تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



جاڕنامەی ئیسلامی مافەکانی مرۆڤ
جاڕنامەی ئیسلامی مافی مرۆڤ لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لە ساڵی 1990 لە قاهیرە پەسند کرا. ئەم جاڕنامە بەپێی سەرمەشقەکانی ئایینی ئیسلام، مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاکی خستۆتە بەرچاو و هەوڵ دەدات تاڕادەیەک خوێندنەوەیەکی هاوشێوە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی نائایینی و سەر زەمینییەوە بدا بەدەستەوە.
پان ئیسلامیزم
بزاڤێکی سیاسی بان - نەتەوەیی و بان ـــ ئەتنیکی کە لە سەدەی نۆزدەوە دەستی پێکرد بەمەبەستی بردنەسەرەوەی هۆشیاری سیاسی موسوڵمانان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەمەڕ پاڕاستنی بەرژەوەندی و کیانی کۆمەڵگەی ئیسلامی لە بەرانبەر شاڵاوەکانی سیاسەتی ئیستیعماردا. پان ئیسلامیزم بریتییە لە: ئارمانجی ڕێبەرانی موسوڵمان لە 1890 بەملاوە بۆ زیندووکردنەوەی دەسەڵات و یەکگرتوویی خەڵکانی موسوڵمان لەژێر ئاڵای دەسەڵاتێکی یەکگرتوودا. ڕیشەی ئەم جووڵانەوە لە لایەکەوە ئەگەڕێتەوە بۆ وشیاربوونەوەی موسوڵمانان دەرحەق بە دواکەوتوویی دەسەڵاتی جیهانی ئیسلام. لە لایەکی دیکەوە، پاڵنەری سەرەکی ئەم جووڵانەوە پەیوەست بوو بە دەست بەسەراگرتنی ئەوروپییەکان بە سەر وەڵاتانی ئیسلامی لە سەدەی نۆزدە و بیستدا. وشیاربوونەوە بە ڕێژەی دواکەوتوویی ئیسلام، بووە هۆی سەرهەڵدانی وەهابییەت کە بانگەشەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام و زیندووکردنەوەی سوننەتەکانی پێغەمبەر دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕواوڕوویی لەگەڵ ڕۆژاوا، ڕێبەرانێکی وەکوو «سەید جەمالەدینی ئەفغانی»ـشی هێنایە مەیدان کە خوازیاری گۆڕانی بەرەو تەباکردنی ئیسلام بوو لەگەڵ هەلومەرجی ژیانی هاوچەرخدا. بێجگە لەمەش، ئەفغانی، بە شوێن یەکگرتووییی جیهانی ئیسلام بوو لەژێر سایەی خەلیفەیەک کە بتوانێ بەر بەهێرشی مەسیحییەکان بۆ سەر خاکی موسوڵمانان بگرێ.
لە سەدەی شازدە، کاتێک کە وەڵاتانی عەرەبی کەوتە دەستی سوڵتانی عوسمانی، شیعە و سوڵتانی مەراکیش و پاشای مەغوولانی هێند نەبێ، تەواوی موسوڵمانان بۆ سوڵتانی عوسمانی ــ کە پێیان دەگوتن خەلیفە ــ وەکوو پارێزەری ئایین سەیریان دەکرد. ئەودەم سوڵتانی عوسمانی بەناوی خەلیفەوە بە سەر بەشێکی زۆر لە «دارولئیسلام» حوکمڕانییان دەکرد.
«سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم» (1876ــ1909)، تەبلیغاتێکی وەهای بۆ ئیسلام کردبوو کە دەسەڵاتدارانی ئەورووپا، تۆقابوون لە وەیکە نەکا موسوڵمانانییان لێ یاخی بکات! ئەگەرچی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە باری سیاسی و سەربازییەوە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئەورووپاییەکاندا هەر دەهاتوو لاوازتر دەبوو، بەڵام بە دروشمی پان ئیسلامیزم، خۆی لە لای موسوڵمانان هەڵئەکێشا و توانیبوی وەکوو دەمڕاستی دەوڵەتی پێشڕەوی ئیسلامی لە ئەنجومەنە ئەورووپاییەکان دەنگی خۆی لە لایەن ئیسلامەوە هەڵبڕی. پێش ئەوەیکە بیرۆکەی ناسیۆنالیستی لە ئەورووپاوە بێتە ناو ئیسلامەوە، پان ئیسلامیزم، ئایدیۆلۆجیای زاڵ بوو بە سەر دونیای ئیسلامیدا و عەبدولحەمید، وەکوو خەلیفەی موسوڵمانان، پشتیوانی لێدەکرد و چەند کەسایەتییەکیش تەبلیغیان بۆ دەکرد. «سەید جەمالەدینی ئەفغانی» یەکێک لەوانە بوو کە لە چەندین وەڵاتی ئیسلامی وەکوو، ئەفغانستان و ئێران و هێند و میسر و عوسمانی، بانگەشەی بۆ ئیسلام دەکرد. تەنانەت تەبلیغەکانی لە جاوە و تونێس و شانگهای دەنگی دابۆوە.
لە ساڵی 1903 «عەبدوڵا سوهرەوەردی» ئەنجومەنی پان ئیسلامی لە لەندەن دامەزراند و لە بڵاڤۆکێکیشدا کە بەناوی پان ئیسلام دەری دەکرد، بۆ ئاڕاستەکردنی ئیسلام لە چەمک گەلێکی ئەندێشە ئەورووپاییەکان وەکوو هیومانیزم و لیبراڵیزم و سوسیاڵیزم کەڵکی وەردەگرت و هێرشی دەکردە سەر لایەنە دزێوەکانی شارستانییەتی ئەورووپایی. لەو کاتەدا بۆ یەکگرتنی شیعە و سوننەش هەوڵ دەدرا و بەم بۆنەوە لە ساڵی 1911 تاقمێک لە زانایانی ئێرانی و عوسمانی، لە نەجەف کۆبوونەوە و بەم قەناعەتە گەیشتن کە لە بنەڕەتدا هیچ جیاوازییەک نێوان دوو فیرقەکەدا نییە. بەڵام ئەم هەوڵانە جێگیر نەبوون. لایەنگرانی یەکگرتنی ئیسلامی هەموو ساڵێک بە هۆشمەندییەوە لە مەراسیمی حەج بۆ تەبلیغ کەڵکیان وەردەگرت. بەڵام گەورەترین پلانێک کە لەم بابەتەوە سەرنجی حاجییەکانی ڕاکێشا، هێڵی ئاسنی حیجاز بوو کە بە دارایی شەخسی کەسانێکی وەکوو سوڵتان عەبدولحەمید دروست کرا و بووە یادگارێک بۆ ئامانجی پان ئیسلامیزم.
پان ئیسلامیزم، لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا واتای شوناسی توێژاڵێکی ـــ ئایینزایی موسوڵمانەکانی کردە شوناسێکی سیاسی. لەم ڕووەوە پان ئیسلامیزم، بە پلەی یەکەم، بزاڤێکی ناسیونالیستی بووە بۆ دامەزرانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی نوێ لەڕێی ئاوێتەکردنی کەلتوور و سیاسەتەوە. ئەم بزاڤە بە چەمکەکانی «ئۆمەت و خەلافەت»، بێئەوەی بەڵێنی ڕزگاری یا کۆچ بدات، مانایەکی سیاسی دەبەخشێ. لە واقیعدا پان ئیسلامیزم بوو بە کەرەستەیەکی بەهێز بۆ بەدنیاییکردن و دەروونیکردنی چەمکی نوێی نیشتمان و ناسیۆنالیزم.
ململانێی ناسیۆنالیزم: ڕووخانی عەبدولحەمید لە ساڵی 1909 نیشانەی لە بەینچوونی پان ئیسلامیزم بوو. شکستهێنانی عەبدولحەمید لە یەکخستنەوەی جیهانی ئیسلام و بەرگری نەکردن لە داگیرکارییەکانی ئەورووپا لە وەڵاتە ئیسلامییەکان، گەلێک لە زانایانی ئیسلامی کە لە دەست ئیستبدادی سوڵتان تەنگیان پێ هەڵچنرابوو، هان دا کە بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە سیاسیە ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە. بەرەی نوێ کە لە حکوومەتی قانوون و ناسیۆنالیزمی ڕۆژاوا کاریگەریی وەرگرتبوو، بە هیوا بوو کە بە یارمەتی ئەم چەمکانە، دەوڵەتێکی بەهێز لە عوسمانیدا بێنێتە سەرکار. بەڵام ناسیۆنالیزم بووە هۆی لێکترازانی وەڵاتە ئیسلامییەکان. چونکە ناسیۆنالیزم لە کۆمەڵگەیەکی وەکوو «دارولئیسلام» کە پێکهاتێک بوو لە ڕەگەز و نەتەوەی جۆراوجۆر، بووە هۆی لێکپچڕان و لاگیری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوە. تورکە ناسیۆنالیستەکان، کە سۆزێکیان بە نیسبەت وەڵاتانی ئیسلامییەوە نەبوو، لە شەڕی یەکەمی جیهانی بوونە هاوپەیمانی ئەڵمانیا بەڵام عەرەبی موسوڵمان ئەم هاوپەیمانییەیان ڕەت کردەوە.
ئەو ڕژێمە تازەی کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم لە تورکیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بەپێی بنەماکانی ناسیۆنالیزم دامەزرا. دەسەڵاتی خەلیفەکان لەپێشدا لە مستوای مەعنەوی (1922) پووچەڵ بۆوە و ئینجا لە 1924 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لێکهەڵوەشا و بە یەکجاری ڕووخا. موسوڵمانە سوننەکان بەم کارەی تورکان ناقاییل بوون.
پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، دوو وەڵاتی پاکستان و ئەندونیسیا سەربەخۆییان وەرگرت و ئەم دوو وەڵاتە ئیسلامییە، بوونە هۆی لەدایکبوونی ڕاپەڕینێکی ئیسلامی. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، چەندین وەڵاتی عەرەبی موسوڵمان دامەزرا. بەڵام گەشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی کە بۆ ئیسلام بە چاوی ڕەگەزێکی عەرەبی دەیڕوانی، ئاواتی یەکگرتنی جیهانی ئیسلامی بە فیڕۆ دەدا. لەم ڕووەوە بوو کە وەڵاتانی ئیسلامی بۆ یەکخستنی دەنگی ئەم وەڵاتانە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، لە ساڵەکانی 1952 لە کەراچی و 1954 لە مەککە، «کۆنفڕانسی نەتەوە موسوڵمانەکانیان» دامەزراند کە بوو بەهۆی پێکهێنانی کۆنگرە و نووسینگەی هەمیشەیی. کاری ئەم نووسینگە سازدانی دیداری ساڵانەی سەرۆکی وەڵاتانی ئیسلامییە و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی چالاکی و هاوڕاکردنیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی. ئینجا هێدی هێدی لە خەونەکانی پان ئیسلامیزمیش دوور کەوتەوە.
ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی
گەورەترین ڕێکخراوەی وەڵاتانی ئیسلامییە کە لە 56 ئەندام پێکهاتووە و بە شێوەی ڕەسمی لە سێپتەمبەری 1969 لە کۆنفرانسی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندام لە ڕبات (پێتەختی مەغریب) دامەزرێ. پاڵنەری سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئەم کۆنفرانسە، چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە بوو کە لە ئەنجامی شکستهێنانی وەڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسراییل (ژووەنی 1967) هاتبووە ئاراوە. ئامانجەکانی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی بریتین لە:
ــ گەشەپێدانی پێوەندی و هاوکاری و یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
ــ سڕینەوەی پاکتاوکردنی ڕەگەزی.
ــ پشتیوانیکردن لە ئاشتی نێودەوڵەتی.
ــ پشتگیری موسوڵمانان لە خەباتیان بۆ پاڕاستنی شەرەف و سەربەخۆیی و مافە نەتەوەییەکانیان. هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە لەسەرەتادا هەڵوێستێکی یەکگرتووی دژ بە ئیسراییل و پشتیوانیکردن لە مافی فەلەستینییەکان هەبووە بەڵام بە نزیکبوونەوەی میسر لە ئیسراییل و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەم دوو وەڵاتە، کۆنفرانس تووشی ناکۆکی هات و یەکەمین ناتەبایی لە ساڵی 1978 بە دەرکردنی میسر لە ڕێکخراو سەری هەڵدا. بەگشتی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لەمەڕ ئەو کێشە و گرفتانەی کە بۆ وەڵاتانی ئیسلامی هاتۆتە پێش، هەر لە دەستدرێژی یەکیەتی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستانەوە بگرە تا شەڕی ئێران و عێراق و دوو شەڕەکەی کەنداو و ناکۆکییەکانی باکووری ئەفریقیا، نەیتوانیوە وەکوو سەرچاوەیەکی شەرعی بێتە مەیدانەوە بەڵکوو زیاتر لە جاران بەرەو بێهێزی و دەستەوسانی و لەرزۆکی چووە.
لە پەراوێزی ئەم ڕێکخراوەدا چەند کۆمیتەیەک پێکهاتوون کە بریتیین لە:
کۆمیتەی کاروباری ئابووری کە بەمەبەستی بەرەو پێشڤەبردنی هاوکاری ئابووری و پاڕاستنی یەکگرتوویی لەنێوان وەڵاتانی ئیسلامی دامەزراوە، کۆمیتەی زانستی فێرکاری و فەرهەنگی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، هونەری و فەرهەنگی ئیسلامی و کۆمیتەی نێونەتەوەیی پاڕاستنی جێماوەی ئیسلامی و لێژنەی وەرزش.
کۆماری ئیسلامی
ئەم زاراوە لە ساڵی 1945 کاتێک پاکستان دەیویست لە هیندستان جیا ببێتەوە و سەربەخۆیی وەربگرێت بە مەبەستی بە ئیسلامی کردنی دەوڵەت و حکوومەت هاتۆتە ئاراوە. بەڵام زیاتر لەگەڵ ناوی وەڵاتی ئێراندا ئاوێتە بووە. بۆیە هەرکات ئەم زاراوە بە زاردا دێت، پتر کۆماری ئیسلامی ئێران وەک تاکە وەڵاتێک کە بە شێوەیەکی ڕەسمی و فەرمی ئاوەڵناوی ئیسلامی بە زاراوەی «کۆماری»ـیەوە لکاندووە، دێتەوە یاد.
باسکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران گرێدراوی شۆڕشی ئیسلامی ئەم وەڵاتەیە کە لە نێوان ساڵەکانی 1963 تاکوو 1978 بە ئەنجام گەیشت. لە نێوان ئەم ساڵانەدا هێدی هێدی لە بەینی حکوومەتی پاشایەتی پەهلەوی و مەلا و زانا ئایینی و نائایینی لە سەر ڕەوتی مۆدێرنیتە بە شێوازی ڕۆژاوا و پێشێلکاری دەستووری بنچینەیی ئەو سەردەمە، کێشە و دژایەتی قوت بۆوە. سەرەنجام نێوان دەوڵەت و ئایین لەمپەرێک پەیدا بوو کە بووە ژێرخانێک بۆ شۆڕشی 1978 و ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری مەلاکان بە ڕێبەرایەتی ئایەتوڵلا خومەینی.
هاتنە سەرکاری حکوومەتی نوێ بە ناوی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بووە هۆی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی دەستووری بنچینەیی ئەم وەڵاتە. لەم دەستوورەدا کۆماری ئیسلامی سیستەمێکە کە لە سەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە پێکهاتووە:
1ــ حکوومەت و دەسەڵاتداریەتی ڕاستەقینە هەر بۆ خوای تاقانەیە.
2ــ وەحیی خواوەندی و پەسڵان (معاد) و عەدالەت لە داڕشتنی یاسا دەوری سەرەکی دەبینێت.
3ــ ئیمامەت و ڕێبەرایەتی هەمیشەیی لە مانەوەی شۆڕشی ئیسلامی دەور دەبینێت.
4ــ بایەخ و بەهای مرۆڤ و ئازادی، هاوکات لەگەڵ بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر خودا لەم ڕێبازانەی خوارەوە زامن دەکرێت:
1ــ بیرنیشاندان (اجتهاد) ی هەمیشەیی زانایانی ئایینی بەپێی کتێب (قورئان) و سوننەتی پێغەمبەر و ئیمامان.
2ــ کەڵک وەرگرتن لە زانست و تەکنۆلۆجی پێشکەوتووی مرۆڤ.
3ــ بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە زوڵم و ستەمێک و بەرپاکردنی یەکسانی و عەدالەت و پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری.