تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئێکجار
(بنت.) تم: ئێجگار.
ئەتوار
[[=عا.: اطوار]]
«نا.» ۱- داب و دەستوور، خوو و خدە، ڕەووشت.: ئەرێ ئەم منداڵەتان بۆ ئەوەندە بەدئەتوار فێر کردووە. دەڵێن.... ئەتواری باش نییە. «شێخ عەلی ئەتواری باوکت تێک مەدە» «قل هو الرحمن آمنا بە» «ڕەزا_۷۵» ۲- «مکـ.» بزووتنەوە و هەڵستان و ڕۆنیشتنی جڵفانە.: ئەو ئەدا و ئەتوارانە چن دەریان دێنی.
ئەخبار
[[=عا.: اخبار]]
«نا.» ۱- دەنگ و باسی ڕووداوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و... ۲- دەنگ و باسی سەفەر و هاتووچۆ و کار و کردەوەی کەسێک یا کۆمەڵێک.
ئەخت و چار
«نتـ.»، «مکـ.» هەوڵ و تەقەلای زۆر.: هەر چەندی ئەخت و چارم کرد، بێ فایدە بوو دەگەڵم نەهات و نەهات. تێبــ.ینی: وەکوو دەبینن ئەم وشەیە لە دوو کەرت پێکهاتووە، کەرتی دووهەمیان «چار» ڕوون و ناسراوە. بەڵام ئەخت وشەیەکە تەنیا لە موکوریان و ئەویش هەر لەم وشە «موڕەککەب» ەدا بیستراوە و زۆریش بە کار دەهێنرێ، جا لە بابەت ئەسڵەکەیەوە دوو ڕێی دەچێتێ: ۱- لە وانەیە «عهد» ی عەڕەبی بێ و جەڕابێ، کە ئەمەیان بە لای منەوە ئیحتیمالێکی کز و بێ هێز و پێزە. ۲- لە کوردستانی تورکیا «ئەختی، ئاختی» ناوە بۆ پیاوان، حاجی ئەختی «محەممەد ئەختی مەحامی_باڤێ تووژۆ_» یەکێک بووە لە ناودارەکانی شۆڕشی شێخ سەعید[تمـ: دۆزا کوردستان: زنارسڵۆپی «خوالێخۆشبوو: قەدری بەگ جەمیل پاشا» _لاپەڕە۸۲]، قەدری جان دەڵێ: «دەستێ کو ئەختی هەڵدایە سەردار+چاڤاتە هەژاند ئەو دەستێ گەمار» ۳- «... دەپشکی ۸۱ی «ئابان یەشت» داهاتوە کە «ئۆئیشتە» لە بنەماڵەی «فریانە» قوربانی بۆ «ئەناهیتە» کرد و لێی پاڕایەوە کە بەسەر «ئەختییە» ی سەرکێش دا زاڵی کا» «تمـ: پد، یگد. جـ- ۲_۳۹۳»، هەر لە پەراوێزی ئەو لاپەڕەیەدا پرۆفسۆر «پوورداوود» ئاوا دەڵێ: «داستانی «یۆشت فریان» و «ئەخت» مەوزووعی کتێبــ.ێکی پچووکی پەهلەوییە. «ئەخت» ی جادووباز بە سوپایێکی زۆرەوە هاتە شارێک و گوتی شارەکە خاپوور دەکەم ئەگەر کەسێ نەبێ بتوانێ ۳۳مەتەڵی من هەڵبێنێ. یەکێ لە پیاوچاکان کە «یۆشت فریان» بێ وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە و «ئەخت» لە وەڵامی سێ پرسیاری «یۆشت فریان» دا، داما و کوژرا.». «ئەختییە» کە لە ئاوێستادا ناوی جادووگەرێک بووە، ئێستاش لە کوردستان هەر ناوە، جا ئەگەر بڵێین هەرتکیان یەکن لەوانە نییە لە ڕاستی لامان دابێ. «ئەختییە» خۆی لە قالبی سفەت و ئیسمی مەنسووب دایە و دوور نییە لە کاتی خۆیدا وەکوو لەقەب و مانای: زۆرزان، لێزان، فێڵباز و.... درابێ بەو «جادووگەر» ە ئێستا خۆشی و ماناکەشی لە بیران چوونەوە و «ئەخت» ی موکریانییان لێ بە جێماوە.
ئەستۆ خوار
«ستـ.»، «مکـ.» ۱- حاڵی کەسێکی لەبەر هۆیەکی فیزیکی ملی ڕاست هەڵ نەچووبێ ٭مل خوار. ۲- «مجـ.» عاجز و پەرێشان، ماتومەلوول. «نۆکەر و تابیعەی کوڕی من پاکی ئەستۆ خوارە» «تحفە: جـ۲- ۲۲۱» ٭مل خوار. ۲- «کنـ.» عاجز و کەچ/۱.
ئەستێرەی کلکدار
«نتـ.» جۆرێک ئەستێرەن کە کلکێکی کەم و زۆر درێژیان هەیە و ناوبەناو لە «منظومه شمسی» نیزیک دەبنەوە و دەبیندرێن، کلکەکەیان لە «غاز» و «هەڵم» پێکهاتووە. ٭«بکـ.» ستێرکی بدوو «تمـ: ژابا- ۹»، ستەیر دوڤ «تمـ: کفـ- ٦۸۹»، «گەڕووسی، کرماشانی» ئەسارەی دومدار «تمـ: دۆمۆرگان، لێکۆڵینەوەی زمانەوانیی لەهجەکانی کوردی- ۱۱۱». ئەستێرەی گەڕۆک_ «نتـ.»، «تتـ.» ئەو ئەستێرانەن کە بە دەوری ڕۆژا دەخولێنەوە، خۆیان هیچ ڕووناکییان نییە و نووری هەتاو ڕووناکیان دەکا، زەوی یەکێکە لەوان کە تا ئێستا «نۆ» یان ناسراون و تێکڕا پێیان دەڵێن «منظومەی شمسی» و بەپێی نیزیکی و دوورییان لە ڕۆژ ئەمانەن: عطارد «له هەموان نیزیکتره له ڕۆژ»، زوهرە، ئەرز «زەوی»، مریخ، مشتەری، زحل، ئۆڕانووس، نێپتۆن. هێندێ لەو گەڕۆکانە یەک یا چەند ئەستێرەیان هەیە کە بە دەوریاندا دەخولێنەوە و پێیان دەڵێن «مانگ»، زەوی یەک «مانگ» ی هەیە. ئەستێرەی مانگێ: «نتـ.» ئەستێرەیەکە دەگەڵ مانگ دەردەکەوێ و لەسەرەتای مانگدا زۆر لێی نیزیکە هەتا مانگ گەورەتر دەبێ، ئەیش زیاتر دوور دەکەوێتەوە. ئەستێرەی نەگەر: «نتـ.»، «تتـ.» ئە ئەستێرانەن کە لە جێگەی خۆیان نابزوون «لە مەدارێکدا ناسووڕێنەوە»، ئەمانە خۆیان ڕووناکییان هەیە وەکوو گەڕۆکەکان نەک هەر سارد بوونەوە، بەڵکوو گەرماییشیان زۆرە و سروشتیان وەکی هەتاوە. ئەوانەی زۆر لێک نیزیکن «نسبیا» لە شەوا کە ئاسمان ساف و بێ هەور و هەڵابێ، وەکوو پەڵە هەورێکی سپی دیاری دەدەن. «کاکەشان» یەکێکە لەو پەڵە هەورە مەزنانە کە ۱۸میلیون ئەستێرەی گەورە و بچووکی تێدا کۆبۆتەوە و هەر چەندێکیان دەورەی ئەستێرەیەکیان داوە و بوونە «منظومه» یەک چوار ساڵی پێ دەوێ تا «نوور» ی نیزیکتری ئەستێرەی نەگەڕ بگاتە زەوی، لە کاتێکدا دەزانین کە لە هەر سانییەیەکدا نوور ۳۰۰هەزار کیلۆمەتر ڕێگا دەبڕێ.
ئەسپ سوار
«ستـ.» کەسێکی سواری ئەسپ بێ، نەک وڵاغی تر. «من پڵاوخۆرم بە دۆ تێر نابم» «من ئەسپ سوارم بە کەر فێر نابم» «پیرەمێرد- ۲۱۴»
ئەسپیندار
[[ئەسپین+دار]]
«نتـ.» جۆرە دارێکە، توێکڵ و دارەکەی سپییە، درێژ و ڕاست هەڵدەچێ، گرێ و گۆڵ و خوار وخێچی تێدا نییە، بۆ کاروباری دارتاشی و دارەڕای خانوو کەڵکی لێ وەردەگیرێ و کاغەزیشی لێ دروست دەکرێ. هس.: ئەسپین.
ئەغیار بوونەوە
[[ئەغیار+بوونەوە]]
«مستـ. لا.» وە هۆش هاتنەوەی کەسێکی سەرخۆش.
ئەمبار
[[پە: هەنبار، لە (هامپەر)ی ئاوێستایی بە مانای ئاخنین، پڕکردن و داگرتن وەرگیراوە]]
(نا.)، (مک.) تم: عەمبار. ((... کە بێژینگی دەدەستی خۆی دایە و جۆخینی خۆی پاک دەکا و گەنمی خۆی دەئەمبارێدا خڕ دەکاتەوە...)) (ئینجیل: مەتی-٦).
ئەمجار
(نت. بنت.)، (کعر.) ١- ئەم کەڕەتە، ئەم دەفعەیە. ئەم جارەش لەبەر خاتری عەبە وازی لێ بێنە. ئەمجار نۆرەی ئەم بەزم و ڕەزمەمانە. ((وتیان، هەرچەند خوێن کەوتە بەینەوە)) ((ئەمجارە هاتووین ئاشتت کەینەوە)) (پیرەمێرد-١٨٤) ٢- پاش ئەمە، دوای ڕووداویک. ((... ئەمجار پیرۆتیش هەر چەندە وەیسە تەقەلای دەدا نەهێڵێ کاربکا کەلکی نەدەگرت...)) (قزڵجی: پێکەنین-٨٠) ٣- تم: ئەوجا. *ئەمجا، ئەوجا،ئەوجار، ئینجا، ئینجار، ئینجارەکە، ئینجارەکانێ، ئینجاکوو، ئینجاکوونێ.
ئەمیندار
[[ئەمین +دار]، [عا. کو.]]
(نفا. سفا.) کەسێکی شتێکی بە ئەمانەت لەلا دابنێن، بۆ ڕاگرتن و پاراستن و چاوەدێری کردنی. مام عەولای سەوزیچی ئەمینداری باغی مکایلی بوو.
ئەمەگ بەخەسار
[[کو. عا.]]
(ست.) ١- حاڵی دایک و بابێکی منداڵیان نالەبار و ناعاملاوبێ. دایە گیان بە هۆمێدی خودای نایەڵم ئەمەگ بەخەساربی. ئەمەگ بەخەسار خۆی منداڵەکانی یەکێکیان باش دەرنەچوون. ٢- حاڵی کەسێکی سەرەڕای ماندووبوون بە کارێکەوە هیچی بۆ حیساب نەکرێ.
ئەوجار
(بنت.) تم: ئەوجا. ئەوجار نۆرەی ئەو بەزم و ڕەزمەیە.
ئەوشار
(نمس.) ڕێک گوشین. تێبــ.- ئەم وشەیە دەگەڵ مەسدەری (وشین، کوشین، گوشین) ڕیشەیان یەکە، وەک وشەیەکی سەربەخۆ لە کوردی ئێستادا دەکار ناکرێ لە تەرکیبی: تەڵای دەستەوشار، گۆڕەوشاردا دەبیندرێ. ڕەنگە لەباتی (ضغط)ی عەرەبی خراپ نەبێ.
ئەژمار
«نا.» کاری دیاری کردنیی چەندێتی هەر شتێک بە گوتنی: یەک، دوو، سێ.... و....، ئەنجامی ژماردن.: گۆنیەکانی بە ئەژمار تەسلیم کەن، لەشکرێکی هێند زۆرە دە ئەژمار نایە. ٭ژمار، ژمارە/۱، ئەژمارە، هەژمار، حیساب، حیساو، حیسێب.
ئەیار
(نا.)، (کعر.) پێنجەمین مانگی ساڵی فەڕەنگی ڕۆمییە، دەکەوێتە نێوان نیسان و حوزەیران، سی و یەک ڕۆژە. * (کعر) ماییس، (کئێر.) مێه.
بادار
[[با + دار ٠پب.)]]
(ست.) حاڵی کەسێکی تووشی نەخۆشی ڕۆماتیزم بێ، ئەو کەسەی لەشی (با)ی تێدایە.
بار بردن
[[بار + بردن]]
(مست. لا.) پەیدابوونی توانایی لە وڵاغێکدا بۆ ئەوەی باری لێبندرێ. ئەم ئێسترە بار نابا (توانایی هەڵگرتنی باری نییە، یا ناکرێ- لەبەر هەر هۆیەک بێ- باری لێبندرێ). *بار هەڵگرتن.
بار نەبردن
(مست. لا.) ١- قبووڵ نەکردنی وڵاغێک کە باری لێ بندرێ، جا لەبەر چەمووشی بێ یاخۆ لەبەر لاتی و کەنەفتی. ٢- (مج.) بە کەڵکی کار نەهاتنی ئینسانێک.