تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئامێر
[[؟] ]
«نا.»، «هلـ.» تمـ: ئامراز □ «... وەکوو کەلوپەل و پێویستی ماڵ و لەبەرکردن و ڕازاننەوە و ئامێری بەرهەم دەرهێنەر و... هتد» «سەرنجێک لە دەروازەی فۆلکلۆری کوردەوە: نەقابەی مامۆستایان ــ لقی هەولێر، ل ـ ١١» هس.: ئاموور، ئامارات.
ئامێز
[[؟]]
«نا.»، «مکـ.» تمـ: باوەش.: ئرو چنارە هێندە ئەستوورە ئامێزی تێ وەرنایە.
ئامێژەن
١1- «سـ.»، «مکـ.، سیمـ.» تمـ: ئامێتە. ٢- «نا.»، «سنـ.» هەوێنی پەنیر. * ئامیان. فریشک «تمـ: مخـ. جـ ٢ ل ـ ٢٥٢».
ئامێژەن کردن
«مستـ. متـ.» تێکەڵاو یا تەرکیب کردنی دوو جوور لە ماددەیەک یا چەند ماددەی لێک جیاواز.: ئاردەکەمان دوو بە یەک لەگەڵ جۆ ئامێژەن کراوە.
ئامە
[[ئام + ٢- ئامه/‌١]، [؟] ]
«نتـ.»، «سنـ.» دایک. «تمـ: مخـ. جـ 1، ل ـ22».
ئامەد
«نا.»، «سنـ.» بەخت، ئیقبال، هات، شانس. تێبــ. ــ ئەم وشەیە لە «موکوریان» دوو شیوەی «ئامەت» و «هامەت» ی وەرگرتووە و لە قاڵبی «دەرامەت» و «نەهامەتی» دا دەبیندرێ، بەڵام بە تەنیایی بە کار نەهاتووە.
ئان
«ئمـ.» ١- ئامرازی کردنه سەرپشکی یەکێکە لە بەینی دوو کاراندا، دوو شتاندا.: ئان دانیشە ئان بڕۆ، ئان دوو ڕۆژ ئان سێ ڕۆژت زیاتر پێ نەچێ. ٢- ئامرازی شەرتە.: ئان بە گژیدا موچوو، ئان کە بە گژیدا دەچی تێیدا مەیەڵەوە. ٣- ئامرازی گومان و دوو دڵییە لە کارێک.: ئان ئەم کابرایە بێ ئاقڵه، ئان ئەوەی دیوتە بەراز نەبوون. ٤- ئامرازی پێشاندانی ڕێگای جیاجیایە بۆ پێکهاتن و جێ بە جێ کردنی کار و مەبەستێک.: ئەشکەوتەکەی «زەرزی» هێندە بەرزه، ئان دەبێ بە پەیژە بۆی سەرکەوی، ئان بە گوریس هەڵت کێشن. * یا، یان. تێبــ. ــ جیاکردنەوەی ئەو کارانەی بەم «وشە» یە پێکدێن، ڕێگای ئەوە ناگرێ کە کە خاسیەتێکی موشتەرەک لە هەمواندا بەدی بکرێ.
ئانقەست
[عا. ]
تمـ: ئەنقەست.
ئانی
«پبـ.» ١- بە دوای ناوەوە دەلکێ و دەیکا بە سفەت.: ژنانی «پیاوی ئاکار ژنانە»، سەگانی «وەکوو سەگ زیرەک»، ماینانی «سەروشکڵی وەکوو مایین». ٢- بە دوای هەندێ سفەتدا دێ و دەیکا بە ناو: وشکانی، ئاوانی.
ئانیسک
«نا.»، «مکـ.» حاڵەتێکی وەکوو نزگەرەیە بە سەر ئینساندا دێت: کوڕە بەس بگری، سەرت بە ئانیسکانەوە هەڵقەندرا. تێبــ. ــ ا» لە ئەنجامی گریانی زۆر بە کوڵ و تاو، هاتوچۆی هەناسە لە سەر دۆخی نامێنێ و زیاتر لە پێویست، هەوا دەچێتە دەروونەوە و کەمتر دێتە دەر، ئەوەش کە دێتە دەر تەووژمی زۆرە و بەرەنگاری ئەو هەوایە دەبێت کە دەچێتە ژوور و پیاو ئەم حاڵەی بە سەردا دێ، فەرقی دەگەڵ «نزگەرە» ئەوەیە کە «نزگەرە» هۆیەکی ئاشکرای نیە بەڵام ئەمە لە گریانەوە پەیدا دەبێ. ب» لە هەندێ فەرهەنگی کوردیدا، بە غەڵەت، ئەم وشەیە بە «ئانیشک» مەعنا لێدراوەتەوە. هس.: نزگەرە. نێسکە «سەر هەڵتەکاندنی ئەسپی شۆخ». * بەرەنیسک.
ئانیشک
«نا.» ١- ئەو جمگەیە کە باسک و قۆڵی ئادەمیزاد تێکدەکاتەوه، ئەو شوێنەی دەستی ئادەمیزادی لێ دەنوشتێتەوە. ٢- ئەو شوێنەی لە قۆڵی کەوا و چاکەت و... دا دەکەوێتە بەرامبەر ئانیشکی دەست.: ئانیشکی چۆغەکەی پینەی لێدراوە. * «بکـ.» ئەنیشک، عەنیشک.
ئانیشکە
[[ئانیشک + ه ـ ئه‌/١]]
«نتـ.» ١- «مکـ.. سیمـ.» لوولە و گونج بە شکڵی زاویەی قاییمە یا کەوانه، لەسەر سووچی لوولە زۆپا یا گۆنگەی ئاو و ئەو جۆرە شتانەدا ــ بۆ ئەوەی سەری بۆ لایەکی تر وەرچەرخێنن ــ بە کار دەبرێ. ٢- «سیمـ.» ئامرازی ئاشه، دارێکی دوو لکە بە «خوانکە» ی ئاشەوه، پێی ئاش بەرز و نزم دەکاتەوە «تمـ: خا: جـ ١، ل ـ ٥٩» * «مکـ.» دانوپۆ.
ئانە
[[٢- ئان/١ + ه‌ ــ ئه‌/١]]
«پبـ.» ١- بە دوای «ناو» و «سفەت» ەوە دەنووسێ و دەیانکا بە «قەید» و مانای «جۆری، بە شێوەی، وەکوو، وێنه، لە کاتی و لە وەختی» یان لێ زیاد دەکا.: ئازایانه، پاڵەوانانه، پیاوانه، مەردانه، مەستانە. ٢- بە دوای ناوەوە دەنووسێ و ناوێکی تازەی لێ دروست دەکا، بۆ «کرێ» و هەقی ئیش و... کە بدرێ بە کەسێ.: جێژنانه، ڕۆژانە «هەقی کاری ڕۆژێکی کرێکار»، سەرقەڵەمانە، مانگانە «مەعاشی مانگێکی کەسێ»، کاڵەدڕانە. ٣- بە دوای «ناو» ەوە دەلکێ و دەیکا بە ناوێکی تازە بۆ کۆمەڵێ لەو باج و پیتاکانەی دەربەگەکانی کوردستان لە جووت بەندە و مسکێنانی دەستێنن.: پووشانه، ڕۆنانه، سوورانه، فڕووجانه، مڵکانە. ٤- بە دوای «ناو» ەوە دەلکێ و دەیکا بە «سفەت» .: ئازایەنه، پیاوانە. تێبــ. ــ فەرقی «قەید» و «سفەت» کە بەم پاشبەندە دروست دەبن بەندە بە جێگا ی دە کارکردنی وشە تازەکەوە.
ئاهـ
«ند.» ۱- تمـ: ۱-ئاخ. «وەک ئاهەکەم دەوان به هەتا خاکی کۆیی یار» «وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە هەتا ئاو شیوە سوور» «نالی: مقبل_۱٦» ٭۱- ئاخ، ئۆف، اخ. ۲- هەناسەیەکی درێژە، لە قووڵایی سینگەوە بۆ نیشاندانی خەم وخەفەت و دەربڕینی ئازاری جێگەیەکی لەش، هەڵدەکێشرێ. ۳- «مجـ.» ماوە و مەودایەکی زۆر کەم.: هەر ئاهێکی مابوو بخنکێ، ئاهێکی مابوو بکەوێتە خوار. ئاهـ تێدانەمان_ «مستـ. لا.» ۱-هیچ تێدانەمان، لە کەڵک کەوتن.: کراسەکەت ئاهی تێدا نەماوە. ۲- «کنـ.» مردن. ئاهـ دەبەردا نەمان_ «مستـ. لا.» بێ هێزبوون، بێ خاسیەت بوون.: ئەم باترییانە ئاهیان دەبەردا نەماوە بیانگۆڕە. پیرۆت ئەوجاریش کفنی دڕی بەڵام هیچ ئاهی دەبەردا نەماوە. ٢-(کن.) مردن.
ئاهـ و نزوولە
«نمسـ.» تمـ: ئاهـ و نزا. تێبــ.ینی: کەرتی دووەم «نزوولە» وەکوو من تێی دەگەم بچووک کراوەوەی «نزا» یە و پێوەندی دەگەڵ «نزوول» ی عەڕەبی نییە.: ڕەببی! ئاه و نزوولەی هەتیوان بیانگرێ.
ئاهۆ
«نا.» ۱- «مکـ.» نەخۆشیی سووکەڵە، کە تەشەند دەکا و گەلێ کەس لە ناوچەیەک تووشی دەبن.: ئەم ئاهۆیە هەموو شارەکەی داگرتووە. ۲- هەر نەخۆشییەکی تەشەند بکا «وەبا، تاعوون....» ۳- موتڵەقی نەخۆشی. ۴- «سنـ.» شێتی، فێ. ۵- «سنــ.» عەیب، عیللەت «تمـ: ۱-ئاهوو». ٦- «مجـ.» خراپ، ناپەسەند. ٭پەتە، درم «بو: ۱و۲و۳».
ئاهیر
«نا.»، «هو.» تمـ: ئاگر. «ئازیزم! ئاهیر دووریی باڵای تۆ» «جەستەم کەرد وەبووڵ، شەماڵ بەرد پەیکۆ» «مەولەوی: مکبـ_۲۵»
ئاهیرین
[[ئاهیر+ئین]]
«ستـ.»، «هو.» تمـ: ئاگرین. «نامەکەت یاوا، کۆسم کەفتەوە» «دڵەی ئاهیرین داوە نەفتەوە» «مەولەوی: مکبـ-٤٣٦»