تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاوساندن
«مسـ. متـ.» بوونە هۆی باکردن و ئەستوور بوون.
ئاوساو
«نمفـ. لە: ئاوسان» لەشی ئادەمیزاد یا گیاندارێکی تر «هەمووی یا شوێنێکی» کە ئەستوور بووبێ.: ئەوە چاوت بۆ ئاوساوە؟٭ئاماسیاگ. ئاوساگ. ئاووسیاگ. پەنماو. هەڵمساو.
ئاوساوی
«حمسـ.». ئەنجامی ئەستووربوون.: ئاوساوییەکەی هێشتا نەنیشتۆتەوە.
ئاوساگ
«نمفـ. لە: ئاوسان» تمـ: ئاوساو.
ئاوسیان
«مسـ. لا.» تمـ: ئاوسان.
ئاوسیاگ
«نمفـ.: ئاووسیان» تمـ: ئاوساو.
ئاوسێ
[[ئاو+سێ «نیسێ» ] ]
تمـ: دراوسێ.
ئاوشار
[[ئاو+شار «ند.» ] ]
«نتـ.» ۱- ئەو شوێنەیە کە ئاوی چەم و ڕووباران، لە بەرزیڕا ڕژد و بە خوڕ دەڕژێنە خوار، هەڵدێرانی ئاو لە شوێنێکی بەرز و ڕژدەوە.: ئاوشاری بێخاڵ لە کوردستانە. ئاوشاری هەرە گەورەی دنیا، نیاگاڕایە. ٭ئابشار. بافڵ. «بکـ.» تاڤگە. تاف. تافگە. قەڵبەزە. تێبــ.ینی: ئەم وشەیە مەڕدووخ نووسیویە و لە «آبشار» ی فارسیڕا شێوەی کوردی دراوەتێ، ئەو هاوتایانەی کە بۆی نووسراون هەمووی بۆ ئەم مەبەستە بەکار دێن کە ئاوشار پێشانی دەدا، بەڵام شەرت نییە ئاوشاری «نیاگاڕا» و «بێخاڵ» بن.
ئاوشکان
«مستـ. لا.» کەلەبەر کەوتنە ئەو جۆگەیەی کە ئاوی پێدا بەردراوەتەوە سەر کشت و کاڵ و ڕویشتنی ئاوەکە بەڵایێکی ترە.: کوڕە بەسەر ئەم جۆگەیە دا بڕۆ بزانە ئاوەکە لە کوێ شکاوە.
ئاوقە
[[ئاو+قە «قەد» ]]
«نتـ.» پەلامار. ئاوڕێش. تێبــ.ینی: ئەم وشەیە فەرقی دەگەڵ «ئاوڕێش» لەوەدایە کە لەوێدا «ڕیش» دەبێتە یەک و لێرەدا «قەد»، بۆیە پەلامارەکە بە گوڕترە. ٭«سنـ.» ئەوقە.
ئاوقە بوون
«مستـ. لا.» پەلاماردانی کەسێ، چنگ لێ قاییم کردنی بە جۆرێکی وەکوو یەک کەس بێنە بەر چاوان.
ئاولەمە
[[؟]]
«نتـ.»، «سنـ.» ۱- منداڵ، کە هێشتا لە زگی دایکیدا بێ و گیانی وەبەر نەهاتبێ. ۲- منداڵی لە بارچوو، منداڵێ کە لە خۆیەوە، یا بە هۆی داو و دەرمان و شتی تر بە مردوویی لە زگی ئافرەت بێتە دەر. ۳- بەرخ و کاریلەی وە ڕووح نەهاتوو، کە پاش سەر بڕینی مەڕ و بزن، لە زگی دایکیان دەیانهێننە دەر. ٭نەبەکام.
ئاوماڵک
[[ئاو+ماڵ «ماڵین» +ئک]]
«نتـ.» ۱- هەر شتێکی ئاو لە شوێنێکەوە هێنابێتیە شوێنێکی تر. ۲- پووش و پەڵاش و کوتەرە دار و لق و پۆپی داران لە پاش نیشتنەوەی لافاوی بەهاران لە بەستێنی چۆمان بە جێ دەمێنێ. ٭ئاوماڵە.
ئاوماڵە
[[ئاو+ماڵ+ئە]]
«نتـ.»، «سنـ.» تمـ: ئاوماڵک.
ئاونە
[[ئاو+نه «=نەی- قامیش» ] ]
«نتـ.»، «سنـ.» ئامرازێکە وەکوو دارجگەرە وایە سەرێکی دەخرێتە کونی «داری نێرگەلە» و سەرەکەی تریشی دەچێتە ناو شووشەی ئاوەکە، دووکەڵی تەماکۆ دەکێشێتە ناو ئاو لەوێشڕا دەچێ بۆ دەمی نێرگەلەکێش. ٭ «مکـ.» میلاو.
ئاوها
[ [=ئاوەها]]
«بنتـ.، ستـ.» تمـ: ۲-ئاوا.
ئاوودۆ
«نتـ.» دۆیە، کە بۆ ئەوەی سارد ببێ یا ئەگەر خەست بووبێتەوە، ئاوی تێکەڵ دەکەن.
ئاوورگ
[[ئاور+گ «گا» ] ]
«نتـ.»، «مکـ.» ۱_شوێنێکی تایبەتییە لە ماڵان ئاگری تێدا دەکەنەوە چێشتی لەسەر لێدەنێن. تێبــ.ینی: لە سووچێکی ئاشپەزخانە لە سێ لاوە بە خشت یا بەرد بە بەرزایی ۳۰/۲۰سانتیمەتر دیوارۆکەیەک دروست دەکەن، مەنجەڵ یا دیزەی دەخرێتە سەر و لە ژێرەوە بە دار یا هەر سووتەمەنییەکی تر ئاگر دەکەنەوە، دووکەڵەکەشی لەسەربانی خانوو دەردەچێ. ۲_تمـ: ۱_ئاگردان/۱.
ئاووزیاگ
«سفا.»، «سنـ.» ۱-پێگەییشتوو «لە باری لەش و ئەندامەوە» : مناڵەکە ئاووزیاگە. ۲-تێگەییشتوو «عەقڵی بە شت دەشکێ» ۳-بە توانست «توانای کردنی کارێکی هەیە». تێبــ.ینی: ئەم وشەیە تەنیا مردۆخ نووسیویە و هەرچەند لە شکڵی «نمفـ.» دایە وکوو: هەڵگیریاک، کریاگ، ئاووسیاگ... بەڵام ئەو مەعنایانەی مردۆخ بۆی داناوە «تمـ: جـ۱_۳۱/۳۰» وای لێکردم بە «سفا.» بزانم.
ئاوپاش
[[ئاو+پاش]]
۱- «نتـ.»، «مکـ.» دەفرێکە بە شکڵی مەسینە، بەڵام گەورەترە و زۆرتر ئاو دەبا، ئەستوورایی سەر و بنی وەکوو یەکە، دوو هەنگڵی هەیە یەکیان لە سەرەوەی و ئەوی تریان لە لای پشتەوە بەرامبەر لوولەکەی. لوولەی لە ئی ئافتاوەی فرەوانترە و لە ئاخریدا وەکوو دەمی زوڕنا ئاواڵە دەبێتەوە و پارچە تەنەکەیەکی کون کونی لێ قاییم دەکرێ تا ئاو لەم کونە بچکۆلانەی بێتە دەرەوە، ناوماڵ و ژووری پێ ئاوپڕژێن دەکەن و گوڵ و باخچەی ناو ماڵیشی پێ ئاو دەدەن. *ئاوپاچ. ئاوپڕژێن. تێبــ.ینی: بەشی دووەمی ئەم وشەیە «پاش» لە مەسدەرێکی کۆن_کە شکڵی هەرە دووایی_پێش ئەوەی بە جارێک لە بیر بچتەوە، دەبێ «پاشین، پاچین» بێ_وەرگیراوە و ڕیشەی مەسدەرەکە لە چەند وشەیێکدا بەرچاو دەکەوێ. لە زمانی فارسیدا دوو مەسدەری «پاشیدن و پاچیدن» بە مانای «بڵاو کردنەوە، وەشاندن» ماون. ۲- «نفاـ» کەسێکی وڵات ئاوپڕژێن دەکا. «من هەر جاڕووکێش کێشک خانەی تۆم» «من ئاوپاش خاک ئاستانەی تۆم» «خانا-۲۱۹»