تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاوی ئاموون چێ
«کنـ.» تووک و نەفرینە: بڕوا و نەیەتەوه، چوونی بێ هاتنەوەی نەبێ. تێبــ. ـ ا» ئاموون ناوی چەمێکە لە ئاسیای ناوەندی «تمـ: هبێد، ل ـ ٢». ب» «چەمێکە بە قەراغ شاری «خواڕەزم» دا دەڕوا و لە نێوان تورکستان و خوراسان دایە»، «بوڕهان: عەبباسی، ل ـ ٥٢». ج» دوکتۆر معین لە باتی ئاموون «ئامووی، ئاموویه، ئاموو دەریا» دەڵێ و بە چەمی «جەیحون» ی دادەنێ کە لە باکووری خوراسانەوە بە دەشتی «ئامووی» دا دەڕوا. «معین: فەرهەنگ، جـ ٥، ل ـ ٦١».
ئاوی بابەقەتار
«نتـ.»، «مکـ.» ئاوی کانییەکە لە موکریان، خەڵک لایان وایە خواردنەوەی کۆخە و کۆخەڕەشە چاک دەکاتەوە و لە هەموو لایێکەوە بۆی دەچن و دەیهێنن. تێبــ. ــ بابەقەتار خۆی «چاک» ێکە لە دێی «خوراسانە» ٣٠/٢٠ کیلۆمەتر دوور دەکەوێتەوە ڕۆژهەڵاتی «مەهابات» و کانیاوەکە نیزیکی ئەم «شەخس» ەیە.
ئاوی بێ لغاو خواردنەوە
«کنـ.» کاران بە ئارەزووی دڵی خۆکردن و گوێ نەدانە هیچ کەس و هێچ شتێ.: وادیارە ئاوی بە لغاوی خواردۆتەوه، وەڵڵا بەسەریەوە ناچێ.
ئاوی حەیات
«نتـ.» ١- لە چیڕۆکاندا گوتراوە: ئاوێکە هەر کەس لێی بخواتەوە نامرێ. □ «دەچمە سەر کێوی ئاتێ، دێنم ئاوی حەیاتێ». ٢- «کنـ.» لێوی دڵدار «لە شیعر و ئەدەبیاتدا» □ «ئاوی حەیاتە ئاتەشی ئەفسوردەیی دەمت» «تەحریکی تۆیه، گڕ، لە تەنووریش کە دێتەدەر» «سالم: گمـ. ل ـ ٦٧». تێبــ. ـ وا باس دەکرێ کە «خدر» ی پێغەمبەر لەم ئاوەی خواردۆتەوە و بۆیەش لە کوردەواریدا ناوی بۆتە «خدری زیندە». «ئەسکەندەر» یش بە دوای ئەم ئاوەدا ــ کە گۆیا لە مەڵبەندێکی تاریکی دنیادایە «؟» و ناوی تاریکستان «زوڵەمات» ە ـ هەڵوەدابووە.
ئاوی دەم
«نتـ.» لێک، لیکاو.
ئاوی زمزم
«نتـ.» ئاوێکە حاجیان لە «مەککە» ڕا بۆ متفەڕک دەگەڵ خۆیانی دێنن.
ئاوی سپی
«نتـ.» تمـ: ئاوی مرواری.
ئاوی شەو
«نتـ.» ١- ئاوێکە لە سەری شەوەوە دە گۆزە کرابێ، تا بۆ بەیانی سارد ببێ. ٢- «کنـ.» شتێ کە هیچ مایەی تێ نەچێ □ «لە ئاوی شەوێ پارێز دەکا». تێبــ. ــ لە ئیسلامەتیدا ئەوانەی هەر خەریکی عیبادەتن، نەفسی خۆیان دەمرێنن و هەوڵ دەدەن هەرچی نەفسیان ئیشتییای چوویه، نەیخۆن و نەیخۆنەوە و نەیکەن. جا ئاوی شەو لەبەر ئەوەی سارد و خۆشە و نەفس ئارەزووی دەکا، ئەم قسەیە سەرەوەی لە فۆلکلۆری کوردیدا هێناوەتەدی.
ئاوی عەینەمەل
«نتـ.»، «ستمـ.» ئاوێکە گۆیا باڵندەی عەینەمەل «خەزایی» حەزی لێدەکا و بە دوایدا دێت. تێبــ. ــ ١» نازانم ئەم تەرکیبە «عین الامل» ی عارەبییە یا تەرکیبێکی کوردی و عارەبییە بە مانای ئاوی «کانی = عەین + مەل = باڵندە» یا خۆ هەر هیچیان نیە و وشەیێکی کوردییە و جەڕاوە. ب» لە هەندێ شوێنی کوردستان کاتێ کوللە زۆر دەبێ و ترسی ئەوە دەکرێ کە زیان بە دەغڵان بگەیێنێ، یەکێک ـ دەنێرن لە کانییەکی کە هیچ کەس نازانێ لە کەنگێوە دەست نیشان کراوە ئاو بێنێ، باوەڕیان وایە کە باڵندەی خەزایی بە دوای ئەم ئاوەدا دێن و کوللەکان دەخۆن.
ئاوی قاچ داهاتن
«کنـ.» زۆر ماندوو بوون.: ئەوەندە بە پێوە ڕاوەستاوە ئا وی قاچی داهاتووە. ئەوە چۆن ئاوی قاچی دانایە.
ئاوی مرواری
«نتـ.» یەکێکە لە نەخۆشیەکانی چاو، تانەیێکی بۆرباو بە سەر چاوا دەکشێ و بینایی کەم دەکاتەوه، یا هەر دەیفەوتێنی و پیاو کوێر دەکا. تێبــ. ـ ئەم نەخۆشییە لەو بەشەی چاو دەدا کە لە پشتەوەی ڕەشکێنەیە و کاری زەڕرەبینێکی بەروپشت زەق «عەدەسی موحەددەب» دەکا و تیشکی نوور لە سەری دەشکێتەوە و دەدرێ بە شەبەکەی چاو، ئەم جێگایەی چاو ئاوێکی تێدایە کە بە زمانی عیلمی «ئاوی شوشەیی» ناوه، لە نەخۆشی مرواریدا ئەم ئاوە ڕەنگی لێڵ دەبێ، وەکوو ڕەنگی سەهۆڵ یا «مرواری» لێدێ.
ئاوی چاو
«نتـ.»، «کنـ.» تمـ: ١- ئاو/٣.
ئاوی چاو دان
«کنـ.» ١- ڕۆۆن کردنەوە و زاخاو دانی چاو بە تەماشای شتی جوان «ئافرەت، دیمەن،...» ٢- تمـ: ئاوی چاوسەندن.
ئاوی چاو داهاتن
«کنـ.» کوێر بوون، کەم بوونی بینایی.: هێندە چاوی بە کتێبــ.اندا چڕ داگرتووە وەختە ئاوی چاوی دابێ.
ئاوی چاوسەندن
«مستـ. متـ.»، «کنـ.»، «سیمـ.» ترساندن و تۆقاندن، ترس وەبەر کەسێک نان، چاوترسێن کردن. * ئاوی چاودان/٢، «سنـ.» ئاوی چاوسەنن.
ئاوی ڕەش
«نتـ.» ماکەی دەردێکە کە چاو کوێر دەکا.
ئاوی ڕەش داهاتن
«مستـ. لا.» پەیدا بوونی ئاوی ڕەش لە چاو، کوێر بوون.
ئاوی گەرم لە ژێر «لەبەر» ڕۆییشتن
«کنـ.» میز بە خۆدا کردن، میز دەبنەخۆ کردن. □ «سەری وەبن کڵاوی کەوتووه، ئاوی گەرمی لە ژێر دەڕوا»
١-ئاوی
[[- ئاو+- ئی]]
«ستـ.»، «سنـ.» ۱- زەوی و زارێ کە بە ئاوی ڕووبار و ئەستێڵ و... کشتوکاڵی لێبکرێ. ٭۱- ئاویە. بەراو.. //دێم۲- ڕەنگی ئاو کە زۆر لە جێگایەک کۆبووبێتەوە «گۆم، بەحر...» ٭ «مکـ.» عابی. ۳- ئەو گیاندارانەی لە ئاوا دەژین.: ماری ئاوی.
٢-ئاوی
«پبـ.» بەدوای ناو «ئیسمی زات» ـەوە دەلکێ و دەیکا بە «سفەت» : تۆزاوی، خۆڵاوی، ڕیپۆقاوی، قوڕاوی، ماستاوی.
ئاویاری
«حمسـ..»، «سنـ..،هو.» تمـ: ئاوداشتن. «وە قەترەی منیچ ئاویاری کەر» «مەست بۆ تا مەحشەر، سەر بار و ئەوبەر» «مەولەوی: مکبـ_۲۴۱»
ئاویتن
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاویشتن. ٭
ئاویتە
«سمفـ.» تمـ: ئامێتە.
ئاویشتن
[تێ‌ئاویشتن[تێ «پێبفـ.» +ئاویشتن]. دەراویشتن[دەر «پێبفـ..» +ئاویشتن]]
«مستـ. متـ.» ۱- بە قەوەت فڕێدانی شتێک بۆ ئەولاولا، بە جۆرێکی وا کە بەسەر زەویدا نەڕوا: تیرێکی ئاوێشت، ئەو تەسبیحەت بۆچی وا ئاویشت وەختە بوو کوێرمان کەی، ئێسقانێ بۆ سەگەکە باوێژە. ۲- خستنە کار و بەکارهێنانی چەک: تۆپێکی ئاوێشتە سەنگەرەکە لێی نەدا، پەنجا کەس زیاتر بە جارێ لە زەماوەندەکەدا تفەنگیان داویشت. ۳- «کئێر.» حیساب کردن بە چۆرت «ئامرازێکە بۆ حیساب» : ئەوە چەند جاری ئاویشتووە هەر دەکا۳۲۵تمەن و دوو قڕان. ئەوەی داومانەتێ بیئاوێ و ئەوی داویشێتی لێی دەرکە بزانە چەندیی لەسەر دەمێنێ. ۴- فڕێ دانی شتێک بۆ کەسێک.: هەر جغارە بوو دەی ئاویشت. ٭ئاویتن، ئاویژتن. «بکـ.» ئاڤیتن. هاویتن، هاویشتن. تێبــ.ینی: وادەزانم ئەسڵی ئەم مەسدەرە «ئاویژتن» ە و دەنگی «ژ» یەکە لە جیرانەتی دەنگی «ت» دا بۆتە «ش». لە سەرف کردنا بۆ زەمانی ڕابردوو «ش» و بۆ حاڵ و ئاییندەش دەبێتەوە «ژ» : ئاویشتم، داوێژێ، باوێژە. تێ ئاویشتن_ [تێ «پێبفـ.» +ئاویشتن] «مستـ. متـ.»، «مکـ.» ۱-شتێک خستنە ناو شتێک یا چێگەیەکەوە.: بەردێکی دە چاڵاوەکە ئاویشت تا بزانێ چەند قووڵە، خۆی دە باوەشی دایکی ئاویشت، لە ترسان خۆی دە پشت پیرۆتی ئاویشت. ۲- ئاگر و ئاو کردنە ناو سەماوەرەوە و سازکردنی بۆ چا لێنان. سێ جەمە سەماوەریان تێداویشت. ئەوە هێشتا سەماوەرەکەتان تێ ناویشتووە؟٭تێ خستن، تێ ئاویتن. دەراویشتن_ [دەر «پێبفـ..» +ئاویشتن]، ۱- «مستـ. لا.» هاتنە دەری «تۆ» ی دەغڵی چاندراو لە زەوی بە هۆی سارد و سۆڵی و بەستەڵەکەوە.: ئەوساڵ گەنم هەمووی دەری ئاویشت. ۲- «مستـ. متـ.» کەم کردنەوە و فڕێدان لە کێشانەی ئەو شتانەی بە تەرازوو دەکێشرێن، بۆ هەر مەبەستێ بێ.: دوو کیلۆی بۆ «دۆک» ەکەی لێ دەرئاویشت. جێگەی ئەم ماستە بکێشەوە و لێی دەرئاوێ. ٭لێدەرکردن، لێ داشکاندن «تەنیا بۆ مانای دووەم». دەراویتن «بۆ هەموو ماناکان». هەڵاویشتن_ [هەڵ «پێبفـ.» +ئاویشتن]، ا» «مستـ. متـ.» ۱- بە قەوەت شتێک بەرەولای ژوورەوەی خۆ فڕێدان. * «تفت هەڵاویشتبا دەیبەست» «کنـ.» زۆر سەرما بوو. «بەرد هەڵاوێژە و سەری خۆتی وەبەردە»، «کنـ.» هەرچی بکەی فایدەی نییە. ۲- بە باکردنی خەرمان، شەن کردن.: ئیمڕۆ گەنمەکە هەڵاوێژن. ۳- تەتەڵە کردنی هەندێ شت «بۆ خاوێن کردنەوەی» : تووتنەکەی وا هەڵاویشتووە، هیچ دەماری پێوە نەماوە. ب_ «مستـ. لا.» ۱- بە توندی لاق لە عەرزی دان و بە گوڕ خۆ بە حەوا بەرزکردنەوە «لە هەڵپەڕکێدا» : هەڵی ئاوێ لە کاکت کەوێ. ۲- هەڵبەزێنەوە و جووڵانەوەی هەندێ جێگەی لەشی ئینسان: هەرچی دەماری لە لەشدابوو هەڵی داویشت. نێر هەیە سەری دڵی هەڵباوێ. * هەڵاوتین.
ئاویلکە
[[؟]]
«نتـ.»، «مکـ.» دوا پەلەقاژەی ئینسان لەگەڵ مەرگ، کە ئیدی دەنگی دەرنایە و چەند جار دەم دادەچەقێنێ و تەواو دەبێ٭۱- ئاوزەنگی، ئاوزینگ، ئاوەزینگ. سەرەمەرگ، گیانەسەر، گیانەڵڵا. تێبــ.ینی: لە ناو کوردەواری کە ئینسانێک گەییشتە ئەم حاڵەتە، ئاوی بە دەمەوە دەکەن، زۆرتر لۆکە دە ئاو هەڵدەکێشن و دەیچۆڕێننەوە ناو دەمی، ڕێی تێدەچێ ئەم ناوە و هاوتاکانی کە «ئاو» لە تەرکیبیاندا هەیە لەو کارەدا کەوتبنەوە، ئەمە گومانێکە بەڵام بە لای خۆشمەوە سستە.
ئاویژتن
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاویشتن.
ئاویژە
[[ئاوی+ژە «=چە؟» ]]
«ستـ.»، «مکـ.» زەوی و زارێ کە پاییز و بەهاران ئاوی هەبێ. تێبــ.ینی: کوردویێف «ئاڤیژە» ی بە دوو جار نووسیوە آ» شکانەوە «انعکاس» ی دەنگ و نوور، بریقە بریقی «سەراب». ب» ئاوەکی، ئاوی، ئاودار، و هیدرۆژێن. گومانی تێدا نییە کە مانای «هیدرۆژێن» تازە داتاشراوە «تمـ: کف_۵۳»
ئاویەدان
[[ئاویە+دان]]
«مستـ. متـ.»، «سنـ.» دە دار و دیوار هەڵسوونی قوڕ «ئاویە»، لێک و لووس کردنی دیواری ناوماڵ ٭سواغ دان.
١-ئاویە
«سـ.»، «سنـ.» تر: ۱_ئاوی/۱.
٢-ئاویە
[[؟]]
«نا.»، «سنـ.» قوڕ، کە بە شێوەیێکی تایبەتی گیرابێتەوە و کای لێدرابێ و شێلدرابێ، تا بۆ ساف و لێک و لووس کردن دە دیواری ژوورەوەی خانووی هەڵسوون، یا بە سەربان و دیواری دەرەوەیدا پان کەنەوە بۆ ئەوەی باران نەیان شوواتەوە و دڵۆپە نەکا ٭تەڕاو، سواخ، سواغ، شمشە، لەپە، بانەناو.
٣-ئاویە
[[؟]]
«نا.»، «سنـ.» ئامرازێکە بۆ پێکەوە جۆش دانی دوو مەعدەنان بەکاردێت. تێبــ.ینی: شیشێکی ئاسنە، سەرێکی مشتووی داری تێگیراوە و سەرەکەی تری «هەوەم» ـێکی سێ سووچە بە لایەکدا شکاوەتەوە. بۆ جۆشدانی دوو مەعدەن پێکەوە، سەری ئەم ئامرازە لە کوورەدا سوور دەکەنەوە و ئەو دەرمان و ماددەیەی کە شت پێکەوە جۆش دەدا «قەڵایی، زەرد، نۆشاتر...» پێی هەڵدەگرن و چەند جارێک بە جەمسەری هەر دوو پارچە مەعدەنەکانیدا دەخشێنن تا لێک قاییم دەبن ٭«مکـ.» هاویە.