تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاشووبگێڕی
«حمسـ.» کارێکی پیاوی ئاشووبگێڕ دەیکا.: پیاوی چا بە واز لەم ئاشووبگێڕییە بێنە.
ئاشکرا بوون
[[ مستـ. لا. ]]
١- دەرکەوتنی نهێنی کارێک، قسەیەک یا مەسەلەیەک. ٢- لاچوونی پەردە لە سەر ئیشێکی نهێنی. ٣- ڕوون بوونەوەی مەسەلەیەک.: ئیمڕۆش نەبێ سبەینێ هەر ئاشکرا دەبێ. بەم کردەوەیان ئەوانی پێشووشیان لێ ئاشکرا بوو. ئێستا زۆر چاک ئاشکرا بووە دوژمنی میللەتی کورد کێیە.
ئاشەبەتەندوورێ
[[ نتـ. ]]
تمـ: ئاشوبەتەنوورە.
ئاشەبەتەندوورە
[[ نتـ. ]]
ئاشەبەتەنوورە
[ ١[- ئاش + ە - ئە/ ١ + تەنوور + ه - ئە/ ١ ]]
«نتـ.»، «سیمـ.» یاریپەکی کوردەواری مناڵانەی فولکلۆرییە. تێبــ. ــ مناڵەکان دەبن بە دوو دەستە و مامۆستاکانیان لێک «دادێنن»، هەر لایەکیان تێکەوت «دادەبێ» : مناڵەکانی ئەم دەستەیە «هەر چەند کەسێ بن» لە دەوری یەک ئاڵقە دەدەن و سەر بە سەری یەکەوە دەنێن. منداڵەکانی دەستەکەی تریش بە دەوریاندا هەڵدەخولێن و هەوڵ ئەدەن خۆ باوێنە سەر پشتیان و هەر کەس توانی «سواربێ» تا دەستەی تێکەوتوو «هەڵدەستێتەوە» دانابەزێ. مامۆستای دەستەی «تێکەوتوو» ش بە دەوری هاوڕێکانی خۆیدا سووڕ ئەخوا و دەریانپارێزی تا ئەوانیتر نەتوانن سواریان بن. ئەگەر مامۆستای دەستەی تێکەوتوو توانی دەست یا لاقی لە مناڵێکی دەستەکەی تر بدا «پیسی کا» ئەوا ئەوجار ئەوان تێدەکەون و دەستەکەی تر هەڵدەستێتەوە. * ئاشەبەتەندوورە. ئاشەبەتەندوورێ. «سنـ.» ئاشەتەنوورێ. «مکـ.» کەری سووری پشتدرێژ.
ئاشەتەنوورێ
[ ١[- ئاش + ە - ئە/ ١ + تەنوور + ٤- ئێ/ ٢ ]]
«نتـ.»، «سنـ.» تمـ: ئاشەبەتەنوورە.
ئاشەتەنوورە
«نتـ.»، «سیمـ.» تمـ: ئاشەتەندوورە.
ئاغزوونە
[ [ئاغ؟ + زوونه= زوانه‌‌] ]
«نتـ.» ئاڵقەیێکه، لە مەعدەن، شاخ یا ئێسک و ئەو جۆره شتانه، بە شکڵی داییرە یا چوار گۆشە و... دروست دەکرێ، لە ناوەڕاستیا تیزماڵکێکی لە عەینی ماددە پێدا ڕایەڵ کراوە. وەکوو قوتری داییرە «تمـ: پردەڵە»، ئەمەشیان «زمانە» یێکی تێدەخرێ. ئەم ئامرازە دەخرێتە سەری پشتێندی قاییش، هەمیان، بەندە سەعات و فیشەکدان و گەلێ شت لەم بابەتە و لە پشت یا هەر شوێنێکی تر توند دەکرێ. * ئاڵقەزوونه، ئاوزوونە. «بکـ.» ئاغزووم، ئاڤزووم «ژابا - ١٥/١٢، کفـ ــ ٥٤/٤٢» .
ئاقڵ بوون
«مستـ. لا.» «عا. کو.»، «مکـ.» ١- بوونە خاوەن هۆش، هۆش هاتنەوە بەر، هەست کردن و تێگەییشتن، پێ زانین. ٢- تەمبێ گرتوو بوون، دەست کێشانەوە لە کارێک، واز هێنان لە کردەوەیێک: شێرکۆ ئیتر ئاقڵ بووە چیدی قومار ناکا. هەرچی هەیبوو بە ڕایسز دۆڕاندی ئێستا بۆمان ئاقڵ بووە.
ئاقڵ تێکچوون
«مستـ. لا.»، «عا. کو.»، «مکـ.» ١- شێوانی ئاقڵ، لە دەست چوونی هەستی تێگەییشتن و سەرەودەر کردن لە کاران، لێک نەکردنەوەی چاکە و خراپە.. ٢- «کنـ.» شێت بوون، خەرفان.
ئالوودە
«فر.»، «نمغـ.» ١- گیرۆدەی شتێک، کەسێک یا کارێک.: ئەم مناڵە زۆر ئالوودەی دایکێتی، پیاو خۆی ئالوودەی جگەرە نەکا باشە. □ «وەک سۆفیی سافی مەبە ئالوودەیی دنیا» «بێهوودە مکەددەر مەکە سەرچاوەیی مەشڕەب» «نالی: گمـ: ١٢» «سا خاسەن ئەمجار، شووم سیابەخت» «تۆ ئالوودەی دەرد، من زامان سەخت» «مەولەوی: مکبـ ــ ٢٥» ٢- حاڵی شتێک کە لە شتێکی تر خشابێ یاکەوتبێتە ناویەوە ئاسارێکی پێوە لکا بێ. □ «ئالوودە نەبێ تا بە زەبوونگیریی خوێنم» «بۆ کوشتنی من دامەنی پاکی لە کەمەردا» «نالی: گمـ ــ ٨» * «بکـ.» لەوتی (عا.: ملووس).
ئالووچە
[[ئالوو + چە = ئالووی پچووک]]
«زا.»، «نتـ.» تمـ: هەڵووچە. هەڵووژە. هس.: ئاڵوو.
ئامادە بوون
«مستـ. لا.» ساز و حازر بە دەست بوون بۆ ڕاپەڕاندنی فەرمان و جێ بە جێ کردنی کار و ئیش.
ئامانەت بوون
[[عا. کو.] ]
«مستـ. متـ.» ١- ئاگالێبوون، ئاگاداری کردن، چاوەدێری کردن. ٤- چاک هەڵگرتن. ٥- وەزن نەکردن، نەفەوتاندن * ئەمانەت بوون.
ئامباز بوون
«مستـ. متـ.» ئاواڵە کردنەوەی دەست و باسک و لە کەسێک وەرهێنانە، بە جۆرێک دەستێ بە ژێر باسک و دەستێ بە سەرشانیدا لە تەختی پشتی کابرا بگەنەوە یەک، کابرای تریش هەر وا دەکا. تێبــ. ـ دوو دۆست کە ماوەیەک یەکتریان نەدیبێ ئامبازی یەک دەبن یا دوو کەس کە پێکەوە نیازی شەڕیان هەبێ.
ئاموور
[[؟]]
«نا.»، «مکـ.» یەکێکە لە دوو پارچە گەورەکانی ئامرازی «جووت» لە کوردستان. * ئێرەقه، هەوجاڕ. تێبــ... ئەم ئامرازە لە دارێکی درێژی ڕاست «باسبک ـ یا ـ باسکێش»، کە کۆتەرەدارێکی ڕەختە و سەختی «دەندە» بە سەرەوەیە و گاسنی دەخرێتە سەر، دروست کراوە. دارێکی باریکتر «پاشبارە» بە قیتی دە دەندە کوتراوە و ئەمیش دەسکێکی پچووکی «دەستەدوو، دەستوو» ڕێ دەخرێ.
ئاموور ماڵە
«مکـ.» شل و شەوێق لە نیر بەستراوە و گاسن زۆر لە زەوی دەچێتە خوار و قوونی دەندە لە زەوی دەخشێ.
ئاموور ڕژدە
«مکـ.» قیت بەستراوە بە «نیر» ەوە و تەنیا نووکی گاسن عەرز دەگرێ و باشی ناکێڵێ.
ئامێتە بوون
«مستـ. لا.» تێکەڵاوبوونی دووشت لە خۆیانەوە.
ئاهـ و نزوولە
«نمسـ.» تمـ: ئاهـ و نزا. تێبــ.ینی: کەرتی دووەم «نزوولە» وەکوو من تێی دەگەم بچووک کراوەوەی «نزا» یە و پێوەندی دەگەڵ «نزوول» ی عەڕەبی نییە.: ڕەببی! ئاه و نزوولەی هەتیوان بیانگرێ.