تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیش بەدەست
(نت. ست.) ١- ئەو کەسەی بە کارێکەوە خەریک بێ. ٢- کەسێکی کاری لە دەست بێ، بتوانێ لە دەزگایەکی دەوڵەتیدا کاران ڕاپەڕێنێ.
ئیش تێداکردن
(مست. مت.) ١- خەریک بوون بە سازکردن و دروست کردنی شتێک. ئەوە شەش مانگە ئیشی تێدا دەکەن هێشتا هێشتا دوو چاوە خانوویان پێ تەواو نەکراوە. چاکوتە تەواوبووە و پانتۆڵەکەش ئیشی تێدا دەکەن. ٢- خەریک بوون بە چاک کردنەوەی شتێکی لە کارکەوتوو. دیواری حەوشەکەیان ڕووخاوە ئیشی تێدا دەکەن. ئەوە خۆ هێشتا ئوتۆمبیلەکە هەر لەوێ کەوتووە هیچ ئیشتان تێدا نەکردووە.
ئیش لە دەست هاتن
١- تین و توانی کار کردن لە کەسێکدا هەبوون. هەموو ئیشێکی لە دەست دێ و قەت دانامێنێ. ٢- (مج.) دەسەڵاتدار بوون. زۆر ئیشی لە دەست دێ ئەم ئیشە هەر بەوی دەکرێ. تێبــ.- تورکیش ئەم وشەیە بەکاردێنن و بۆیە هەندێ کەس واتێدەگەن کە لە تورکی وەرگیراوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و دەگەڵ (ئێش) لە یەک ڕیشەن.
ئیش کردن
(مست. لا.) ١- کار کردن، بە کارێکەوە خەریک بوون، بێکار نەبوون. ٢- بەجێ گەیاندنی ئەو پێویستەی بۆ ئەندامێکی لەش یا مەکینە یا دەزگایەکی کۆمەڵایەتی ڕەچاو کراوە. مێشکی ئیش ناکا (ناتوانێ بیر بکاتەوە). سەعاتەکەی شێرکۆ باش ئیش دەکا. بزانە ئوتۆمبیلەکە ئیش دەکا یان نا؟ تەلەویزیۆن بە رۆژ ئیش ناکات. داییرەکانی دەوڵەتی ڕۆژی هەینی ئیش ناکەن.
١- ئیش
(نا.)،(کعر. سن.) ١- کۆششێکی سەرف دەکرێ (بە هێزی مێشک، دەست و بازووی ئینسان یا هەر سەرچاوەیەکی دیکەی هێز) بۆ بەرهەم هێنان، دروست کردن، ساز کردن، ڕێکخستن و...ی ماددەیەک، شتێک یا مەسەلەیەک و.... ٢- هەر کۆششێکی ئینسان بۆ وەدەست هێنانی بژیوی خێزانی خۆی دەیکا. ئەم کابرایە لەوەتی هەیە ئیشی دارتاشییە، خدر گوێ ناداتێ هەر ئیشێکی دەست کەوێ دەیکا. ((هەموو بێ ئیشن و بێ کار و تەوەززەل)) (( ورگ پان و مل ئەستوور و سەلک زل)) (مەلا: گم-١٣). ٣- هەر مەسەلەیەکی جێبەجێ کردنی پێبوێ. ((... کاوە بە ئیشێک چووە دەری ژوورەکە...)) (بلە: ژان-١١١). ((بە ڕیشی گرژ و پرچی پڕ لە ئەسپێ)) (( بناغەی ئیشی کوردان چۆن ئەچەسپێ)) (مەلا: گم-١٣). ٤- کردەوە. (( بە ئیشی تۆش ناشێ بەڵام چار نییە))، (( بەقوربانی ئیشی خوا بم کەسی تێ ناگا)). * کار، (بک.) خەبات، (با) شۆل.
٢- ئیش
[[؟]]
(نا.)، (مک.) زللەیە، کە لە پشت مل دەدرێ *(کعر.) تەوقات. (کی.) دۆق. تێبــ.- ئەم ئیشە نیشانەی بە سووک زانینی ئەو کەسەیە کە لە پشت ملی دەدرێ، جاروبارەش بۆ گاڵتە و گەپ دەکرێ و بەستراوە بە کەسەکانەوە.
٣- ئیش
(ئم.) بەدوای وشەیەکەوە دەلکێ و ئەو مانایە دەخاتە ناو ڕستەکەوە: ١- هەروەها. ئێوە بڕۆن منیش دێم. ٢- وەک یەکی لەلانی حاڵ و میقدارەوە لەنێوان دوو شتانا یا دوو کەساندا. کوڕەکەی خاڵندیش لەوێ بوو. ٣- تەنانەت. ((... ئێساکە لە قەندیلیش بەفر نەکەوتووە، قامووسیش تەماڵ ناگرێ...)) (قزڵجی: پێکەنین-٥٤). ٤- ئەگەرچی، هەرچەندکە. نانەکە ڕەشیش بوو بەڵام برسی بووین هەر خواردمان. سێ گوللەشی بەرکەوت بەڵام هیچی لێنەهات. ٥- با. دەبا. بڵا. ((بشفڕی هەر بزنە)). چاویشی دەرێ بەڵام ئەم قسەیە وا نییە. *(هو.) ئیچ. (بک.) ژی. تێبــ.- آ) ئەم وشەیە دەگەڵ فیعلدا بە شێوەی خوارەوە بەکاردەهێندرێ: آ) لە فیعلی (ماضی)دا دەخرێتە نێوان ڕەگی فیعل و زەمیرەکەیەوە. کوشتیشم، خواردووشمە. ب) لە (ماضی نقلی) و (مضارع)دا بەدوای نیشانەی (مضارع)ەوە دێت. دەشیکوشتم. دەشیکوژم و هیچیش نابێ. ج) لەو فیعلانەدا کە مەسدەرەکەیان (مرکب)ە یا پێشبەندی فیعلیان هەیە دەخرێتە دوای کەرتی یەکەمی مەسدەرەکەوە. لێشمدا، هەڵیشی گرت، بەیشی دایەوە کەچی نەشکا. لێشی دەدەم، هەڵیشی دەگرێ. بەریشی دەداتەوە. د) دا دەکەوێتە دوای نیشانەی )ئەمر)ەوە. ئالێک بکە بەر ئەسپەکە و بشی بەستەوە. ئەگەر بشمکوژن. بشی بردبا کەس نەبوو دەستی بگرێ. ٢) لە کاتێکا بەدوای وشەیەکدا بێت کە بەیەکی لە دەنگ بزوێنەکان دوایی هاتبێ تەنیا (ش)ەکەی دەمێنێتەوە. میتزاش قسەی کرد. حەمەش هات. ئاڵووباڵووش میوەیەکی کوردستانە. نان و دۆشمان چەنگ نەکەوت. گەنمە شامیش دەکرێ بە نان. پێرێش چووم هەر لەوی نەبوو. جاروبارە بەم حاڵەشەوە تەنیا دەنگی (هەمزە)کە دەسوێ. میرزایش، ئاڵووباڵووش، دۆیش. ٣- ئەم وشەیە، بە قسەی ژابا لە زمانی ئاوێستاییدا (زی)یە کە هەر (ژی) ئێستای لەهجەی باکووری خۆمانە (تم: ژابا-٢٣١) و لە زمانی پەهلەویدا وەک ئێستای هەورامی (ئیچ) بووە کە لە (ئی= ئامرازی تێک بەستن) و دەنگی (چ) پێکهاتووە. (تم: فرە، پفا-٨٧).
ئیشاعە
[[=عا.: ئیشاعە]]
(نا.)، شاییعە. (کعر.) خەبەر یا قسەیەک (ڕاست یا درۆ) کە لەناو خەڵکا بڵاو ببێتەوە و دەماودەم بڕوا. دوێنێ ئیشاعە وابوو دز کاروانەکەیان ڕووت کردەوە. *(کئێر.)
ئیشاڕە(ت) کردن
[[عا. کو.]]
ئیشاڕەت
[[=عا.: ئیشارە]]
(نا.) کارێکە بێ قسە کردن مەبەستی پێ ئەدا دەکرێ. ((دەمێ تۆ نەینێی دەم وەبان دەم، خودا بیبڕێ ئیشاڕەت وەچەم)). بە ئیشاڕە تێمگەیاند کە قسە نەکا.
ئیشاڵڵا
[[=عا.: ئینشائەڵڵا]]
(ڕستە) ئەگەر خوا بیەوێ، ئەگەر خوا حەز کات. ئیشاڵڵا بەیانی دەچمە شار، ئیشاڵڵا کتێبــ.ەکەت بۆ هێناوم.
ئیشتیبا(ه) کردن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.)، (کئێر.) ١- لە حیسابدا سەهوو کردن. ٢- لە کاراندا بە هەڵەچوون.
ئیشتیباه
[[=عا.: ئیشتیباه]]
(نا.). ١- (کئێر.) سەهو، غەڵەت. میرزا ڕەشید هەمیشە لە حیسابدا ئیشتیباهی هەیە. ٢- (کعر.) شک، گومان، دوودڵی.
ئیشتیها
[[=عا.: ئیشتیها]]
(نا.) تم: ئیشتییا.
ئیشتیڕاک
[[عا.: ئیشتیڕاک]]
١- (نا.) هاوبەشی، بەشداری. ٢- (نمس.) تم: ئیشتیڕاک کردن.
ئیشتیڕاک کردن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) ١- بەشداربوون لە کارێکدا. ٢- کڕینی رۆژنامە و گۆڤار و... بە ڕێکوپێکی، ڕاستەوخۆ لە ئیدارەکەیان. ٣- بوونە ئەندام لە ڕێکخراوێکدا، بەشداربوون لە کۆبوونەوەیەکدا.
ئیشتیڕاکات
[[=عا. جمی: ئیشتیڕاک]]
هەموو ئەو پارەیەی ئیدارەی ڕۆژنامەیەک لە کڕیارانەکانی، یا ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە خەڵکی سەربەخۆی وەری دەگرێ.
ئیشتییا
[[محر. عا.: ئیشتیها]]
(نا.) ١- ئارەزووی خواردەمەنی ٢- مەیل، ڕەغبەت.
ئیشتییا کردن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) ئارەزووی خواردەمەنی و چێشتێکی تایبەتی کردن. لە پاڵەوە دانیشتووە و وردە ئیشتییایان دەکا، لە ئەوڕوپا پیاو ئیشتییای قبووڵی دەکا.
ئیشتییالێبوون
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) ١- زۆر حەز لە خواردنێکی معین کردن. هەتا دەچمە ماڵی نەوزاد دۆڵمەیان هەیە، دیارە زۆری ئیشتییا لێیەتی. ٢- مەیل بە کردنی کارێ یا دەگەڵ شتێ. ئەوە چییە هێندەت ئیشتییا لە قسانە، سەربەست ئیشتییای لە سەفەران نییە.
ئیشتییانەبردن
[[عا. کو.]]
(مست. لا.) ١- حەز لە خواردنی خواردەمەنێکی معین نەکردن. خەڵکی شار ئیشتییایان چەنگ سووتەکە و ئەو جوورە چێشتانە نابا. ٢- (کن.) تێرخواردن لە چێشتێک، کەم خواردن و ئارەزوو بەسەرچوون لە خواردەمەنیەک، حەز بە خواردن نەکردن. وەرە بە زیادی کە ئیشتییام نابا.
ئیشغاڵ کردن
[[عا.: ئیشغاڵ + کو: کردن]]
(مست. مت.)، (کئێر.) ١- خەریک کردنی کەسێ، لەکارکردنی. پیاوی چاک بە ئیشغاڵمان مەکە کارمان هەیە. ٢- داگیر کردنی شارێ یا وڵاتێ یا جێگایەک بە زەبری لەشکر. هیتلەر هەموو ئەوروپای ئیشغاڵ کرد. *(کعر.) ئیحتیلال. ٣- (کعر.) پڕ کردنەوەی شوێنێک ( بە دانیشتن یا وەزیفە). خۆیەتی و لینگی ژنی ئەو خانوە زلەی ئیشغاڵ کردووە. چەند وەزیفە هەبوو تا خۆم گەیاندێ هەمووی ئیشغاڵ کرابوو.
ئیشک
[[ست: هوشکە. پە. هوشک]]
(س.) ١- شتێک یا جێگایەک ئاوی نەبێ، شەی نەبێ، نمی نەبێ. کانی ئیشک، دەشتی ئیشک، تفی لە زاریدا ئیشک بۆ. ٢- حاڵی شتێکی لە پێشدا تەڕایی تێدا بووبێ، پاشان نەیمابێ. گییای ئیشک، هەنجیری ئیشک. ((دارێکی بە تەڕی دانەیە بە ئیشکی دانایێ)). ٣- (مج.) ئینسانی لاسار و دوور لە مجامەلە. پیاوی هێندە ئیشک هەر نابێتەوە. ٤- (مج.) دانیشتنی دۆست و برادەر بە بێ خواردنەوە. هەروا بە ئیشکی دانیشتن ناخۆشە با پێکێ بخۆینەوە. ٥- (مج.) بێ پێخۆر. نانی ئیشکی، سێ نانی بە ئیشکی خوارد و چواریش بە دۆوە. * وشک، ویشک، هیشک.
ئیشک بوون
(مست. لا.) ١- بڕان و بڕانەوەی ئاوی ڕووبار و کانیاوان. هەموو ساڵێ لەو مانگەدا کانی (پیرمەلەک) ئیشک دەبێ. ٢- نەمانی نم و شەی تەبیعی لە شتێکدا. بزانە! تووتنەکە ئیشک بووە؟ داری شەخسەکانی سیتەک هەموو ئیشک ببوون کەس نەیدەوێرا دەستیان بۆ بەرێ. ٣- مردنی گییا و گۆڵ و دار و درەخت و کشتوکاڵ لەبەر بێ ئاوی یا هەر هۆیەکی تر. ئەم بێستانە بۆچی ئیشک بووە؟ پەڵە تووتنەکەی کوێخا تۆفیق ئیشک بووە. ٤- (مج.) لە جووڵەکەوتن. کابرا وەها حەپەسا هەر لە جێی خۆی ئیشک بوو.
ئیشک بوونەوە
(مست. لا.) ١- نەمانی شوێنەواری تەڕی لە هەر شتێکا کە خۆی لە ئەسڵا تەڕایی نەبێ و لە کاوە تەڕبووبێ (شۆرابێ، ئاو یا شتێکی دیکەی پێدا ڕژابێ، کەوتبێتە ئاوەوە...) کراسەکەت بەرە هەڵیخە هەر ئێستا ئیشک دەبێتەوە. ٢- پەیدابوونی ئیشکانی لەسەر زەوی. دنیا هەمووی ئیشک بۆتەوە کەچی ئەم دێبەرەی ئێمە هەر وەکوو خۆیەتی.
ئیشک هەڵاتن
[[ئیشک + هەڵ + هاتن]]
ئیشک هەڵێنان
[[ئیشک + هەڵ + هێنان]]
(مست. مت.)، (کن.) برسی کردن و گرتنەوەی خواردن لە کەسێ یا کەسانێ و بوونە مایەی نەخۆشیان. ئەو منداڵانەی ئیشک هەڵێناوە هیچیان ناداتێ بخۆن، هێندەی نان و دۆ دەرخوارددا تا بە جارێک ئیشکی هەڵێنا.