆ گوتارەکان بەپێی ڕێژەی پێوەندییان بە دەسەڵاتەوە پێناسە دەکات. لەم ڕوانگەوە گوتار، دەربڕینی ئایدیالیستی وەهم و گومانەکان نییە بەڵکوو لە بەستێنێکی ماتریالیستیدا بەشێک لە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئەژمار دێت. گرینگی گوتار لە دەرخستنی گەمەی دەسەڵاتدایە لە پێگە دیاریکراوەکانیدا. کەواتە بۆ دەرک پێکردن بە مێژووی گوتارەکان دەبێ خودی گوتارەکان موتاڵا بکرێت تاکوو بەم بۆنەوە پەردە لەسەریان هەڵماڵدرێت. فۆکۆ پێیوایە کە گوتار پێکهاتێکە لە چەند هێمایەک بەڵام کاریگەرییەکەی لەم هێمایانە زیاترە. ئەم تایبەتمەندییە ناهێڵێت گوتار دابەزێنێتە ئاستێکی ساکاری زمان و پەیڤ و ئاخاوتن. گوتار ڕۆشنکەرەوەی تایبەتمەندیی مێژوویی ئەو شتانەیە کە گوتراوە و ئەو شتانەش کە هێشتا نەگوتراوە. گوتار کۆمەڵێک گوزارەیە کە لە قۆناغێکی مێژوویی تایبەتدا بەرجەستە دەبێت و لە سەر زۆربەی بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکرییەکان لەنگەر دەگرێت. بە باوەڕی فۆکۆ گوتار، کۆمەڵێک کردەوەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بابەتگەلێک دەوروژێنێ کە خۆبەخۆ باس و لێوەکۆڵین بەرهەم دێنێت. بە تێپەڕبوونی زەمەن، گوتارەکانیش تووشی گۆڕان دەبن. وەک چۆن شێوازی بیرکردنەوە و باسکردن لە بابەت چەمک گەلێکی وەک ئازادی و ئاسایش و مۆدێرنیتە تووشی گۆڕان هاتوون.