تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



گرووپی 8
ئەم گرووپە لە سەرەتای دامەزرانییەوە پێکهاتبوو لە 7 وەڵاتی گەورەی پیشەسازی جیهان واتە: ئەڵمانیا، بریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتالیا، ژاپۆن، فرەنسی و کەنەدا، بەڵام لە دوای ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت (1991)، فیدراسیۆنی ڕووسیاش لە کۆبوونەوەکانی ئەم گروپەدا بەشداری دەکات. هەر بۆیە لە دانیشتنی 1998ی لەندەن، بە شێوەیەکی فەرمی ئەم وەڵاتەش بوو بە ئەندامی گرووپەکە و گرووپی حەوت، ناوی خۆی بە گرووپی 8 گۆڕی. ڕێبەرانی ئەم هەشت وەڵاتە، ساڵی جارێک و هەندێ جاریش لە کاتی نائاساییدا کۆبوونەوە ساز دەکەن و گەلێک لە کێشە و گیروگرفتە ئابووری و سیاسیەکانی جیهان لەم دانیشتنانەدا تاوتوێ دەکرێن. بۆ نموونە لە دانیشتنی ساڵی 2006 کە لە سان پتەرزبۆرگی ڕووسیا بەڕێوەچوو، وێڕای باسکردن لە بابەتی تایبەتی گرووپەکە، لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی ئێرانیش لێکۆڵینەوە کرا. گرووپی 8 لەم چەند ساڵەی دواییدا دەرگەی بە ڕووی 12 وەڵاتی دیکەی جیهان کە خاوەنی ئابوورییەکی ڕووەو گەشەسەندنن بۆ وێنە بەرازیل و هیندستان ئاوەڵا کردووە و وێدەچێ لە داهاتوودا شوناسی گرووپەکە تووشی گۆڕان بکات.
گرووپی بانکی جیهانی
ئەم گرووپە پێکهاتووە لە 3 ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی (IGOs):
1ــ بانکی نێودەوڵەتی بۆ چاککردنەوە و پەرەسەندن (IBRD)، ئەم بانکە بە ناوی بانکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە کە مەبەستی ئەویش نوێکردنەوەی سیستەمی ئابووری وەڵاتانی پەرەسەندووی سەردەمی جەنگی جیهانی بوو کە لێک هەڵوەشابوو. بانکی جیهانی، هاوجووتی سەندووقی نێودەوڵەتی دراوە.
2ــ ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی پەرەسەندن (IDA)، ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1960 بە مەبەستی بەخشینی قەرزی «سووک» بۆ یارمەتی بە ژێرخانی ئابووری و پەرەسەندن دامەزراوە.
3ــ کۆمپانیای نێودەوڵەتی ماڵی (IFC) کە لە ساڵی 1956 بە مەبەستی بەهێزکردنی کەرتی تایبەتی ئابووری لە وەڵاتانی کەمتر پەرەسەندوو دامەزرا.
گرووپی فشار
لە وەڵاتانی پیشەسازی نوێدا بیروڕای گشتی، کاریگەریی زۆری لە سەر ئاستی کۆمەڵگەدا هەیە. لەم ڕووەوە گرووپی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی بە تایبەت گرووپە ڕەسمییەکان هەوڵ دەدەن بە شێواز و ئامرازی جۆراوجۆر ڕای گشتی بەرەو لای خۆیان داکێشن. کەشوهەوای مۆدێرنی ئەم چاخە وایکردووە کە دامودەزگەی بەڕێوشوێن کە لە زاراوەی کۆمەڵناسیدا بە گرووپی فشار ناوی دەرکردووە، بێنە مەیدانەوە تاکوو ڕای گشتی لەگەڵ بۆچوونەکانی خۆیان هاوتەراز بکەن و بە ئامانجەکانیان بگەن. گرووپی گوشار بە گرووپێک دەگوترێت کە هەوڵدەدات بە گوێرەی بایەخپێدان و ئاڕاستەکانی خۆی یان جەماوەر (کە خۆی بە نوێنەریان دەزانێت) کاریگەری دابنێ لە سەر ئەو هێزانەی بڕیاری یاسایی دەدەن یاخود ڕێکخراوە حوکمییەکان (پەرلەمان، دەستەی حکوومەت، وەزارەت و دامودەزگەکان) و هەروەها گۆڕانکاری پێویست بهێنێتە ئاراوە.
کەواتە گرووپی فشار هەوڵ دەدات بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەری دابنێن لەسەر ڕای گشتی و سەپاندنی بڕواکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا.
ئەو پێناوانەی کە ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە شێوەیەکی ناڕەوا کەڵکی لێوەردەگرن بریتین لە:
پێناوی ئابووری: وەک بەخشینی خەڵات و بەرتیل دان بە جەماوەر.
پێناوی یاسایی: گرووپی گوشار هەوڵ دەدەن خواستەکانی خۆیان لە ڕێگەی یاساکانەوە بەسەر خەڵکدا بسەپێنن بۆ ئەم مەبەستەش دزە دەکەنە ئەنجومەنی یاسادانانی وەڵاتانەوە.
پێناوی تێکدەرانە: ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەڵدەستن بە کاری تێکدەرانە و بشێوی و شەڕنانەوە لە وەڵاتدا.
پێناوی پرۆپاگەندەیی: لە ڕێگەی پرۆپاگەندەوە دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی بیروڕای خۆیان بۆ گۆڕینی ڕای گشتی.
گۆشەگیری/ دوورەپەرێزی
سیاسەت یان داکۆکی لە سیاسەتێک کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی وەڵاتێک، ئەوە بە باشتر دەزانێ کە لەگەڵ وەڵاتانی دیکە پێوەندی نەکاتەوە. گۆشەگیری سیاسی و ئابووری ئەگەرچی بە ئامانجێکی سیاسییەوە بێت بەڵام لە واقیعدا دژوارە. ژاپۆن جارێک لە سەدەی بیستەمدا بە تەواوەتی لەم قۆناغە تێپەڕی بەڵام وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا ــ کە کاتی خۆی ئەم سیاسەتەیان گرتە بەر ــ نەیانتوانی بە تەواوەتی پێیبگەن.
وشەی دوورەپەرێزیی&انزواگرایی(isolation)
کاتێک مانای سیاسی لەخۆ گرت کە بەریتانیا لە 1890 تا 1900 لە بەرانبەر دوو بەرەی دەوڵەتەکانی «سێکوچکەی یەکگرتوو» و دەوڵەتانی هاوپەیمان لەگەڵ فەرەنسە و سۆڤیەتدا سیاسەتی «گۆشەگیری مەزن»ی گرتە بەر. زاراوەی دوورەپەرێزیی لە سەدەی بیستەمدا بۆ چەند لایەنێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ئەندێشە و ڕێبازی هەندێ گرووپ بەکار هاتووە. ئەمەریکا، دوای شەڕی جیهانی یەکەم ئەگەرچی لە کاروباری نێونەتەوەییدا دەستی بوو بەڵام هیچ بەرپرسیارییەتێکی لە ئەستۆ نەگرت و لە کۆمەڵی نەتەوەکان و دادگەی نێونەتەوەییدا بەشداری نەکرد. نزیکایەتی ئابووری و سیاسی جیهان و ڕووداوەکانی دوو شەڕی جیهانی، کارێکی کرد دوورەپەرێزیی لە ناو سیاسەتی نەتەوەییدا بێ بایەخ ببێت.
یاسا / دەستوور
1ــ کۆمەڵێک ڕێسای پێویست و ناچاریی کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆ حوکم دەکات و پیادەکردنەکەی لە لایەن دەوڵەتەوە مسۆگەر دەکرێت.
2ــ ویست و ئیرادەی تاقمی دەسەڵاتدار کە لە قەبارەی یاسادا دەگونجێت.
3ــ کۆمەڵێک بڕیار کە بەسەر پێوەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا حوکم دەکات.
4ــ ڕێوشوێنێک کە لە لایەن دەسەڵاتێکی گشتی دیاری دەکرێت کە دەبێ هەموان پەیڕەوی لێ بکەن و ملکەچی بن.
یاسا، بەرهەمی قەبارە و سیمای ژیانی مرۆڤە. لەبەرئەوەی ژیانی مرۆ هەمیشە ئامادەی گۆڕان و وەرچەرخانە، یاساش هەمیشە تووشی گۆڕان دەبێت بەڵام هەر چەشنە گۆڕانێکی بنچینەیی بەسەر یاسادا لە پاش ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەگاتە ئەنجام. هەرکەس وەک مرۆڤێک و بە پێوانەی ویژدانی خۆی مافی ئەوەی هەیە یاساکان هەڵسەنگێنێ و لێیان وەکۆڵێت. هەرکاتێک ویژدانی، یاساکەی پەسند کرد، ئینجا پەیڕەوی لێ بکات و ئەگەریش پەسندی نەکرد نابێ بۆ پیادەکردنەکەی هەنگاو بنێت.
یەکیەتی ئەورووپا
«ئەنجومەنی ئەورووپا» لە ساڵی 1993 بەملاوە بە «یەکیەتی ئەورووپا» ناوبانگی دەرکردوە کە ئەویش پێکهاتێکە لە: کۆمەڵەی ئابووری ئەورووپا (بازاری هاوبەش)، کۆمەڵەی خەڵووز و پۆڵای ئەورووپا و کۆمیتەی وزەی ئەتۆمی ئەورووپا کە لە یەکەمی ژوئییەی 1967 یەکیانگرت. ئەم ڕێکخراوە بریتیە لە ئەنجومەنی وەزیرانی وەڵاتانی ئەندام و پەرلەمانی ئەورووپا و دادگەی ئەورووپی. ئامانجی یەکیەتی ئەورووپا بریتییە لە:
بەدیهێنانی یەکییەتی ئابووری و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، لابردنی سنوورەکان، ڕێکخستنی بازاڕ و دراوی هاوبەش، دەرکردنی پلان و سیاسەتێکی یەکگرتوو لە بابەتە جۆراوجۆرەکان و سەرەنجام یەکگرتنی سیاسی لە نێوان وەڵاتانی دیموکراتیی ئەورووپا. یاسا و ڕێساکانی ئەم ڕێکخراوە لە 31ی دێسەمبەری 1992 پیادە کراوە. بەم پێیە هیچ بەربەستێک بۆ دانوستانی شمەک و خزمەتگوزاری و دارایی و کرێکار و گەڕۆک لە ناو وەڵاتانی ئەندامی یەکیەتی لە ئارادا نییە. لە سەر یەکگرتوویی سیاسی و گەیشتن بە دانەی دراڤی هاوبەش، پەیماننامەی زۆر لە نێوانیان مۆر کراوە کە بریتین لە:
ـــ یەکلاکردنەوەی دراڤی ئەورووپا (ئەم دراڤە لە ژانوییەی 2002 بە ناوی «یۆرۆ» هاتە گەڕیان لە بازاڕدا و ئێستا مامەڵە و دانوستانی پێ دەکرێ).
ـــ داڕشتنی سیاسەتێکی یەکلایەن بۆ ئەندامانی یەکیەتی.
ـــ داڕشتنی ڕێبازێکی بەرگریی هاوبەش لە ژێر چاودێری یەکیەتی ئەورووپا .
ــــ ئەم یەکیەتییە پێشەنگاوی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی یەکگرتوو دەبێت.
ـــ زیادکردنی یارمەتی بۆ ئەندامانی هەژار و لاواز لە یەکیەتیدا.
ـــ زیادکردنی دەسەڵاتی پەرلەمانی ئەورووپا.
یەکیەتی ئەورووپا تاکوو ئاڤریلی 2003 لە پانزە ئەندام پێکهاتبوو کە بریتی بوون لە:
فەرەنسە، ئەڵمانیا، ئیتالیا، بەلجیکا، هۆلەندا و لۆکزامبۆرک (لە ساڵی 1957 بەپێی ڕێکەوتنامەی ڕۆم) بەریتانیا، ئیرلەندا و دانیمارک (لە 1973) یۆنان (لە 1981) ئیسپانیا و پۆرتوغال (لە 1986) نەمسا، فینلاند و سوید (لە 1995). بڕیار بووە نزیکەی 10 وەڵاتی دیکە ببنە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە.
ڕێبەرانی وەڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەورووپا، لە دانیشتنی 20ی ژوەنی 2003 ڕەشنووسی دەستووری بنچینەیی ئەم ڕێکخراوەیان ئامادە کرد تاکوو ببێتە یاسای هەموو وەڵاتانی ئەندام. بڕیار وابوو ئەم پێشنووسە لە ساڵی 2005 بەولاوە لە وەڵاتانی ئەندام بخرێتە ڕیفراندۆمەوە. (بڕوانە پەیمانی ماستریخت). پێنجەمی سیپتەمبەری 2005 یەکیەتی ئەورووپا گفتوگۆکانی لەمەڕ بەئەندامبوونی تورکیای لە ماوەی 10 ساڵدا پەسند کرد. ناوەندی یەکیەتی لە شاری بروکسیل، پێتەختی بەلجیکایە.
وەڵاتانی دواکەوتوو
پێناسەیەکی دیکەیە بۆ ئەو وەڵاتانەی کە لە پەرەسەندن دواکەوتوون. نیشانەکانی ئەم جۆرە وەڵاتانە بریتییە لە: ئاستی نزمی ساخڵەمی و خواردن و خۆراک، نەخوێندەواری، کەمبوونی سەرمایە و دارایی، جیاوازی چینایەتی، دووفاقی و چەند فاقی ئابووری، زاڵبوونی کشتوکاڵ بەسەر پیشەسازی، نالەباریی سیستەمی پارە و دراو، بێ متمانەیی بە سەرمایەدانان، نەبوونی شێوازی پێشکەوتووی تەکنۆلۆژی و بێ مەبالاتی بۆ پەرەسەندن. (بڕوانە جیهانی سێهەم و وەڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو).
وەڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو
ئەم زاراوە بۆ وەڵاتانی هەژار و دەست کورتی جیهانی سێهەم (ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین) بەکاردەبرێت. هەندێ لە زانایان، هەوڵیان داوە وەڵاتانی هەژار بە وەڵاتانی جیهانی چوارەم پێناسە بکەن. بۆ هەڵاواردنی وەڵاتێکی دواکەوتوو لە بواری پەرەسەندوییدا سەیری پێوانەگەلێکی ئابووری وەک بەرزبوونەوەی داهاتی سەرانە و وەبەرهێنانی ناڕاستەوخۆ دەکەن. ئەم وەڵاتانە چاویان لە یارمەتی وەڵاتانی دیکەیە و لە بازرگانی جیهانیدا دەورێکی زۆر بچووک دەبینن. (بڕوانە جیهانی سێهەم).
کۆتایی مێژوو
تیۆریێکە لە لایەن فرانسیس فۆکۆیاما، جێگری بەشی پلاندانانی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە ساڵی 1989 لە گۆڤاری «بەرژەوەندی نەتەوەیی»، هاتە ئاراوە. ناوبراو تیۆرییەکەی خۆی لە پێشدا لە وتارێکدا و پاشان لە کتێبێک بە ناوی «کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ» بڵاو کردەوە. بەڕای ئەو «لیبرال دیموکراسی» دوایین شێوازی حکوومەتە لە کۆمەڵگەی مرۆڤدا. مێژووی مرۆڤایەتیش، کۆمەڵێکی گونجاو و پێڕەودارە کە بەشی زۆری کۆمەڵی مرۆڤ بەرەو لیبرال دیموکراسی هاندەدات. فۆکۆیاما لە بارەی کۆتایی مێژوو دەڵێ:
«کۆتایی مێژوو ئەو کاتەیە کە مرۆڤ دەستی دەگات بە شێوازێک لە کۆمەڵگەی مرۆڤی کە تێیدا قووڵترین و سەرەکی دیکەین پێداویستیەکانی مرۆڤی بەدی بکرێت. مرۆڤی ئەم سەردەمە گەیشتۆتە جێگەیەک کە ناتوانێ جیهانێکی جیاواز لەم دنیایەی ئێستا وێنا بکات، چونکە هیچ هێمایەک نییە لەمەڕ باشتر بوونی دۆخی ئێستا».
«بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی لیبرال دیموکراسی بەسەر دژبەرە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆی، وەک پاشایەتی و فاشیزم و کۆمۆنیزم، لە سەرانسەری جیهاندا هاوڕایەتییەکی گرینگ دەربارەی ڕەوابوونی لیبرال دیموکراسی لەگوێن تاکە سیستەمی کارامە هاتۆتە ئاراوە. لەم ڕووەوە ڕەنگە ئەم سیستەمە لووتکەی فراژبوونی ئایدیۆلۆجیای مرۆڤ و دوایین شێوازی حکوومەتی مرۆڤ بێت کە دەکرێ بڵێین، کۆتایی مێژوو پێک دێنێت. لە ڕاستیدا ڕووخانی کۆمۆنیزم بەڵگەیەک بوو بۆ سەرکەوتنی بەهاکانی لیبرالی ڕۆژاوایی و کۆتایی ململانێی ئایدیۆلۆجییەکان. من باوەڕم بە کۆتایی هاتنی مێژووە».
دوای ڕوداوەکەی 11ی سێپتەمبەری 2001، فۆکۆیاما بە نووسینی وتارێک جارێکی دیکە لەسەر تیۆری «کۆتایی مێژوو» جەختی کردەوە.