تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



١- ئێ
(بن.) ١- بەڵێ، ئا. ئێ، گوێم لێتە دە قسە بکە دەی. ٢- وەڵامی پرسیارە بە ئیجاب. ئیمڕۆ چوونە بازاڕ؟ -ئێ/ ٣- سەرسوڕمانێکی تێکەڵ بە پرسیار دەگەیەنێ. ئێ! جا کابرا هیچ قسەی نەکرد؟ ((...ئێ چییە... زۆر سەیرە من ئەخۆمەوە کەچی ئیوە پەست ئەبن!)) (قەفتان: چیرۆک-٤٣). تێبــ.- لەم حاڵەدا هەندێ درێژ دەکرێتەوە و بە شێوەی سەرسوڕمان دەگوترێ. ٤- سەرسوڕمانی ڕووت دەگەیەنێ، پاش بیستنی خەبەر و قسە یا دیتنی کارێکی سەیر. تێبــ.- لەم حاڵەتەشدا هەر تۆزێ درێژ دەکرێتەوە، فەرقی دەگەڵ بڕگەی (٣) ئەوەندەیە کە لێرەدا هیچ قسە یا پرسیاری بە دوادا نایەت.
٢- ئێ
(ئم.) ئامرازی بانگ کردنە بۆ مێیینە و دەخرێتە دوای ناوەوە. هۆ کچێ تا ئێرە وەرە. کچەکێ بابانت خرا نەبێ... ((...خەزاڵێ هەی خەزاڵێ، گەردن بڵیند و لێو ئالێ)) (فۆلکلۆر).
٣-(- ئێ)
(پب.) بە ئاخری ناوانەوە دەلکێ و نیشان دەدا کە مەبەست یەک دانە و لە عەینی حاڵدا نەناسراوی ئەو شتەیە. ئەسپێ (یەک ئەسپ)، کوڕێ (یەک کوڕ). ((... کاورایێ سەقزی بوو ناوی لالۆ هەواس بوو)) ٠قزڵجی: پێکەنیم-٦٦). تێبــ.- ئەم پاشبەندە هەر وشەی (یەک)ە، لە زمانی پەهلەویشدا (ئێ) بە مانای (یەک) هاتووە. تم: ٠فرە: پفا-١٤٠).
٤- (-ئێ)
(پب.)، (مک.) بە هەندێ لەو ناوانەوە دەنووسێ کە جێگە و کات (زەمان و مەکان) پیشاندەدەن، لە کۆنینەدا بە ئاشکرا مانای (وەخت) و (شوێن)ی لێ زیاد کردوون. ئێوارێ، بەهارێ، خوارێ، دوێنێ، ژوورێ، سەرێ. لە مەهابادێ بووم، دەچمە تەوریزێ، چۆتە دەشتێ، ساڵ دوازدەی مانگێ سەرمایەتی، ئێستا لە کەرکووکێ نەماوە، لەوێ نەبوو. ((غەریب ماوم لە تارانێ، فرمێسکم دێ وەک بارانێ)). تێبــ.- آ) بە لای منەوە ئەم پاشبەندە هەر وشەی (جێ)یە کە لە هەورامیدا (یاگە) و لە ئاوێستاییدا (یەئۆنە) و لە پەهلویدا (گێڤاک و جێڤاک)ە (تم: پد: یەسنا، ج١- ١٢٢) و لە هەندێ قۆناغی گەشەکردنی زمانی کوردیدا بە شکڵی (گا، گە، گێ) بە مەعنای (جێگا)ش و (وەخت)یش، دەگەڵ ناوی تر بۆ دروست کردنی ناوی (جێگە و کات) تەرکیب کراوە، ئێستاش هەندێ وشەی کوردی دەبینین کە ئەم پاشبەندەیان پێوەیە و ئەگەر لێشیان کرایەوە مەعنایان ناگۆڕێ. جۆگە (جۆ). ڕێگە، ڕێگا (ڕێ). جێگە، جێگا (جێ). هەوارگە (هەوار). کانگا (کان). سەرینگا (سەرین) ب) لە وشەکانی (کەنگێ، کەینێ، کەی) و (هەنگێ، هەینێ) ڕا زۆر چاک دیارە کە ئەم (ئێ)یە هەر (گێ)یە و تتوری کردووە. ج) لە حاڵێکا لە لەهجەی باکووری و بن لەهجەی موکریانی توند دەستیان بەم پاشبەندەوە گرتووە و بەکاری دێنن. ئەزم دچم دهۆکێ، ل جزیرێ بووم، هەڕە شامێ، پێرێ لە ماڵە مامم بووم، لە شرەزوورێ ڕا هاتووە، دەبینین بن لەهجەی سلەیمانی بە جارێ وازی لێهێناوە و دەڵێ: دەچمە کەرکووک، لە باغا بووم.
٥- ئێ
(ز.)،(مک.) ١- زەمیری سێیەم کەسی مفڕەدە لە تەسریفی هەندێ فیعلدا بۆ زەمانی حاڵ. دەکوژێ، دەزەوێ، دەزانێ، نازانێ، دەچێ، دێ، دەفڕێ. ٢- زەمیری ئیشاڕەیە بۆ شتێکی مفڕەدی غایب. ((دڵم ڕاناوەستێ لەبەر ئەوێ غەمێ لەبەر ئەوێ ژانێ))، ((دەڵێن: ڕۆژی قیامەتێ، خوڵا دەمانداتێ ئیمانێ)) (یۆفە: ج١-٢٠١).
(- ئێن)
(پب.) دەلکێ بە دوای ناوەوە و ناوێکی تازە بۆ گەلێ لەو یارییانە دروست دەکا کە لە کوردستان باون و پێویستە پتر لە تاکەکەسی تێیاندا یاری بکەن. تۆپە ڕاکردێن، تۆپێن، جگێن، جەغزێن، زەرفێن، فینجانێن، ماتێن، مووشێن، نەردێن، هەلووکێن. * ئانێ. تێبــ.- بە گشتی ئەم پاشبەندە مانایەکی (ئاڵوگۆڕ)ی تێدایە و دەتوانێ بەرامبەری پێشبەندی لاتینی co بێ لە هەندێ وآەی ئینگلیزی و فرەنسیدا وەکوو: تعاون: هاوکاری: cooperation یا تعایش، هاوژیانی: coexistence.
(-ئێتی)
(پب.) تم: ئەتی. کچێتی، ژنێتی، ماڵی دزێتی. ((برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە)).
(-ئێر)
(ئم.) تم: (-ئەر). پشکنێر، دلێر.
(-ئێنی)
(پب.) بەدوای ناوی (زات)ەوە دەنووسێ و دەیکا بە ناوی مەعنا. کچێنی (کچ)، کوڕێنی (کوڕ)، چاوێنی (چاو)، بووکێنی (بووک)، ڕەببێنی (ڕەب،خودا).
(-ئێنە)
(پب.) بە دوای سفەتێکەوە دەلکێ و دەیکا بە ناو. ترخێنە (ترخ = ترش + ئێنە)، ڕەشکێنە، زەردێنە، سپێنە، شلکێنە.
ئێجگار
(بنت.) ١- زۆر، بێ ئەندازە. ٢- تا ئەم ڕادەیە. ((حەلوای گەزۆ ئەبارێ)) ((ئێجگار لێوی خاڵداری)) (پیرەمێرد-١٦٢). بێ قەزا بی ئێجگار واش نا. تێبــ.- ئەم وشەیە ئەسڵی خۆی لە [یەک، یێک + جار] پێکهاتووە، جیرانەتی (ج) دەنگی (ک)ی کردووە بە (گ) و بۆتە (ئیگجار) کە لە هەندێ شوێنی کوردستان هەر ئەمەیان دەبێژرێ، بەڵام چونکوو دەنگی (گ) لە پێش (ج)ەوە قورسە، بەرەبەرە ئەم دوو دەنگە جێ گۆڕکێیان کردووە و ئەم وشەیە پەیدا بووە. * ئێگجار، ییگجار، یێگجار، یەجگار.
ئێجگاری
١- (بنت.) بە تەواوی بۆ هەمیشە، بە جارێ. بە ئێجگاری وازی لە خوێندن هێناوە. ٢- (ست.) هەمیشەیی، داییمی. ڕۆیشتنی ئێجگاری بێ. * ئێگجاری، ئێجگاری، یەجگاری.
ئێجگارەکی
[[ئێجگار + ئەکی]]
(ست.) بە شێوەیەکی تەواو بە جارێک. ئێجگارەکی وازی هێنا. * یەگجارەکی.
ئێختە خان/نە
[[تو. کو.]]
(نت.) ١- تەویلەیەکی تایبەتییە کە لە سەردەمی دەربەگایەتیدا پاتشا و میر و بەگان بۆ ئەسپە یەختە کراوەکانی خۆیان تەرخانیان دەکرد. ٢- موتڵەقی تەویلە. ((دەچوو ئیختەخانان دەری دەهێناوە جوانوولێکی نۆزینی سێ ساڵی)) (تحفە: ج٢-١٩٦)، ((لە بۆ ئیختەخانەی ڕاکێشاوە))، (تحفە: ج٢- ١٦٥). ٣- ناوی دێیەکە لە موکریان و شانی سەرخاسە. *یەختەخان (خانە)، ئێختەخان (خانە).
ئێختە کردن
[[تو. کو.]]
(مست. مت.) ١- دەرهێنانی گونی ئەسپ (بە تایبەتی) و هەر حەیوانێکی تر ( بە گشتی). ٢- (مج.) بەیدەست کردن، ژێردەست کردن، هێنانەبەربار، ڕام کردن، لە هەڕ و گیف و گوڕەگوڕ خستن. هەر دەڵەی ئیختەیان کردووە هەرا و هۆریای جارانیان نەماوە. * یەختە کردن، ئێختە کردن، خەساندن.
ئێختەرمە
[[تو.]]
(نا.) ١- چەک و کەلوپەلی دوژمن کە پاش کوشتنی دەستی بە سەردا دەگیرێ (معین: فەرهەنگ، ج١-١٦٦). (( بە دوو نیران چوار سواری دە چەلییانم کردوون ئێختەرمە)) (تحفە: ج٢-١٨٣). *یەختەرمە. ٢- ئەسپێکی سوار بە دوو خۆیدا دەکێشێ. *یەدەگ.
ئێخسیر
[[مح. عا.: ئەسیر]]
(نا. س.) ١- سەرباز یە هەر شەڕکەر و چەکدارێکی تر کە لە شەڕا بە زیندوویی دەکەوێتە دەس دوژمن. ٢- (مج.) آ) هەر کەسێکی خرابێتە بەندیخانەوە. ب) ئینسانی فەقیر و بێ دەسەڵات و دەست و پێ سپی. *ئەسیر، دیل، یەخسیر، یێخسیر. ئێخسیرێکی زۆرمان گرت، لە ستالینگڕاد گەلێ سەربازی هیتلەر یەخسیر کران، تەماشای هەر دەڵەی ئێخسیری ڕۆمییە (زۆر فەقیرە).
ئێخسیری
(حمس.) ١- لە شەڕا کەوتنە دەست دوژمن. ٢- ٠مج.) بێ دەسەڵاتی، دەست و پێ سپیلکەیی. ئێخسیری گەلێ لەم حاڵە باشترە، حەوت ساڵان بە ئێخسیری ڕایبوارد. * ئەسیری، یەخسیری، ئێخسیری.
ئێرانە
[[ئێرە + ئان + ئە]]
(نت. بنت.) جەمعی ئێرەیە، ئەم جێگایانەی نیزیک و دەروبور، ئەم شوێنانە (مووبهەم و نەکەرە). تێبــ.- لەم وشەیەدا پاش ئەوەی ئامرازی جەمع دەلکێ بە وشەی (ئیرە)ەوە و (ئە)یشی بە دوادا دێت دەبێتە (ئێرەئانە) ئەوجار دەنگ بزوێنی دوایی (ئێرە) و (هەمزە)کەی ئامرازی جەمع یەکتر دەخۆن، لە هەموو حاڵەتێکی ئاوادا دەروا دەبێ.
ئێرە
[[ست: ئیتهرە. پە: ئێتەر]]
(نت. بنت.) هەموو جێگایەکی پیاو لە کاتی باس کردنیدا لێیەتی. ئێمە لە ماڵی شێرکۆین تۆش وەرە جا لیرەڕا (لە ئێرەڕا) دەڕۆین. *(سن) ئەگرە.
ئێرە و ئەوێ
(کن.) جێگا و شوێنی نامەعلووم. ڕەحەت دانیشە هێندە ئیرە و ئەوێ مەچۆ. بەس ئیرە و ئەوێ بکە.
ئێرەکانێ
[[ئێرە + کە (ئم: تەعریف) + ئان + ئێ]]
(نت. بنت.) تم: ئێرەکانە. تێبــ.- ئەگەرچی ئەم وشەیە هەر مانای (ئێرەکانە)دەدا بەڵام جیاوازێکی هەیە، هەرچی (ئێرەکانە)یە هەر جێگاکان دیار دەکا، بەڵام ئەمەیان بە هۆی پاشبەندی (ئێ) حسر و تەحدیدی تێدا دەخوێندرێتەوە.
ئێرەکانە
[[ئێرە + کە (ئم: تەحریف) + ئان + ئە]]
(نت. بنت.) ئەم جێگایانە، ئەم شوێنانە. ٠مەعرەفە و معین) ((... ئەمە کاکە مەم مان نەگەیاندەوە ئێرەکانە...)) (تحفە: ج١- ٢٢٧). * ئێرەکانێ.
ئێزنگ
[[ست: ئوئێسمە. پە: ئێسم، ئێزم]]
(بک.)، (نا.) داری سووتەنی بۆ سۆبە و تەندوور و... *(زانا.) ئەئیزیمی، (هو.) هێزم.
ئێسا
(بن.)، (سن.) تم: ئێستە. ((ئێسا هەر کەسێ گەوهەر فرۆشەن)) ((جە وەسڵ شیرین وێش شەربەت نۆشەن)) (خانا-٣).