تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ڤیتۆ
ڤیتۆ وشەیەکی لاتینییە کە لە ڕیشەی vetare وەرگیراوە و واتای (من دژم) دەدات. ڤیتۆ بەرگریکردن لە کاڕێکە و «مافی ڤیتۆ» توانایی یا مافی بەرگری کردنە. ئەم زاراوە لە پرۆسەی یاسادانانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مانایەکی تایبەت لەخۆ دەگرێ. لەم بوارەدا مافی ڤیتۆ بە واتای مافی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشــە بۆ بەرگریکردن لە پەسند کردنی قانوونێک لە لایەن ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوەکە.
لە یاسای گشتی وەڵاتاندا ڤیتۆ، مافێکە بە سەرۆکی وەڵات یا دەوڵەت دەدرێ تا بتوانێ لە جێبەجێکردنی یاسا پەسندکراوەکان بەرگری بکات. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئەمریکا و بریتانیا بکەین. پادشای بریتانیا بۆی هەیە هەندێک لە یاسا پەسندکراوەکان ڤیتۆ بکات بەڵام هەرگیز لەم مافە کەڵکی وەرنەگرتووە. کەچی سەرکۆماری ئەمریکا، دەتوانێ یاسا پەسندکراوەکانی کۆنگرێس ڤیتۆ بکات، مەگەر ئەوەی کۆنگرێس دووبارە بە 3/2 زۆرینەی دەنگەکان پەسندی بکاتەوە.
ڤیزە/ گوزەرنامە
لە ڕیشەی لاتینی visum بە مانای دیتن وەرگیراوە. لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە وەرگرتنی ئیجازەی ڕەسمی لە لایەن کارمەندانی بڕواپێکراوی وەڵاتێک بۆ ڕێپێدان بۆ هاتنە ناوەوە یا دەرچوون لە وەڵاتێک. ئەم ئیجازە پێدانە لە سەر پەڕەکانی پاسپۆرت یا شوناسی تایبەت مۆر دەکرێت. ڤیزە بەپێی ناوەرۆکی سەفەر بە چەند جۆر دابەش دەکرێت کە بریتین لە:
ڤیزەی گەشتیاری، بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ گەشتوگوزار دەچنە وەڵاتێکی دەرەکی.
ڤیزەی هاتنە ناوەوە، تایبەتی ئەو کەسانەی کە بۆ کاروباری بازرگانی یا کارێکی تایبەت دەچنە وەڵاتێک.
ڤیزەی ڕاگوزاری، بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ گەیشتن بە وەڵاتی مەبەست، لە وەڵاتێکی سەرەڕێ ڕادەبوورن.
ڤیزەی سیاسی (دیپلۆماتیک)، تایبەتی کارمەند و ڕاسپاردە سیاسیەکانە.
ق
شۆڤینیزم
نەتەوەپەرستی توندڕەوانە و ناماقووڵ کە تێکەڵ بە ڕق و کین بێت بەرانبەر بە نەتەوەکانی دیکە. وشەکە لە ناوی نیکۆلا شۆڤێن، کە سەربازێکی فەرەنسی و فیداییەکی ناپلیۆن بووە، وەرگیراوە. پاشان بۆ ئەو کەسانە بە کار هاتووە کە بە حەز و ئارەزوویەکی بێپایان وەڵاتی خۆیان خۆش ویستووە. لە ڕاستیدا شۆڤینیزم فیکرەیەکی دواکەوتووانەیە کە مەبەستەکەی شانازی کردن بە گەلی خۆت و سووکایەتی کردن بە گەلانی دیکە و بەکۆیلەکردنی نەتەوەکانی دیکە. سیاسەتی ڕەگەزپەرستی هیتلەر و فاشیستەکان لەسەر بنەماکانی شۆڤینیزم بنیاد نرابوون. ئەمڕۆش هەندێ دەوڵەت و گرووپی کۆنەپەرست، بە کەڵک وەرگرتن لە شۆڤینیزم، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن. مامۆستا شوکور مستەفا، بلیمەتی گەورەی کورد، لەمەڕ ئەم زاراوە چەند ڕستەیەکی بەنرخی گوتووە کە لێرەدا دەیهێنمەوە:
«بەڕاستی، مەسەلەی نەژاد و ڕەگەزان مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژیک و سیاسی فرە توند و تیژە. بیرمەندانی کۆنەپەرستی دنیای سەرمایەداری دە هەڵپەی ئەوەدا بوون کە بە هۆی ڕامانەی نەژادییەوە، دەسەڵاتی سەرمایەداری بەسەر گەلاندا سەپاندن پاساو بدەن. ئەمانە پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە گۆیا یەژێ، هەندێ لە تیرەی مرۆڤ لە هەندێکی دیکەیان ڕەسەنتر و باشترن. هەروەها لافی ئەویشیانە لێداوە کە ئەورووپا هەمیشە بنیادەمەکانی لەگەڵ بنیادەمەکانی ئاسیا و ئەفریقیادا جیاوازن. شۆڤینیستانی عارەب و عەجەم و تورک هەر لە هەڕوگیڤی ئەوەدان، نەتەوە بەزۆر لکێندراوەکانیان، وەک وە نموونە، کورد، گۆیە بەچکەی جنۆکەن، لە دێو و درنجن و ئیتر لەم قسە قۆڕەیلەوە بێ بدەن. بەڵام ئەمڕو زانست ئەم قسە بێتامانەی سەر لەبەر پووچاندووەتەوە و کەم کەس باوەڕیان پێ دەکەن».
لیڤیاتان
لیڤیاتان لە کتێبی تەورات دا ناوی نەهەنگێکی گەورە و زەبەڵاحە کە هیچ هێزێکی ئەم سەرزەمینە ناتوانێ لەبەرانبەریدا ڕاوەستێ و لە عەرزی بات. تۆماس هۆبز (1679ـــ 1588) فەیلەسوفی ئینگلیزی، لیڤیاتان بە نیشانەیەک بۆ دەوڵەتێکی بەدەسەڵات و زەبر و زاکوون لە قەڵەم دەدات و هەر بەم ناوەش کتێبە ناودارەکەی (لیڤیاتان) بڵاو دەکاتەوە. پوختەی قسەکانی هۆبز لەم کتێبەدا ئەوەیە کە ئەگەر خەڵک بخوازن بە تەواوی لە ئاسایش و ئارامیدا بژین، دەبێ هەموو دەسەڵاتی خۆیان ڕادەستی کەسێک یا ئەنجومەنێک (لیڤیاتان) بکەن. بەم پێیە ویست و ئیرادەی لیڤیاتان دەبێتە جێنشینی ویست و ئیرادەی جەماوەر. بەڕای هۆبز، لیڤیاتان بۆی هەیە هەر شتێک بە پێویست بزانێ ئەنجامی بات و ڕێوشوێن و بڕیارەکانیشی دەبێ لە لایەن هەموانەوە جێبەجێ بکرێت بەڵام خۆی لەم بارەوە سەرپشک و موختارە چونکە دەسەڵاتی لیڤیاتان لە هەموو دەسەڵاتێک باڵاترە.
ماکیاڤیلیزم
تیۆرییەکی سیاسییە کە لە لایەن سیاسەتمەداری ئیتالیایی، نیکۆلۆ ماکیاڤیلی (1527ـــ 1469) داڕێژراوە. ماکیاڤیلی، نووسەر و مێژونووسێکی بەناوبانگ و سکرتێری حکومەتی کۆماری فلۆرانس بووە کە لە ماوەی ژیانیدا گەلێک ئەرکی سیاسی ئەنجامداوە بەڵام پاش ماوەیەک لێی کەوتنە گومان و لەسەر کار لایانبرد. ئەویش هەموو کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ نووسینی کتێبێک بە ناوی میر (prince). ئەو لەم کتێبەدا گەیشتن بە دەسەڵات بە ئامانجی کردەوەی سیاسی دەزانێ و بە هێچ بەربەستێکی ئەخلاقی نایبەستێتەوە. بۆیە پێیوایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، دەکرێ لە هەر شتێک کەڵک وەربگیردرێت و نابێ بە هیچ کلۆجێک ئەخلاق لەگەڵ سیاسەتدا تێکەڵ بکرێت. لە ڕوانگەی ماکیاڤیلیستیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دەکرێ پشت بە هەر ئامرازێک ببەسترێ تەنانەت ئەگەر ناپەسند و دزێو بێت و لەم بارەوە پابەندی بە ئەخلاق و مرۆڤایەتی بایەخی نییە.
ئەم بیرۆکەی ماکیاڤیلی، پاشان بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە بەکاردەهات کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە هیچ تاوانێک سڵیان نەدەکرد و هەندێ جاریش زاراوەکە بۆ دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و ستەمگەر بەکار دێت. ماکیاڤیلی پێی وایە کە ئەگەر دەسەڵاتدار حەز بە مانەوە دەکات نابێ لە هەر شێوازێکی خۆپەرستانە و تاکڕەوانە و نامرۆڤانە خۆی بپارێزێت چوونکا ئەگەر وا نەبێت، ناتوانێ دەوڵەتەکەی ڕابگرێ.
ماکیاڤیلی کە لە سیاسەتدا ڕیالیزمی گەیاندە بەرزترین ئاستی خۆی، لە نێوان مەسەلە سیاسییەکان و گرفتە ئایینیەکان جیاوازی قایل بووە. مەبەستی سەرەکی ئەو مانەوەی دەوڵەت بووە و حکومەتی کۆماریی بە مەرجێک پەسند دەکات کە جەماوەر بە گشتی بگەنە ئاستێکی باڵای عەقڵانی. ئەگەرچی ماکیاڤیلی کەسێکی دیموکرات نەبووە بەڵام پێی وابوو کە جەماوەر دەبێ لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا دەورێکی باڵا بگێڕێت تاکوو دەوڵەت بتوانێ لەباری سیاسییەوە سەقامگیر بێت. ئەو پێی وابوو کە بۆ ڕژێمێکی دیکتاتۆریش، لەناوبردنی حکوومەتێکی دیموکراتی لێوەشاوە، کارێکی دژوار دەبێت.
خۆلاسە، جیهانبینی ماکیاڤیلی بۆ ماوەی چوار سەدە لە مێشکی خەڵکدا هاوواتا بووە لەگەڵ زۆرداری و نەگریسی و خەیانەت. بیرداڕێژی ئەم قوتابخانە، بە نموونەی سیاسەتمەدارێکی مووقەڵاش بەڵام مەکراوی و فێڵباز ناسراوە.
پان ئسلاڤیزم
ڕاپەڕینێکی سیاسی و کەلتووریە کە لە سەدەی نۆزدە لە سۆڤیەت و وەڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەمەبەستی یەکخستنەوەی ئەو نەتەوانەی کە خاوەنی ڕەگەز و زمان و کەلتووری ئسلاڤی بوون. کێشی سیاسی ئەم جووڵانەوە، بەزوویی دەنگی دایەوە و لە ساڵی 1848 پاش لاوازبوونی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و بە پێشەنگی مێژووناسێکی چێک، کۆنگرەی ئسلاڤی لە پڕاگ بەڕێوە چوو. ئامانجی ئەم کۆنگرە هاریکاریی هەموو نەتەوە ئسلاڤییەکان بوو بۆ ڕازیکردنی ئیمپراتۆر کە سوڵتەی خۆی بدا بە فدراسیۆنێکی پێکهاتوو لە نەتەوەکان.
ڕیڤیژیۆنیزم (پیاچوونەوەگەری)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی revisere بە مانای حەز بە تازەکردنەوەی دیدار و پیاچوونەوە، وەرگیراوە. پێداچوونەوە، بە بووژانەوەی بن بونیات و کارکردەکانی ڕێبازێک دەگوترێ (بڕوانە دۆکترین). واتە ئەو کەسەی کە لە بارەی ڕێباز یان ئایدیۆلۆجیایەک خوازیاری دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بێت، پێی دەگوترێ ڕیڤیژیۆنیست (کەسێک کە دەستکاری شتێک بکات). ئەم بۆچوونە لە لایەن نووسەر و سیاسەتمەداڕێکی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بە ناوی ئیدوارد برنشتین لە ساڵی 1889 خرایەڕوو. ئەم تیۆرییە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجیکی بوو کە لە تیۆری و پێشبینیەکانی ئابووری ــ سیاسی کارڵ مارکس گیرا و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەخنەی لێ گیرا:
1) بۆچوون و جیهانبینی مارکس دەربارەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و گۆڕینی خێرای بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕۆڵیتاری، بە خێرایی و پەلە نایەتەدی و هەر بۆیە پێویستە ئەم تیۆرییە پێداچوونەوەی بە سەردا بێت و دەستکاری بکرێت.
2) خەباتی چینایەتی بەو شێوەی کە مارکس پێشبینی کردبوو، بە ئامانج نەگەیشت و چینی مامناوەندی نەک لە کۆمەڵگە نەسڕدرابۆوە بەڵکوو پەرەی ستاندبوو.
3) ناوەندگەرێتی پیشەسازیی و سەرمایە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مارکس، تووشی وێستان و بێسەرەوبەرەیی ببوو.
ڕێککەوتننامەی کەمپ دەیڤید
کەمپ دەیڤید، هاوینەهەواری سەرۆککۆماری ئەمریکایە کە لە دەوروبەری شاری واشنتۆن هەڵکەوتووە. ئەم شوێنە پتر بەهۆی ئەو گفتوگۆیانەوە ناوبانگی دەرکرد کە لە ساڵی 1978 لەنێوان کارتەر، سەرۆککۆماری ئەوسای ئەمریکا و ئەنوەر سادات، سەرۆککۆماری میسر و مناخم بگین، سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل ئیمزا کرا. لە ئاکامی ئەم گفتوگۆیانە لە 17/9/1978 ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان میسر و ئیسراییل ئیمزا کرا کە میسر لە بەرانبەر دان پێدانانی فەرمی بە ئیسراییل، سەرزەوییە داگیرکراوەکانی خۆی لە بیابانی سینا لە ئیسراییل وەرگرتەوە، بەڵام ئەم کردەوەی میسر بووە هۆی ئەوە کە لە جیهانی عەرەب و ئیسلامیدا گوشەگیر بکرێت. ئەنوەر سادات سەرۆککۆماری میسر بەهۆی ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتننامە لە 6/10/1981 لە لایەن ئەفسەڕێکی توندڕەوی ئیسلامگەراوە تیرۆر کرا.
بزاڤی ئاشتی
بزاڤێکە کە حەز بە چەسپاندنی ئاشتی نێونەتەوەیی (یا نەتەوەیی) بکات و بەرگری دەکات لە بەرپابوونی شەڕ لە داهاتوودا. ئەم بزاڤە پێی وایە کە بە هەرەوەزی ئینسانی لە هەموو جیهان، دەکرێ دەوڵەتەکان بخرێنە ژێر فشار و بە سازدانی پێوەندی نێونەتەوەیی، کێشەکان کەم بکرێنەوە و کۆمەڵگەکان لە یەکدی نزیک ببنەوە.
مرۆڤی نوێ
ئەم زاراوە لە دەیەی 1920 ڕەواجی پەیا کردووە و لە زاراوەی سیاسی چەپدا بە واتای ئاڵوگۆڕی ماهییەتی مرۆڤ و گۆڕانی بەرەو بوونەوەرێکی نوێ، بەدەر لە هەرچەشنە فیز و دەمارێک، پێش ڕاگەیشتن بە خۆی و خێزانەکەی، وەفاداری بە خەڵک بە ئەرکی سەرشانی دەزانێ. ئەم جۆرە مرۆڤە، خاوەنی بیروڕایەکی نوێیە و شێوازی ڕابردووی خستۆتە لاوە. تایبەتمەندی گرنگی ئەم مرۆڤە، سەرنجدانە بە داهاتوو لەبری ڕابردوو، مرۆڤێکی بە تەکوزە و وردەبینە، بڕوای بە پلاندانان و ڕێکخستنی کارەکانە، باوەڕی بە زاڵبوونی مرۆڤە بە دەوروبەریا، بڕوای بە پیادەکردنی عەدالەت و یەکسانی و زانست و تەکنۆلۆژیایە.
مێگەلی مرۆڤی
کۆمەڵێکی مرۆڤی کە وەک ئاژەڵ، بێ ڕامان و بیرکردنەوە، کوێرکوێرانە شوێن ڕێبەرەکانیان دەکەون و هاوشێوەی ڕەفتاری ئەوان هەڵسوکەوت دەکەن.
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
یەکێک لە لقەکانی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 1946 بەپێی بەندی 68 جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و لە یەکەمین هەنگاوی خۆیدا بەیاننامەی جیهانی مافی مرۆڤی دەرکرد. بە هۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەم کۆمیسیۆنە لە ئاست مەسەلەکانی هاوپێوەند لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ زەمانەتی جێبەجێ کردنیان نەبوو، لە ساڵی 2006 هاوکات لەگەڵ پیادەکردنی هەندێ ڕیفۆرم لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کۆمیسیۆنە پەرەی پێدرا و بە «ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان» ناوی گۆڕا کە تێیدا وەڵاتانێکی زیاتر بوونە ئەندام.