تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیشکە
[[ئیشک + ئە]]
(ست.) ١- مەڕ و بزن یا مانگایەکی نەزابێ. ٢- پارەیەکی لە لاوە داندرابێ و نەخرێتە سەوداوە. دەهەزار دینار پارەی ئیشکەی لە ماڵێ هەیە.
ئیشکە سۆفی
[[ئیشک + ئە + سۆفی]]
(نت.) ١- سۆفێکی زۆر بە تەنگ جێبەجێ کردنی داب و دەستووری سۆفیاتێوە بێ، سۆفی موتەعەسیب. ((زەمزەمەی بولبولی بەهارانی، ئیشکە سۆفی دەخاتە گۆرانی)) (؟) ٢- کەسێکی وا پیشان دەدا کە سۆفییە و ئاکاریشی سۆفیانە نەبێ. تێبــ.- بەم مانایە وەکوو لاتاو بەکاردێت.
ئیشکە سەرما
[[ئیشک + ئە + سەرما]]
(نت.) سەرمایەکی بەفر یا بارانی دەگەڵ نەبێ. ئیشکە سەرمای کەرکووک لە مۆخی ئیسقان کاردەکا.
ئیشکە کەڵەک
[[ئیشک + ئە + کەڵەک]]
(نت.) دیواری بەرد، کە بەردەکان چین چین لە سەریەک داندرابن بێ ئەوەی قوڕیان لە بەیندا بێ. بەردەمی ئەشکەوتەکەی (خلەگەر)مان بە ئیشکە کەڵەک هەڵچنی.
ئیشکەدۆ
[[ئیشکە+ دۆ]]
(ست.)،(کی.) حەیوانێکی نەزابێ و شیری هەبێ.
ئیشکەر
١- (نفا.) ئەو کەسەی بۆ پەیدا کردنی بژیوی خۆی و خێزانی توانست و هێزی کار کردنی خۆی دەخاتە گەڕ. ٢- (سفا.) کەسێکی چاک هەڵدەسووڕێ و کاران ڕادەپەڕێنێ. ئەوەی حەزی لە ئیش کردنە. ئیشکەری وەک خۆی هەر نابێتەوە. ئیشکەرمان زۆرە بۆیە حاڵمان وا خۆشە.
ئیشکەمس
[[ئیشک + ئە + مس= مز]]
١- (نت.) مووچەی کرێکار کە نان خواردنی دەگەڵ نەبێ (زیاتر مەبەست نانی نیوەڕۆیانە)، ٢- (ست.)، آ) کرێکارێکی بە ڕۆژانەی ڕووت کار دەکا و نان لە سەر حیسابی خاوەن کار ناخوا. ب) کارێکی بەم شێوەیە بکرێ. بە ئیشکەمس ئەو پەڵە دەغڵە بدروونەوە، ئیشکەمس ئەو دیوارەمان بە چەند بۆ دادەنێن، کاری ئیشکەمس هەروا دەبێ.
ئیشکەڕن
[[ئیشک + ئە+ڕن (ڕنینەوە)]]
(نت.) ١- کاری ڕنینەوەی خوری و مووی کەوڵی مەڕ و بزن کە بە زیندوویی نەبڕابنەوە. ٢- (مک.) یەکێکە لە عناسری یاری (میرمیرێن) کە تا بیست سی ساڵ لەمەوپێش لە کوردەواریدا باو بوو. تێبــ.- ئیشکەڕن زەلامێک بوو جلکی سەیری دەبەر دەکرا، ریشێکی گەورەیان لە خوری بۆ دەکرد، کوولەکە ئاوییەکی درێژۆکەی لە باتی کڵاو دەکردە سەر و گۆپاڵێکی گەورەی بە دەستەوە دەگرت، ئەم پیاوە دوو ئیشی هەبوو، یەکیان جێبەجێ کردنی هەموو فەرمانێکی میر، دووەمیان وەپێکەنین خستنی میر تا بە پێی ڕێ و شوێنی یارییەکە لە میرێتی بکەوێ.
ئیشکەڵ
[[ئیشک + ئەڵ]]
(نت.) لق و پۆپی ئیشک بووی دار و درەخت.
ئیشکەڵوا
[[ئیشک + ئە + هەڵوا]]
(نت.) هەڵوای ئیشک: تێبــ.- خواردنێکە لە ئارد و ڕۆن و دۆشاو یا شیرەی شەکر ساز دەکرێ، زیاتر بۆ سەفەری دوور (حەج و...) دەگەڵ خۆیان دەبرد.
١- ئیشکەڕۆ
[[ئیشکە + ڕۆ (ڕۆیین)]]
(ست.) وڵاغێکی بەرزە کە خێرا نەڕوا، گران بوڕوا و دەست و قاچی خراپ باوێژێ. خۆشڕەو.
٢- ئیشکەڕۆ
[[ئیشکە + ڕۆ= ڕووبار]]
(ست.) حاڵی ڕوووبارێکی هەندێ وەخت ئاوی پێدادێ و کاتێکیش وشکی دەکا.