تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاروانە
[ [ئاروان + ە ئە١/ ]]
«نتـ.»، «مکـ.» وشترێکی «چ نێر چ مێ» چوار بەهاری دیتبێ.
ئازادیخواز
[[ ئازادی + خواز «خواستن» ]]
«نفا.» ئەو کەسەی ئازادی دەوێ، ئەوەی بۆ ئازادی وڵات یا میللەت یا بیروباوەڕی «ئازادی گشتی» خەبات دەکا: ئازادیخوازان لە پێناو ئازادی نەتەوەی کوردا بە گژ ئیمپڕیالێزم و نۆکەرەکانیدا دەچن.
ئازادیخوازانە
[[ ئازادی + خوازی + ئانە] ]
١- «ستـ.» هەر کار و کردەوە و شتێکی پێوەندی بە ئازادیخوازییەوە هەبێ: خەباتی ئازادیخوازانەی میللەتان، مەقالەی ئازادیخوازانەکانی ڕۆژنامەی «نوور» بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد. ٢-[ ئازادیخواز + ئانە]، «بنتـ.» وەکوو ئازادیخوازان، بە شێوەی ئەو کەسانەی ئازادییان دەوێ: ئازادیخوازانە بیر لە مەسەلەکە بکەوە. تێبــ.: ئەم وشەیە ئەگەر «سفەت» بێ لە وشەی «ئازادیخوازی» وەردەگیرێ و لە جوملەدا پاش ناو دێت و لە ئەسڵا دەبێتە «ئازادیخوازیانە» بەڵام دەنگی «ی» ەکە لەبەر قورسی دەکەوێ. بەڵام ئەگەر «بەند = قید» بێ لە وشەی «ئازادیخواز» دادەتاشرێ و هەمیشە پێش ناو دەکەوێ.
ئازادیخوازی
«حمسـ.» خەبات کردن لە پێناو سەربەستیدا، لایەنی ئازادی گرتن.
ئاسنەواڵە
[[ ئاسن + ە ــ ئە/ ١ + واڵە ؟ ]]
«نتـ.» تەل و بزمار و لەت و پەتی مەکینە شکاو، هەر شتێکی تریش کە لە مەعدەن دروست کرابێ و بێ کەڵک بووبێ: ئەم هەموو ئاسنە واڵەیە چیە لێرە کۆت کردۆتەوە. «عا.»
ئاسیاوان
[[ ئاسیاو + وان ]]
«ستـ.» تمـ: ئاشەوان.
ئاسەوار
[[ ؟ ]]
«نتـ.»، «مکـ.» نیشانەیێکی ماددی کە لە کەسێ، خێزانێ، عەشیرەتی یا نەتەوەیێک و گیاندارانی تر دەمێنێتەوە و بەڵگەی بوونیانە.: هەیهوو! چەند لە مێژە مردووە هەر ئاسەواریشی نەماوە. گەلێک نەتەوە لە مێژوودا ناویان هەیە بەڵام ئێستا ئاسەواریان بڕاوەتەوە. □ «کشە، کش!، ڕەببی ئاسەوارت بڕێ» «ڕستەیێکە بۆ دەرکردنی مریشکان بە کار دێت».
ئاشتیخواز
«نفا.»، «تتـ..» ١- ئەو کەسەی حەز لە شەڕ ناکا. لایەنگیری ئاشتی ٢- ئەندامی «ڕێکخراوی ئاشتی جیهانی» کە لە پاش شەڕی دووهەم دامەزراوە و دژی شەڕ خەبات دەکا.
ئاشەوان
[[ ١- ئاش + ٣- ئە/ ٢ + وان ]]
«نتـ.» ئەو کەسەی لە سەر ئاش دادەنیشێ و چاوەدێری هاڕینی دان دەکا. ئەوەئ ئیدارەی ئاشی بە دەستە. * ئاسیاوان. «بکـ.» ئاشڤان، ئاشڤانچی «کفـ ــ ٥١»، «زا.» ئارەوانچی «ژابا ــ ٦» قەڕاش «جخـ: جـ ٢، ل ــ ٢٣٢»، کەڕاش «ژابا ــ ٣٢٨».
ئاشەوانی
[[ ئاشەوان + ٢- ئێ ]]
«حمسـ.» ئیشی ئاشەوان، لە سەر ئاش دانیشتن و سەرپەرستی کردنی ئیش و کارەکانی.: مام خدر حەوت ساڵان لە دێی «خاتوخاس» ئاشەوانی کرد.
ئامان خواستن
[[٣- ئامان + خواستن]،[عا. کو.]]
«مستـ. متـ.» داواکردنی پەنا لە کەسێ، داوای جێگا و ڕێگای خۆشاردنەوە کردن، خۆ خسنتنە پەنای یەکێ لە ترسان «ترسی هەرچی و هەرکێ بی».
ئاو خواردنەوە
«مستـ. لا.» ۱-خواردنەوەی ئاو بۆ شکاندنی تینوایەتی. ۲- «کنـ.» کاری هاسان و بێ ئەرک.: جا ئەوە چییە؟ هەر ئاو خواردنەوەیە. پیاو کوشتن و ئاوخواردنەوەی لە لا وەک یەکە. چ پیاو بکووژن و چ ئاو بخۆنەوە.
ئاو لێ «لەکارێ» نەخواردنەوە
«کنـ.» دەست نەگێڕانەوە و خۆ نەپاراستن لە کردنی کارێک: تۆ بڵەی دەست بەسەر پووڵەکانیدا بگر ێ؟ ئەرێ وەڵڵا ئاوی لێ ناخواتەوە.
ئاوات
«نا.» ١- مەبەستی پڕ بە دڵ بۆ وەدەست هێنان یا وەدیهێنانی شتێک، کارێک و ئامانجێک. ئارەزووی بە جۆش: ئاواتی بردەبن گڵی. □ «بێ بابیی تۆ، بۆ من و تۆ، بابی فتووحە» «بێ بابیی تۆ، خواستەیی من بوو، بە ئاوات» «نالی: گمـ ـ ١٤» ٢- ناوە بۆ نێرینە. تێبــ. ـ بە لای منەوە ئەم وشەیە لەگەڵ «ئایەپتە» ی ئاوێستایی بە مانای «وەدەست خستن» کە لە پەهلەویدا بۆتە «ئایەفت» خزمایەتییان هەبێ. پرۆفیسۆر ئابڕامیان «ئەیەفت» ی بە ئارەزوو، مراد مانالێداوەتەوە «تمـ: ئابرامیان: قامووسی پەهلەوی، فارسی، ئەرمەنی، ل ـ ٦».
ئاوات پێکهاتن
«مستـ. لا.» وەدێ هاتنی مەبەستی دڵ، جێ بە جێ بوونی ئامانج و ئارەزوو، مەخسوودحاسڵ بوون. □ «وەسییەت بێ کەمن مردم، وەرە سەر قەبرەکەم «قالە» » «بڵێ ئاواتەکەت پێکهاتووە! سا، بێرە دەرخاڵە» «؟» * بە ئاوات گەیین. بە ئاوات گەییشتن.
ئاواتی
[ئاوات + 3- ئی]
«سمفـ.» تمـ: ئاواتەخواستە.
ئاواتەخواز
[[ئاوات + ٣- ئه‌/٢+ خواز «خواستن» ] ]
«نفا.، سفا.» کەسێکی بۆ وەداەست هێنانی شتێک، وەدی هێنان، یا وەدی هاتنی مەبەستێک زۆر بە پەرۆش بێ.: ئاواتەخوازی قومە جگەرەیەک بوو «نفا.»، بۆ قومە جگەرەیەک ئاواتەخوازبوو «سفا.»، ئاواتەخوازی جگەرە «نفا.»، پیاوێکی ئاواتەخواز «سفا.».
ئاواتەخواستە
[[ئاوات + ٣- ئه‌/٢ + خواست «خواستن + ٢- ئه‌/٦» ] ]
«نمفـ. سمفـ.» شتێک، کارێک و مەبەستی کە بۆ وەدەست هێنانی، زۆر هەوڵ درابێ.: ئاواتەخواستەش وا نابێ. ٢- «کنـ.» هەرچی زۆر خۆشەویست بێ و بە دڵەوە نووسابێ. «بە تایبەتی منداڵ» .: کوڕە خۆ تۆ ئاواتە خواستە نی، بۆ وازنابێبی. * ئاواتی.
ئاوارتن
[[مسـ.. متـ. .]]
«زا.» دەربواردنی شتێک لە شتێک «استثناء»، «تمـ. خا: جـ ١، ل ـ ٦٠» ـ بێجگە لە «فەرهەنگی خاڵ» ئەم وشەیە لە هێچ قامووسێکی تری کوردیدا نەدیت، ئەگەرچی خۆی لە لەهجەی ناوەندی زمانی کوردیدا لە بیر چۆتەوه، بەڵام لە شێوەی «هەڵاوارتن» و «هەڵاواردن» دا دەبیندرێ، لام وایە «ئاوارە» ش هەر بە بنیچە دەچێتەوە سەر ئەم مەسدەره، کە بەڕای من مەسدەرێکی ئەسڵی زمانی کوردییە و شایانی ئەوەیە زیندوو بکرێتەوە. هس.: بواردن، هەڵبواردن.
ئاوارتە
«سمفـ. لە: «ئاوارتن»، «زا» جیاکراوەوه، بە جێ هێڵراو، لادراو «شتی دەربراو «مستثنی». تمـ: خا. جـ ١، ل - ٦٠».