تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەدیب
[[=عا.: ادیب]]
«نا. سـ.» ئەو کەسەی دەستی «۲- ئەدەب» ی هەبێ، شارەزای نووسین و شێعر دانان بێ: کتێبــ.ی «ئەنجمەنی ئەدیبانی کورد» لە ئەستەمبووڵ چاپ کراوە. پیرەمێرد ئەدیبێکی گەورەی کورد بوو. تێبــ.ینی: ئەم وشەیە ئەگەر لە پێش «ناو» ە و بێ «ناو» ە و ئەگەر بە دوای «ناو» یشدا هات، ئەوا سفەتە.: ئەدیبێکی کورد. کوردێکی ئەدیب.
ئەدیی
«ئمـ.»، «مکـ.» ۱- لە وەڵامی پرسیارێکا بە ڕاست زانینی قسەی پرسیارکەرەکە دەگەیێنێ.: باش خەوتن؟- ئەدی. ئەرێ منداڵەکان چوونە مەکتەب؟- ئەدی، چەند لەمێژە. ۲- ڕستەی پرسیاری تێکەڵ بە سەرسوڕمانی پێ دەست پێدەکرێ و ئەم مەبەستانە دەگەیێنێ: کەوایە، کەوابوو، ئەگەر بەم جۆرە بێ، مەگەر.: ئەدی ئەوە بۆ کوێ دەچن. ئەدی تۆ نەتگوت نانت خواردووە. ئەدی لەکنە خۆی دوێنێ دەڕۆییشتن. ئەدی نەدەبوو لەسەری ڕاوەستن تا دێتە دەر. «ئەدی چ بکەم لە ڕووی دنیایە؟» «تحفە: جـ۲- ۲۵۸». ٭ «سیمـ.» ئەی، ئەیی. هس.: بەدی کردن، وەدی هاتن تێبــ.ینی: ئەگەر دەنگی «د» ە کە بگیرێ «تەشدید بکرێ» و دەنگی «ی» ش تۆزێ زیاد لە پێویست درێژ بکرێتەوە، نیشانەی گاڵتە پێکردنە. ئەدی چۆن- «شر.» ۱- لە حاڵێکا یەکێک ڕای لە قسەی کەسێک نەبێ و بەو جۆرە دە مەسەلەیکە نەگا کە ئەو کەسە باسی دەکا، بە ڕاوێژی پرسیار بە «مخالف» ەکە دەگوترێ و مانای ئەوەیە: ئەگەر ئەو مەسەلەیە یە ئەو قسەیە وا نییە کە من دەیڵێم، بە ڕای ئێوە چۆنە. ۲- کاتێک کەسێ کارێکی سەرەڕای ئەوەی کۆسپیشی لە سەر ڕێ بووە یا هەیە ئەنجام داوە یا دەدا دەکوترێ، جا یا بە تەنیا و بە شێوەی پرسیار یا لە سەرەتای ڕستەیێکی پرسیاریدا.: بەفرێکی زۆر باریوە هەموو ڕێگای گرتووە؟- ئەدی چۆن دەچن؟. ئەدی نا_ «شر.» بۆ داوای ڕای موافق لە کەسێ دەگوترێ: ئەو هاوینەی دادێ شێرکۆ دەچێتە ماڵی خاڵی، ئەدی نا؟
ئەدەب کردن
[[ئەدەب+کردن]، [عا. کو.]]
۱- «مستـ. لا.» شەرم کرد لە کردنی کارێک: قوربان ئەدەب دەکەم عەرزتان کەم. «ئەحوەلی تەفرەقە نەزەر تەقوییەتی سەبەب دەکا» «عاڕفی وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب دەکا» «نالی- گمـ۹» ۲- «مستـ. متـ.» تەنبێ کردنی کەسێک «بە لێدان و جنێو...» تێبــ.ینی: دەبێ بەم مانایە لە ئەسڵا «بە ئەدەب کردن» بێ، چونکوو بێ ئەدەب بە ئەدەب دەکرێ.
ئەدەبخانە
«نتـ.» تمـ: ئابخانە. «ئەدەبخانەکە و حەوزی تێکەوتن» «پڕیانە لە ئاو، هێندە بێ بەختن» «پیرە مێرد- ٢٦٥»
ئەدەبی
[[عا.]]
«سـ.» هەر کار یا شتێکی پێوەندی بە ئەدەبەوە «۲- ئەدەب» هەبێ.: گەلاوێژ گۆڤارێکی ئەدەبی بوو. «دایک» شاکاری ئەدەبیی ماکسیم گۆرکییە.
ئەدەبیات
[[ئەدەب+ئات]]
«نتـ.» ۱- هەموو کەلەپووری ئەدەبی نەتەوەیەک، وڵاتێک یا زمانێک.: ئەدەبیاتی کوردی، ئەدەبیاتی چەرخی شازدەهەمی فەڕانسە، ئەدەبیاتی شووڕەوی، «شێعر و ئەدەبیاتی کوردی» یادگاری مامۆستا ڕەفیق حیلمییە. ۲- هەموو بڵاو کراوەکانی پاڕتێکی سیاسی.
ئەرامەندە
[[ئەرام+ئەندە «ئندە» ]]
«ستـ.»، «هو.» حاڵی کەسێکی تووشی گیروگرفتێ بووبێ و سەری لێ شێوابێ، موتەحەییر بێ. «جەواتەی شێرۆ سەرەفگەندە بین» «جە سەودای گەردوون ئەرامەندە بین» «خانا_٦٧٩» تێبــ.ینی: ئەم وشەیە لە «ئەرام» و پاشبەندی «ئندە» یە و زیاتر فارسییە تا کوردی- پێکهاتووە. «ئەرام» خۆی وشەیەکی پەهلەوییە و مەسدەرەکەی «ئەرامیتەن» و «نمسـ.» یشی «ئەرامیشن» ە کە مانایان: «نائاسوودەیی و ئۆقرە نەگرتن» ە و تەواو پێچەوانەی «ئارام» ە کە بە مانای «دامەزران و ئۆقرە گرتن» هاتووە. «ئەرام» ی پەهلەوی تەرکیبێکە لە ئامرازی نەفی «ئە=نا» و «رەم» ی ئاوێستایی بە مەعنای ئیسڕاحەت کردن و ڕۆکەوتن. بە تێکڕایی ئەرامەندە[ئە+رام+ئەندە]دەبێتە ئەو کەسەی ئیسڕاحەتی لێ هەڵگیرابێ.
ئەرباب
[[عا.]]
«نا.» ۱- «سنـ.» خاوەن مڵک، پیاوی گەورە ئەعیان و ئەشڕاف. ۲- «مکـ.»، آ» بازرگانی گەورە کە کاڵا بە دووکاندار و کاسبان دەفرۆشێ، نیسبەت بەو کەسانەی سەودای لێدەکەن. ب» خاوەنی کار نیسبەت بە دەست و پێوەندیی خۆی «میرزا، شاگرد، خزمەتکار....» ۳- ئەهلی هەر کارێک: ئەربابی قەڵەم، ئەربابی ڕابواردن، ئەربابی شەڕ. «لەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید» «مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو» «ڕەزا_۳۸». ۴- «سـ.»، «مکـ.» پیاوی خۆش مەشرەف و ڕووخۆش، ئەو کەسەی بێ ئەوەی گوێ بداتە خۆی یا عادەتی خۆی بۆ ئەوەی مەجلیس لە خەڵک تێک نەدا دەگەڵیان دەگونجێ.
ئەرخەوان
«نا.» ۱- دارێکە، گەڵاکانی خڕن، گوڵی سووری هەیە، لە سەرەتای بەهارا دەپشکوێ و سەرتاپای دەبێتە گوڵ، گوڵەکانی تۆزی شیرناییان تێدایە و هەندێ کەس دەیخۆن. «کارێزی شەریف ئاوی نەماوە» «ئەرخەوان لق و پۆپی شکاوە» «پیرە مێرد- ۱۰۸» ۲- ناوە بۆ ئافرەت.: مامە حەسەنی ئەرخەوانی کەبابچی بوو لە مەهاباد.
ئەرخەوان سوور
«نتـ.»، «سیمـ.» فەسڵی لافاوی بەهاران. تێبــ.ینی: دوو هۆی هەیە کە ئەو فەسڵەیان وا ناو ناوە، یەکەم چونکوو دەکەوێتە وەختێ کە داری ئەرخەوان گوڵ دەکا، دووەمیش لەبەر ئەوەی کە ئاوی ڕووباران سوور دەبێ و شێوەی ڕەنگی ئەرخەوان دەدا.
ئەرخەوانی
«سـ.» ڕەنگی وەکوو ڕەنگی گوڵی ئەرخەوان، سووری مەیلە وبنەوش، سوورێکی ڕەش باو.
ئەرخەیان
[[تو.]]
«سـ.»، «مکـ.» دڵنیا، خاترجەم: ئەرخەیان لێی بنوو، ئەرخەیان بن هیچی بەسەر نەهاتووە. ٭ئارخەیان.
ئەرد
«نا.» تمـ: ئەرز.
ئەردەڵان
[[ئاردەڵ+ئان]]
«نتـ.» ۱- ناوی ئەماڕەتێکی کوردە لە کوردستانی ئێران پاتەختیان شاری «سنە» بووە. ۲- ناوێکی تری ئەم مەڵبەندەیە کە لە تەشکیلاتی ئێراندا پێی دەڵێن: «استان کردستان». ٭ئاردەڵان. «تەختی تەخت بوو، بابا ئەردەڵان» «کەلاوەی کاول، پەیکۆڵ بەردەڵان» «پیرەمێرد- ۲۲۸»
ئەرز
[[=عا.: ارض]]
«نا.» ۱- کوورەی زەوی، ئەو ئەستێرەی کە ئادەمیزادی لەسەر پەیدابووە. ۲- پارچەیەک زەوی کە تەرخان کرابێ بکرێتە خانووبەرە: ٨٠٠ مەتر ئەرزی لە کارێزی مەجیدبەگ هەیە. ۳- هەموو خاکی وڵاتێک: ئەرزی عێراق. ۴- هەموو زەوی و زاری سەر بە گوندێک: ئەم دێیە ئەرزی کەمە، هەندێ جووتێری ئەو ئاواییە ئەرزیان بەر ناکەوێ. ۵- تەختی ژوورەکانی خانوو//میچ ٭ئەرد، زەمین، زەوی، عەرد، عەرز. ئەرزی مقەددەس_ «نتـ.» ۱- جێگا پیرۆزەکانی هەر دین و ئایینێک: مەککە، مەدینە، قددووس. ۲- «کنـ.» شوێنێکی یەکێک بۆ دانیشتن و هاتوچووێ هەڵی بژاردبێ و زۆری دڵ پێوە بێ: ئەوە بۆچی دووکانی مامە حەمەت لێ کردووین بە ئەرزی مقەددەس. هەموو دنیای لێ بۆتە ئەرزی مقەددەس و هەر دەو قوژبنە دەخزێ «گۆیا جێگاکانی تر پیرۆزن نابێ لێیان دانیشێ.» بە ئەرزدا چوون- «مستـ. لا.»، «مکـ.» لەبەر چاوان ون بوونی شتێ یا کەسێ بە جۆرێکی پیاو لە گوم بوونەکەی سەری سوڕبمێنێ: نەمانزانی بە ئەرزدا چوو؟ ئاسمان هەڵیکێشا؟ بە ئەرزدا دان_ «مستـ. متـ.»، «مکـ.» ۱- کەسێک یا گیاندارێک بە زۆر «بۆ هەر مەبەستێ بێ» لەسەر زەوی درێژ کردن: مامە زاخە چوار پەلی گایەکەی بەست و بە ئەرزیدا دا و جێ بە جێ سەری بڕی. ۲- لە زۆرەوانیدا بەسەر کەسێکدا زاڵ بوون.: کابرای لەسەر سەری خۆی سووڕاند وەک شووتی بە ئەرزیدا دا. ۳- بە تووندی و تەووژم شتێک یا کەسێک بۆ سەر ئەرد فڕێ دان.: کە تووڕە بوو هەرچی قاپ وقاچاغی بەر دەست کەوێ بە ئەرزیدا دەدا. بە ئەرزا کوتان_ «سیمـ.» تمـ: بە ئەرزدا دان. خۆ بە ئەرزیدا دان_ «مستـ. لا.» ۱- خۆ خستنە سەر ئەرز. ۲- خۆ گیرۆ کردن لە شوێنێک: ئەوە دوو سەعات دەبێ لێرە خۆی بە ئەرزیدا داوە بە ئامان و زامن هەڵناستێ. لە ئەرزی دان_ «مستـ. متـ.» تمـ: بە ئەرزدا دان.
ئەرک
[[؟]]
«نا.» ۱- ئەنجامی هەر کار و کردەوەیەک، کە یەک یا چەند کەسێک تووشی ماندوو بوون و ناڕەحەتی بکا. زەحمەتی مەعنەوی: بە ئەرکی مەزانە دەگەڵ دەستی خۆت ئەو کتێبــ.ەم بۆ بێنە، ئەرکی بەخێوکردنی مناڵ ئەوەندە گرانە هەر بە دایک قبووڵ دەکرێ، ئەرکی جێ بە جێ کردنی پێویستەکانی کۆمەڵایەتی لە شانان سووکە. ۲- «مجـ.» زەحمەت، تەکلیف. «... هیچ ئەرکێکم لەسەر تۆ نییە بۆچی دەرم دەکەی؟» «قزڵجی: پێکەنین_۹۴». ئەرک بەسەرەوە بوون_حاڵەتی بەرەوڕووبوونی کەسێک یا کۆمەڵێک دەگەڵ کار و فەرمانی زۆر و زەبەندی خەڵک: ئەرکی ئەم دێیە هەمووی بەسەر ماڵی برایمی حاجییەوەیە و هەرچی میوانە ڕوو دە ماڵی وان دەکا.
ئەرک کێشان
«مستـ. لا.» جێ بە جێ کردنی کار و پێویستییەک لە باتی کەسێک یا بۆ خۆ.: ئەو ئەرکەمان بۆ بکێشە و تا ماڵی حەمە حەسەن بچوو پێی بڵێ با سەرێکمان ڵێ بدا، ئەگەر لە پێشدا تۆزێ ورد با ئێستا ئەو ئەرکەی نەدەکێشا لەسەرڕا بینووسێتەوە.
ئەرکان
[[عا.]]
«نا.» ۱- پایە و کۆڵەکەی هەموو شتێک، هەر شتێکی بە بێ ئەو، کارێک یا مەسەلەیێک جێ بە جێ نەبێ و سەر نەگرێ.: ئەرکانی نوێژ، ئەرکانی دەوڵەت. «زەعیف بێ خوا نەخواستە ئیعتقادت» «بە ئایین و بە ئەرکان و بە ئەتوار» «ڕەزا_۲۳» ۲- ئەرکانی حەڕبە و کورت کراوەتەوە.: ساڵی ئەرکانی «ساڵێکە کە ئۆردووی عوسمانی لە ژێر فەرماندەیی براییم پاشای ئەرکانی حەڕەبدا، لە مەڵبەندی مەهابات دەگەڵ عرووسان شەڕی کردووە.» ۳- ناوە بۆ پیاوان.: ئەرکانە شەلی نانەوا لە کانێسکان بوو. ئەرکانی جەیش_ [عا.]، «نتـ.»، «کعر.» ئیدارەیەکە لە وەزارەتی جەنگ یا بەرگری وڵاتاندا، لە وەختی شەڕ و ئاشتی فەرمان دەدا بە بەشەکانی هێزی چەکدار و چاوەدێریی جێ بە جێ کردنیان دەکا. ٭ئەرکانی حەرب «لە دەوری عوسمانیدا»، «کئێر.» ستادی ئەڕتەش. ئەرکانی حەرب_ [عا.]، «نتـ.» ۱- تمـ: ئەرکانی جەیش. ۲- هەر ئەفسەرێکی بە دانستە بۆ هەڵسووڕاندنی ئیشی دایەرەی ئەرکانی حەرب پەروەردە کرابێ. «ئەرکانی حەربی هۆردووی شەشەمین» «وەزیری عێڕاق محەمەد ئەمین» «سەلام- ۱۹۵» ٭ «کئێر.» ئەفسەری ستاد.
ئەرێ
«ئمـ.» ۱- بۆ پرسیارە و لە سەرەتای ڕستەی پرسیارییەوە دێت.: ئەرێ ئەوە شەوێ دی بۆ نەهاتی؟ ئەرێ تۆ نەتگوت کتێبــ.ەکەم بۆ دێنی؟ هس.: ئایا. تێبــ.ینی: ئەم وشەیە بۆ پرسیارێکی تێکەڵاو بە گلەیی و گازندەیە، بەڵام «ئایا» هەر بۆ پرسیاری ڕووتە. ۲- بۆ تەئکید. «... ئەرێ وەڵڵا.... کوڕم بە قەدەر تووکی سەرت.» «قەفتان: چیرۆک- ۱۷» ٭ئارێ/۱. ۳- بۆ سەرسوڕمان «لەم حاڵەدا لە پاش «ێ» کەوە سووکە دەنگێکی «هەمزە» «دێتە گوێ». «ئەرێ ئەی شێخە پیسی بۆری چڵکن» «ئەرێ ئەی زگ هەمانەی غازی بۆگەن» «مەلا: گمـ- ۱۹»
ئەرێ و نەرێ
[[ئەرێ+و+نە+رێ]]
«کنـ.» دوودڵی، ڕاڕایی: ئەم ئەرێ و ئەرێیەت لە چییە؟ زوو ئیشەکە ببڕەوە.