تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئالوودە
«فر.»، «نمغـ.» ١- گیرۆدەی شتێک، کەسێک یا کارێک.: ئەم مناڵە زۆر ئالوودەی دایکێتی، پیاو خۆی ئالوودەی جگەرە نەکا باشە. □ «وەک سۆفیی سافی مەبە ئالوودەیی دنیا» «بێهوودە مکەددەر مەکە سەرچاوەیی مەشڕەب» «نالی: گمـ: ١٢» «سا خاسەن ئەمجار، شووم سیابەخت» «تۆ ئالوودەی دەرد، من زامان سەخت» «مەولەوی: مکبـ ــ ٢٥» ٢- حاڵی شتێک کە لە شتێکی تر خشابێ یاکەوتبێتە ناویەوە ئاسارێکی پێوە لکا بێ. □ «ئالوودە نەبێ تا بە زەبوونگیریی خوێنم» «بۆ کوشتنی من دامەنی پاکی لە کەمەردا» «نالی: گمـ ــ ٨» * «بکـ.» لەوتی (عا.: ملووس).
ئالووچە
[[ئالوو + چە = ئالووی پچووک]]
«زا.»، «نتـ.» تمـ: هەڵووچە. هەڵووژە. هس.: ئاڵوو.
ئالک
«نا.» تمـ: ئالیک.
ئالکۆل
[ [= فرەنسی: ئالکوول. «لە ــ الکحول ــ ی عەرەبی» وەرگیراوە. ]]
«نا.»، «کئیر.» تراوێکی کیمیایییە، لە هیدڕوژێن و ئۆکسیژێن و کاڕبۆن پێکهاتووە، وەکوو بەنزین بە هەوادەچی، خێرا ئاگر دەگرێ، تامی تیژە و بۆنی گرانە، دەم دەسووتێنێ، لە ٧٨ دەرەجە گەرماییدا دەکوڵێ و لە ١١٢ی ژێر سفردا دەیبەستێ، گەلێ چەشنی هەیە، لە هەمووان بە ناو بانگتری دوانن. یەکەمیان ئالکۆلی سپییە کە ناوی کیمیایی «ئالکۆل ئێتیلیک» ە و کەم و زۆر لە هەموو جۆرە خواردنەوەیێکی وەکوو بیرە و ئارەق و...... دا هەیە، ڕەنگی وەکوو ئاو وایە، بۆنی ناخۆش نیە، هەندێ تفت و تاڵە و دەم دەزوورێنێتەوە، ئارەق و شەراب و... کە پیاو سەرخۆش دەکەن لە بەر ئالکۆلەکەیانە. دووهەمیان: ئالکۆلێکە لە «دار» دەگیرێ بۆیە «ئالکۆلی دار» یشی پێ دەڵین، بۆ خواردنەوە ناشێ، سەنعاتکار و دوکتۆرەکان بۆ ئێشی جۆر بە جۆر کەڵکی لێ وەردەگرن. * ئیسپیرت. ئیسپیرتۆ. کحوول «عا.»
ئالکۆلی
[[ئالکۆل + ٣- ئی]]
«فرەنسی. کو.». «سـ. نا.»، «کئێر.» ١- کەسێکی زۆر ئارەق و شەراب و ئەو جۆرە شتانە بخواتەوە و لێی بووبێ بە خوو بۆی تەرخ نەکرێ: پیاوی ئالکۆلی دەستی لەرزۆک دەبێ. سۆران هەر بە جارێک بۆتە ئالکۆلی، بەیانیانیش دەخواتەوە. ٢- ئەو شتانەی لە تەرکیبیاندا ئالکۆل هەبێ: ئاوجۆ خواردنەوەیێکی ئالکۆلییە بەڵام پیاو هێندە سەرخۆش ناکا. ٣- ئەو ئامرازانەی بە ئالکۆل ئیش دەکەن: تیڕمۆمەتری ئالکۆلی. پریمۆزێکی ئالکۆلیمان هەبوو گوم بوو. دوکتۆرەکان ئامرازەکانیان بە چرای ئالکۆلی ڕادەدێرن تا میکڕۆبەکەیان لە ناو بچێ.
ئالی
[[ پهـ: ئالەک]]
«نا.»، «بکـ.» لا، لایەک، مەڵبەند، کەرخ، تەڕەف: ئالیدا «لایەنگیر»، ئالیی ماڵێ «لای ماڵەوە، حەڕەم»، ئەز دچم ئالییێ دیاربەکرێ «من دەچمە لای دیاربەکرێ».
ئالیک
[[ = عا.: عەلیق]]
«نا.» ژەمەکا و جۆیەکە، ئەکرێتە بەر وڵاغی بەرزە و ئێستر و گوێدرێژ.: وڵاخەکانم ئالیک نەداوە، ئەوە هێشتا ئالیکت نەکردۆتە بەر ئەسپەکە ؟ □ «خاوەنی ئالیکی ناڵێم پێ نەداوە موتڵەقا» «داویەتی ئەمما وەکوو بیستوومە قووتی لایەمووت» «ڕەزا ــ ١٠»
ئالیک دان
«مستـ. متـ.» کاو و جۆ، کردنە بەر وڵاغان.: با ئالیک بدەم جا دێم. خێرا بن ئالیک بدەن تا بڕۆین.
ئالەت
[[ = عا.: ئالە]]
«نا.» ١- ئامراز بۆ پێکهێنانی کارێک یا جێ بە جێ کردنی مەبەستێک: هەوجار ئالەتی جووتە. کۆنەپەرەست ئالەتی دەستی ئیمپڕیالیزمە. ٢- «کنـ.» ئامرازی پیاوەتی و نێرینەیی ئادەمیزاد «چونکە ناوهێنانی بە بێ ئەدەبی دەزانرێ».