تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیسکارپین
[[ئیتالی]]
(نا.)، (سیم.) جۆرە کەوشێکی ژنانەیە لە دار دروست دەکرێ و تیزماڵکە چەرمێکی لێدەدرێ کە سەر پەنجەی دەچێتە ناو. *پانی بەرز. تێبــ.- ئەم وشەیە لە (سکارپینا)ی ئیتالی وەرگیراوە بە مانای کەوشی بچووک یا جوانکیلە، لە کاتی دەسەڵاتی عوسمانیدا لە ڕێگای زمانی تورکی ڕا هاتۆتە ناو زمانی کوردی. ((باڵابەرز و بچکۆڵە پێ و ئیسکارپین)) (( گۆرەوی و پووز سفت و سپی و ئاوریشمین)) (گۆران).
ئیسکلێت
[[فرەنسی]]
(نا.)، (کئێر.) ١- هەموو ئیسقانی لەشی بنیادەم و گیاندارانی تر کە تیغەرەی پشتیان هەیە ( ئی بنیادەم ٢٠٨ پارچەیە) بەو شکڵەی تەبیعەت ڕێکی خستووە ە تێکی خستوونەوە، هەیکەلی عەزمی. ٢- آ) شکڵ و قەوارەی خانوووبەرە، کە لەسەر ڕێ و شوێنی تازەی دروست کردن لە پێشدا پایە و کۆڵەکەکانی هەڵدەبەستێنن. ب) هەیکەلی هەندێ مەکینەی گەورە کە نیشان بدا لە پێشدا چۆن بووە یا لە پاشان چ شکڵێ بە خۆیەوە دەگرێ. ئیسکلێتی چەند ئوتۆمبیلی سووتاو لەو دەشتە کەوتبوون. ٣- (مج.) ئادەمیزادی لەغەر و لاوازی ڕەق و تەقی بێ گۆشت. تێبــ.- زمانی فرەنسی ئەم وشەیە بە شکڵی (ئیسکلێت) لە (سکێلێتۆس)ی یۆنانی ڕا کە مانای (ئیشک هەڵاتوو)دەدا، خواستۆتەوە (تم: لاڕووس-٨٧٨) و فارسیش لە فرەنسی وەرگرتووە و لە سەرەتای ئەم چەرخەدا لە ڕێگای زمانی فارسییەوە هاتۆتە ناو زمانی کوردی.
ئیسیئناف کردن
[[عا. کو.]]
(مست. مت.) ١- (کئێر.) داوای تەماشا کردنەوەی کێشەیەک کە لە پێشدا بریاری دادگای لەسەر دەرچووبێ. ٢- (کعر.) داوای تەماشا کردنەوەی بڕیاری دادگای تەمیز لەسەر مەسەلەیەک.
ئیسیوەت
[[؟]]
(نا.)،(مک.) تم: ١- ئاڵەت. هس. (بک.) ئیسۆت (بیبار). تێبــ.- زۆر لەوە دەچێ ئەم وشەیە ئەسڵی تورکی بێ و لە وشەی (ئیستی) ئازربایەجانی بە مانای گەرم و تیژ و ( ئۆت= گیا) پێکهاتبێ کە بەسەریەکەوە دەکاتە (ئیستی ئۆت) یانی (گییای تام تیژ)، ئازربایەجانی خۆشیان وشەی (ئیستۆت) بە مانای ئاڵەت بەکاردێنن.
ئیش بەدەست
(نت. ست.) ١- ئەو کەسەی بە کارێکەوە خەریک بێ. ٢- کەسێکی کاری لە دەست بێ، بتوانێ لە دەزگایەکی دەوڵەتیدا کاران ڕاپەڕێنێ.
ئیش تێداکردن
(مست. مت.) ١- خەریک بوون بە سازکردن و دروست کردنی شتێک. ئەوە شەش مانگە ئیشی تێدا دەکەن هێشتا هێشتا دوو چاوە خانوویان پێ تەواو نەکراوە. چاکوتە تەواوبووە و پانتۆڵەکەش ئیشی تێدا دەکەن. ٢- خەریک بوون بە چاک کردنەوەی شتێکی لە کارکەوتوو. دیواری حەوشەکەیان ڕووخاوە ئیشی تێدا دەکەن. ئەوە خۆ هێشتا ئوتۆمبیلەکە هەر لەوێ کەوتووە هیچ ئیشتان تێدا نەکردووە.
ئیش لە دەست هاتن
١- تین و توانی کار کردن لە کەسێکدا هەبوون. هەموو ئیشێکی لە دەست دێ و قەت دانامێنێ. ٢- (مج.) دەسەڵاتدار بوون. زۆر ئیشی لە دەست دێ ئەم ئیشە هەر بەوی دەکرێ. تێبــ.- تورکیش ئەم وشەیە بەکاردێنن و بۆیە هەندێ کەس واتێدەگەن کە لە تورکی وەرگیراوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و دەگەڵ (ئێش) لە یەک ڕیشەن.
ئیش کردن
(مست. لا.) ١- کار کردن، بە کارێکەوە خەریک بوون، بێکار نەبوون. ٢- بەجێ گەیاندنی ئەو پێویستەی بۆ ئەندامێکی لەش یا مەکینە یا دەزگایەکی کۆمەڵایەتی ڕەچاو کراوە. مێشکی ئیش ناکا (ناتوانێ بیر بکاتەوە). سەعاتەکەی شێرکۆ باش ئیش دەکا. بزانە ئوتۆمبیلەکە ئیش دەکا یان نا؟ تەلەویزیۆن بە رۆژ ئیش ناکات. داییرەکانی دەوڵەتی ڕۆژی هەینی ئیش ناکەن.
ئیشاعە
[[=عا.: ئیشاعە]]
(نا.)، شاییعە. (کعر.) خەبەر یا قسەیەک (ڕاست یا درۆ) کە لەناو خەڵکا بڵاو ببێتەوە و دەماودەم بڕوا. دوێنێ ئیشاعە وابوو دز کاروانەکەیان ڕووت کردەوە. *(کئێر.)
ئیشاڕە(ت) کردن
[[عا. کو.]]
ئیشاڕەت
[[=عا.: ئیشارە]]
(نا.) کارێکە بێ قسە کردن مەبەستی پێ ئەدا دەکرێ. ((دەمێ تۆ نەینێی دەم وەبان دەم، خودا بیبڕێ ئیشاڕەت وەچەم)). بە ئیشاڕە تێمگەیاند کە قسە نەکا.
ئیشاڵڵا
[[=عا.: ئینشائەڵڵا]]
(ڕستە) ئەگەر خوا بیەوێ، ئەگەر خوا حەز کات. ئیشاڵڵا بەیانی دەچمە شار، ئیشاڵڵا کتێبــ.ەکەت بۆ هێناوم.
ئیشتیبا(ه) کردن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.)، (کئێر.) ١- لە حیسابدا سەهوو کردن. ٢- لە کاراندا بە هەڵەچوون.
ئیشتیباه
[[=عا.: ئیشتیباه]]
(نا.). ١- (کئێر.) سەهو، غەڵەت. میرزا ڕەشید هەمیشە لە حیسابدا ئیشتیباهی هەیە. ٢- (کعر.) شک، گومان، دوودڵی.
ئیشتیها
[[=عا.: ئیشتیها]]
(نا.) تم: ئیشتییا.
ئیشتیڕاک
[[عا.: ئیشتیڕاک]]
١- (نا.) هاوبەشی، بەشداری. ٢- (نمس.) تم: ئیشتیڕاک کردن.
ئیشتیڕاک کردن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) ١- بەشداربوون لە کارێکدا. ٢- کڕینی رۆژنامە و گۆڤار و... بە ڕێکوپێکی، ڕاستەوخۆ لە ئیدارەکەیان. ٣- بوونە ئەندام لە ڕێکخراوێکدا، بەشداربوون لە کۆبوونەوەیەکدا.
ئیشتیڕاکات
[[=عا. جمی: ئیشتیڕاک]]
هەموو ئەو پارەیەی ئیدارەی ڕۆژنامەیەک لە کڕیارانەکانی، یا ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە خەڵکی سەربەخۆی وەری دەگرێ.
ئیشتییا
[[محر. عا.: ئیشتیها]]
(نا.) ١- ئارەزووی خواردەمەنی ٢- مەیل، ڕەغبەت.
ئیشتییا کردن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) ئارەزووی خواردەمەنی و چێشتێکی تایبەتی کردن. لە پاڵەوە دانیشتووە و وردە ئیشتییایان دەکا، لە ئەوڕوپا پیاو ئیشتییای قبووڵی دەکا.