تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سەرچاوە: نالی
صونع
کردار.

عاشقی صونعی حەقم، قوربانی ڕەنگی قودرەتم:
چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا
سەرچاوە: نالی
ئەستوونی حەننان
کۆڵەکەیەک بووە لە مزگەوتی پێغەمبەر دا لە مەدینە، لە کتێبەکانی سیرەتدا هەیە کەوا پێغەمبەر (د. خ) بەرلەوەی مینبەر و میحراب بۆ مزگەوتەکەی دروست بکا، ئەچوو پاڵی بە کۆڵەکەیەکەوە ئەدا خوتبەی ئەخوێندەوە. پاشان کە مینبەری بۆ مزگەوتەکەی دروست کرد، کۆڵەکەکەی بەجێهێشت. کۆڵەکە دەستی کرد بە زیڕەزیڕ و گریان... پێغەمبەریش چوو باوەشی پیاکرد و دڵی دایەوە.. ئەویش بێدەنگ بوو و لە زیڕەزیڕ کەوت..

کەژاوە و دار و بار و تەختەیی لوختی لەسەر بوختیی
دەناڵێنن لە شەوقی طەیبە وەک ئەستوونی حەننانە
سەرچاوە: نالی
ئەستوونە زێڕینە
کۆڵەکە زێڕینە، (قوس قزح).

حوققەی فەلەکول ئەطلەس و ئەستوونەیی زێڕین
بێ بییکە بە تارای سەر و ترکەی خەز و واڵا
سەرچاوە: نالی
ئەهلی سونەن
ئەهلی سوننەت و جەماعەت، بەرابەرەکەی (شیعە) و (ئەهلی بیدەعەت) ە.

قەز، برێشم، کە حەرامە لە ڕەجول، نەک نیسوان
سوننەتی شەرعە، ئەگەر تابیعی ئەهلی سونەنی
سەرچاوە: نالی
بونیان
کۆشک و سەرا.

بونیانی کیبر و سەرکەشییە طاقی کیسرەوی
دانانی ظوڵم و ڕووڕەشییە تەختی ئابنووس
سەرچاوە: نالی
جونبوش
جموجۆڵ.

صەریری جونبوشی تەخت و مەحەففەی مەخمەڵیی سەوزی
دەڵێی تەسبیحی مورغانە، لەسەر تەختی سولەیمانە
سەرچاوە: نالی
خوونچەکە
ڕەوانبوونی خوێن.

کووچە کووچە خوون چەکەی پەیکانی موژگانی گوڵم،
بۆ شەهیدیی شاهیدە دائیم کە خوێنم جارییە
سەرچاوە: نالی
خوونکار
خوێنڕێژ. پادشا.

برۆت باڵی هوما سایەی سەری سوڵطانی حوسنت بوو
خەطت هات و وتی: من ناسیخی طوغرایی خونکارم
سەرچاوە: نالی
سونبول
جۆرە گوڵێکە لە گوڵدانا ئەینێژن و بۆ نەورۆزی ئامادە ئەکەن. (قضیب البان) یی. وەک لقی بان.

پەرچەمی سونبولیی و، قەددی  (قضيب البان) یی
زوڵف بەهلوولیی و، خەط زەنگیی و، وەجهی حەسەنە
سەرچاوە: نالی
سونووح
لاکردنەوە.

تەشبیهی حوسنی فائیقی، ئاخر، به چی بکەم!
نووری سونووحی طەلعەتی صەد لەوحی ئەنوەره
سەرچاوە: نالی
صونووف
جەمعی (صینف) ـە واتە جۆر.

نەیستان و خەسەکزاری صونووفی شەوکەیی خاری
گەلێ خۆشتر لە سەروستان و، دلکەشتر لە بوستانە
سەرچاوە: نالی
عونناب
عەنناب، درەختێکی دڕکاوییە، شەش میترێک بڵندە، گەڵاکانی هێلکەیی و ددانەدارن. گوڵێکی زەرد و هێشوویی ئەگرێ، دارەکەی ڕەق و سوورە. بەرێکی ورد و خڕ و بەتام و شیرینی هەیە. لە پایزا پێ ئەگا. بۆ دەرمانیش بەکاردێ.

شەربەتی عوننابی لێوی شەککەر و بادامی چاو،
سەروی قەددت ڕاستە ئەنواعی ثیماری گرتووە
سەرچاوە: نالی
غونچێکە
غونچەیەکە.

دەم هەمدەمی غونچێکە نەپشکووتووە هێشتا
با کەشفی نەکرد بەرگی عەطرپۆشی گوڵی ڕووت
سەرچاوە: نالی
غونچە پشکوت
سەرچاوە: نالی
موناجات
سەرچاوە: نالی
موناجاتی سەحەر
پاڕانەوە لە خوا لە کاتی بەرەبەیاندا.

« نالیی » خەبەری بێ ئەثەری غائیبە، ئەمما
ناڵێکی حەزین دێ لە موناجاتی سەحەردا
سەرچاوە: نالی
مونتیج
بەرهەمدار.

نەرم و خۆش و مونتیج وەکو بەسطی ئودەبا بێ
طولانیی و بەرجەستە وەکوو دەستی دوعا بێ
سەرچاوە: نالی
مونتەظیر
سەرچاوە: نالی
مونتەفیع
کەڵک وەرگر.

بیدی مەجنوونە وجوودم لە هەموو بەر بەرییە
نە کەسێ مونتەفیعی یەک بەری یا سێبەرییە
سەرچاوە: نالی
مونجەمید
مەییو.

هەوای سەیری بەڕ و بەحر ئاگری بەرداوەتە عومرت
کە تۆزێ مونعەقید خاکی، دڵۆپێ مونجەمید ئاوی!