تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



١-ئەسکەمل
[[؟]]
«نا.»، «کعر.» یەکێکە لەو یارییانەی بە پەڕی قومار دەکرێ. ۲- تمـ: ئەسکەملە.
١-ئەشکنجە
[[پهـ: شکه‌نجه‌ک]]
«نا.» ۱- ئازار و ناڕەحەتیی ماددی و مەعنەوی. «لە ئەشکنجەی شکنجی زولفی ئەو بێ وەعدە موڕغی دڵ» «دەناڵێنێ وەکوو بولبول لە سوبحی کازیبی شەودا» «نالی» ۲- تمـ: ئەشکەڵە/۳.
١-ئەغیار
[[؟] ]
«ستـ.»، «مکـ.» حاڵی کەسێکی هۆشی لەسەر خۆی بێ، سەرخۆش نەبێ. //سەرخۆش، مەست. تێبــ.ینی: ئەم وشەیە هەر بۆ دژی مەستی بەکاردێت.
١-ئەفسەر
[[پە. ئەپیسەر]]
(نا.) تانجی پاتشایان، کڵاوێکی شایان بە گەواهێرات دەیڕازێننەوە و لەسەری دەکەن. ((بە ڕەفتار جە باد سەبووک خێز تەرەن)) ((شاییستەی شاهان ساحێب ئەفسەرەن)) (خانا-٤٨). تێبــ.- ((لە ئاوێستایی (ئەئیوی) پێشبەند (= لە،لەسەر)+٠سەرە)=سەر، یەعنی: ئەوەی لەسەری دەکەن... تم:هەوسار)) (معین: بورهان. ج-١-١٤٨).
١-ئەمان
[[ئەم+ئان]]
(ز.) زەمیری ئیشاڕەیە بۆ نیزیک، جەمعی (ئەم)ە و تەنیا بۆ ئادەمیزاد بەکاردێ. ((...نەخێر ئۆتمۆبیل وەستاو لە دەرگای ئەمانیشیان دا...)) (بلە: ژان-٨٠).
١-ئەمین بوون
[[عا. کو.]]
(لە کەسێ، لە شوێنێ، لەخۆ) (مست. لا.) ١- نەترسان. ئەوە هێندە لەو شوێنە ئەمیین وا پاڵتان لێ داوەتەوە؟ ٢- دڵنیابوون، خاتر جەم بوون. لەم زەمانەدا نابێ پیاو لە کەس ئەمین بێ، ئەمین بە ئەو کوڕە من بیناسم درۆت لەگەڵ ناکا. ٣- (مج.) دەخۆڕادیتن، بەخۆڕاپەرموون، بڕوا بە توانای خۆ هەبوون بۆ جێبەجێ کردنی کارێک.
١-ئەمە
[[ئەم + ئە]]
(نت.) ناوی ئیشاڕەتە بۆ نیزیک. ئەمە چ زەزنازەنایەکتانە منداڵینە؟ ((... ئەمە کێیە جوێن بە چاوساغەکە دەدا...)) (بیرەوەری خۆم) ((... باشە دەی فەرموو ئەمە قەڵەم و کاغەز...)) (قزڵجی: پێکەنین-٧٣) *(مک.) ئەوە،. (بک.) ئەڤ، ئەڤا، ئەڤە.
١-ئەو
[[پە: ئەڤێ، ئۆئێ]]
(ز.) زەمیری سێیەم کەسی مفرەدە (غایب) ((... کە ئەو دەستی پێکرد کە حیساب بکا یەکێک بۆ کن ئەوی هێندرا...)) (ئینجیل: مەتی-٥١). ٢- زەمیری ئیشاڕەیە بۆ (مشارالیە) دوور. ((ئەو ڕۆژە کە تۆرام و لە کەرکووک سەفەرم کرد)) ((مانەندی عەقریب لە ئەقاریب حەزم کرد)) (ڕەزا) ٣- (مک.) تم: ئەم. *(بک.) ئەڤ. (مک.) هۆو.
١-ئەوان
[[ئەو+ئان]]
(ز.) زەمیری نەلکاوی سێیەم کەسی جەمعە (ئەو کەسانەی باسیان دەکرێ) و تەنیا بۆ ئادەمیزادە. ((... کە ئەوان دە ڕێیەدا دەچوون کەسێک بەوی گووت: هەر جێیەکی بچی وەدوای تۆ دەکەوم.)) (ئینجیل: لۆقا-٣٩). تێبــ.- ئەم وشەیە وەکوو جەمعی (ئەوبۆ غەیری ئادەمیزاد، تەنیا وەکوو ناوی ئیشاڕە، ئەویش لە هەندێ شوێنی کوردستان بەکاردێت. ئەوان کتێبــ.انەم بۆ بێنە، ئەوان ئەسپانە وەبەستە.
٢- (-ئەکە)
[[ئەک/١و٢ + ئە/١]]
(پب.) بۆ بچووک کردنەوە و وێکچواندن (تەشبیه) بە دوای هەندێ (ناو) و (سفەت)ەوە دەنووسێ و دەیکاتە ناوێکی تازە. پووڵەکە (پووڵ)، قووچەکە (قووچ)، کووژوکە (کووژ)، توورەکە (توور)، تێبــ.- قورسایی تەلەفوز لە وشەیەکدا بەم پاشبەندە دروست بووبێ دەکەوێتە سەر کەرتی هەرە دوایی. هس.: ١-ئەکە.
٢- ئەمین بوون
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) دەس پاک بوون، دز نەبوون. کوڕم پیاو کە ئەمین بوو دەبێتە شەریکی خەڵک.
٢- ئەمە
[[ست: ئەهما. پە: ئەماه]]
(ز.)، (مک.) زەمیری نەلکاوی یەکەم کەسی جەمعە (ئەوانەی قسە دەکەن). ((... قەرزی مەبەخشە چلۆنێکی ئەمەش قەرزدارانی خۆمان دەبەخشین)) (ئینجیل: مەتی-١٤) ٨ئێمە، مە. (بک.) ئەم، مە.
٢- ئەنداز
(ری. فع.) کاری پاشبەند دەکا و بە دوای ناوێکەوە دەلکێ و ناوێکی تازە دروست دەکا. بارەنداز (بار ئەندازپایەنداز (پائەنداز)، تیرەنداز (تیرئەنداز)، چاوەنداز (چاوئەنداز)، خاکەنداز (خاک ئەنداز). تێبــ.- ئەم وشەیە ڕیشەی مەسدەرێکە کە لە فارسیدا بۆتە (ئەنداختەن) و لە سەرف کردنا بۆ زەمانی ئاییندە و... دەبێتە (ئەنداز) بەرامبەری ئەم مەسدەرە لە کوردیدا (ئاویشتن) هەیە.
٢- ئەوار
[[ئە +وار (ئم: وێصوون)]]
(پبت.) بە دوای ناوەوە دەلکێ و دەیکا بە ناوێکی تازە و مانای (وەکوو، وێنەی، چەشنی) لێ زیاد دەکا. دەستەوار. کۆڵەوار.
٢- ئەوان
[[ئە+ وان]]
(پبت.) بە سوای ناوانەوە دەلکێ و دەیانکاتە ناوێکی تازە یا سفەت کە مانای پارێزگاری و ڕاگرتن لە ناوەکەی پێشوو زیاد دەکەن. باغەوان، بەرخەوان، تووتنەوان، دەرکەوان، ڕۆژوەوان، دوشتەوان.
٢- ئەوە
(پبف.) ١- بە دوایی هەندێ مەسدەرانەوە دەنووسێ و مەسدەرێکی تازە دروست دەکا، کە پێچچەوانەی کارێکی پێشوو، یا دووپاتە کردنی کارێک پیشان دەدا. گەڕانەوە (پێچەوانەی ڕۆیشتن)، ناردنەوە (هاتن و هێنانی لە پێشدا بووە)، نووسینەوە (نووسین لەبەر شتێکی نووسراو). ٢- بە دوای هەندێ مەسدەرانەوە دەبیندرێ، وەکوو بەشێکی مەسدەرەکە وایە و ئەگەر لێی بکرێتەوە یا مەعنای دەگۆڕێ یا هەر هیچ مەعنایەک نادات. پاڕانەوە، لاڵانەوە، شەکانەوە، خواردنەوە، چەماندنەوە، شکاندنەوە. تێبــ.- آ) ئەم پاشبەندە لە لەهجەی باکووری و بن لەهجەی (مەنگوڕی)دا بە شکڵی (ڤە، وە) لە پێشەوەی فیعل دێت. ڤەخۆ، وەگەڕێ، وەی بەستە، وەی خوێنە. ب) من وای دەبینم کە ئەم پاشبەندە لە (ئەپاچ)ی پەهلەوی بە مانای: دیسان، دووبارە، پاش، کەوتۆتەوە کە لە فارسیدا بۆتە (باز).
٢- ئەوەند
(نت. بنت.)، (مک.) تم: ٢- ئەوەندە.
٢- ئەوەندە
[[ئەو + هەندە (هەندەر= جێگا)]]
(نت. بنت.)، (مک.) شوێنێکی دیاری نیزیک. دەڵەی داری چاکییە لەوەندەی چەقیوە// هۆوەندە. هس.: هەندەران، ئەویندەرێ. کوێندەرێ.
٢- ئەک
(ئم.) بۆ دەربڕینی هەست و ویست (زیاتر بێزاری و ناڕازیتی) بارانبەر بە کار و کردەوەی یەکێک.ئەک نەژی بۆ درۆی دەیکا *دەک، هەک.
٢- ئەی
(ئم.)، (سیم.) تم: ئەدی. تێبــ. - ئەم وشەیە هەر (ئەدی) یەکە و لەبن لەهجەی سلەیمانیدا (د)ەکەی کلۆربووە و بۆتە (ئەیی) و ئەوجار بە جارێک سواوە و کەوتووە. ((... ئەی چۆن، کەس هەیە ئەوە نەزانێت کە تۆ سەرکردەیی...)) (بلە:ژان-١٢٢)، ((...دیوەخان چۆڵ و هۆڵ و ڕووت و قووت، وشترخانە، ئەی چییە؟)) (قزڵجی: پێکەنین-٣٨).